نووسه‌رانی هه‌ولێر و سه‌رۆكه‌كه‌یان!
 

  

ڕابه‌ر فاریق



http://raberfariq.kurdblogger.com


باوكی سه‌رۆكی هه‌رێم گوتوویه‌تی: "له‌ كوردستاندا هیچ كه‌سێك له‌ سه‌رووی یاساوه‌ نییه‌"، به‌ڵام ئێستا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌ركه‌وت: ئه‌و هه‌رێمه‌ی له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی كوڕه‌كه‌یه‌تی، یاسای تێدا نییه‌ و وه‌حشه‌تگه‌رایه‌. من خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌م و تا كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان نه‌مده‌زانی هاوشارانم له‌ هه‌ولێر، له‌ به‌رابه‌ر تاك، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵیشدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیاری دان، به‌ڵام له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا، كه‌ به‌و ڕووداوه‌ تراژیدییه‌م زانی، هه‌ستم كرد هه‌یتوهوتی عه‌بدوڵا په‌شێو و فه‌رهاد پیرباڵ و هه‌موو هه‌ولێرییه‌كانی دیكه‌ی به‌ ڕواڵه‌ت نووسه‌ر و شاعیر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووس، قسه‌ قه‌ڵه‌وه‌كانیان، تمه‌نێكی قه‌ڵب ناهێنن.
ئه‌گه‌ر په‌شێو سه‌رده‌مێك به‌ هه‌ڵوێست بووه‌، ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌وه‌ دانیشتووه‌ و خه‌ریكی ماڵ و منداڵ و خه‌یاڵه‌كانی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر وا نییه‌ كوا له‌لێك؟ كۆتری نێر، كه‌ چه‌ند خوله‌كێك مێیه‌كه‌ی دیار نامێنێ، ده‌ست به‌ بوغه‌بوغ ده‌كا، به‌ڵام تۆ كه‌ نووسه‌ری و پێت وایه‌ قسه‌ت جێی خۆی ده‌گرێ، یان پێویسته‌ قسه‌ بكه‌یت و نایكه‌یت، چۆن ده‌یسه‌لمێنی كه‌ بوونت باشتره‌ له‌ نه‌بوونت؟ ئه‌گه‌ر فه‌رهاد پیرباڵ تا حه‌وتوویه‌ك پێش ئێستا له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ و شه‌په‌شه‌پی مه‌لاكانی هه‌ولێر، به‌رده‌وام ده‌می كرابووه‌وه‌؛ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ینووسی و ده‌په‌یڤی، هۆكار چییه‌ كه‌ ئێستا نوتقی لێوه‌ نایێ؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر یێك له‌و "نووسه‌ر"انه‌ی پێیان وایه‌ نووسه‌رن و له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ غه‌دریان لێ كراوه‌، بۆ نه‌یانپرسی: كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌؟

من گومانم له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م شاره‌ مرۆڤی به‌ هه‌ڵوێستی لێوه‌ به‌رهه‌م بێت. ئاخر به‌ هیچ شێوه‌یێك ڕێی تێ ناچێ شارێك بیست كه‌سی تێدا نه‌بێ هه‌ڵوێست له‌ به‌رابه‌ر كوژرانی تاكێكدا وه‌رنه‌گرن. ڕێی تێ ناچێ برات بكوژرێ و ئامۆزاكانت پرسیار له‌ باره‌ی كوشتنیه‌وه‌ بكه‌ن. له‌وه‌ته‌ی ئه‌م ڕووداوه‌ هاتووه‌ته‌ نێو ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌، له‌ سلێمانی، تا ئێستا كه‌م نووسه‌ر هه‌ن هه‌ڵوێستی خۆیان پیشان نه‌دابێ، ئه‌م جوامێرییه‌، ئه‌م پڕهه‌ڵوێستبوون و جورئه‌ته‌ سه‌رتاسه‌رییه‌؛ ئه‌م جۆره‌ له‌ خۆ به‌ به‌رپرس زانین به‌رابه‌ر به‌ هه‌ر كه‌سێك، لێناگه‌ڕێ كوردبوونمان قه‌ڵاچۆ بكات، ده‌نا له‌مێژبوو من و ده‌یانی وه‌ك من، بایكۆتمان له‌ كوردبوونمان ده‌كرد. شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی پارله‌مان و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر، كه‌ تا ئێستا داوای لێبوردنیان له‌ خانواده‌ی سه‌رده‌شت و میلله‌ت نه‌كردووه‌ و ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌یان پێشكێش نه‌كردووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م باره‌ ناله‌باره‌ هه‌روا سه‌ربار بێ و ئه‌و به‌رپرسانه‌ش كه‌ باسمان كردن، پێیان وابێ بنبارن، شه‌رمه‌زارییه‌ كه‌ هه‌ر تاكێك له‌ ئێمه‌ وه‌ها به‌ دیار قه‌ڵه‌م و كڵاوی بابردوومانه‌وه‌ دانیشین و له‌ خۆپیشاندانێكی سه‌رتاسه‌ریدا، داوای له‌ پۆستخستنی ئه‌و بێ خه‌مانه‌ نه‌كه‌ین.

