کێ له‌ کپکردنی ده‌نگی سه‌رده‌شت عوسمان به‌رپرسه‌؟

  

سه‌لمان عه‌لی




دیاره‌ هاوپه‌یمانی و ململانێ سیاسیه‌کان له‌ کوردستان هێنده‌ ئاڵۆزن که‌ وه‌کو تۆڕی جاڵجاڵۆکه‌یان لێهاتووه. سه‌رباری ئه‌وه‌یش، ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی که‌ سه‌رده‌شت عوسمان کردوونیه‌ته‌ ئامانجی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بواری ‌تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌که‌یان گه‌ڵێ فراوانکردوه‌. ئه‌و هۆکارانه‌یش وایانکردوه‌ پێشبینیکردنی ناسنامه‌ی بکوژانی سه‌رده‌شت، به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو، له‌و هه‌لومه‌رجه‌ سیاسیه‌ی ئێستا هه‌رێمی کوردستاندا سه‌خت بێ.
ئه‌وه‌نده‌ی که‌ له ماڵپه‌ڕه‌کوردیه‌کان تێبینیده‌کرێ، نووسه‌ری شه‌هید شه‌ش بابه‌تی له‌ کوردستانپۆست، کوردستاننێت، ده‌نگه‌کان، هاوکاری‌، به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌. بابه‌ته‌کان بریتین له‌:
1. "گه‌نجی یاخی (نه‌به‌ز) گیان، تۆ له‌کوێی؟" له‌ 19/11/2009
2. "من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم" له‌ 13/12/2009
3. "نه‌ سه‌رۆک خوایه‌، نه‌ کچه‌که‌ی" له‌ 27/12/2009
4. "یه‌که‌مین زه‌نگی کوشتنم لێیدا" له‌ 21/1/2010
5. "هه‌موو ڕاکه‌ن شکور ئازادیمان بۆ هات" له‌ 29/1/2010
6. "سه‌رده‌می شکسته‌کانی کۆسره‌ت ده‌ستیپێکرد" له‌ 3/5/2010

