Soran_darbandy@yahoo.com
ماوه‌یه‌كه به‌ر له ئێسته مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی
یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌یاننامه‌یه‌كیان دژی گۆڤاری
(وێران) بڵاوكرده‌وه، بێ ئه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه
بنه‌مایه‌كی لۆژیكی ئه‌خلاقیی هه‌بێت، من هه‌وڵی
یه‌كگرتووی له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كۆمه‌ڵگه و
سنوورداكردنی ئازادی چڕ ده‌كه‌مه‌وه. پاشانیش
رۆژنامه‌نووسی لاو (سه‌رده‌شت عوسمان) له‌به‌رده‌م
كۆلێژی ئادابی زانكۆی سه‌لاحه‌دین ده‌رفێندرێت و
دوای 38 كاتژمێر تیرۆر ده‌كرێت. ئه‌مانه و چه‌ندین
رووداوی دیكه ده‌كرێت زه‌نگێك مه‌ترسیدار بۆسه‌ر
تاكی كۆمه‌ڵگه، به‌تایبه‌ت رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ران.
دیاره هاوشێوه‌ی ئه‌م رووداوانه به‌درێژایی چه‌ند
ساڵێكه له كوردستان خۆی نمایش ده‌كات. ده‌كرێت
وه‌كو دیارده‌یه‌كی ترسناك كه دیارخه‌ری هه‌ستی
توندوتیژین بخویندرێته‌وه. یه‌كێك له دیارده هه‌ره
ترسناكه‌كان كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زۆر به‌رچاوه،
دیارده‌ی توندوتیژییه، كه‌وا ئاوێته‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه
بۆته‌وه، تاڕاده‌یه‌ك به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی نه‌خۆشی
بردووه. دیاره ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاوبێت
كه كۆمه‌ڵگای كوردی بۆساتێكیش بێ توندوتیژی نه‌ژیاوه،
هه‌رله‌سه‌رده‌می به‌عسه‌وه تاوه‌كو شه‌ڕی ناوه‌خۆ
و به‌ئێستاشه‌وه. به‌ڵام توندوتیژی له‌قۆناغه
جیاوازه‌كانه‌وه زیاد چه‌ند ئاستێكی بڕیوه. ئه‌وه‌ی
ئێستا ده‌بندرێت توندوتیژیه دژی ئازادی. دیارده‌ی
توندوتیژی كاریگه‌ری سایكۆلۆژی جێده‌هێڵت له‌سه‌ر
ده‌روونی تاكی كۆمه‌ڵگا. من له‌و باوه‌ڕادام كه
هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كی ڕ‌وژهه‌ڵاتی توندوتیژی له‌ناو
خۆیدا هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین ئه‌و
كۆمه‌ڵگایانه‌ی ئایدۆلۆژیایان كاڵتر كردۆته‌وه،
كه‌مترین توندوتیژی تێدایه. به‌ڵام هه‌رچی كۆمه‌ڵگا
ئایدۆلۆژییه‌كانن، چ له‌ڕووی ئایین و ده‌سته‌ڵات،
توندوتیژیان به‌رچاوتر تێدا ده‌بیندرێت. به‌بڕاوی
من له‌مڕۆدا سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی چه‌ند ڕێكخراو
گروپێك كه خۆیان وانیشان ده‌ده‌ن دژی توندوتیژین،
به‌ڵام هیچ كاریگه‌ری و هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تیان به‌ده‌سته‌وه
نییه، سه‌یر ئه‌وه‌یه له‌پشت په‌رده‌وه خۆیان
په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر تۆكمه‌یان له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا
هه‌یه. واده‌بینم هه‌بوونی ئه‌وان جگه له به‌ساده‌كردنی
دیارده‌ی توندوتیژی هیچی تر نییه. به‌ڕاستی له‌مڕۆدا
هیچ ڕێكخراو گروپێك به‌باشی نه‌یتوانیوه كار له‌سه‌ر
نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه بكات. من نازانم ئاخۆ
توندوتیژه له‌مه‌زیاتر چییه كه ئه‌م ماوه‌یه
كوردستان به‌خۆیه‌وه بینیووه، مانای چییه
كوشتنی رۆژنامه‌نووسێك به‌بێ تاوانی..؟ مانای
چییه، كه مه‌لا و یه‌كگرتووی ئیسلامی خه‌ڵك
هانده‌ده‌ن بۆ توندوتیژی..؟ ئاخر كارنه‌كردن له‌سه‌ر
ئه‌م دیارده‌یه خۆی ده‌بێت هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بۆ
به‌رده‌وامبوون.
