كوا هه‌ڵوێسته‌كانتان؟
 

  

سه‌لاح گه‌رمیانی



چوار كورد له‌سێداره‌دران و پێنج پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ی پژاكیش شه‌هدیبوون، به‌ڵام له‌شه‌ردانا، به‌ڵكو به‌خیانه‌ت و فێڵ ژه‌هه‌رخواردكران، ئه‌و نۆ كورد له‌ماوه‌ی یه‌ك دوو رۆژدا شه‌هیدبوون، ئه‌وانه‌ تێكۆشه‌ری رێگای رزگاری و ئازادی كوردستان بوون و هه‌رله‌وپێناوه‌شدا گیانیان سپارد. كه‌وایه‌ ده‌بوو ئێمه‌ش، كوردی هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌ڵوێست وه‌ربگرین"به‌تایبه‌ت باشووری كوردستان كه‌ خاوه‌ن حكومه‌تێكی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌" به‌ڵام چۆن هه‌ڵوێستێك، هێرش و په‌لاماردان نا، پچڕانی په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری نا، چونكه‌ ئه‌وانه‌ له‌ئێمه‌ ناوه‌شێته‌وه‌، هه‌ڵوێست نواندن به‌ئیدانه‌و شه‌رمه‌زاركردن، به‌ رێپێوان و خۆپیشاندان، به‌مانگرتن و به‌یاننامه‌ ده‌ركردن..باسی ده‌سه‌ڵات و ئه‌م سه‌رۆك و ئه‌و سه‌ركرده‌ ناكه‌م، چونكه‌ من ده‌مێكه‌ ده‌ستم له‌وان شوشتووه‌و فاتیحام بۆ خوێندوون، ده‌مێكه‌ بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ زۆربه‌ی سه‌ركرده‌و سه‌رۆكه‌كانی كورد، هه‌رچی كێشه‌ی كوردو شعورو هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵوێست هه‌یه‌ هه‌موویان كردووه‌ به‌قوربانی دۆلارو فیلاكان، هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ عه‌مامه‌و عه‌گاڵی عه‌ره‌بی له‌سه‌ركه‌ن و عابایه‌ك به‌سه‌ر شانیاندا بده‌ن، شانازیش ده‌كه‌ن كه‌پێیان بوترێت(ئایه‌توڵا). كه‌ سه‌ركرده‌كان وابن، ئه‌ی چین و توێژه‌كانی دیكه‌ كوان، ئه‌وه‌ وتمان سه‌ركرده‌كانمان فت و ئه‌وان له‌به‌ر (وه‌زعه‌كه‌) ناتوانن هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، ئه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و سه‌ندیكاو رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان چییان لێهات؟ خۆماشاڵا ئه‌م وڵاته‌ پڕێتی له‌ رێكخراوه‌كانی (مامۆستایان، ژنان، لاوان، زانایانی ئیسلامی، پزیشكان، ئه‌ندازیاران، مافپه‌روه‌ران، كورته‌ باڵایان، نابینایان، كرێكاران، په‌رله‌مانتاران...هتد) كه‌په‌رله‌مان و حكومه‌تیش نازانێ ژماره‌یان چه‌نده‌؟
له‌زانایانی ئیسلامییه‌وه‌ ده‌سپێده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان به‌ جێنشینی پێغه‌مبه‌رو پیاوی هه‌ق و یه‌كسانی خواز له‌قه‌له‌م ئه‌ده‌ن، لێیان ده‌پرسم: نۆ موسڵمانی ئه‌م كوردستانه‌ به‌ده‌ستی رژێمێكی داگیركه‌ر شه‌هیدبوون، بۆچی نقه‌تان لێوه‌ نه‌هات؟ خۆ ئێوه‌ ماشاڵا له‌شتی وه‌ها بچوك و بێ ناوه‌ڕۆكدا خۆتان هه‌ڵده‌قورتێنن پیاو شه‌رم ده‌كات باسیان بكا، ئێوه‌ به‌گیانی نووسه‌ران و رۆشنبیره‌كانی خۆمان فێرن، له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه‌، ده‌یان فتوا ئه‌ده‌ن، به‌شان و باڵی ئه‌ردوگاندا هه‌ڵئه‌ده‌ن، فرمێسك بۆ موسڵمانه‌كانی غه‌زه‌ دڕژێنن، به‌ڵام نۆ تێكۆشه‌ری كورد، نۆ رۆڵه‌ی موسڵمانی كورد ئێوه‌ ده‌نگتان لێوه‌نه‌هات، ئه‌ی نه‌تان بیبستووه‌ (روخاندنی كه‌عبه‌ له‌كوشتنی موسڵمانێك باشتره‌) به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هات و ئه‌و موسڵمانانه‌ش هاوزمان و هاونیشتیمانی خۆتیش بێت؟ ئه‌ی بۆ (بێده‌نگ بوون ونه‌وتنی قسه‌ی هه‌ق شه‌یتانی كه‌ڕه‌) چی ده‌ڵێن؟.
ئه‌ی رێكخراوه‌كانی ژنان ئێوه‌ له‌كوێ خۆتان حه‌شارداوه‌و بۆ ده‌نگتان نایه‌ت؟ خۆ ماشاڵا ژماره‌تان ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ هه‌ر یه‌كێكتان 10 ژنتان بڕژانایه‌ته‌ سه‌ر جاده‌ وه‌كو لافاوێك ده‌رئه‌كه‌وتن. هه‌قبوو نوزه‌یه‌كتان لێوه‌ بهاتایه‌ له‌به‌ر هیچ نا، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سێ له‌و نۆ كه‌سه‌ شه‌هیدانه‌ ئافره‌تبوون و له‌ره‌گه‌زی خۆتان بوون..
ئه‌ی یه‌كێتی مامۆستایان به‌راست ئێوه‌ش هه‌ن، به‌ڵام مادام مه‌سه‌له‌كه‌ مووچه‌و پاره‌و ده‌رماڵه‌ نییه‌و مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ڵوێست و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌وا په‌یوه‌ندی به‌ئێوه‌وه‌ نییه‌، ئێوه‌ له‌به‌ر تاكه‌ دینارێك ئاماده‌ن سه‌د رۆژ مان بگرن و ئاینده‌ی سه‌دان منداڵ بفه‌وتێنن، به‌ڵام نۆ كورد شه‌هید ده‌كرێت كه‌یه‌كێكیان هاوپیشه‌ی خۆتانه‌، ناتوانن به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ربكه‌ن، ئافه‌رین بۆخوتان "سه‌ری به‌رزتان بۆ موچه‌ نه‌وی ناكه‌ن".
ئه‌ی رێكخراوه‌كانی لاوانی ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته‌ ئێوه‌ بۆ؟ ئێوه‌ بۆ دیارنه‌بوون؟ خۆ ئێوه‌ی خوێن گه‌رم ئه‌توانن دنیا ژێروپان بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی چه‌پڵه‌و هوتاف كێشان و شایی و هه‌ڵبه‌ركێی بۆ ئه‌م حزب و ئه‌و لایه‌ن و فیسار به‌رپرس ده‌كه‌ن، هه‌قبوو چاره‌كی ئه‌وه‌ش نقه‌تان لێوه‌ بهاتایه‌ت، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ وه‌كو خۆتان گه‌نج و لاو بوون و له‌پێناو ئازادی ئێوه‌دا گیانیان به‌خشی، ئینجا ره‌وا نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌دهۆڵ و زورنای ئه‌م و ئه‌و هه‌ڵبڕن..
كاكه‌ وریابن.. مێژوو ره‌حم به‌كه‌س ناكات، هه‌ڵوێست نواندن و سه‌لماندنی خۆتان له‌گۆڕه‌پانی تێكۆشانداو هاوخه‌می و هاوهه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ هاوزمان و هاونیشتیمانانی خۆتاندا، هه‌موو رۆژێك دووباره‌ نابێته‌وه‌، چه‌ن ئاسوده‌و سه‌ربه‌رزن ئه‌وانه‌ی له‌پێناوی نیشتیمان و مافی ره‌وای گه‌له‌كه‌یاندا شه‌هیده‌بن، ئه‌وانه‌یش كه‌ هاوڵوێست و هاوخه‌م و پشتیوانیش به‌قه‌د ئه‌و شه‌هیدانه‌ دڵ و ده‌روونیان ئاسووده‌یه‌..


 

           

 

28/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com