مه‌سه‌له‌ی تیرۆری" سه‌رده‌شت عوسمان" مه‌سه‌له‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستانه!
 

  

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌‌


 
له‌و کاته‌وه‌ی سه‌رده‌شت عوسمانی و خوێندکار و رۆژنامه‌ی نووس تیرۆر کراوه‌ . کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌ژێنراوه‌ و ئاستی ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری و رق وکینه‌ی خه‌ڵک له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی قه‌ومی‌ زۆر زیاتر بووه‌ له‌ جاران . وه‌ له‌لای خه‌ڵک ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ به‌ کرده‌وه‌یه‌کی به‌ربه‌ریانه‌ و دڕندانه‌ چاو لێ ده‌کرێ . هه‌ر بۆیه‌ ده‌ڕژێنه‌‌ سه‌ر جاده‌کان به‌ کۆڕ و کۆبونه‌وه‌ و خۆپیشاندانه‌کانیان داوای دادگایی کردن و سزادانی بکوژان و تاوانباران ده‌که‌ن داوا له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌که‌ن ده‌بێ تاوانباران بناسێنێ و ڕوون کردنه‌وی خۆی بدات له‌م باره‌وه‌ ،وه‌ داوا ده‌که‌ن کۆشتنی خه‌لکی رۆشنبیر و راگرن ، ته‌نانه‌ت سنوری ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی کوردستاندا چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و خه‌ریکه‌ شکلێکی جیهانی به‌ خۆوه‌ ده‌گرێ .
مه‌به‌ست له‌م کرده‌وه‌‌ دژی ئینسانیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نه‌بووه‌ که‌ گه‌نجێکی پڕ له‌ ئومێد وئاوات و ئاره‌زووی ره‌نگاو ره‌نگ بۆ ئاینده‌ی ژیانی خۆی بکوژرێ و چاوه‌ گه‌شه‌کانی له‌ به‌رانبه‌ر‌ ‌ژیاندا دابخرێ . مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی چاو ترساندنی خه‌ڵکی کوردستانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر ناره‌زایه‌تیه‌ک هه‌یانه‌ له‌ دژ به‌وانه‌ی سه‌رتاپایان نوقم بووه‌ له‌ سامان و سه‌رمایه‌ به‌ زه‌بری میلیشیاو مافیاکانیان،مه‌به‌ست چاو ترساندنی خه‌ڵکی هه‌ژار و که‌م ده‌رامه‌ته‌کانه‌ ، چاو ترساندنی کرێکاران و خه‌ڵکی زه‌حمتکێشه‌ ،چاو ترساندنی ژنان و لاوان و منداڵانه‌ ،چاوترساندنی رۆشنبیران و رۆژنامه‌ نوسان و خه‌ڵکی ئازادیخوازه‌.
له‌و کاته‌وه‌ی ئه‌حزابی قه‌ومی سواری سه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بوون تا ئه‌و کاته‌ی ‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردایه‌تیه‌که‌یان له‌ هه‌رێمی کوردستان جێگیر کردووه‌ ، ئه‌م شێوازه‌ له‌ ڕفاندن و تیرۆر‌ له‌ دایک بووه‌ گه‌شه‌ی کردووه‌،نموونه‌ش وه‌ک گرتن و ته‌سلیم کردنه‌وه‌ی مه‌لا ئاواره‌ و سلیمانی موعینی به‌ شای ئێران وئیعدام کردنیان وه‌ هه‌روه‌ها کوشتنی فاخر مێرگه‌سووری وده‌یان که‌سی تر له‌ سه‌رده‌می مسته‌فا بارزانی و کوشتنی ووریا به‌ ته‌وره‌که‌ی جه‌بار فه‌رمان له‌ سه‌رده‌می له‌ شاخ بوونی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا. له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پارتی له‌ بادینان نه‌زیر عمر "ئارام" کادیری کۆمۆنیزمی کرێکاریان فڕاندو تیرۆریان کردو لاشه‌که‌یان فرێ دایه‌ سه‌ر جاده‌ی سمێل –دهۆک، وه‌ چه‌ندین کادیری حیزبی شوعی و حیزبی ئاشوریان هه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌ تیرۆر کرد، له‌ سلیمانیش به‌کر عه‌لی ڕابه‌ڕ و هه‌ڵسوراوی بزووتنه‌وه‌ی بێکاران و بێ خانه‌لانه‌کانیان تیرۆر کرد .