یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد.. تا ئێره‌ !!!
 

  

سه‌ڵاح مه‌زن


slahmezin@yahoo.com


دوای به‌یاننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 , له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی دانوستاندنی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق ,كه‌ له‌ لایه‌ن حزب به‌عسه‌وه‌ حوكمرانی به‌ڕێوه‌ده‌بردرا, وێڕای ئه‌وه‌ی دانوستاندن شكستی خوارد‌و دواتر شۆڕشی كوردیش هه‌ره‌سیهێنا , دیاره‌ ژماره‌یه‌ك ده‌سكه‌وتی سیاسی, ئابوری, كولتوری بۆ گه‌لی كوردستان هاتنه‌ ده‌ست , كه‌ راسته‌وخۆ به‌ری تێكۆشان‌و قوربانییه‌كان بوینه‌, له‌وانه‌ش دامه‌زراوه‌ی كولتوری گرنگ كه‌ تا ئه‌مڕۆش به‌ بایه‌خ رۆلی كولتوریان هه‌رماوه‌ , وه‌ك یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد , كۆڕی زانیاری كورد, , كۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیری كوردی, كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر‌و وێژه‌ی كوردی, تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌, تیپی موسیقای زانكۆ, تیپی مۆسیقای سلێمانی‌و.. تاد.. به‌رهه‌م‌و چالاكی كولتوری , زانستی و ئه‌كادیمی ئه‌و دامه‌زراوه‌ كولتوریانه‌, له‌ چه‌ندان بواردا, نه‌باداش بواری چاپه‌مه‌نی‌و بڵاوكراوه‌كان, لێتۆژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌, كۆنفرانس‌و فیستیڤالی ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ری بۆ ئه‌مڕۆو نه‌وه‌كانی داهاتومان گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی كولتوری نه‌ته‌وایه‌تی كورد پێكدێنن.
به‌ڵام له‌ دوای تێكشكانی دانوستان‌و هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی چه‌كداری كورد, ره‌وشێكی رۆژ به‌ دوایی رۆژ ناله‌بار‌و دژوار هاته‌ پێشه‌وه‌, پێ‌ به‌ پێ‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند‌و رێكخستنه‌كانی به‌عس خۆیان په‌لكێشی نێو دامه‌زراوه‌كانی حكومی‌و مه‌ده‌نی ده‌كرد,دیاره‌ سیاسه‌تی شوڤینستی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی سه‌رده‌ست كه‌ له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ به‌رنامه‌ رێژی بۆ ده‌كرا, سه‌رباری به‌ڕه‌نگاریبونه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ نێوه‌نده‌كانی خه‌ڵكی , وه‌لێ‌ لێره‌و ‌و له‌وێ‌ له‌ هه‌ندێ‌ له‌ كه‌رته‌كانی كارگێڕی, به‌رهه‌مهێنان, په‌روه‌رده‌وخوێندن, ته‌نانه‌ت نێوه‌ندی كولتوری‌و هونه‌ری باوه‌شی بۆ ده‌كرایه‌وه‌, دیاره‌ له‌ونێوانه‌دا لاوان‌و نه‌وجه‌وانان به‌ ئامانج وه‌رگیرابون, بۆ ئه‌وه‌ی به‌ به‌رنامه‌ی تایبه‌ت‌و ژاراوی به‌عس په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن, ئه‌و ره‌وشه‌ی من باسی لێوه‌ ده‌كه‌م , هێشتا شه‌ڕی یه‌كه‌می كه‌نداو روینه‌داوه‌, خۆ له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌م‌و دوه‌می كه‌نداو , به‌گشتی ره‌وشه‌كه‌ به‌ جۆرێك ته‌شه‌نه‌ی كرد, كه‌ خه‌ڵكی خاوه‌ن شه‌ره‌ف‌و هه‌ڵویستی نه‌ته‌وه‌یی‌و مرۆیی, دوو رێگای له‌به‌رده‌م مابۆوه‌ , یان ئه‌وه‌ته‌ ده‌ست له‌ به‌شی زۆری به‌رژه‌وه‌ندی‌و خۆشییه‌كانی ژیان‌و داهاتوی به‌ربدات‌و به‌ شێوازی گونجاو روبه‌روی شاڵاوی ره‌گه‌زپه‌رستی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام ‌و دامه‌زراوه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كه‌ی بێته‌وه‌, یانیش ئه‌وه‌ته‌ ملكه‌چی‌و ده‌سته‌مۆیبون قبول بكات, به‌ تایبه‌تیش نوسه‌رو روناكبیران ویژدان‌و قه‌ڵه‌مه‌كه‌یان بفرۆشن, بگره‌ بۆ راپه‌ڕاندنی پلان‌و نه‌خشه‌ی گڵاوی رژێم به‌كاری بێنن,كه‌م ناوه‌ندی كولتوری‌و هونه‌ری مابۆوه‌ بتوانێت تا سه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی رژێم سه‌ربه‌رزی ته‌واوی خۆی بپارێزێت, هه‌ر بۆ نمونه‌ له‌شكرێك له‌ رۆڵه‌ی كورد چه‌كی رژێمیان دژ به‌ رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان كرده‌ شان‌و بگره‌ به‌ شێكیان له‌ شالاوه‌كانی ئه‌نفال‌و هێرش بۆ سه‌ر بنكه‌كانی پێشمه‌رگه‌و راوه‌دونانی تێكۆشه‌رانی ناو شارو هه‌ڵاتوانی سه‌ربازی به‌شداریان ده‌بو, له‌و لاشه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندانی ناسراو له‌ به‌ هه‌ڕمێنكردنی خه‌رمانه‌ راگه‌یاندنی دیكتاتۆری‌و شه‌ر به‌شداریان ده‌بو, ته‌نانه‌ت چاپه‌مه‌نی, بڵاوكراوه‌‌و فیستیڤاله‌كانی ئه‌و رژێمه‌ دژی گه‌لییه‌یان ده‌ڕازانده‌وه‌‌و به‌ دیمه‌نیان ده‌كرد, هه‌ڵدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رشیفی ئه‌و نوسراو‌و چالاكیانه‌ی كه‌ له‌ زه‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری ئه‌نجامدراون, به‌ زه‌قی ناوی چه‌ندان له‌و كه‌ڵه‌نوسه‌ر‌و كاراكته‌رانه‌ ده‌بینرێن.
با بێینه‌وه‌ سه‌ر كرۆكی ئه‌و باسه‌ی كه‌ جێی مه‌ستمه‌ ,ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێتی نوسه‌رانی كورده‌, كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و دامه‌زراوه‌ گرنگانه‌ی له‌ رابردودا سه‌كۆیه‌كی گه‌شاوه‌ی كولتور‌و ئه‌ده‌بیاتی داهێنه‌رانه‌ بوه‌, كار‌و چالاكیه‌كانی ئه‌و سه‌كۆیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه‌, له‌وانه‌ش ( فیسیڤاله‌كانی یه‌كه‌م‌و دوه‌می شیعری كوردی‌و دیدار‌و سمیناره‌كانی چیرۆك,گۆڤاری نوسه‌ری كورد, ره‌خنه‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ .. تاد.. )كه‌ له‌ شاره‌كانی كوردستان‌و به‌غدا سازده‌دران, رویه‌كی گه‌شی ئه‌و رێكخراوه‌ پیشانده‌ده‌ن, هه‌روا خۆڕاگری نوسه‌ران له‌ به‌رانبه‌ر شاڵاوی دامه‌زراوه‌ كارتۆنیه‌كانی رژێم , كه‌ تا كۆتایی هه‌فتاكان‌و سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردو له‌سه‌ر ئاستی مه‌ڵبه‌ندی گشتی‌و لقه‌كانییه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌بو, ته‌نانه‌ت شێوازێكی جوانی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی دامه‌زراوه‌ كولتورییه‌كانی رژێمی پیشانده‌دا له‌و سه‌رده‌مه‌دا, دیاره‌ دیمه‌نی گفتوگۆكانی كۆبونه‌وه‌ی باخچه‌ی ریستورانتی سكه‌ی هه‌ولێر‌و هه‌ڵویستی جوامێرانه‌ی نوسه‌رانی ناسراو له‌ مه‌ڵبه‌ندی گشتی‌و سه‌رجه‌م شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان له‌ بیرناچن.
