تیشكه‌ پڕه‌كان

  

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
 



1
كاتێك وێنه‌ی پیاوێكی ناكه‌س
له‌ دیوار ده‌هێندرێته‌ خواره‌وه‌
دیوار بێ هه‌ناسه‌ نامێنێته‌وه‌
شه‌قام تاوله‌رز به‌ری ده‌دا
منداڵان پێڵاویان به‌ په‌ڕۆیه‌كی نه‌رم ده‌سڕن
مراوییه‌ مل و گه‌رده‌ن ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان
بیركردنه‌وه‌ی ماسیان له‌ ئاو ده‌رهێنا
له‌سه‌ر تاجی پاشایان دانا
چووه‌ خوێنی شه‌هیدێك
بوو به‌ خه‌ون و سروودی گه‌رم
مراوی و ماسی
له‌ پرچی منداڵه‌كانمان نقوم ده‌بوون
ئاره‌قه‌ له‌ ناوچه‌وانی پاشا چۆڕا
ده‌ست و پێی له‌رزی
وێنه‌ی خۆی پێ له‌ دیوار نه‌درایه‌وه‌
2
پیاوێكی پیر هه‌موو ڕۆژێ له‌ نێرگزی ده‌پرسی
ئه‌رێ ته‌مه‌ن چۆن ده‌ڕوات
پشتی به‌ دره‌ختێكی تازه‌ چرۆداو گه‌رم كردووه‌ته‌وه‌
هێشتان سێبه‌ری عه‌ردی ڕه‌ش نه‌كردووه‌
سه‌رنجی به‌رسینگی كۆترێك ده‌دات
كه‌ خۆر لێی ده‌دا
په‌ڕێك له‌ سینگی كۆتر
شكۆی جوانییه‌
دیواربه‌ندی قه‌ڵای هه‌ولێری پێ ڕه‌نگ ده‌كه‌م
منی له‌ خۆیدا كوشتووه‌
نهێنییه‌ك له‌ چرۆی ئه‌و دره‌خته‌ هه‌یه‌
كه‌ پیاوه‌ پیره‌كه‌ پشتی پێ گه‌رم ده‌كاته‌وه‌
پشتی پیاوی حه‌كیم
وه‌ك دره‌ختێكی به‌هێز چرۆ زیاد ده‌كات
باڵنده‌ بۆ تاسه‌ی خوێندن
بۆن به‌ دڵمانه‌وه‌ ده‌كات
چه‌پكێ پووش ده‌هاوێمه‌ سه‌ر كه‌پر
بۆ سێبه‌ر و شكۆی وه‌ڵامی نێرگز
3
له‌ ده‌سته‌ نه‌رمونیانه‌كانی دایكه‌ زه‌وی
نانێكی گه‌رمم وه‌رگرت
هێزێكی زۆر جه‌سته‌ی به‌هێزكردم
ئاسانه‌ بۆم
به‌ردێكی گه‌وره‌ له‌ كێو بهێنمه‌ خواره‌وه‌
ڕێگا بكرێته‌وه‌ و په‌یكه‌ر و تابلۆی لێ دابندرێت
ڕه‌نگ له‌ په‌لكه‌زێڕینه‌ ڕاناكات
هه‌ڵبژێردراوێك خۆی ئاماده‌ كردووه‌
بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی دوو پۆله‌ باڵنده‌
شه‌و له‌ناو كراسی مار خه‌وت
ئاسان بوو بۆی
گیان گۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕاوچی
ڕاوچیش ترس له‌ سیمای باڵنده‌ زیاد ده‌كات
4
هه‌وره‌تریشخه‌ و برووسكه‌
له‌گه‌ڵ یه‌ك چه‌ند نه‌رمونیانن
موورووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ ڕووده‌كه‌نه‌
ناو قۆرتی مووروو مووروویانێتی كیژان
پاشان به‌ ڕسته‌وه‌ی ده‌كه‌ن
ده‌یكه‌ن به‌ خه‌ناوكه‌
بۆ پیرێژنه‌كه‌ی مامانی شار
له‌ناخی ناخه‌وه‌ سه‌رنجی خه‌ناوكه‌ی
ملی مامانی شار ده‌ده‌م
كه‌ تاسه‌ی نه‌زۆكی داده‌مركێته‌وه‌
بێ چاوترووكان دڵی ده‌ڕژێته‌ ناوچه‌وانی منداڵێك
خانه‌ سسته‌كانی جه‌سته‌ی زیندوو ده‌بنه‌وه‌
باران نه‌رم و سه‌نگین داده‌بارێ
قۆرتی مووریانێی كیژان لێوڕێژ ده‌بن
ئاوازێك له‌سه‌ره‌خۆ دێت
ده‌ست بۆ ڕووبار و باخێك درێژ ده‌كات
5
له‌ هه‌موو شوێنێك به‌هه‌شت و دۆزه‌خ بۆیان هه‌یه‌
گوێم له‌ نوێژته‌
نزا و درووده‌كانت بۆ منن
ڕێگا سه‌هۆڵبه‌ندان نییه‌
ده‌نگی مێوانداری
زه‌نگۆڵه‌ی ملی مامزه‌
له‌ناو پاوانی پاراودا
ده‌نگی ماڵئاواییش
غژه‌ غژی ڕادیۆیه‌
له‌ كاتی به‌رنامه‌ی گه‌شتی ژیانی داهێنه‌ران
جغاره‌ی ناو ته‌پڵه‌
دووكه‌ڵێكی باریكی لێ به‌رزده‌بێته‌وه‌
باڵنده‌ له‌ناو ته‌می سه‌ر ده‌ریا
ده‌نگی خۆش ده‌بێت
ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر ده‌نگی زه‌نگوڵه‌ی ملی مامز
