هێشووه‌ چۆله‌که
 

  

سمکۆ ئه‌حمه‌د ڕه‌شيد
2010



زۆر جار شێتی نیعمه‌تێکی ئیلاهییه‌
بۆ په‌ڕینه‌وه‌
به‌سه‌ر پرده‌ سیراتییه‌کانی ژیاندا
****
سپێدان
تاريکی ماڵه‌که‌م گه‌مارۆ ده‌دات
ئێواران تۆختر پێ به‌سه‌ر دڵمدا ده‌نێت
رۆشنايی هه‌موو مۆمه‌کانی دنيا
ئه‌م تاريکييه‌ ناشارێته‌وه‌
****
خودايه‌
تۆ که‌ غه‌زه‌بت له‌ مێرووله‌ گرت
باڵت پێبه‌خشی
ئه‌ی بۆ غه‌زه‌ب له‌ من ناگريت
***
له‌ رقی مردن
رقم له‌ ماڵ و
منداڵ و
مانگ و
مۆم و
مه‌سکه‌ن و
مه‌وته‌نیش هه‌ڵگرتووه‌
***
به‌ده‌م کڕينی کيلۆيه‌ک گۆشته‌وه‌
له‌ قه‌سابه‌که‌ ده‌پرسم
قه‌ت ترسی بارخێکت پێواوه‌
له‌ ئه‌سنای سه‌بڕينا؟
***
ماڵێکم هه‌بوايه‌
سێ به‌شی حه‌وشه‌که‌يم ده‌کرد به‌ دره‌خت
بۆ ئه‌وه‌ی سپێدان حه‌وشه‌که‌م پڕ بوايه‌
له‌ هێشووه‌ چۆله‌که‌
****
وه‌ک فێڵێک له‌ زه‌وی
ره‌سمێکی خۆم به‌ کۆلاره‌يه‌که‌وه‌ ده‌لکێنم و
ده‌ينێرمه‌ قووڵايی ئاسمان
****
له‌سه‌ر گريان
پێشبڕکێم له‌گه‌ڵ هه‌ور کرد
که‌ په‌لکه‌زێڕينه‌ ده‌رکه‌وت هه‌ور دۆڕا
من بردمه‌وه‌
****
خه‌ونه‌کان له‌باوه‌شی ژندا
ره‌ش و سپيين
له‌ باوه‌شی نيشتيماندا
ره‌نگاوڕه‌نگن
****
يه‌کێک له‌ ئيشه‌ هه‌ره‌ جوانه‌کانی خودا
راخستنی زه‌مين بوو
يه‌کێک له‌ ئيشه‌ هه‌ره‌ قێزه‌ونه‌کانی ئێمه‌
شێواندنی تابلۆی زه‌مينی خواوه‌ند بوو
****
هه‌موومان کوڕی نيشتيمانين
که‌چی هه‌ميشه‌
گومانێک ده‌مهێنێ و ده‌مبات
نيشتيمان باوکی هه‌موومان بێت
****
خودا خاوه‌نی زه‌وی بوايه‌
منيش ژوورێکم ده‌بوو
تيايدا جگه‌ره‌ بکێشم
تيايدا خه‌ون ببينم
****
شوێن پێی – عه‌داله‌ت – م هه‌ڵگرت
خۆم له‌سه‌ره‌ی
ئاوده‌ستی مزگاوتێکدا دۆزييه‌وه‌
****
سه‌ده‌يه‌کی تريش مردن بێت
پێی ده‌ڵێم
فرسه‌تێکی ترم بداتێ
{ قسه‌يه‌کم ماوه‌ بيکه‌م }
خه‌ونێکم ماوه‌ بيبينم





Smco63@gmail.com

 





 

           

 

24/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com