دواتر به‌ بڕیار‌و مه‌رسومی دیكتاتۆریانه‌ كۆڕی زانیاری كورد‌و یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد كران به‌ پاشكۆو به‌شێك له‌ كۆڕی زانیاری عێراق‌و یه‌كیتی نوسه‌رانی عێراق!! سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عێراقیش به‌ ده‌گمه‌ن جێگای قه‌ڵه‌می خاوێنی لێده‌بۆوه‌, به‌وشێوه‌یه‌ نوسه‌ر‌و روناكبیرانی كوردی خاوه‌ن هه‌ڵوێست‌و نه‌ته‌وایه‌تی هیچ رێگایه‌ك له‌به‌رده‌م مانه‌وه‌یان له‌ شار‌و له‌ ته‌ك ئه‌و رێكخراوه‌ داتاشراوانه‌ نه‌ما, ئه‌وه‌ نه‌بێ‌ به‌شێك له‌و نوسه‌رانه‌ چ له‌ په‌راوێزی ئه‌و رێكخراوانه‌ یان به‌ نهێنی له‌ نێو شاره‌كاندا سه‌ربه‌رز ده‌ژیان,هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ نوسه‌رانی شاخ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش رویه‌كی گه‌شی ئه‌و خه‌باته‌ن, كه‌ له‌ چوارچیوه‌ی یه‌كیتی نوسه‌رانی كوردستان‌و چوارچیوه‌ی دیكه‌ درێژه‌یان به‌ ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاری ‌و كاری داهێنه‌رانه‌ ده‌دا.
دیاره‌ باره‌گای یه‌كیتی نوسه‌رانی كوردی كارتۆنی له‌ دوای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردو له‌ به‌غدا‌و شاره‌كانی كوردستان , وه‌ك زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌ی كولتوری, چاپه‌مه‌نی‌و هونه‌رییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی به‌ ناو ( ئۆتۆنۆمی كوردستان ) زۆربه‌ی كار‌و چالاكییه‌كانی له‌ چوار چیوه‌ی پرۆگرامی سه‌قافی رژیم ئه‌نجام ده‌درا, به‌ده‌ر له‌وه‌ چاره‌نوسی هه‌ر ده‌نگێكی بوێری وابه‌سته‌ به‌ گه‌ل‌و وڵات, ژیانیان پارێزراو نه‌بوه‌‌و له‌ دڵه‌ڕاوكێی ترس ژیاون ,ته‌نانه‌ت چاره‌نوسیان وه‌ك شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م عه‌بدولخالق مه‌عروف, شاكیر فه‌تاح, ره‌ئوف زوهدی‌ حسین محه‌مه‌د سه‌عید,دڵشاد مه‌ریوانی و...شه‌هیده‌ نوسه‌ره‌كانی شاخ‌و چه‌ندان نه‌مری دیكه‌ , هه‌میشه‌ له‌ مه‌ترسیدابوه‌, چونكه‌ شار له‌ زه‌مه‌نی دابلوسینی پۆلیسی رژێمه‌ دیكتاتۆریه‌كاندا, هه‌میشه‌ قه‌برێكه‌ بۆ شۆڕشگێران‌و خاوه‌ن هه‌ڵوێسته‌كان.
له‌و لاشه‌وه‌ , له‌ گه‌رمه‌ی روداوو تراژیدیاكانی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌نفال‌و قڕكردنی گه‌لی كوردماندا, نوسه‌ر‌و هونه‌رمه‌ندانی ناسراو له‌ بۆنه‌و فیستیڤاله‌ نێوخۆیی‌و جیهانییه‌كانی به‌غدای پایه‌ته‌خت به‌شدارییان ده‌بو, له‌ كاتێكا كه‌ یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد, كۆڕی زانیاری كورد, ده‌زگای چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی, كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر‌ووێژه‌ی كوردی ‌و سه‌رجه‌م تیپ‌و كۆمه‌ڵه‌ ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ریه‌كان به‌ پیاوانی سه‌ر به‌ رژیم پڕكرابونه‌وه‌, ئه‌مجار دامه‌زراوه‌ی وه‌ك دار ئه‌لسه‌قافه‌ی جه‌ماهیری, ئه‌مانه‌ ,عامه‌ی سه‌قافه‌و شه‌باب, نه‌قابه‌ی رۆژنامه‌نوسانی عێراق, مه‌سره‌ح ئه‌لریفی‌و چه‌ندان ناوه‌ندی دیكه‌ی گومانلێكراو له‌ شاره‌كانی كوردستان به‌ قازانجی به‌رنامه‌ی سیاسی رژێم چالاكیان هه‌بو , ته‌نانه‌ت كار به‌وه‌ گه‌یشت نوسه‌ر‌و هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن هه‌ڵوێست, ته‌واو خۆیان له‌و نێوه‌ندانه‌ به‌ دوربگرن.
