ئه‌مجاره‌یان بكوژان خراپ تێئاڵاون

  

سه‌ڵاح مه‌زن
selahmezin@yahoo.com




تیرۆر دیارده‌یه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌س,گروپ‌و ده‌زگایانه‌ پێڕه‌و ده‌كرێت, كه‌ هیچ ده‌رقه‌تێك بۆ له‌یه‌كترحالیبون له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌كه‌یان ناهێڵنه‌وه‌, له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی ئایدۆلۆژی , سیاسی‌و براگماتیكی خۆیان بڕیاری كرده‌یه‌كی دڕندانه‌ ده‌ده‌ن, تیرۆری سیاسی دیارترین جۆره‌كانیه‌تی كه‌ چ له‌ رابردو یان له‌ ئه‌مرَدا پیاده‌ ده‌كرێت, له‌ ناوه‌راستی سه‌ده‌ی رابرد‌و دواتریش له‌ وڵاتانی رۆژاوای سه‌رمایه‌داری‌و به‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌, هه‌روا له‌ وڵاتانی سۆسیالستی پێشوشدا دژ به‌ تێۆشه‌رانی سیاسی‌و رۆژنامه‌وان‌و بیرمه‌ندانی ئازادیخواز وه‌ك دیارده‌یه‌ك ده‌بینرا, دیاره‌ له‌ وڵاتانی جیهانی سێیه‌می سیسته‌م سه‌ربازی‌و توتالیتاری ئه‌و دیارده‌یه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ ده‌گات درێژه‌ی هه‌یه‌, به‌ پێی راپۆَرتی ده‌زگاكانی ئازادی رۆژنامه‌وانی‌و مافه‌كانی مرۆڤ, كه‌ ساڵانه‌ وه‌ك ئامارێك بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌, تیرۆركردنی رۆژنامه‌وانان زیاتر له‌ وڵاتانی پاشكه‌وتو‌و دیكتاتۆری دۆسیه‌ی ئه‌ستوری هه‌یه‌.
كه‌واته‌ وڵاتێك یان هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆخوازی وه‌ك كوردستان, كه‌ خۆی ده‌باته‌ ریزی وڵاتانی پێشكه‌وتوو شارستان له‌ پیاده‌ كردنی دیموكراسی‌و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادییه‌ گشتییه‌كان له‌وانه‌ش ئازادی رۆژنامه‌وانی!! به‌ڵام وا خه‌ریكه‌ له‌و هه‌رێمه‌ ( بێ‌ وێنه‌یه‌ له‌ دیموكراسی !! ) دیارده‌ی توندو تیژی له‌ به‌رانبه‌ر رۆژنامه‌وانان‌و تیرۆركردنیان رۆژ له‌ دوایی رۆژ مه‌ترسیدارتر ده‌بێت.
به‌ پشت به‌ستن به‌ راپۆرته‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ ساڵی رابردوو دۆسیه‌ی هه‌رێم له‌ ته‌نگ هه‌ڵچنین به‌ ئازادی كاری رۆژنامه‌وانی‌و نه‌بادا تیرۆری رۆژنامه‌وانان له‌ چاو عێراق‌و وڵاتانی وه‌ك كولومبیا, مه‌كسیك روسیا ,توركیا, ئیسرایل, ئێران‌و مه‌غریب‌وزۆرانی دیكه‌ش له‌ وڵاتانی ناشارستان‌و دادیموكرات, تا راده‌یه‌ك دۆسیه‌ی هه‌رێم قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر نه‌بو, به‌ تایبه‌تیش كه‌ له‌ ژێر فشاری رۆژنامه‌وانانی ئازادیخواز یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی هه‌رێم واژۆ كرابو!! ته‌نانه‌ت داوای په‌یمانی رۆژنامه‌وانی له‌ رۆژنامه‌وانان ده‌كرا,
راسته‌ یاساكه‌ واژۆكرا, په‌یمانه‌كه‌ش ریكخرا , به‌ڵام ئاخۆ زه‌مانه‌تی ده‌ستوری هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی , كه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع‌و له‌ لای دامه‌زراوه‌كانی پۆلیس, ئاسایش‌و دادوه‌ری رێزی لێبگیرێت, به‌و پێیه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌رێمدا, چونكه‌ هه‌رێم ده‌ستورێكی تایبه‌ت به‌ خۆی نییه‌و دادگایه‌كی ده‌ستوری نییه‌ تا چاودێری جێبه‌جێكردنی یاساكان بكات, ده‌بوایه‌ رۆژنامه‌وانان هه‌ر زوو ئه‌و زه‌مانه‌ته‌یان له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم داوا بكردایه‌, ئه‌گه‌رچی بێ‌ ئه‌و داواكردنه‌ش ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ ئه‌ستۆ ده‌بێت, چونكه‌ ئه‌و یاسایه‌ لای خۆیان بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر دراوه‌.
