له‌ كتێبخانه‌ی تایبه‌تی بابا تاهیردا

  

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر



گا بۆ ئاوخواردنه‌وه‌ ملی درێژ ده‌كات
كه‌ڵه‌بابیش له‌ كاتی بانگدان
تووتی بێ چاو و ڕوو ده‌م ده‌كاته‌وه‌
له‌ نزیك
ڕه‌گ و
گۆپكه‌ و
خونچه‌
ده‌وه‌ستێ و پێی له‌ زه‌وی ده‌خشێنێ
كرانه‌وه‌ی ده‌می خۆی
به‌ كرانه‌وه‌ی ده‌می ئه‌وان به‌راورد ده‌كات
پوولی پۆسته‌ له‌ بن باڵی ده‌ده‌ن
گوێڕایه‌ڵه‌ و دان له‌سه‌ر ده‌ست ده‌خوات
بۆ كام لا هه‌ڵی ده‌ن
سه‌ر له‌ ڕێیه‌ و چاو داده‌خا
خه‌ڵات و به‌راتی درۆفرۆش
بانگی باڵنده‌ی ئاویم كرد
بۆ وشكاییی به‌پیت و هات
بانگی باڵنده‌ی وشكاییشم كرد
بۆ قه‌راغ گوڵاوی سه‌ر به‌ شه‌خته‌
شاڵێك بۆ شاژنی ژیان بچنن
دیار بوو كتێبێكیان خوێندبووه‌وه‌
به‌رژه‌وه‌ندیی دایك نووسیبووی
باڵنده‌ ده‌ستی ڕه‌ش و سپی
درێژی مرۆڤ ده‌ناسێ
ڕووخۆشی سروشتیش
دڵنیایه‌ له‌و زه‌وییه‌ی كه‌ هێلكه‌ی له‌سه‌ر داده‌نێ
زه‌وی گه‌ف له‌ زه‌وی په‌روه‌ر ناكات
هه‌موو شتێك له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌ ده‌زانێت
ته‌نیا له‌ ده‌مه‌ده‌می مه‌رگدا
خۆ بینین به‌ ڕوخسارمانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ
ده‌زانێت پاش چه‌ند ڕۆژ كرم له‌ جه‌سته‌مان په‌یدا ده‌بێ
سه‌ره‌تاش كامه‌ به‌شی ده‌خوات
له‌ ناو دڵ و ده‌روونی زه‌میندا
ژیان ده‌مانلاوێنێته‌وه‌ و ده‌جریوێنێ
ئه‌و پیاوه‌ی
له‌سه‌ر سینگ خۆی داوه‌ به‌ زه‌ویدا و بۆنی گیای ته‌ڕ و پاراو
چاوانی ده‌بریسكێنێته‌وه‌ و دڵی به‌هێز ده‌كات
دڵم پڕ بوو له‌ گریان
گریانی خۆم له‌ گۆرانییه‌كی میللیدا دۆزییه‌وه‌
شه‌پۆلی ده‌دا
چه‌ته‌ی پێڵاو گه‌وره‌ له‌ خه‌ودان
ڕێگاوبان هێشتان
دڵیان باش لێ ده‌دا و تۆزاوی نه‌بوونه‌
ده‌رگای كێڵگه‌ی په‌رژینكراو
به‌ په‌نجه‌ی فریشته‌ و خوداوه‌ند مۆر كراوه‌
پووشی قه‌راغی ڕێگا خه‌واڵوون
ئه‌سپ به‌ ماتی به‌ ته‌كیاندا ده‌ڕوات
بیر ده‌كاته‌وه‌ و سێبه‌ری پڕشنگداره‌
نادیار نه‌بووه‌ و نادیار نییه‌
ته‌مه‌نی جوانووییی له‌ ناو دڕكی ده‌م تیژ و نزیك گورگ گوزه‌راندووه‌
سه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێ و چاو هه‌ڵده‌بڕێ
ده‌موچاوی كاروانچی
وه‌ك لافیته‌ی هه‌واڵێكی ناخۆش ده‌بینێ
پووشیش خه‌واڵوویی به‌ری ده‌دا
گه‌رماییی ده‌می ئه‌سپ هێزی ده‌داتێ
هه‌موو ناخی به‌ پیتی زه‌وی دێته‌ كوڵ
به‌س نه‌بوو
حاجی له‌قله‌ق دوا شه‌هیدی هه‌ولێر بوو
به‌س نه‌بوو
قومری دوا شاعیری ترپه‌ و هه‌ست و تاسه‌ بوو
به‌س نه‌بوو
ئاو و خۆڵ و با خۆكوژی كه‌وته‌ نێوانیان
ئاگر دوا ناوبژیوانیان بوو
به‌س نه‌بوو
شه‌وی پێش هه‌ڵبزڕكاندنی كولێره‌كه‌م
زانیارییه‌كم ده‌رباره‌ی تاڵانی چاڵه‌ گه‌نمه‌كان خوێندبووه‌وه‌
پرچی له‌به‌ر به‌ران خوساوم ڕێك خسته‌وه‌
