كه‌سایه‌تی (علوج)ی به‌رپرسه‌كانمان!
 

  

■شاخه‌وان عه‌لی- روسیا



ئه‌ڵبه‌ت من سایكۆلۆجیست نیم و ناشزانم سایكۆلۆجیسته‌كان چ ناوێكیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ داناوه‌: كه‌ جه‌غد له‌سه‌ر شتێك ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌كاتێدا خۆیان باش ده‌زانن كه‌ وانیه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی پێی ده‌ڵێن درۆزن ،یان درۆزان... له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی زه‌وی به‌رده‌وام ده‌خولێته‌وه‌ به‌رده‌وامیش كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌بنه‌ سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ركرده‌.. مێژوی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی جیهان پڕێتی له‌ درۆ و درۆزان ... له‌و سه‌ركرده‌و به‌ر پرسانه‌ی كه‌ ئه‌و شتانه‌ی ده‌یڵێن بۆ خۆیان زۆرباش ده‌زانن كه‌ درۆیه‌ و ده‌شزانن كه‌ زۆركه‌س باوه‌ریان پێناكات و زۆربه‌ی جار پاش ئه‌وه‌ی به‌به‌ڵگه‌ی رونیش درۆكه‌یان ده‌سه‌لمێنرێت ،كه‌چی عه‌جه‌با هه‌ر سورن له‌سه‌ر قسه‌ی خۆیان ... ره‌نگه‌ هه‌موومان محه‌مه‌د سه‌عید صه‌ححاف یان (علوج) ی وه‌زیری رۆشنبیری عێراقمان له‌ زاكیره‌دا مابێت ، ئه‌و نمونه‌یه‌كی باشی ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ .. له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی به‌به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ له‌شكری ئه‌مریكی له‌سه‌ر جاده‌كانی به‌غداد ته‌راتێنی ده‌كرد كه‌چی ئینكاری له‌وه‌ ده‌كرد ئه‌گه‌ر پێیشیان خستبێته‌ به‌صره‌وه‌ ... وشه‌ی علوج به‌ر له‌وه‌ی ببێت به‌ زاراوه‌یه‌كی سایكۆلۆجی بوو به‌ وشه‌یه‌ك بۆ تانه‌ و ناتۆره‌ لێدان و ...تاد ، وه‌لێ‌ من لێره‌دا كه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ ئیستیعاره‌ ده‌كه‌م به‌ دڵنیاییه‌وه‌ مه‌به‌ستم ته‌عن نیه‌ به‌ڵكو هه‌ستده‌كه‌م زاراوه‌یه‌كی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجی نوسینه‌كه‌م بۆ خوێنه‌ر رونتر بێت.
زۆریك له‌وانه‌ی كه‌ هیچ كارێكی تر نازانن كه‌چی ده‌توانن له‌ حیزبه‌كاندا ببنه‌ كادر و كاربه‌ده‌ست و له‌وێشه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت ده‌گوازرێنه‌وه‌ ، سیاسه‌ت به‌ درێژایی ئه‌و مێژووه‌ دورودرێژه‌ی بڕیویه‌تی كاری بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ وه‌ك راستگۆ و به‌ ئه‌خلاق ده‌ربكه‌وێت، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ هه‌میشه‌ زۆربه‌ی درۆكان له‌ مێژوی سیاسیدا ئه‌رشیفكراون ، واته‌ فراوانترین كایه‌یه‌ كه‌ ده‌می له‌ راستگۆیی كوتاوه‌ و زۆرترین درۆی تیاكراوه‌ .. هه‌میشه‌ ویستویه‌تی ئه‌و درۆیانه‌شی ده‌یكات وه‌ك درۆ ده‌رنه‌كه‌ون و ئه‌و نائه‌خلاقیاته‌ش كه‌ هه‌یه‌تی وه‌ك ئه‌خلاق پیشانی خه‌ڵكی بدات ، یان زۆربه‌ی جار ئه‌و درۆیانه‌ وه‌كو به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵات و خزمه‌ت به‌ ئه‌زموون و ئامانجه‌كان به‌رگێكی تری كراوه‌ به‌به‌ردا و زۆركه‌سی خۆشباوه‌ریشی پێ قایلكراوه‌ ..
سیاسه‌تكاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و له‌ ناویشیاندا سیاسه‌تكاری كورد له‌م جۆره‌ پاڵه‌وانه‌ی زۆر به‌رهه‌مهێناوه‌ ،خۆزگه‌ ده‌توانرا هه‌موو ئه‌و وه‌عدانه‌ی كه‌ وه‌ك ئامانجی ستراتیجی و ئیدیعای حیزبی به‌ خه‌ڵك دراون كۆ ده‌كرایه‌وه‌ و بمانزانیایه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا چه‌ندی جێبه‌جێ‌ كراوه‌ و چه‌ندیشی درۆ ده‌رچوون !... تۆ بزانه‌ سیاسه‌تكاری كورد چه‌ندله‌ مێژه‌ باسی ئازادی ده‌كات.. كه‌چی له‌سایه‌یدا خه‌ڵك له‌سه‌ر قسه‌یه‌ك ده‌كوژرێت.. !؟ باسی یه‌كسانی ده‌كات.. كه‌چی واسیته‌و گه‌نده‌ڵی وڵات داده‌ڕزێنێت ...!؟ باسی كه‌رامه‌تی مرۆڤ و دیموكراتی ده‌كات... كه‌چی خه‌ڵك له‌سه‌ر رای سیاسی نانبڕاو ده‌كرێت ..!؟ كێشه‌ی خزمه‌تگوزاری چاره‌سه‌ر ده‌كات.. وخه‌ڵكی ئاوی پاكی ده‌سناكه‌وێت بیخواته‌وه‌ !؟ به‌ڵێنی ره‌فاهیه‌ت و ژیانی خۆش به‌ خه‌ڵكی ده‌دات.. !؟ تاوانباران سزاده‌دات و مافی تاوانلێكراوان ده‌گێڕێته‌وه‌ .......سه‌رباری ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر حیزب مه‌یلی لێبێت هه‌ر ئه‌مشه‌و مه‌سئولێك ده‌خاته‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆن و دیسان ده‌ڵێت كێشه‌ی كه‌ركوك به‌م نزیكانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین ... تۆپبارانی سه‌ر سنوره‌كان كۆتاییپێئه‌هێنین . مدیرێك دێنێته‌ قسه‌و ده‌لێت كێشه‌ی كرێچی نا هێلین ،،وڵات ده‌كه‌ین به‌ دوبه‌ی ..گه‌نده‌ڵی له‌ ریشه‌وه‌ هه‌ڵده‌كێشین !!!!! ئه‌مانه‌ نه‌ك زۆر جار راست ده‌رنه‌چوون به‌ڵكو هه‌ندێ‌ جار پێچه‌وانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ ، بۆیه‌ من به‌ ته‌واوه‌تی گومانم له‌ هه‌ر به‌ڵێن و قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ له‌ زاری سیاسه‌تكاره‌كانه‌وه‌ ده‌رچێت.. زۆربه‌ی جار كه‌ قسه‌كانیانم گوێ‌ لێده‌بێت كه‌سایه‌تی علوجم بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ .. ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی پێی شه‌رم نه‌بوو به‌به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ زانیاری ناراست بدات و راستیه‌كان ئاوه‌ژوو بكات .


Shakhawan_1979@yahoo.com





 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com