ئه‌وباڵانه‌ی كه‌ له‌ هزردا نافڕن

  

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی



(1)
من ده‌مه‌وێت تۆ له‌ بیركه‌م،
به‌ڵام كه‌ تۆیه‌كی تر ده‌ناسم...
هه‌موو ئێسك و پروسكی خه‌یاڵم،
هه‌موو چڵ و چێوی هه‌ناسه‌م،
هه‌موو سه‌رئێشه‌ی ئاخ و ئۆفم
هه‌ر ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر تۆ...!!
(2)
كه‌ناره‌كان ڕووبار جێناهێڵن
ئه‌وان له‌هزریاندا باڵێك شك نابه‌ن،
بۆ شنه‌ شن چونكه‌بۆ هه‌میشه‌ تینوون...!!
(3 )
یاده‌وه‌ری شتێكه‌ میراتمانه‌،
له‌ هزرماندا هه‌ڵنافڕێ...
مانگ گۆرانی له‌ناو گۆمدا ده‌چڕێ و
ده‌چێته‌ چاوی من و تۆ
ئینجانه‌ له‌ دوا هه‌ناسه‌دا تابووتی گوڵه‌كانه‌و
ده‌بێته‌ حه‌سره‌تی من وتۆ
په‌پووله‌ پایزه‌ له‌ سه‌ر به‌له‌می (با) زیكره‌كاو
ده‌بێته‌ تێڕامانی من و تۆ
مۆمێك شه‌و له‌ ئامێز ده‌گرێ و
توانه‌وه‌ی ته‌مه‌ن،
ده‌بێته‌ میراتی من و تۆ...!!
(4)
فڕین له‌ زیندانا ته‌نها خۆزگه‌یه‌كه‌ شیرین،
به‌ڵام كه‌ شكان له‌ باڵه‌كاندا ڕووا
جورئه‌تی جووتێك پێڵاو،
له‌ كوێدا هه‌یه‌ بۆ فڕین...!!
(5)
جۆگه‌كان له‌ دڵی دره‌خته‌كاندا هه‌ن،
كه‌چی بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێن،
ئاوێزانی دره‌خته‌كان بن...!!
(6)
گۆڕستان شوێنێكه‌ دوا سه‌فه‌ری ئاوه‌دانی
نه‌نوسینگه‌ی خانووبه‌ره‌و
نه‌فێرگه‌ی شوفێری و
نه‌پێشه‌نگه‌ی مۆدێرنه‌و
نه‌بازاڕی زێڕنگه‌ری...
نه‌هزری جووتێك باڵ و
نه‌مینڕێژی ئاسمان به‌جریوه‌..
گۆڕستان ئه‌مانه‌ ناناسێ،
گۆڕستان ئاوه‌دانییه‌كه‌ سه‌راپا نووستوو...!!
(7)
هه‌موو دیل و به‌ندییه‌كان مه‌حكومن،
له‌و دیو ده‌رگاوپه‌نجه‌ره‌وه‌ بن...
هه‌مووئێشگره‌كان مه‌حكومن،
هه‌ر شتێك له‌بیر نه‌كه‌ن
قفڵ و كلیلێكی ماندوو...!!
(8)
ژن ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ردا به‌ ئارام بێ،
به‌رد ده‌بێته‌ماڵی...
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چاوی دره‌ختا یار بێ،
دره‌خت ده‌بێته‌ ڕێگه‌ی...
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كانی هاوزمان بێ،
كانی ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ی...
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ (با)دا هاوڵاتی بێ،
(با) ده‌بێته‌ له‌نجه‌ولاری كراسه‌كه‌ی...
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئاگردا
