هاواری گوڵان
 

  

ڕێناس جاف



به‌م گوڵانه‌ سووره‌ بارانێ ئه‌بارێ
و
دڵ پێم ئه‌ڵێ: بچۆ به‌ری
و
هیچ سڵ مه‌که‌
و
تێر تێر ناخت به‌ خوێنی گه‌شی شه‌هیدان
بشۆره‌وه‌
ئه‌ڵێم : ئه‌ی دڵ بۆ پێم ناڵێی

چۆن ده‌توانم له‌م دووری دووری دووره‌وه‌

جارێکی تر به‌ گوڵانی کوردستانا گوزه‌ر بکه‌م؟!

دڵ پێم ئه‌ڵێ: ئه‌ی نابینی هه‌ر ئه‌مێستا

ڕووباری خوێن نزیک نزیک له‌ ناخته‌وه‌

به‌ره‌و سیروان به‌ڕێوه‌یه‌

و
هه‌ر له‌ته‌نیشت دوواوانی ڕۆح و گیانداش

ئه‌ڕژێنه‌ ناو یه‌ک گیانه‌وه‌!

دڵه‌ به‌سیه‌تی خافڵبوون!!
ئه‌و ڕووباره‌
چه‌پک چه‌پک
له‌ وڵاتی په‌ت و ئیعدام و سێداره‌

گوڵاڵه‌سووره‌ی ‌هێناوه‌!


دوودڵ مه‌به‌ و بچۆ
و
تێرتێر له‌ به‌رامه‌یان هه‌ڵمژه‌ وئاوپژێن که‌ گیانی تینووت.

که‌ گشت گیانت لێوانلێو بوو له‌ نیشتمان

سه‌رهه‌ڵبڕه‌ و به‌ قه‌د به‌رزیی باڵای شه‌هید

له‌سه‌ر گڵکۆی هه‌ر شه‌هیدێک

دانێ چه‌پکێ له‌ گوڵانی ئه‌م گوڵانه‌.

تاران
23 ی گوڵانی 2710

 

           

 

14/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com