داهێنان و تازه‌گه‌ری گه‌نج له‌ نێوان وتن و پراکتیزه‌ کردندا!!

  

سالار جاف
 


گه‌نج وه‌ک پۆلێن کردن له‌ هه‌ره‌می کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێته‌ شاده‌ماری ئه‌وهه‌ره‌مه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م داینه‌مۆی بزاوتن و هه‌م کۆڵه‌که‌ی ڕاگرتنی ئه‌و هه‌ره‌مه‌ن له‌هه‌ر بوارێکدا بێت! هه‌موو لایه‌کیشمان ده‌زانین ڕاگرتن و مانه‌وه‌ی هه‌ره‌می هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک تازه‌گه‌ری و داهێنانه‌ چونکه‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که‌ ئه‌م به‌شه‌ت لێکرده‌وه‌ ده‌بێته‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سست یاخود هه‌ندێک جار مردوو، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌ بێ ئه‌م دوانه‌ ژیانی گوزه‌راند ناتوانێت شانبه‌شانی پێشکه‌وتنی ژیان و فه‌راهه‌مکردنی پێداویستیه‌کان هه‌نگاو بنێت و له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی ده‌سته‌وه‌سانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ هه‌موو ڕووه‌کانی ژیانه‌وه‌، بمانه‌وێت یاخود نا گه‌نج به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ له‌ پێشکه‌وتنه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌و له‌وانه‌یه‌ پشکی شێری ئه‌و پرۆسه‌شی به‌رکه‌وێت، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی دنیا بده‌ینه‌وه‌ گه‌نج شاده‌ماری ئه‌م داهێنان و تازه‌گه‌ریه‌ بونه‌و ڕۆڵێکی کارایان هه‌بووه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ جۆرێک کاتێک هه‌ر مرۆڤێک له‌ هه‌ر ته‌مه‌نێکدا داهێنانێک یاخود تازه‌گه‌ریه‌ک یاخود هه‌وڵی خۆ گونجاندن ده‌دات له‌ گه‌ڵ شته‌ نوێکاندابه‌ گه‌نج وێنای ده‌کرێت و ئه‌و سفه‌ته‌ی ده‌درێته‌ پاڵ که‌ گه‌نجانه‌ بیری کردۆته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ ده‌ری ده‌خات گه‌نج بووه‌ به‌ هێمای ئه‌م پرۆسه‌ که‌ هێزێکی ده‌وێت له‌وانه‌یه‌ هه‌ر گه‌نج عه‌مباری ڕاسته‌قینه‌ی بێت، به‌ڵام ئایا مه‌رجه‌ هه‌موو لاوێك یاخود گه‌نجێک داهێنه‌ر و تازه‌گه‌ر بێت؟! یاخودئه‌و که‌سه‌ی به‌ ڕوخسار گه‌نج بێت هه‌مان ئه‌و گه‌نجه‌ بێت به‌ مانا جه‌وهه‌رییه‌که‌ی؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی گه‌نج چونکه‌ گه‌نجێک به‌ ته‌نها داوای داهێنان و تازه‌گه‌ری بکات و خۆشی نه‌بێته‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌و ئه‌رکه‌دا ناتوانین ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ی بده‌ینه‌پاڵ یاخود به‌ مانایه‌کی تر ئه‌وه‌ی داهێنه‌ره‌ ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ ده‌یکات نه‌وه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی که‌ داوای ده‌کات، چونکه‌ ته‌نها داواکردن بۆ شتێکی له‌م جۆره‌ به‌س نیه‌ ، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی چینی گه‌نجانی ئه‌مڕۆی کوردستان بکه‌ین ده‌بینین به‌شێکی هه‌ره‌زۆری داوای شتێکی هاوشێوه‌ ده‌که‌ن یاخود هه‌ندێک جار خۆیان به‌ داهێنه‌ر و تازه‌گه‌ر ده‌زانن له‌ هه‌ربوارێکدا بێت ، به‌ڵام ئایا به‌م شێوه‌یه‌؟! ڕاسته‌ داهێنان و تازه‌گه‌ری ته‌نها خولقاندن و پێشکه‌وتنی گه‌وره‌ نیه‌چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك کات بچوکترین داهێنان گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌‌ چوارده‌ور بکات، له‌م کاته‌دا له‌کوردستان ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی گه‌نج نه‌توانین هیچ داهێنانێك و پێشکه‌وتنێکیش پێشکه‌ش بکه‌ین خۆ ده‌توانین وا له‌ چوارده‌وره‌که‌مان بکه‌ین چۆن له‌ گه‌ڵ هه‌مان شتی دروستکراو و وه‌رگیراوی ده‌ره‌وه‌ی خاکه‌که‌ی خۆیان ڕابێنن ، وه‌ک وتمان زۆر جار ئه‌م تازه‌گه‌ریه‌ چه‌قبه‌ستوو نیه‌ به‌ ده‌وری بازنه‌ی دروستکراوی نوێدا به‌ڵکو فاکته‌ری (سیاسی و که‌لتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێکخراوه‌یی و دیموکراسی و لۆژیکی)یش ده‌چنه‌ بواری ئه‌م تازه‌گه‌ریه‌وه‌ ! به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ ئێمه‌چۆن بتوانین له‌ گه‌ڵ ئه‌م شتانه‌دا خۆمان ڕابێنین چۆن کۆمه‌ڵگه‌ فێری مامه‌ڵه‌کردنێکی ته‌ندروستانه‌وسه‌رده‌میانه‌ ‌ بکه‌ین له گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو بواره‌دا، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر له‌ ڕوی داهێنانه‌وه‌ بێت ئه‌توانین بڵێین گه‌نجی ئێمه‌ هه‌تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌ستوه‌سانه‌ به‌رامبه‌ر داهێنانی خولقاندن و چێکردن هه‌ر بۆنمونه‌ زیاد له‌ هه‌ژده‌ ساڵه‌ ئێمه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا خاوه‌نی زانکۆ و په‌یمانگا و چه‌ندین ناوه‌ندی تری زانستین به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌شداسه‌نتێزێکی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م جێگا زانستییانه‌ نه‌گه‌شتۆته‌ ده‌ستی کۆمه‌ڵگای کوردی ،هه‌ر له‌ پارچه‌یه‌ک گولاج هه‌تا ده‌گات به‌ پرۆژه‌یه‌کی بیناسازی گه‌وره‌ دروستکراوی ده‌ستی خودی گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ نه‌بووه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت زانسته‌که‌مان وه‌رگرتووه‌و بۆپه‌یداکردنی بژێوی ژیان سودمان لێ بینیوه‌، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا له‌ وڵاتانی تری ده‌وروبه‌رماندا چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌ و ده‌گمه‌ن ده‌بینین که‌ دروستکراوی ده‌ستی هه‌مان جیلی ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌ن .،بۆ وێنه‌ له‌ وڵاتێکی وه‌ک ئێراندا که‌ نزیکترین وڵاته‌ له‌ ئێمه‌وه‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی گه‌وره‌ ده‌بینین که‌ به‌رهه‌می داهێنانه‌کانی گه‌نجن وه‌ له‌م دوایه‌شدا وا زانستێکی گه‌وره‌ی وه‌ک پیتاندنی یۆرانیۆم به‌ میرات له‌ زاناکانیان وه‌رده‌گرن، که‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی پشودرێژی و کۆششی گه‌نجانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌ هه‌مبه‌ر به‌ دواداچونیان بۆ زانستی نوێ و سه‌رده‌م ، یاخود کاری ئه‌مڕۆیان نه‌داوه‌ته‌ ده‌ست سبه‌ینێ بۆ ئه‌وه‌ی جیلێکی له‌مان به‌ تواناتر دروست ببێت بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌م کارانه‌، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ڕاسته‌ که‌ ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت له‌ هه‌ر وڵاتێکدا بێت پشتگیری ئه‌م به‌ره‌و پێشچونه‌ بکات له‌ ڕوی مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ به‌ڵام کاتێک گه‌نجیش نه‌یتوانی داهێنان و تازه‌گه‌رییه‌کی وه‌ها بکات که‌ حکومه‌ت ناچاری گوێپێدان و ملدان بکات نابێ هه‌موو گوناهه‌کان بخاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێت شتێکی وه‌ها پێشکه‌ش بکات که‌ ده‌سه‌ڵات خۆی داوای ئه‌و توانایه‌ بکات که‌ له‌ هه‌ناوی گه‌نجدا کۆبۆته‌وه‌ ،بۆنمونه‌ حکومه‌تی عێراق به‌و هه‌موو دیکتاتۆریه‌وه‌له‌ ساڵانی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردودا کاتێک که‌ زانی وڵاته‌که‌ی پێویستی به‌ توانای ئه‌م چینه‌ هه‌یه‌ بۆ دوباره‌ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌و پێشکه‌وتنی وڵاته‌که‌ی له چه‌ندین بواری جیادا سودی له‌ تواناکانیان وه‌رگرت که‌ شتێکی نا ئه‌قڵانیه‌ له‌ هه‌موو دنیادا حکومه‌تێک له‌و خۆپه‌رستتر بدۆزینه‌وه‌، ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌وڵی ئێمه‌ی گه‌نجه‌ که‌ بۆ هه‌موو بواره‌کانی ژیان خاوه‌نی پرۆژه‌و بیری نوێ بین وه‌له‌هیچ حاڵه‌تێکدا خۆمان به‌ که‌متر له‌ چوارده‌ور نه‌زانین ، به‌ڵکو وا هه‌ست بکه‌ین که‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین فریادڕه‌س و ڕێپیشانده‌ری کۆمه‌ڵگه‌ین هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ین که‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ی گه‌نجین ده‌توانین ببین به‌ به‌شێکی گرنگ له‌ به‌ره‌و پێشچونی کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ ببێت به‌ جاوساغ و ڕێةیشانده‌ری ئێمه‌ ،به‌ ڕاستیی کاتێک گه‌نج به‌م شێوه‌یه‌ بیری نه‌کرده‌وه‌ کاره‌ساته‌! کاره‌ساته‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سته‌وه‌سانی و بێ هیوایی ڕوبه‌ڕوی ئه‌م جیله‌ ده‌بێته‌وه‌ وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بین به‌ هۆی دواکه‌وتنی نه‌وه‌ی دوای خۆمان ، چونکه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ دوای ئێمه‌دا دێن داوای خه‌رمانێك ده‌که‌ن له‌ شتی نوێ وه‌ک چۆن ئێمه‌ له‌ کاتێکدا پێ ده‌نێینه‌ ته‌مه‌نی لاوێتیه‌وه‌ هه‌مان داخوازیمان هه‌یه‌ بۆ جیلی پێش خۆمان ، چۆن ئێمه‌ له‌ کاتێکدا نیوه‌ی تاوانی دواکه‌وتنی خۆمان ده‌ده‌ینه‌ پاڵ نه‌وه‌ی پێشوتر ده‌بێ ئه‌وه‌ش چاک بزانین سبه‌ینێ ئێمه‌‌ش ڕوبه‌ڕوی هه‌مان گازنده‌ ده‌بینه‌وه‌!!



 

           

 

04/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com