له‌ دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991دا, ده‌بو زیاتر ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌و نوسه‌ر‌و هونه‌رمه‌ندانه‌‌و بۆ نه‌وه‌ی نوێی دوای راپه‌ڕین خۆشبكرایه‌ تا بایه‌خ به‌ بوژاندنه‌وه‌ی كولتور‌و ئه‌فراندن‌و بیناكردنی تواناكانیان بده‌ن, له‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنی كولتوری نوێ‌‌و بوژاندنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ كولتورییه‌كان به‌شداری به‌رچاو ببینن, به‌ڵام هه‌ر له‌ رۆژانی به‌رایی راپه‌ڕین, له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی نوسه‌رانی كورد كه‌ له‌ كتێبخانه‌ی گشتی شاری هه‌ولێر سازدرابو , جارێكی دیكه‌ ‌و به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا, هه‌مان ده‌موچاو‌و بگره‌ ژماه‌یه‌ك قه‌ڵه‌می بێهه‌ڵوێست له‌ تاوانه‌كانی رژێم‌و بگره‌ هاوكار له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی رۆشنبیری‌و راگه‌یاندنی رژێمی پێشوده‌ركه‌وتنه‌وه‌ , دواتریش له‌ دوای كۆچڕه‌وی 1991 له‌ شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌ كۆنگره‌ی راپه‌ڕینی نوسه‌ران بۆ پشتیوانی له‌ راپه‌رین ‌و به‌ره‌ی كوردستانی به‌سترا, به‌وه‌ش جارێكی دیكه‌ نوسه‌ران خۆیان خسته‌ بنده‌ستی حزبه‌كان‌و چونه‌ پاڵ به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات, له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی نێوخۆیی دابه‌ش بون, له‌ گشت روداو مه‌ینه‌تییه‌كاندا نوسه‌ران زیاتر له‌ هه‌ر توێژێكی دیكه‌ نازیان راگیرایه‌و ئیمتیازیاتیان هه‌بوه‌, به‌شێكیان براگماتیگانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بۆ چه‌ند ئیمتیازاتێك پاراست‌و ویسته‌كانی خۆیانیان خسته‌ پێش ئامانجه‌كانی یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد, نه‌یانتوانی سه‌ربه‌خۆیی‌و یه‌كگرتویی رێكخراوه‌كه‌ وه‌ك نێوه‌ندێكی كولتوری خاوه‌ن ده‌نگی تایبه‌ت‌و هه‌ڵوێستی ئازادانه‌ سه‌ربه‌رز رابگرن‌و له‌ له‌تبون‌و سڕبون‌و ده‌رگاداخستن وه‌دوری بگرن.
هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌, له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورددا, وه‌ك سه‌رجه‌م رێكخراوو سه‌ندیكا پیشه‌یی‌و جه‌ماوه‌رییه‌كان هه‌میشه‌ لیستی حیزبی‌و هاوپه‌یمانی له‌ هه‌لبژاردنه‌كان ره‌چاو كراوه‌, ئه‌و شێوازه‌ش زیانی زۆری به‌ ماف‌و ئازادی نوسه‌ران گه‌یاندوه‌‌و ده‌رگاكانی به‌شداریبونی له‌به‌رده‌م چالاكوان‌و داهێنه‌رانی بواری كولتور‌و میدیا به‌ر ته‌سك كردۆته‌وه‌.
ئه‌وه‌تانێ‌ له‌ دوای راپه‌ڕینیش ئه‌و شێوازه‌ نادیموكرات‌و پاشكه‌وتوه‌ شكڵی گرتوه‌, زیاتر له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ( یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد‌و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان) بوینه‌ ئه‌سیری ئه‌و شێوازه‌, به‌ تایبه‌تیش یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد( لقی هه‌ولێر ) كه‌ به‌ ئه‌شكرا له‌ دوا كۆنفرانسی خۆیدا, به‌ ئاشكرا خۆی راگه‌یاند‌و وه‌لائی ره‌های بۆ حزب‌و ده‌سه‌ڵات لێوه‌شایه‌وه‌, چونكه‌ له‌و هه‌لبژاردنه‌ كۆنتڕۆلكراوه‌دا , كه‌ ته‌واو له‌ ژێر چاودێری‌و ده‌ستێوه‌ردان به‌ڕێوه‌چو به‌ قازانجی یه‌ك لیست كه‌ حیزب‌و ده‌سه‌ڵات كاریان بۆ ده‌كرد, ئه‌ویش لیستی پارتی بو, بێئه‌وه‌ی هیچ لیستێكی ركابه‌ر له‌ به‌رانبه‌ری هه‌بێت, هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و لقه‌ی یه‌كیتی نوسه‌ران وه‌ك لقێكی سست له‌ كار‌و چالاكی ده‌بینرێت , ره‌نگه‌ زیاتر له‌وه‌ ده‌بێ‌ چالاكییه‌كانی چه‌ند بن, ئه‌مجار له‌ كاتێكا به‌ پێی رێككه‌وتننامه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی ده‌بو سه‌رجه‌م رێكخراوو كۆمه‌ڵه‌كان یه‌كبگرنه‌وه‌, ئه‌گه‌ر نا پاداشتی مانگانه‌یان ده‌بڕدرێت , خێر ته‌نها لقی هه‌ولێری یه‌كێتی نوسه‌رانه‌, كه‌ یه‌كناگرێته‌وه‌و پاداشته‌كه‌شی نابڕدرێت, ئه‌گه‌ر مه‌رامی سیاسی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێت , ده‌بێ‌ چیتر هه‌بێت.