سه‌رده‌شت له‌ بابه‌تی یه‌که‌مدا نووسه‌ر لێره‌دا ڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریم ده‌کاته‌ ئامانج و ناڕه‌زایی خۆی له‌ شیوازی حو‌کمی سه‌رکردایه‌تیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ که‌خۆی له‌ سه‌رۆکی هه‌رێمدا ده‌بینێته‌وه‌ ده‌رده‌بڕێ. ‌ بۆیه‌ ده‌نووسێ: "لێره‌ ده‌جالێك ده‌ژیت تێنووە به‌ كاسه‌ى ئێمه‌".
نووسه‌ری شه‌هید دواتر خولیاو ئه‌ندێشه‌کانی خۆی بۆ ژیانێکی کامه‌ران، وه‌کو گه‌نجێک به‌‌ خواستنی کچی سه‌رۆک ده‌رده‌بڕێ‌. ئه‌و له‌ناوه‌ڕۆکدا‌ ده‌یه‌وێ نایه‌کسانی و بێدادیی کۆمه‌ڵایه‌تی بخاته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌. ده‌یه‌وێ پێشانی بدات که‌ له‌ ژێردروشمی دیموکراسیه‌ت و مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌سه‌لاتی کوردیدا، که‌سێکی نزیک له‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ چ به‌هه‌شتێک و گه‌نجێکی خاکییش له‌ چ دۆزه‌خێکدا ده‌ژی. نووسه‌ر لێره‌دا، به‌گوێره‌ی کولتوری خێڵی کورده‌واری، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی خۆی لێیتێگه‌یشتووه‌، هێڵی سووری بنه‌ماڵه‌و خاوه‌ن ده‌سه‌لاتی به‌زاندوه‌.
له‌ بابه‌تی سێیه‌مدا، له‌ دیدگای یه‌کسانیخوازی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، سه‌رده‌شت "سه‌رۆک" و "کچه‌که‌ی" له‌ئاستی خۆیدا ده‌بینێ. جارێکی تریش، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ناڕاسته‌وخۆ، سه‌رۆک به‌ دیکتاتۆر "هێتله‌ر" وه‌سف ده‌کات و ده‌یه‌وێ بڵێ بۆچی فیلمی کۆمیدیی "دیکتاتۆری مه‌زن"ی چارلی چاپلن که‌ ساڵی 1940 بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ ئادۆڵف هێتله‌ر به‌رهه‌می هێناوه‌، ئاسایی بێت، به‌ڵام ڕه‌خنه‌یه‌کی ئه‌م له‌ ده‌سه‌لات و سه‌رۆکێکی سه‌ده‌ی 21 بڤه‌بێت. دیاره‌ نووسه‌ری شه‌هید لێره‌دا پاساو بۆ ڕه‌وایی به‌زاندنی ئه‌و هێڵه‌ سووره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ دێنێته‌وه‌ که‌ له‌ بڕگه‌ی پێشوودا ئاماژه‌ی پێدرا‌.
هه‌ر له‌و بابه‌ته‌دا سه‌رده‌شت عوسمان لایه‌نیکی تری سیاسیش دێنێته‌ گۆڕه‌پانه‌که‌وه‌. ئه‌و ئه‌مجاره‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ "قوتابیی شه‌یتان" ناو ده‌بات. ئه‌و به‌ ئاشکرا ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌ بخاته‌ڕوو که‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ئه‌و فریادڕه‌سه‌ نییه‌ که‌ خه‌ڵک وای تێده‌گات. سه‌رده‌شت به‌واتایه‌کی تر ده‌ڵێ "له‌ترسی مار پاڵ‌ به‌ ئاگره‌وه ده‌ده‌ین‌"‌. دیاره‌ پاش ئه‌وه‌ی داوای لێده‌که‌ن، نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا ناسنامه‌ی ته‌واوی خۆی ده‌خاته‌ڕوو.
له‌بابه‌تی چواره‌مدا سه‌رده‌شت ئاشکرای ده‌کات که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌. هاوکات ڕه‌خنه‌ له زانکۆکه‌ی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیس ده‌گرێ که‌ زۆر خه‌مساردبوون له‌ ئاست حاڵه‌ته‌که‌یداو به‌بیانووی "هه‌ولێر ئارامه‌"، یان "ڕه‌نگه‌ کێشه‌یه‌کی شه‌خسی بێت" ده‌رگای جێبه‌جێکردنی هه‌ڕه‌شه‌کانیان بۆ تاوانباران واڵاکردوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستیه‌یش له‌ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن بۆ خۆی ده‌ستی تاوانبارانی زیاتر کردۆته‌وه‌.
پاشان نووسه‌ر له‌ بابه‌تی پێنجه‌مدا دیسان ده‌سه‌ڵات ده‌داته‌وه‌ به‌رتوانج و ئه‌و "ئازادی"ه‌ی که‌ حزبی کوردی بانگه‌شه‌ی بۆده‌کات به‌ "تاعون" وه‌سفده‌کات. هاوکات، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێک که‌ چاوی هیوایان له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیوه‌، ئه‌م ته‌واو بێهێوایه‌ له‌وه‌ی قوتابیه‌کانی شه‌یتانیش بتوانن ئه‌و میلله‌ته‌ به‌ره‌و به‌هه‌شت ببه‌ن. بۆیه‌ چاوه‌ڕوانیکردن له‌و ئه‌کته‌رانه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسی وه‌کو‌ هه‌ڵنیشتن له‌ به‌ردێک ده‌بێنێ که‌ هه‌رگیز ناتروکێ. ئه‌و ته‌نانه‌ت به‌گومانه‌ له‌وه‌یش که‌ "به‌رد" بێ و ته‌نها کات بکوژێ، به‌ڵکو ده‌شێ "لوغم"ێکیش بێ و هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ناببات که‌له‌سه‌ری هه‌ڵنیشتوون.