حه‌مه‌ی حه‌لاقیان تیرۆر کرد و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ی رۆژنامه‌نوسیان هه‌ر به‌و ده‌رده‌ برد ، دکتۆر که‌مال سید قادریان فڕاند و شاردیانه‌وه‌ به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هاووڵاتی نه‌مساوی بوو وه‌ له‌ به‌رفشاری خه‌لکی چه‌پ و ئازادیخواز توانرا له‌ تیرۆر رزگار بکرێ . نموونه‌کان زۆرن که‌م نین ئه‌مه‌ ته‌نها مشتێکه‌ له‌ خه‌رواری کارنامه‌ی ئه‌حزابی قه‌ومی له‌ کوردستاندا.به‌ڵام ئایا خه‌ڵک چاوترسێن کرا به‌م کرده‌وه‌ وه‌حشیانه‌و دڕندانه‌یان ؟ ئایا خه‌ڵک وازی هێنا له‌وه‌ی خواستی ئازادی و یه‌کسانی عه‌داله‌ت به‌رز نه‌کاته‌وه‌ ؟ نه‌خێر ، نه‌ک خه‌ڵک هه‌ر کۆڵی نه‌داوه‌ به‌ڵکو رێژه‌ی ناڕازیان رۆژ له‌ دوای رۆژ زیادی کردوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی فراوانتر و توندتر هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان له‌ دژی ئه‌م هێزه‌ مافیایانه‌.
تیرۆری ئه‌مجاره‌ی سه‌رده‌شت عوسمان دوو تیرۆره‌ یه‌که‌میان : که‌سێکی گه‌نج و خوێندکار و رۆژنامه‌ نوسیان له‌ ناو برد ، دووه‌میان : تیرۆری مه‌ده‌نیه‌تیان کرد ، چونکه‌ کاره‌که‌ له‌ ناو جه‌رگه‌ی زانکۆدا که‌ جێگایه‌کی مه‌ده‌نیه‌ ئه‌نجام درا به‌ به‌رچاوی خه‌لکه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت عۆسمان تاونباره‌ بۆ نه‌هاتن بیده‌نه‌ دادگا . کوشتنی ئینسان به‌ بێ دادگایی مه‌گه‌ر له‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌راستداو له‌ سه‌رده‌مه‌ خوێناویه‌کان و حوکمه‌ قه‌ره‌قۆشه‌کانیاندا ڕووی دابێ . له‌ سه‌رده‌می ئه‌مرۆدا کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری به‌ ئاستێک گه‌یشتووه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕ ێگای دادگاشه‌وه‌ گه‌وره‌ترین تاوان له‌ سه‌ر تاوانبار ساغ بیته‌وه‌ سزاکه‌ی کۆشتنی نیه‌‌، چونکه‌ ئینسان له‌ هه‌موو شتیک پیرۆرزتره‌.
ئه‌مرۆ خه‌لکی موته‌مه‌دینی کوردستانیش ئه‌م راستیه‌ چاک ده‌زانن بۆیه‌ نارازین له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان خۆپیشاندانی هه‌زاران که‌سی له‌ سلێمانی ئه‌وه‌ی نیشاندا که‌ خه‌ڵک ئێتر رازی نابی ملهوری بکرێ به‌ سه‌ریانه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی نیشاندا که‌ تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان ته‌نها په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ که‌س وکاری و هاورێکانی زانکۆی و رۆژنامه‌ نوسان ، به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. سه‌رده‌شت عوسمان کوڕی هه‌موو ماڵیکه‌ جگه‌ له‌ تیرۆریستان و کۆنه‌په‌رستان و دوژمنانی ئازادی و رووناکی .
ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ زیاتر ئه‌وه‌ی سه‌لمانده‌وه‌ هه‌ر ته‌نها ئیسلامی سیاسی نیه‌ ده‌ست بۆ تیرۆر ده‌بات ناسیۆنالیسته‌کانیش ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن و تیرۆریستن ودژی خه‌لکی هاوزمانی خۆشیانن، ئازادیان پی ته‌حه‌مول ناکرێ و هه‌زار یه‌ک مه‌رجی بۆ داده‌نێن و ئازادیخوازان و دفرێنن و تیرۆریان ده‌که‌ن .
کاتی ئه‌وه‌ به‌ سه‌ر چوه‌ ئێتر خۆشباوه‌ر بین به‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ به‌وه‌ی کا ئاسایش و سه‌لامه‌تی خه‌ڵک بپارێزێ، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئێتر خه‌لک بڵی نا بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نا بۆ سه‌دام و عوده‌ی و قوصه‌یه‌کانی کوردستان ، کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ خه‌لک داوای ده‌سه‌ڵاتی خۆی بکا ئه‌مانه‌ ده‌ست کۆتا بکا له‌ ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گاڵته‌ جاریه‌کانیان فریو نه‌خۆن باوه‌رنه‌که‌ن.تا ئه‌حزابی کوردایه‌تی حاکم بن چاوه‌روانی ئه‌م جۆره‌ کرده‌وانه‌ بن ، تا ئه‌حزابی کوردایه‌تی حاکم بن خه‌لک له‌ ژیان بێ به‌ش ده‌بێ ، برسی ده‌بێ ، بێ کار ده‌بێ ،هه‌ژار ده‌بێ ،بێ ماف ده‌بێ ،زولم وسته‌م له‌ سه‌ر ژنان ومنداڵان و لاوان زیاتر ده‌بێ .به‌ڵام چۆن له‌مانه‌ رزگارمان ده‌بێ ؟
ده‌سه‌ڵاتداران تا بزانن خه‌لک رێکخراو و یه‌کگرتوو نیه‌ له‌ ده‌وری حیزبێکی شۆڕشگێڕی عه‌داله‌تخواز کۆنه‌بونه‌ته‌وه‌ به‌هایه‌کی زۆر بۆ ناره‌زاتیه‌کانی دانانێ چۆنکه‌ نابێته‌ ‌هێزو فشار دابنێ و پاشه‌کشه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان بکا ،هه‌ر بۆیه‌ حیزبێکی له‌م جۆره‌ وه‌ک ئۆکسجینی لێ هاتوه‌ بۆ ئه‌م خه‌لکه‌ . ئه‌و حیزبه‌ش ده‌بێ ‌ئامانجی ئازادی و یه‌کسانی بێ وه‌ خوازیاری ده‌سه‌لاتێکی راسته‌وخۆی خه‌لک بێ واته‌ ده‌سه‌ڵاتی شورایی ، به‌بێ ئه‌م کاره‌و به‌بێ حکومه‌تێکی له‌م جۆره‌ خه‌لک له‌م ده‌ردو به‌ڵایانه‌ هه‌رگیز رزگاری نابێ . بۆ بنبڕکردنی ئه‌م باردۆخه‌ی ئه‌مرۆ هه‌ر ئێستا شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و سۆشیالیزم پێویسته‌ هیچ رێگایه‌کی تر نه‌ماوه‌ ،وا ئێستا له‌ ناوچه‌که‌دا ئه‌م شۆڕشه‌ به‌ڕێ که‌وتووه‌ و ئێستا خه‌لكی ئێران مه‌شخه‌خڵی شۆڕشیان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ و به‌ ڕێ که‌وتون به‌ره‌و داماڵینی زوڵم سته‌م له‌ ده‌ست جمهوری ئیسلامی ئێران . حیزبێکیش که‌ ئه‌م ئامانجه‌ی هه‌بێ و بێ سات و سه‌ودا به‌ پشتیوانی خه‌لکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش ده‌یه‌وێ له‌م پێناوه‌دا خه‌بات بکا ئه‌م شۆڕشه‌ له‌ عێراقدا به‌ سه‌رکه‌وتن بگه‌یه‌نێ ئه‌وه‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراقه وه‌رن با هه‌موومان ئه‌م حیزبه‌ به‌ هێز بکه‌ین و کۆمه‌لگا له‌ ده‌ستی جانه‌وه‌رانی ئه‌مرۆ رزگار بکه‌ین و چیتر سه‌رده‌شته‌کان و سۆرانه‌کان و ئارامه‌کان و وریاکان وبه‌کر عه‌لیه‌کانی تر تیرۆر نه‌کرێن‌ .

12/5/2010


 

           

 

14/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com