تیرۆركردنی ( سۆران ) ی رۆژنامه‌وان , دواتر فراوانبونی شێوازی توندوتیژی له‌ به‌رانبه‌ر رۆژنامه‌وانان له‌ گه‌رمه‌ی هه‌لبژاردنه‌كانی 25ی ته‌موزی 2009‌و 7ی ئاداری 2010دا, زه‌نگێكی مه‌ترسیداربو, ئه‌وه‌تانێ‌ وا له‌ كاتێكا هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا, یادی جه‌ژنی 112مین ساڵه‌ی رۆژنامه‌وانی‌و رۆژی رۆژنامه‌وانی جیهانی به‌رز راگیران, كه‌ ئاكام ئا له‌ وه‌ختێكی ئاوادا ‌و به‌ به‌ رۆژی رۆژان‌و له‌ به‌رده‌م حه‌ره‌می زانكۆ (سه‌رده‌شت) ی خوێنكار‌و رۆژنامه‌وان له‌ لایه‌ن بكه‌ری نادیار ده‌ڕفێنرێ‌‌و به‌ پێی پلانێكی پێشوه‌خت داڕێژراو له‌ به‌ینی ده‌بردرێ‌, دیاره‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا, گه‌مه‌كان زوو ئاشكرا ده‌بن‌و بكه‌ری نادیاریش دره‌نگ یان زوو ئاشكرا ده‌بێت.
به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بكوژان, باش تێئاڵاون‌و هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قیان كردوه‌‌و زه‌حمه‌ت به‌ ئاسانی لێی ده‌ربازبن, چونكه‌ تیریۆركردنی رۆژنامه‌نوسێكی گه‌نج, خوێنكار ‌و ئازادیخواز, له‌ سه‌رێكه‌وه‌ ته‌واوی رۆژنامه‌وان‌و نێوه‌نده‌كانی مرۆیی‌و بگره‌ رای گشتی نێوخۆیی‌و نێونه‌ته‌وه‌یی وروژاندوه‌, وا پێشبینی ده‌كرێت, كه‌ ئه‌و تاوانه‌ وه‌ك تاوانه‌كانی پێشو به‌سه‌ر نه‌چێ‌‌و فشار‌و به‌دواداچونی له‌سه‌ر پێكدێت, چونكه‌ له‌سه‌رێكی دیكه‌وه‌ ته‌واوی رۆژنامه‌وانی خوێندكاری كوڵێژو په‌یمانگه‌كانی راگه‌یاندن‌و زانكۆكانی كوردستان له‌شكرێكه‌ له‌ ژمار نایه‌ن , حه‌تمه‌ن له‌ گه‌ڕان‌و به‌دواداچونی دۆسیه‌ی ئه‌و تاوانه‌ ناڕه‌واو دژه‌ مرۆییه‌, به‌ هه‌قی رۆژنامه‌وانێكی گه‌نجی خوێنكارو ئازادیخوازی هاوڕێیان ‌و ئاشكرا كردنی بكه‌رانی تاوانه‌كه‌ , سره‌وتن نازانن.
بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌و تاوانه‌ش وه‌ك دۆسیه‌كانی پێشو به‌ به‌یاننامه‌و ناڕه‌زایی و مه‌راسیمی فرمێسك دابه‌راندن كۆتایی نه‌یێ‌, با رۆژنامه‌وانانی ئازاد, پارێزه‌رو یاساناسه‌ سه‌ربه‌خۆكان‌و دامه‌زراوه‌كانی مه‌ده‌نی‌و زانكۆكانی كوردستان‌و ته‌واوی رای گشتی كوردستانی له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌دا, له‌مه‌ڕ ئه‌و روداوه‌و مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر داهاتوی پرۆسێسی دیموكراسی‌و ماف‌و ئازادی سیاسی, مه‌ده‌نی‌و رۆژنامه‌وانی هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن‌و هه‌لویست وه‌رگرن ‌و وه‌ك هێزێكی فشار ده‌ربكه‌ون, جارێ‌ به‌ر له‌ هه‌مو كارێك و هه‌رچی زووه‌ , بكوژانی كاكه‌ سه‌رده‌شت بدۆزرێته‌وه‌و راده‌ستی دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بكرێت, ئه‌گه‌ر ئه‌و دادگایه‌ له‌ هه‌رێم‌و عێراق بونی نییه‌ یان ده‌سه‌ڵاتی لاوازه‌, با را ده‌ستی دادگایه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی بێلایه‌ن بكرێن, ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی كۆن‌و سونه‌تی ئه‌و كاره‌ی پێ هه‌ڵناسوڕێت , با چیتر ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی ئازادیخواز نه‌نێته‌وه‌.


 

           

 

10/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com