ده‌ست بردنی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جه‌نایه‌تێكی له‌م چه‌شنه‌ له‌ پێناوی چیدایه‌؟
"به‌ بۆنه‌ی ئیعدامی جه‌نایه‌تكارانه‌ی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و چوار تێكوشه‌ری سیاسی دیكه‌."

  

سه‌عید ئه‌مانی




ماوه‌یه‌كه‌ قه‌یرانێكی سیاسی و ئابووری چارهه‌ڵنه‌گر سه‌رتاپێی پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی دژی ئینسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی داگرتووه‌ و هیچ ئاسۆیه‌كی ڕوون بۆ وڵام دانه‌وه‌یان شك نابات و خۆشی به‌ باشی ده‌زانێت به‌ره‌به‌ره‌ خه‌ریكه‌ به‌ زه‌لكاوی مه‌رگی دا ده‌چێته‌ خوار.
قه‌یرانی ئابووری جیهانی كه‌ نیزامی سه‌رمایه‌داری له‌ ئاستی دنیادا تووشی گرفتی جیدی كردووه‌، و كاربه‌ده‌ستانی ئیسلامی له‌ ئێران ئیدیعایان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ به‌رۆكی ئه‌وان ناگرێت و خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌رمایه‌داریه‌ كۆنه‌په‌ره‌ست و خوێن رێژه‌كه‌یان به‌سڵامه‌ت لێی ده‌رباز ده‌بن، گه‌یاندونیه‌ته‌ ئاستێك كه‌ له‌ ده‌ست بردن بۆ هیچ كرده‌وه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ ناپرینگێنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر چاوێك له‌ هه‌ڵسوكه‌تی كه‌متر له‌ یه‌ك ساڵی ڕابردووی ئه‌و ڕژیمه‌ جه‌نایه‌تكاره‌ بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ‌ خوڵقاندنی وه‌ها جه‌نایه‌تێك بۆ كۆماری ئیسلامی ئه‌مرێكی گه‌لێك ئاسای یه‌ و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی كرده‌وه‌ی گه‌لێك نامرۆڤانه‌تری ئه‌م ڕژیمه‌ بین له‌ مه‌ودای به‌رده‌وام مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. له‌ جه‌ریانی به‌ ناو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری دا ده‌ست ده‌داته‌ كوده‌تای هه‌ڵبژاردن، له‌ وڵامی ناڕه‌زایه‌تی هاوكارانی دوێنێ و نه‌یارانی ئه‌مرۆی دا ده‌ست ده‌داته‌ سه‌ركوت و گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌ و ده‌ست درێژی جنسی و كوشت و بڕ، فه‌زای سیاسی كۆمه‌ڵ رۆژ به‌ رۆژ زیاتر میلیتاریزه‌ ده‌كاته‌وه‌، نانی سفره‌ی بێره‌ونه‌قی كرێكاران و خه‌ڵكی به‌ش مه‌ینه‌ت به‌ تاڵان ده‌بات و خه‌رجی دروست كردنی چه‌ك و چۆڵی نیزامی ده‌كات. هه‌ر ماوه‌ جارێك مانۆری جۆراوجۆر وه‌رێ‌ ده‌خات و چنگ و ددان به‌ خه‌ڵكی وه‌گیان هاتووی ئێران و كوردستان و ناوچه‌كه‌ نیشان ئه‌دات، قه‌یرانی ناوچه‌ی ده‌خوڵقێنێ له‌ پێناو پاراستنی چه‌ند رۆژ زیاتری ده‌سه‌ڵاته‌ خوێن رێژه‌كه‌ی دا، ته‌رحی هه‌ده‌فمه‌ند كردنی یارانه‌كان به‌رێوه‌ ده‌بات به‌ بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته‌ ئیعتراز و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكێك كه‌ ده‌بێ له‌ داهاتوو دا تاوانه‌كه‌ی بده‌ن.
وه‌ك گشت لایه‌ك ده‌زانین ئه‌م رژیمه‌ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ خوڵقاندنی به‌رده‌وامی قه‌یران دا ده‌بینێ، جا چ ڕووبه‌ ناوه‌وه‌ بێت یان، ڕوو به‌ ده‌ره‌وه‌، چون له‌ ژێر سایه‌ی ئه‌م قه‌یرانانه‌دایه‌ كه‌ به‌ هاسانی ده‌توانێ‌ جوابی هه‌ر داواكاری و ناڕه‌زایه‌تیه‌كی خه‌ڵك به‌ چاو سور كردنه‌وه‌ و سه‌رنێزه‌ بداته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر وانه‌بێ، ئێستا كۆماری ئیسلامی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌لومه‌رجێك دا نیه‌ تا بێ سڵه‌مینه‌وه‌ ده‌ست بداته‌ جه‌نایه‌تێكی له‌م چه‌شنه‌ و كه‌سێكی ناسراو و خۆشه‌ویستی وه‌ك فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و چوار كه‌سی تر له‌ زیندانیانی سیاسی له‌ سێداره‌ بدات. به‌ڵام، ئه‌م جاره‌یان زۆر به‌ هه‌ڵه‌ داچووه‌ و هه‌زینه‌یه‌كی كه‌ له‌م پێناوه‌دا ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ڕه‌نگه‌ پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی بخاته‌ له‌رزه‌. ئیعدامی زیندانیانی سیاسی له‌ كوردستان و له‌ ئێران له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامی تێدایه‌ ته‌نیا له‌ بێ هیوای و بێ ده‌ره‌تانی ئه‌و ڕژیمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌.
خه‌ڵكی كوردستان به‌ پشتیوانی باقی خه‌ڵكی ئازادی خوازی ئێران له‌ رۆژی 23ی گوڵان دا، كه‌ وه‌ك رۆژی مانگرتنی گشتی و سه‌رتاسه‌ری له‌ هه‌موو شارو دێهاته‌كانی كوردستان، له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ "رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران"ه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌، جارێكی تر "نا"یه‌كی به‌هێز بۆ ده‌سه‌ڵاتی پڕ له‌ جه‌نایه‌تی كۆماری ئیسلامی به‌گشت جیهان ده‌گه‌یه‌نن و هاوپشتی و هاوده‌ردی خۆیان بۆ بنه‌ماڵه‌ی زیندانیانی سیاسی گیان به‌خت كردوو فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، عه‌لی حه‌یده‌ریان، شیرین عه‌له‌م هولی، مێهدی ئیسلامیان و فه‌رهاد وه‌كیلی ده‌رده‌بڕن.


بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌ و به‌رێوه‌ بردنی مانگرتنێكی گشتی و
یه‌ك گرتوانه‌ له‌ گشت شارو دیهاته‌كانی كوردستان.

به‌رز و به‌رێز بێت یادی زیندانیانی سیاسی ئیعدام كراو.

21/2/1389
سه‌عید ئه‌مانی


 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com