هه‌ر كه‌سێك، كه‌ هه‌ر كارێكی خراپ ده‌كا، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ڕه‌وتار و گفتاری به‌رابه‌ره‌كه‌ی، كه‌ زوڵملێكراوه‌، قوتار بكا، خۆی ده‌شارێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێك كاتیشدا ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌و به‌رابه‌ره‌یدا بشكێ، ته‌نیا بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێ. ئه‌مه‌ی باسم كرد، سرووشتی مرۆیه‌ له‌ هه‌موو دنیادا، كه‌ وابوو: هیچ كه‌سێك له‌ خۆڕا خۆی ناشارێته‌وه‌. خۆشاردنه‌وه‌ی هه‌ر یێكێك له‌و كه‌سانه‌ی به‌رپرسن له‌و ڕووداوه‌ تۆقێنه‌ر و تراژیدیایه‌ی به‌سه‌ر سه‌رده‌شت دا هات، به‌ هه‌ر بیانوویێكه‌وه‌ بێ، ناتوانێ ئه‌وه‌ له‌ چاوه‌دێرانی ڕاگه‌یاندن بشارێته‌وه‌، كه‌ به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی ئه‌وانن.

----------------------

تێبینيی 1: ئه‌م نووسینه‌م بۆ سایته‌كانی (ده‌نگه‌كان) و (كوردستان نێت) و (سبه‌ی) و نیوحه‌وتنامه‌ی (هاوڵاتی)ش ناردووه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ر بیانوویێكه‌وه‌ بێت، بڵاویان نه‌كرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێشیان نه‌گوتم بڵاوی ناكه‌ینه‌وه‌ -ته‌نیا سه‌رنووسه‌ری هاوڵاتی به‌ ڕێزه‌وه‌ نامه‌یێكی نارد و كوتی بڵاوی ناكه‌ینه‌وه‌-. له‌وانه‌یه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان منیش ببم به‌ قوربانی چه‌ند ڕسته‌یه‌یێكی قۆڕ، ئه‌وكاتیش به‌لاڤۆكه‌یلی وه‌ها بیكه‌ن به‌ شین و شه‌پۆڕ و نووسینه‌كه‌ بڵاو بكه‌نه‌وه‌ و بڵێن بۆ ئێمه‌ش ناردوویێتی! ڕ ف
تێبینیی 2: وامزانیبوو پیشتر ئه‌م نووسینه‌م بۆ سایتی (ده‌نگه‌كان) ناردووه‌ و خۆیان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ دوور گرتووه‌، به‌ڵام كاك گۆران عه‌بدوڵڵا پێوه‌ندیی پێمه‌وه‌ كرد و كوتی: "نه‌گه‌ییشتووه‌"، بۆیێ داوای لێبوردن ده‌كه‌م، كه‌ وه‌ها باسم له‌ ده‌نگه‌كان كردبوو، ئه‌ڵبه‌ت: من هه‌رده‌م ده‌نگه‌كانم به‌ ماڵی خۆم زانیوه‌. ڕ ف

 

           

 

22/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com