فێری فڕین بێ..ئاگر ده‌بێته‌ گۆڕی هه‌میشه‌ی....!!
(9)
ئه‌وه‌ عیشقه‌ له‌ هزردا نافڕێ...
پله‌ی په‌یژه‌یه‌كی نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن،
لقی دره‌ختێكی نییه‌بۆ خۆهه‌ڵواسین،
باڵی جاده‌یه‌كی نییه‌بۆ پیاسه‌یه‌كی شین.
عیشق باكی چییه‌؟!
گه‌ر پله‌ی په‌یژه‌ولقی دره‌خت و
باڵی جاده‌ی ده‌بوو
گه‌ر عیشق خاوه‌نی ئه‌مانه‌ بێ،
عیشق یانی كۆتایی..ّ!!
(10)
ماڵئاوای له‌ تۆ بالێكه‌له‌ هزرما نافڕێ...
له‌ دیوارێك ئه‌چێ هه‌ر باڵای به‌رز ده‌بێ و
ته‌واو نابێ...
له‌پیاده‌ڕه‌وی دره‌ختێكی قژدرێژ ده‌كاو
هه‌رناگاته‌ جێ...
له‌حیكایه‌تی كاتژمێرێكی زیره‌ك ده‌كاو
خه‌وی نییه‌ و بێده‌نگ نابێ...!!
(11)
باران بالێكه‌ له‌ هزرما بێ ئاسمان
باران له‌ شێوه‌ی پیاوێكدا ڕاده‌كاو
شوێنم ده‌كه‌وێ..
قژم ده‌گه‌زێ و
كراسه‌كه‌م ختوكه‌ ئه‌دا...
پێستم ده‌كاته‌ مه‌مكه‌مژه‌،
وای له‌ باران چه‌ند مناڵه‌...!
زۆر له‌وه‌ ئه‌ترسم به‌هانه‌ بگرێ و
تۆف داگیرسێنێ و
دڵم نغرۆكا..وای له‌ باران چه‌ند له‌پیاو ئه‌چێ...!!
(12)
له‌ قوڵای تاری تاریكیا
لێدانی دڵی خۆر..
له‌ قوڵای جۆگه‌ی ئاسماندا،
شنه‌ی چیمه‌نی شین شین..
له‌ قوڵای ژێر پێی ده‌ریادا،
جیلوه‌ی شه‌قامی مرواری..
له‌ قوڵای درزێكدا،
چنینی كه‌ڵه‌كه‌ی بینین...
له‌ قوڵای دڵی منیشدا،
لێدانی دڵی تۆو ته‌رجه‌مه‌ی باڵ و
خه‌مه‌ ئاوییه‌كانی شیعرستان..!!
(13)
هه‌موو یارییه‌كان جێده‌مێنن
ماڵه‌ باجێنه‌ به‌خاتوونی بچكۆله‌وه‌..
ده‌ست له‌ دیوار به‌گره‌وی قاقاوه‌..
جۆلانه‌ به‌ دڵی دره‌خته‌وه‌..
چاوشاكێ به‌حه‌شاردانی كۆڵانه‌وه‌..
هه‌موو یارییه‌كان جێده‌مێنن،
مناڵیش ئه‌و باڵانه‌ن كه‌له‌ هزردا نافڕن..!!
(14)
كه‌ خۆڵه‌مێشێك ده‌خوێنمه‌وه‌..
حیكایه‌تی هه‌موو باڵێكن كه‌ له‌هزردانافڕن
باڵی كۆترێك به‌ نیشانه‌ی گولله‌وه‌،
خوێنی دار هه‌نارێك به‌ گه‌مه‌كانی ته‌وره‌وه‌،
عه‌تری گوڵێك له‌ زیندانی شوشه‌وه‌،
چه‌هچه‌هه‌ی بولبولێك له‌ تاری كه‌مانه‌وه‌...!!
(15)
زنجیر مه‌لێكی جوانه‌ نافڕێ...
به‌ڵام له‌ گه‌ردن و ملدا ده‌جریوێنێ...
زنجیر هزری جه‌للادێكه‌ خاڵی له‌ فڕین،
ده‌ست و پێ ده‌خنكێنێ...!!

 


سلێمانی 15/4/2010
rozhhalabjay@yahoo.com




 

           

 

08/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com