ئه‌سپی ڕاویشم به‌ ملوانكه‌ی كیژی كافرۆش به‌ستایه‌وه‌
فڕوفێڵ له‌ نێوان كڕیار و فرۆشیار
ئاڵۆزیی بازاڕی پاش جه‌نگ
هیچ شتێك له‌ به‌رهه‌تاو ناتوێته‌وه‌
به‌فریش دۆخی ده‌گۆڕێ
دڵه‌ خورپێیه‌كی مات و ترسناك دای گرتووه‌
هه‌تاوی پێش ئاوابوونیش ئه‌و هه‌سته‌ی بۆی هه‌بوو
تووتی چاوی له‌ هه‌نگاوه‌كانه‌
ئاخۆ ڕێگا ون ده‌كه‌ین یان نا
تێی ناڕوانین و فه‌رامۆشی ده‌كه‌ین
خۆی ده‌خواته‌وه‌ و ده‌روونی قوڵپ ده‌دا
په‌ڕ له‌ كلكی ده‌رده‌كێشێ و هێلكه‌ی ده‌شكێنێت
هه‌ندێك ده‌ڵێن سه‌ره‌تای ڕێگا فه‌ڕو جوانییه‌
هه‌ندێكیش ده‌ڵێن كۆتایی
ڕێبواری سه‌ره‌تا و كۆتایی بووم
كۆتاییش وه‌ك سه‌ره‌تا
هه‌مان هه‌ستی بۆم هه‌بوو
ئه‌ی گیانه‌وه‌ر و ڕووه‌ك
باڵكۆن و سه‌كۆ
فه‌ڕ و جوانی ڕێگا هی كێیه‌ كێ
یاداشتی خۆی نه‌نووسیوه‌ته‌وه‌
تیشكی ڕۆژیش به‌ده‌وری خۆیدا
ده‌سووڕێته‌وه‌ و نازانێت كۆتایییه‌كه‌ی كه‌یه‌
یان كوێنده‌ره‌
زه‌رده‌خه‌نه‌ پاشماوه‌ی تیشكی نیان و سۆزبه‌خشه‌
وه‌ختێكی زۆری ویست
تا دره‌ختی به‌ختم له‌ قۆپه‌نه‌ خۆڵی چاره‌نووس ڕواند
دڵ ناتوانێت فێڵ له‌ گیان بكات و شتی لێ بشارێته‌وه‌
دڵ و گیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا ته‌رازوون به‌ ده‌ستی فریشته‌وه‌
باڵنده‌ پێ و باڵی
به‌ چیكڵدانه‌یه‌وه‌ گرت
ئێمه‌ له‌ برسییه‌تییه‌كه‌ی نه‌گه‌یشتن
له‌ ناو دڵبه‌ردی و نامه‌ردی درۆفرۆش خنكاون
هه‌ڵفڕن بۆ سه‌ر دره‌ختی به‌ختم
به‌چكه‌كان دابه‌ش ببنه‌ ئاسمان
له‌ ئه‌ستێره‌ و
مانگ و
خۆر نزیك ببنه‌وه‌
شێوازی گفتوگۆ ئاسانه‌
داكانه‌ و بابانه‌ش دره‌ختی به‌خت
ده‌پارێزن و چاودێریی كرانه‌وه‌ی قۆزاخه‌ی په‌مۆن
ئه‌ستێره‌ له‌ ناو لك و گه‌ڵادا
به‌ پڕشنگی بڵندمان ده‌كاته‌وه‌
بۆ نزیك
میوه‌ی گه‌ییو و
هه‌وری ته‌ڕ و
خۆری پشوو خۆش
ده‌نگی ئاسمان بۆ زه‌وی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
خوداوه‌ند ئاماژه‌یه‌كی بۆ كردم
دره‌ختی به‌ختت حیكمه‌تی پێغه‌مبه‌ران
بۆ سمۆره‌ و باڵنده‌ ده‌خوازێت
ئاوات خواستن نیگای له‌ ناو شكۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌
چرای به‌هێزی چاو
ده‌مودووی نه‌رمی دیوان
هۆگربوونی باڵنده‌ی كۆچه‌ری
كرانه‌وه‌ی گوێچكه‌ماسی
به‌شه‌ هه‌تاوی نه‌شونمای بۆ ده‌هێنن
به‌دوای ئه‌و به‌شه‌ هه‌تاوه‌ چووم
وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌دوای ته‌رم و تابووتی دوا كه‌سمه‌وه‌ بم
مانگ له‌ ناو ده‌ستمدا خۆی خزانده‌ ناو ئاو
له‌ دڵم ده‌چوو
دڵم له‌ ناو سینگم بێت
یان له‌سه‌ر زه‌وی وه‌ك یه‌ك وایه‌ و یه‌ك كێشیشی هه‌یه‌
دڵ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی زه‌وی
كه‌ خۆر تێیدا هێز ده‌داته‌ گژ و گیا


كانوونی دووه‌می 2010 هه‌ولێر




 

           

 

08/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com