له‌و رۆژانه‌دا , ده‌نگۆی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی گشتی‌و لقه‌كان ده‌بیسترێته‌وه‌, دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ نوسه‌رانی پارتی‌و یه‌كیتی له‌ گفتوگۆ ‌و دایه‌لۆگی بناوبن دان, پێده‌چێ‌ ئاكام له‌سه‌ر چوارچیوه‌یه‌كی رانه‌گه‌یه‌نراو رێككه‌وتن كرابێ‌, بێئه‌وه‌ی گوێ‌ بگرن له‌ گله‌یی‌و راوبۆچونی نوسه‌رانی بێلایه‌ن‌و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌ تایبه‌تیش ئه‌ندامانی شه‌رعی ئه‌و رێكخراوه‌, كه‌واته‌ هه‌مدیسان هه‌مان كولتوری سه‌قه‌ت‌و ناشیرینی رابردو دوباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌, لێناگه‌ڕێن هه‌ستیارترین توێژی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ئازادی موماره‌سه‌ی مافه‌كانی خۆی بكات‌و له‌ هه‌لبژاردنێكی ئازاد‌و كراوه‌‌و رۆشه‌ن ئاینده‌ی رێكخراوه‌كه‌ی خۆی به‌ كه‌سانی شیاو‌و گونجاو بسپێرێت‌و له‌ گوشار‌و ده‌ستێوه‌ردانی حیزب‌و ده‌سه‌ڵات رزگار بكرێت.
له‌ سه‌رو به‌ندی دوا هه‌ڵبژاردنی لقی هه‌ولێری یه‌كیتی نوسه‌رانی كورد كه‌ له‌ 2007 له‌ هۆڵی هه‌وره‌مان ئه‌نجامدرا, من وه‌ك ئه‌ندامێكی ئه‌و یه‌كێتییه‌, بۆ ناڕه‌زایی له‌ به‌رانبه‌ر لیستی حیزبی خۆم پاڵاوت‌و راشكاوانه‌ له‌ بڵندگۆی كۆنفرانس‌و دواتریش بۆ كه‌ناڵی كوردستانی تێ‌ ڤێ‌ بۆچونه‌كانی خۆم په‌یام كرد, به‌ڵام به‌ مۆنتاجكراوی مه‌به‌ستی خۆیان به‌ قسه‌كانی من پێكاند!! ده‌رفه‌ت بر رونكردنه‌وه‌ش نه‌بو !! كورته‌ی قسه‌كانی ئه‌و كاته‌م له‌ سێ‌ خاڵدا چڕ ده‌كه‌مه‌وه‌:
1- پێكهێنانی لیستی حیزبی له‌ نێو هه‌ستیارترین توێژی روناكبیری كه‌ نوسه‌رانن.
2- جێگای نیگه‌رانییه‌ كه‌ روناكبیران خۆیان له‌ نێو لیستی حیزبدا بدۆزنه‌وه‌.
3- له‌وش نیگه‌رانتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نوسه‌ران ده‌نگ به‌ لیستێكی ئاوا بده‌ن.
