( مەرگێ لە ڕێی نیشتمان بێ.. سەد ژیانی بەقوربان بێ
ئاواش نەبا هەر دەمردم .... کەسیش یادی نەدەکردم
بەو مەرگە زیندوو دەبمەوە تازە کەی لەبیر دەچمەوە
من زیندووم و ئێوەن مردوو منم ئێوەم ئیعدام کردوو )٢
هێمن
ئەم چاوتروکانە نەبێ
ئەم چەند چرکە
مەینەتبارە، تەماوییە،
خەماوییەی
دوای ڕوودانی
کارەساتی
ڕفاندن و
تیرۆرکرانی
زەردەشت نەبێ
من زەردەشتم نەناسیوە
قەت زەردەشت و
بزە و
خەندە شیرینکەیم
لە هامێزی پیرە هەولێر!
لە دامێن و
لە سەرپشتی،
قەڵا سەربڵندەکەی
کە پیرترە،
لە عیسای مەسیح!
نەبینیوە
نا ... نا
چ جار!
بیرم نایە
لە کۆڵانە هەژارنشینە،
قوڕاوییەکانی،
ئەربائیلۆ
لە سەردەمی ڕاپەڕین و
بەرلە هەینێش
دیداری یەکمان کردبێ
نا .. نا
چ جار!
بیرم نایە
لەو ڕۆژانەی هەولێر،
سەرفرازو
ئازادکرا!
لە ستەم و
تاوانکاری
بەعس
لە نێو دەریای هەڵچووی
خەڵک
لە نێو شاری بێ خودێ و
حوکمەت
ئەو کوڕەم دی بێ
یان
لە بەربەیانی
٣١ ئازاری
پڕلە برین!
ڕۆژی شکستی
ڕاپەڕین
چرکە ساتی
ئاشبەتاڵ و
بەرگری لەشار
کە تێکڕا
ڕاماندەکرد
بەرەو
وون بوون
بیرم نایە
ئەو
کولیکە بەهارییەم
دیبێ
لەو
چرکە ساتانەش!
کە لە نێو ئاپۆڕەی
کۆچڕەوە،
چەند ملیۆنییەکە
ڕووە و
سنوور
سنوورە دەستکردەکانی
هەرسێ پارچە
لە ژێر بیبەزەیی
تۆپباران و
هێرش و
پەلاماری
کۆپتەر،
تانگ و
زرێپۆشە
سەرشۆڕەکانی
دیکتاتۆر
بەپێ
ملی
ڕێگای
هات و نەهاتم گرتبوو
نا .. نا
چ جار
بیرم نایە
زەردەشتم
لەو کاتانەش
دیبێ
کە دەنگی دەسڕێژ و
ئاربی جی
شەڕی،
خۆتڕێنی،
ناوخۆ!
گوێی کەڕ دەکرد
یان
لەکاتی دابڕان و
داگیرکردنی
پەرلەمان لە یەکتری و
هێنانەوەی بەعس و
دەبابەکان،
پاسدارەکان و
تۆپخانەی
ئاخوندەکان و
هتد ...!
نا نا
من دڵنیام
بە ڕێکەوتیش
دیدەم
بە دیداری خۆشەویستانەی
ئەم کوڕیژگە، هەولێرییە
ئەم چڵە گیا،
کێویلکەیە،
نەگەییوە
بەڵام ئێستا،
لەم چرکە ساتە نامۆیە
لە پرسەی ئەم کۆستە
گرانە
ئەم ماتەمە!
پڕ لە سۆیە
من بەشێکم
من پشکێکم
لە برینی،
بەسۆی،
ئەم ئێشانە،
من بەشێکم،
لە ئازاری،
پڕ لە ژانی،
شین و
شێوەنی
ئەم سوتانە!
من بەشێکم لە درامای
خەفەتخانی
ئەم تیرۆرە!
من بەشێکم
لە زۆرداری
ئەم مەرگ و
مردنە زۆرەملێ یە! ناڕەوایە!
من بەشێکم
لە توڕەیی و
لە بێزاری و
ڕقی پیرۆز٤
دژی
ئەو،
دەستە ڕەشانە،
ئەو دەستە
پیسە،
گڵاوە،
چڵکنە،
بە قڕێژ وگەمارانە،
ئەو دەستە
گەڕ و گولە،
ڤیروساویە
ئەو دەستە لەرزۆکە
ترسنۆکە،
بێ ئابڕووانەی
دەسڕێژیان کرد
دەستدرێژیان کرد
دەم و
دڵ و
پێنووسەکەی
زەردەشتیان
لە بزە و
ژیان خست!
a_sarkash@hotmail.com
سهرکهش – ئوپسالای سوید
١٦/٥/٢٠١٠
.............................................................................................................
١.دەستپێکی ئەم نووسینەم لەڕێی چوون بۆ خۆپێشاندانی
ستۆکهۆلم نووسی بە نیازبووم لە وێ بیخوێنمەوە بەڵام،
ئەوکاتە بۆم تەواونەکرا.
٢.تاریک و ڕوون – هێمن
٣.تابلۆکە لە ( ئەلحیوار ئەلموتەمەدن ) م وەرگرتووە.
٤.ڕقی پیرۆز شیعرێکی هێمن ە بڕوانە تاریک و ڕوون.
|