چه‌ند نامۆیه‌ ئه‌م ئێواره‌ی بێ تۆییه‌!
 

  

سالار جاف



ئه‌م ئێواره‌
من و ته‌نیایی هێنده‌ ئاوێزانی یه‌کترین
که‌ سه‌یری ئاوێنه‌که‌م ده‌که‌م
له‌ بری خۆم ئه‌و ده‌بینم
وا هه‌ست ئه‌که‌م له‌ بری خۆم
ئارایشتی ئازاره‌کانی ئه‌و ده‌که‌م
ئێواره‌یه‌ک خاڵی له‌ خۆم
تیژی له‌ یاده‌وه‌ری تۆو
لیوانلێو له‌ بوختانه‌کانی ئه‌وان
له‌م ئێواره‌دا....
من بوم به‌ پاسه‌وانی
چرۆ هه‌ڵوه‌ریوه‌کانی خۆشه‌ویستی
تازریانێک نه‌یکا به‌ هاوسه‌فه‌ری خۆی...!
تۆش زوڵفی حه‌زه‌کانی عاشقێک
شانه‌ ده‌که‌یت و...
له‌ گه‌ڵ هه‌ر ده‌ورانێکا
چه‌پکێک خۆشه‌ویستی لێ ئه‌ڕنیته‌وه‌!
ئه‌م ئێواره‌ ماڵی عه‌شق
وه‌ک داڵانی هه‌وارێکی په‌رته‌وازه‌
هه‌رساته‌و به‌ ده‌م ڕه‌شه‌بای
غه‌مێکه‌وه‌ ئه‌ناڵێنێ و...
هه‌رساته‌و له‌ ئامێزی هه‌نسکێکا
فرمێسکێک ئه‌سپێرێ به‌ خاک و
هه‌ر ساته‌و له‌ سه‌ر سنگی خاکێکدا
باوه‌شێک گه‌ڵای وه‌ریوی پایز ڕه‌نگ
ئه‌دا به‌ ده‌م شه‌ماڵی دابڕانه‌وه‌!
ئه‌م ئێواره‌
غه‌مێک له‌ حه‌سره‌تی بێ تۆیدا،،،
ئه‌مکا به‌ پێکێ خه‌یاڵ و
له‌ ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ری دوری تۆدا ئه‌مخواته‌وه‌
هه‌ر له‌م ئێواره‌دا ...
ئاهه‌کانم هه‌ستی گه‌شتن
به‌ کۆتایم به‌ گوێچکه‌دا ئه‌چرپێنێ و
فرمێسکه‌کانم بۆنی ئاواتی
گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ دێت بۆ سه‌ره‌تا!
بۆ ئه‌و سه‌ره‌تا
هێنده‌ ده‌ستم له‌ ئاسمانه‌کان نزیک کرده‌وه‌
هه‌ستم به‌ گه‌رمیی نوری خوا ئه‌کرد
که‌چی ته‌نیا شکۆفه‌یه‌کی
ئه‌م ئێواره‌ی پێ ڕه‌وا نه‌بینیم...
پاڕامه‌وه‌ ئه‌م شه‌قامه‌
نه‌مکا به‌وه‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ
له‌م ناوه‌ڕاستی نیشتیمانه‌دا
ئاشنام نه‌کا به‌م بۆنه‌ کوشنده‌ی
مه‌نفا......
ئای له‌ ته‌متومانی حه‌زه‌کانی ئه‌م ئێواره‌
وای له‌ مه‌کرو نازی ڕه‌نگه‌کانی ئه‌م ئێواره‌
شه‌قامه‌کانی ئه‌م ئێواره‌
وه‌کوجاران ڕومه‌تیان نانوسێنن
به‌ پێکانی منی گه‌ڕیده‌و ماڵ به‌ کۆڵ
وه‌کو جاران باوه‌شی خۆشه‌ویستی
بۆڕێبواره‌کانی شار ناکه‌نه‌وه‌،،،
ئه‌مێستا داره‌ مه‌سته‌کانی سه‌رچنار!
ئه‌و دارانه‌ی که‌ شاهیدی
سه‌رخۆش بون و نغرۆ بوونی
من و سه‌دان گه‌نجی به‌و مه‌ستی
ئه‌م شاره‌یه‌....
ئه‌و دارانه‌ی بون به‌ مناڵدانی
سه‌دان عه‌شق و
گۆڕستانی هه‌زار دابڕان...!!
ئه‌و دارانه‌ی په‌خشانێک وشه‌ی درۆو
داستانێک ڕسته‌ی پوچیان له‌ ناواخنی
توێکڵه‌ داڕزیوه‌کانیانا هه‌ڵگرتووه‌..
مه‌یلیان نیه‌ له‌م ئێواره‌دا
به‌ سه‌ر پشتی گه‌ڵایه‌کا،،
له‌ دره‌نگانێکی ناوه‌ختا...
کاتێ نوری خۆر ده‌گاته‌ زه‌رده‌ په‌ڕ
په‌یامێک بنێرن ،،
بۆ خاک...!
بۆ شه‌قام..!
بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌ڵا نازدارانه‌یان
که‌ ئه‌م ئێواره‌ی خه‌زانه‌ وه‌کوو جه‌لاد