دواجار سه‌رده‌شت عوسمان له‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رانی یه‌کێتی و هه‌ردوو سکرتێری حزبی زه‌حمه‌تکێشان و حزبی سۆسیالیست ده‌نووسێ. ئه‌و کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ به‌ دزینی پاره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کشتوکاڵ تاوانبار ده‌کات و بورهانی سه‌عید سۆفی و داروده‌سته‌ی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌ "ڕه‌وشتی سیاسی" داده‌ماڵی. هاوکات محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود و قادر عه‌زیز به‌ سیخوڕی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی ئێران له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. دیاره‌ سه‌رده‌شت پاش ئه‌م بابه‌ته‌ تیرۆرده‌کرێ.
وه‌کو ئاماژه‌ی پێدرا، له‌ دوای بابه‌تی سێیه‌م، نووسه‌ر که‌وتۆته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌. له‌بیریشمان نه‌چێ که‌ تا ئه‌و ساته‌ دوو لایه‌ن، سه‌رکردایه‌تیی پارتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌رتوانجدا بوون. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌ڕه‌شه‌کانیان کردوه‌ ده‌کرێ له‌ دوو باری سه‌ره‌کیدا پێشبینی بکرێن‌. باریی یه‌که‌م پێده‌چی یه‌کێک له‌و دوو لایه‌نه‌ له‌پشت هه‌ڕه‌شه‌کانه‌وه بن. ڕێیتێده‌چی پارتی ئه‌م حاڵه‌ته‌ی به‌ به‌زاندنێکی مه‌ترسیداری هێله‌ سووره‌کانی خۆی زانیبێ و ویستبێتی ڕێگا له ته‌شه‌نه‌کردنی ئه‌‌وجۆره‌ ده‌نگانه‌ بگڕێ. خۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌ر زاده‌ی یه‌کێتتیه‌ و که‌م و زۆر هه‌ڵگری هه‌مان کولتوره‌و وه‌کو نووسه‌ر ده‌ڵێ "قوتابیی شه‌یتان"ه‌ . که‌واته‌ دوور نیه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌یش به‌مه‌به‌ستی شکاندنی هه‌یمه‌نه‌ی پارتی و به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له‌و شاره‌ ئه‌و هه‌له‌ی قۆستبێته‌وه‌.‌ باری دووه‌م، ده‌شی لایه‌نێکی سێیه‌م به‌مه‌به‌ستی ئاڵوزکردنی باری هه‌رێم، یان زیانگه‌یاندن به‌ پارتی و گۆڕان، کاره‌که‌ی ئه‌نجام دابێ. لێره‌دا ململانێی سیاسیی ناوخۆی هه‌رێم پاڵنه‌ری سه‌ره‌کی ده‌بێ. لایه‌نی سێیه‌م لێره‌دا، به‌ پله‌ی یه‌که‌م، خۆی له‌ یه‌کێتیدا ده‌بینێته‌وه‌.
جێی باسه‌ نووسه‌ری شه‌هید له‌ دوا نوسینیدا چوار لایه‌نی تر: کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ، هه‌ردوو سکرتێری حزبی زه‌حمه‌تکێشان و حزبی سۆسیالیست و ده‌زگای هه‌واڵگریی ئێران دێنێته‌ هاوکێشه‌که‌وه‌. له‌م کاته‌دا پێده‌چێ یه‌کێک له‌م چوار لایه‌نه‌، یان هه‌موویان پێکه‌وه‌، نووسه‌ریان به‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاشکرابوونی پرۆژه‌کانیان زانیبێ و کاری فڕاندن و تیرۆرکردنه‌که‌یان ئه‌نجامدابێ. ‌خۆ‌ کرده‌وه نه‌خوازراوه‌کانی داروده‌سته‌ی کۆسره‌ت چ له‌ هه‌ولێر یا له‌ سلێمانی و هاوکات جموجوڵی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی ئێران له‌ هه‌رێم بۆخۆیان گومان له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌ زیاتر ده‌که‌ن. دیاره‌ ڕێیشی تێده‌چێ پارتی دوا بابه‌تی نووسه‌ری بۆ دوورخستنه‌وه‌ی تاوانه‌که‌ له‌ خۆی به‌هه‌ل زانیبێ و تاوانه‌که‌ی ئه‌نجامدابێ. هه‌ڵبه‌ت‌ لێره‌یشدا بوونی لایه‌نی سێیه‌م ئه‌گه‌رێکی دوور نییه‌. لێره‌دا، ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عیراقیه‌کان، به‌تایبه‌تی به‌ره‌ی شیعه‌ و ته‌نانه‌ت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش لایه‌نی سێیه‌می گومانلێکراوان پێکدێنن. ڕه‌نگه‌ لایه‌نه‌ عیراقیه‌کان مه‌به‌ستیان بووبێ ده‌سه‌ڵاتی کورد سه‌رقاڵ بکه‌ن و له‌ پرۆسه‌ی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا دووریبخه‌نه‌وه‌.‌ خۆ ده‌شێ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ویستبێتی به‌ یه‌ک به‌رد سێ چۆله‌که‌ بکوژێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م له‌ پشت تاوانه‌که‌وه‌ بێت، ئه‌وا ده‌نگی که‌سێکی کپ کردووه‌ که‌ پێده‌چوو ببێته‌ یه‌کێک له‌ ڕه‌خنه‌گرانی. له‌ هه‌مان کاتدا توانای ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵاتی بۆ دابینکردنی ئارامی له‌ هه‌رێم خستۆته‌ به‌رپرسیارو هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداریشی خستۆته‌ به‌رگومانی جه‌ماوه‌ر. جا هه‌رکام له‌م ئه‌گه‌رانه‌‌ ڕاست بن، دیسان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی ناوخۆیش، واته‌ زانکۆی سه‌لاحه‌دین و پۆلیس و ئاسایشی هه‌ولێر تاوانبارن به‌وه‌ی ڕێده‌ستی تۆمه‌تبارانیان داوه‌و هه‌ره‌شه‌کانی پێشوویان پشتگوێخستوه‌.

سه‌لمان عه‌لی
salman77karim@aol.co.uk



 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com