ئه‌مڕۆش كه‌وا ئاماده‌باشی ده‌كرێت, بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌لبژاردنه‌كانی دیاریكردنی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی گشتی ‌و دواتریش كۆنفرانسی لقه‌كان , هه‌مان ئه‌و قسانه‌م دوپاتده‌كه‌مه‌وه‌, به‌و هیوایه‌ی نوسه‌رانی به‌ڕێز ریكخراوه‌كه‌یان له‌ له‌تبون‌و ده‌ستێوه‌ردان به‌ دوربگرن, تا ببێته‌ سه‌كۆیه‌كی ئازاد, وه‌ك ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بره‌و به‌ كار‌و چالاكی داهێنه‌رانه‌ بدات‌و له‌ بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب‌وكولتوری سه‌رده‌م‌و بزاڤی تازه‌گه‌رێتی به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵسێت, چونكه‌ ده‌مێكه‌ ئه‌و سه‌كۆ گرنگه‌ی نوسه‌ران له‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی دور خرایته‌وه‌و ته‌نانه‌ت ( جگه‌ له‌ لقی دهۆك ) له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌رگا له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی نوێ‌و ده‌نگه‌ تازه‌كان داخراوه‌و به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌ندامه‌كان به‌ هۆی كه‌وتنه‌ نێو ته‌مه‌ن‌و روداوه‌كانی ژیان‌و كاره‌ساته‌كان یان هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ سیاسه‌تی هه‌لسوڕێنه‌رانی رێكخراوه‌كه‌یان‌و هۆكاری دیكه‌وه‌ خۆیان به‌ دور گرتوه‌,بۆیه‌ ده‌بو به‌ر له‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر گرێدانی كۆنگره‌ی گشتی‌و كۆنفرانسی لقه‌كان بده‌ن, بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌رفه‌تیان دروستبكردایه‌ له‌به‌رده‌م گه‌نجانی نوسه‌ر‌و ئه‌دیب , چونكه‌ نزیكه‌ی بیست ساڵه‌ به‌ هۆی زاڵبونی نه‌فه‌سی حزبی‌و سیاسی به‌سه‌ر كاروباری ئه‌و رێكخراوه‌ ئه‌ندامانی نوێ‌ وه‌رنه‌گیراون‌و نه‌وه‌ی نوێی دوای راپه‌ڕین ئه‌و سه‌كۆیه‌ی له‌ رو داخراوه‌ , بۆیه‌ كۆنگره‌ی داهاتو بێ‌ وه‌رگرتنی ئه‌ندامی نوێ‌‌و بێ‌ سازدانی زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ به‌شداریبونی گشت ئه‌ندامان به‌ تایبه‌تیش ئه‌ندامانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاكامی كۆنگره‌ مانایه‌كی نابێت‌و گۆڕان‌و نوێبونه‌وه‌یان به‌سه‌ر نایه‌ت, چونكه‌ ته‌نها كۆنه‌ ئه‌ندامه‌كان ) جێگۆڕكێیان پێده‌كرێت !!
هه‌ر وه‌ك ده‌زانرێ‌, له‌تبونی یه‌كێتی نوسه‌ران, رۆژنامه‌نوسان‌و گشت رێكخراوو سه‌ندیكاكان .. تاد..به‌ هۆی شه‌ڕی نێوخۆیی‌و ململانێی سیاسی ‌و پاوانخوازی بوه‌, جێگای سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ بۆیه‌ دوباره‌ له‌ یه‌كترگرێانه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌یان به‌ پێی رێككه‌وتنامه‌ی سیاسی‌و به‌ پێی هه‌مان شێوازی پێشو , خۆی له‌خۆیدا نه‌هێشتنه‌وه‌ی بوارێكی راسته‌قینه‌یه‌ له‌به‌رده‌م گشت ئه‌ندامان نه‌باداش ئه‌ندامه‌ سه‌ربه‌خۆكان‌و نه‌وه‌ی نوێدا, بگره‌ سوڕانه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌وری بازنه‌یه‌كی بۆشدا , دوباره‌ بونه‌وه‌ی مێژو وه‌ك خۆی مانایه‌كی نوێ‌ به‌رهه‌مناهێنێ‌ , باشتر وایه‌ نوسه‌ران به‌ ئاگایی‌و وریاییه‌وه‌ له‌ چاره‌نوسی رێكخراوه‌كه‌یان بڕوانن,ئه‌و سه‌كۆیه‌ی كه‌ به‌رهه‌می خه‌بات‌و قوربانییه‌كانی نه‌وه‌ی دوێنێی ‌و ماندوبونی نه‌وه‌ی نوێی خۆڕاگره‌, با یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ بێت‌و به‌ ستایل‌و شێوازێكی مۆدێرنانه‌ هه‌ڵبسوڕێت‌و له‌ گه‌شانه‌وه‌ی كولتوری سه‌رده‌م‌و ئه‌فراندن رۆڵی پێشه‌نگانه‌ی خۆی وه‌ربگرێته‌وه‌.

 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com