روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ گۆڤاری(ئێوه‌)

  

 



كه‌ی جیهانی ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌نفال داوای لێبووردنی له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد كرد ئینجا ئێمه‌ داوای لێبوردن له‌ مه‌لایه‌كان ده‌كه‌ین.؟!

((بۆ سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و رای گشتی))

دوا به‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی تایبه‌تی گۆڤاره‌كه‌مان كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ یادی ساڵوه‌گه‌ڕی كاره‌ساتی شوومی ئه‌نفال و كه‌ تیایدا چه‌ندین بابه‌ت و دیكۆمێنتی ئه‌نفالی یه‌ك تاوه‌كو ئه‌نفالی نۆمان بڵاوكردبوه‌وه‌، ئامانجه‌كه‌شمان له‌و ژماره‌ تایبه‌ته‌ روون و ئاشكرابوو، كه‌ پێش وه‌خته‌ له‌ هه‌موو ماڵپه‌ڕه‌كان بانگه‌شه‌مان بۆی كردبوو كه‌ تیایدا داوامان له‌ هه‌موو نووسه‌ران و رۆشنبیرانی كورد كردبوو كه‌ به‌ بابه‌ت و دیكۆمێنت و....هتد هاوكارمان بن بۆئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی گۆڤاره‌كه‌مان تایبه‌ت به‌و كاره‌ساته‌ بكه‌ین، هاوكات ویستمان بیكه‌ین به‌ نه‌ریتێك بۆ هه‌موو میدیای كوردی كه‌ له‌ ساڵیادی كاره‌ساتی كیمیاباران و كاره‌ساتی ئه‌نفالدا گۆڤار یان رۆژنامه‌كه‌یان به‌ ژماره‌ی تایبه‌ت به‌چاپ بگه‌یه‌نن، بۆ رادیۆو ته‌له‌فزیۆنه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، مایه‌ی خۆشحاڵی بوو كه‌ زۆرێك له‌و كه‌ناڵانه‌ توانیان وه‌كو خۆی یادی ئه‌م كاره‌ساته‌ تراژیدیه‌ بكه‌نه‌وه‌ و زیاتر به‌دونیای بناسێنن و به‌بیری نه‌وه‌ی نوێی بهێننه‌وه‌.
زۆر به‌ داخه‌وه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند مامۆستایه‌كی ئایینیه‌وه‌ هێرشی ناڕه‌وامان كراوه‌ته‌ سه‌ر و هاوكات له‌ رێگای مۆبایل و ئیمێله‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی داخستنی گۆڤارمان لێكرا كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ له‌ رێگای ئه‌م ژماره‌ تایبه‌ته‌وه‌ سووكایه‌تیمان به‌ سوره‌تی ئه‌نفال كردووه‌، خه‌ڵكی ساده‌ و ساكاریان له‌ ئێمه‌ هانداوه‌ به‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ ئیسرائیلی و دژه‌ ئیسلامین، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی تیرۆره‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قسه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و داواش له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین سنورێك بۆ ئه‌و فیكر تیرۆریستیانه‌ دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی هه‌موو لایه‌ك پارێزراو بێت و چیتر كه‌سانێك به‌ناوی ئاینه‌وه‌ هه‌وڵی ره‌ش كردن و پیسكردن و زڕاندنی میدیای ئازاد نه‌ده‌ن، ئێمه‌ هاتووین كارمان له‌سه‌ر یادكردنه‌وه‌ی جه‌رگبڕترین كاره‌ساتی مرۆیی كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گورگه‌برسیه‌كانی بیابانه‌وه‌ له‌ رۆژگارێك به‌سه‌ر میلله‌تی ئێمه‌یاندا هێناوه‌ به‌به‌رچاوی هه‌موو جیهانی ئیسلامیه‌وه‌ و به‌ناوی ئه‌نفال، كچ و ژنانی ئێمه‌ی كوردیان هه‌ر به‌ناوی ئه‌نفاله‌وه‌ فرۆشتۆته‌وه‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌ ئیسلامیه‌كان، گوند و شارۆچكه‌ و مزگه‌وتی كوردیان وێرانكردووه‌ به‌ناوی ئه‌نفال، ئه‌وكاته‌ی قورئان به‌ شوفه‌ڵه‌كانه‌وه‌ په‌ڕپه‌ڕ ده‌كران و مزگه‌وته‌كان ده‌ڕوخێنران ئه‌و مه‌لا به‌ڕێزانه‌ له‌كوێ‌ بوون تا غوتبه‌ی وا به‌حه‌ماسی بۆ بده‌ن، خۆ ئێمه‌ ئه‌نفالمان دروست نه‌كردووه‌ بێین داوای لێبوردن بكه‌ین، پێویسته‌ پێشه‌وا