ئافراندنی بۆ ئه‌و دیو بارمۆدای خه‌زان...
هه‌ر له‌م ئێواره‌دا.....
ده‌رگای هه‌موو مه‌یخانه‌کانی شار
به‌ کلیلی عه‌یب و ترس و حه‌رام داخراوه‌
که‌چی هه‌ر له‌ منداڵی جۆلانه‌که‌ی ماڵی یارم
که‌ یه‌که‌م زاده‌ی دوای دابڕانێتی له‌ من!
هه‌تا پیره‌ مێردی مزگه‌وتی سه‌ر کۆڵانه‌که‌مان
که‌ دوا ئیشی کوشتنی حه‌زه‌کانی من و ..
کارێکی خێر بوو وه‌ک خۆی وتی...!!
وه‌ک بڕیار بێ ...وه‌ک قه‌ده‌ری داڕزان بێ
سه‌رمه‌ست و بێ هه‌ست و به‌و مه‌ستن!
ئاخر نازانن له‌م ئێواره‌دا
زوڵفی به‌هاری عومرم
دایه‌ ده‌ستی پایزی دابڕان و
یاده‌کانم ئاشناکرد
به‌ ساڵی چرۆکانی دور له‌ تۆیی و
ئاهه‌کانم له‌ په‌ڕه‌ تۆز لێ نیشتووه‌کانی
حه‌زی تۆدا به‌ ته‌نیای سپارد....!!
سه‌د مخابن که‌ نازانن
شوعله‌ی نیگا هه‌ڵوه‌ریوه‌کانت
ئه‌م ئێواره‌ی کردۆته‌ مه‌یدانی جه‌نگی
من و خۆم....!!
ئاخر نازانن
له‌ گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکدا
دێڕێک بۆ فه‌نا بون
له‌ ناو بیره‌وه‌ریه‌کانی تۆداو
له‌و چێپێ تۆز لێ نیشتووانه‌ی که‌ ڕابردوو
له‌ ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ریه‌کانیا هه‌ڵینه‌گرت
قولانچێک به‌ره‌و شه‌وێکی دوور....
له‌ تێڕوانینی سۆزی خوا ئه‌مڕفێنێ!!
ته‌ماشاکه‌
ئه‌مێستاهه‌نگاوه‌کانم
وه‌ک سه‌ماکه‌رێکی سه‌ر شێت
به‌ ده‌وری ساته‌کانی مردندا
یاقوتێکی نه‌مری راو ده‌کا...
بۆ ئه‌و دیو به‌نده‌ره‌کانی فه‌نا بون!!
چرپه‌یه‌ک ده‌باته‌وه‌ بۆ ماڵی بێده‌نگی،،
تۆفانێک چێده‌کا له‌ ڕوخساری تۆو
ماچێکی جاویدانی له‌ سه‌ر گۆنای
ئه‌م ئێواره‌ ڕێبواره‌دا
بۆ یادگاری به‌ جێ ده‌هێڵێ...!!
له‌ بیرت دێ ...؟!
دواین ساتی ژوان
له‌ ژێر چرا ڕه‌نگ ئه‌رخه‌وانیه‌کانی
ئه‌م ئێواره‌دا پێم وتی،،
نابێ چاوه‌ڕوانی خۆشه‌ویستی بین
مانا ببه‌خشێت به‌ ئێمه‌..
ماچی مه‌میله‌ پڕ شه‌هوه‌ته‌کانی ئێمه‌
مانا به‌خشی ئه‌م خۆشه‌ویستیه‌یه‌!!
نابێ وه‌ک ئێواره‌یه‌کی کۆسکه‌وتوو..
ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ بین
به‌ دیار گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی
نا باوانم.....!
با بڕۆینه‌ نزیکترین وێستگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی و
ڕوتی که‌ینه‌وه‌ له‌ مۆته‌که‌ی دابڕان...!!
ئه‌بێ ژه‌هری گومان له‌ودێرانه‌ داماڵین و
بیکه‌ین به‌ سوارچاکی پێش تاوه‌ی بارانی مه‌رگ و
نه‌مری بکه‌ین به‌ ڕۆحیا....
پێکه‌نین بکه‌ین به‌ ناسنامه‌ی و
دابڕان له‌ میقاتی ته‌مه‌نیا هه‌ڵکێشین!!
به‌ڵام ئه‌فسوس...
بوم به‌ سواری گلاوی ناو دێڕه‌کانی
ئه‌م عه‌شقه‌ کلاسیکه‌و،،،
بێ ماناترین دێڕی ئه‌م خۆشویستیه‌
منی نه‌کرده‌ پێناسه‌ بۆ خۆی...
به‌ڵام ئه‌فسوس،،،

سالار جاف




 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com