له‌ناو پاوانی پاراودا
6
حه‌وت جار به‌شداریی پێشبڕكێی وه‌رزشی تیرهاوێژیم كرد
حه‌وت هێلكه‌م ترووكا
حه‌وت جۆگه‌له‌ له‌ یه‌كتر نزیك بوونه‌وه‌ بۆ مه‌له‌وانی بێچووه‌ مراوی
حه‌وت گوڵه‌گه‌نمم پڕ شیر بوو
حه‌وت باڵ له‌ كووپه‌ی گه‌نجینه‌م ڕوا
حه‌وت په‌ندم له‌ تابلۆی شاردا هه‌ڵواسرا
حه‌وت پشكۆم بووه‌ فه‌رامۆشی جه‌سته‌ی ئاگردان
به‌هار خوێنی زه‌ویی هێناوه‌ته‌ كوڵ و جۆش
سروشت له‌ حه‌وته‌یه‌كدا دووباره‌ له‌ دایك بووه‌وه‌
ناڵه‌یه‌كی پچڕ پچڕی له‌ سینه‌وه‌ هه‌ستا
حه‌وت ڕه‌نگی په‌لكه‌زێڕینه‌
له‌ پێش چاوی مندا ونه‌
ئاوێكی سازگار له‌ چاوی په‌لكه‌زێڕینه‌وه‌ ده‌ڕژێ
ته‌نیا جوانه‌مه‌رگان له‌ كاتی سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌یخۆنه‌وه‌
گرێیه‌كیش له‌ ڕه‌نگ ده‌ده‌ن
7
هیچ شتێكم به‌ مێشكدا تێناپه‌ڕێ
ته‌نیا سه‌رگه‌رمی ئه‌وه‌م
زه‌وی چه‌ند ڕوو ڕاست و به‌ هه‌سته‌
به‌ ئاوی ژێر زه‌وی جلوبه‌رگم ده‌شۆم
به‌ لكه‌ دارێكه‌وه‌ هه‌ڵی ده‌واسم
هه‌ستی لكه‌ دار و هه‌ستی جلوبه‌رگم
برای شیرین
به‌تاسه‌وه‌ سه‌یری با ده‌كه‌ن
با له‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ هاتووه‌
ڕێگای دوورمان نیشان ده‌دات
بۆ چوونه‌ سه‌ركار و دیده‌نی
زیندوومان ده‌كاته‌وه‌
ئاڵای خه‌ونێك
به‌رانبه‌رمان ده‌له‌رێته‌وه‌ و شادمانه‌
ده‌یه‌وێ سێبه‌ری لێمان داو و ده‌ست به‌ باڵمانه‌وه‌ بگرێت
ته‌نیا نامێنێته‌وه‌
بڵێی هیچ هه‌بێت
له‌ نێوان بای ناو داره‌كان و ته‌نیایی ئێمه‌
8
په‌نجه‌كانی ده‌ستمیان به‌داوێك به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ دا
له‌ پشتی ده‌ستمیان نووسی
كلیلی گه‌نجینه‌ی دنیات به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
به‌ ده‌می به‌خێرهاتنه‌وه‌ فه‌رموویان
ئاسووده‌به‌ به‌خت و ئومێد هاتوونه‌ته‌ پێش ده‌رگات
زه‌ویوزارێكی زۆریش كێڵگه‌ن بۆ به‌رهه‌م
9
له‌ نزیك ئه‌و دره‌خته‌ی له‌ ژێر گرناییی به‌فر به‌لادا هاتووه‌
دانیشتم
كڕنووشم برد و چوومه‌ دۆخی نوێژ و دوعا
له‌ ساتێكی نادیاردا
شالوور پێناسه‌ی گوڵی دامێ
دڵم وه‌ك ده‌بده‌به‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ
هه‌ڵدایه‌ ئاسمان
دڵ و
ده‌بده‌به‌ و
ئه‌ستێره‌
بۆنی ناو دێرینه‌كان به‌ به‌ر كه‌پوومان دادێنن
به‌ردی جوان و خانه‌دان ده‌كرێن به‌ په‌یكه‌ر
با ئاشنایه‌ به‌ ته‌واوی دڵه‌ ڕاوكێی مرۆڤ
له‌ ژێر خۆڵیشدا نانوێت
10
كات چۆن ده‌ستی پێ كردووه‌
ئاواش كۆتاییی دێت
پاشا بۆ خه‌و و خه‌ونێك
له‌ ڕۆخ ده‌ریا تاجی دانا
له‌ جۆلانه‌یه‌كدا خه‌وت
كاتژمێرێكی زێڕی له‌ ده‌ست دا بوو
ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی
به‌دزییه‌وه‌ ته‌ماشای كاتژمێره‌كه‌یان ده‌كرد
ڕووناكییه‌كی نزم له‌ جۆلانه‌كه‌ی دا
پاشا بێ هێز و نه‌خۆش
سه‌ری خسته‌وه‌ ژێر تاج
له‌ ژێر چاوه‌وه‌ ته‌ماشای
كاتژمێری ده‌ستی كرد و هه‌ناسه‌ی توند بوو
سه‌ری هه‌ڵێنایه‌وه‌
مێژوو له‌ناو هاڵاودا ون بوو
ئیدی ته‌ماشای ئه‌لبوومی
سروشت و گێژه‌نی ژیان ده‌كه‌م
هه‌واڵی دڵی گه‌رم و نه‌رمی زه‌ویش هه‌ر ده‌زانم
2009 هه‌ولێر







 

           

 

04/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com