ئاینییه‌كانی ئیسلام بێن داوای لێبوردن له‌ كورد بكه‌ن، پێویسته‌ مه‌لاكان بێن داوای لێبوردن بكه‌ن كه‌ ئه‌وسا نه‌یانوێراوه‌ پڕۆتستۆی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بكه‌ن، ئه‌و چه‌ند مه‌لا به‌ڕێزه‌ی له‌ خوتبه‌كانیان هێرشی ناڕه‌وایان كردۆته‌ سه‌ر گۆڤاره‌كه‌مان خۆ هه‌ر هه‌موویان له‌كاتی به‌عس گوتاربێژی مزگه‌وت بوونه‌، ئه‌ی بۆ ئه‌وكات نه‌تانتوانی به‌ به‌عس بڵێن سوكایه‌تیت به‌ سوره‌تی ئه‌نفال كردووه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ فه‌توای لغاوكردنی دام و ده‌زگا چاپه‌مه‌نیه‌كان و گۆڤار و رۆژنامه‌كان ده‌ده‌ن ده‌بێت ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژووه‌ ره‌شه‌ی به‌عسیه‌كان و كرده‌وه‌ی تیرۆریسته‌كانیش له‌ كوردستان و عێراق و جیهان بگرنه‌ ئه‌ستۆ، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌خوازن به‌ناوی ئایینه‌وه‌ ئازادی لغاو بكه‌ن هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ رۆژگارێك چاوساغی سوپای ئه‌نفال بوون له‌ كوردستان، ئێمه‌ ریز له‌ هه‌موو موقه‌ده‌ساته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌نێین، جا هه‌ر چ ئاین و ئاینزایه‌ك بێت گرنگ نییه‌ گرنگ پیرۆزییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ دژی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆكانه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ ده‌خوازن مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بشێوێنن و خه‌ڵكی پێ چه‌واشه‌ بكه‌ن به‌ تایبه‌ت لایه‌ن و گرووپه‌ ئیسلامیه‌كان، كوردیش وه‌كو هه‌موو میلله‌تانی دونیا كلتور و مێژوو و زمان و خاك و نه‌ریتی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌كو گۆڤاری(ئێوه‌) له‌م ژماره‌ تایبه‌ته‌دا ئه‌نفالمان به‌ كوردی راڤه‌كردووه‌ و به‌ بیر و هزرێكی كوردانه‌وه‌ باسمان له‌ ئه‌نفال كردووه‌، ئه‌گه‌ر قڕكردنی 182000 و 5000 بارزانی و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ تاوان نه‌بووبێ و بڵاوبوونه‌وه‌ی شیعری كوڕێكی كه‌سوكار ئه‌نفالكراو و چه‌ند دیكۆمێنتێكی به‌عس و چه‌ند بابه‌تێك تاوان بن ئه‌وا ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌مان، له‌ كۆتاییدا داواكارین له‌ سه‌رجه‌م نووسه‌ران و رۆشنبیران و رۆژنامه‌وانان و دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌ی كوردمان با به‌هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ین و چیتر لێ نه‌گه‌ڕێین سووكایه‌تی به‌ قوربانییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بكرێت، چیتر لێ نه‌گه‌ڕێین سووكایه‌تی به‌ مێژوومان بكرێت، چیتر لێ نه‌گه‌ڕێین سووكایه‌تی به‌ ئازادی و مرۆڤ بكرێت، ئه‌و قه‌وانه‌ی ئیسلامیه‌كان لێیده‌ده‌نه‌وه‌ ته‌ نها بۆ راكێشانی عه‌تفی چه‌ند كه‌سێكی ساویلكه‌یه‌ و چیتر نا، وه‌ك ئه‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆكه‌یان له‌ هه‌مبه‌ر ده‌زگای ئاراس و سه‌رده‌م و گۆڤاری وێران و(دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ) كه‌ بۆی هه‌وڵ ده‌ده‌ن و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌خوازن بنكه‌ی ته‌نزیمیان فراوان بكه‌ن و دڵی ئاغا و شێخه‌كانیان پێ خۆش بكه‌ن و كورد بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌رده‌مانی تاریكی و هه‌میشه‌ له‌ جه‌هل بژیێ و خۆی دروستكه‌ری مێژوو و كه‌سێتی خۆی بێت.

ستاڤی گۆڤاری ئێوه‌
گوڵانی 2710
باشووری كوردستان/ هه‌ولێر


 

           

 

04/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com