هه‌ر یه‌ك له دوو رووداوانه‌ی كه له‌م ماوه‌یه
روویانداوه نموونه‌ی به‌رچاون كه ئێستا هه‌ره‌شه‌یه‌كی
گه‌وره له‌سه‌ر ئازادیی تاكی كۆمه‌ڵگه هه‌یه.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كێ له‌م دۆخه‌ی
كوردستان به‌رپرسیاره..؟ بۆچی ده‌بێت نووسه‌ران و
رۆژنامه‌نووسان هه‌میشه مه‌ترسی ئاوایان له‌سه‌ر
بێت..؟ ئه‌ی كوا ئه‌و ئاسایشه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم
باسی ده‌كات..؟
به‌رله‌هه‌ر شتێك ده‌بێت ئێمه ره‌خنه ئاراسته‌ی
ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی كورد بكه‌ین، كه به‌داخه‌وه
له‌پاڵ ئه‌مه‌دا هه‌وڵی جدیان نییه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی كه دوو حیزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌كه (یه‌كێتی
و پارتی) خۆیان ده‌ستیان له‌و توندوتیژیانه‌دا هه‌یه.
ئه‌گینا بۆچی له سنووری ده‌سته‌ڵاتی ئه‌واندا
ڕێگه ده‌ده‌ن ئاسایشی تاكی كورد ئاوا بكه‌وێته
ژێر مه‌ترسییه‌وه. راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه
توندوتیژی له هه‌ناوی ئه‌م دوو حیزبه‌دا بوونێكی
ئه‌به‌دی هه‌یه. به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت
توندوتیژی ئیسلامی سیاسیی له كوردستان زۆر مه‌ترسیدارتره
له توندوتیژی ئه‌م دوو حیزبه. به‌داخه‌وه (یه‌كێتی)
ئاراسته‌ی خۆ له‌و بابه‌تانه له‌ده‌ستچووه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری میدیای ئه‌و ئیسلامییه سیاسییه‌كان
بكه‌ین ده‌بینین بۆنی ناشیرینی و كوشتنی مافی
ئینسانییه‌ت له فكره‌كانیان دێت، به‌ڵێ، بۆنێك
ئه‌قڵ گێژ ده‌خات، بۆنێك له‌پاڵ فكره‌یه‌كی
خۆویستانه و مێژوویه‌كی ڕه‌ش. له‌ناو میدیای ئه‌و
ئیسلامییه سیاسییانه چه‌ندین مه‌لای بێ مه‌عریفه
به حه‌ماسه‌تێكی زۆره‌وه هاوار ده‌كه‌ن و ده‌هۆڵ
بۆ كوشتنی ئازادیی و به‌خته‌وه‌ری ئینسانییه‌ت لێ
ده‌ده‌ن. به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی له‌ناوبردنی
ئازادیی تاكی كورد ده‌ده‌ن، به‌داخه‌وه ئه‌م
ئیسلامییه سیاسییانه دیوێكی ئێجگار ناشیرینیان
هه‌یه دژی ئازدایی.
پێویسته له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م رووداوانه هه‌ڵوێستی
جدیمان هه‌بێت، به‌به‌رچاومانه‌وه ته‌حدای
ئینسانییه‌ت بوونمان ده‌كرێت. ئازادیی كه مافێكی
بنه‌ڕه‌تی هه‌ر مرۆڤێكه، چ له ڕووی ده‌ربرین و
فكر و بیركردنه‌وه، وه چ له ڕووی كرداردا،
پێویسته بخرێته ئه‌و خانه‌یه‌ی كه شایه‌نییه‌تی،
ئه‌ویش به‌دووربوون له هه‌ر توندوتیژییه‌كی
سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی. ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی كورد
به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ توانای ئه‌نجامدانی ئه‌م
شێوه توندوتیژیه هه‌یه، هه‌ر وه‌ك كه كردوویه‌تی،
چ له ڕێگه‌ی سزادانی رۆژنامه‌نووسان و دادگایكردن
و هه‌ره‌شه‌و رفاندن و تیرۆركردن تا ده‌گاته
ئاستی ته‌حداكردنی مافه‌كانی. كه‌واته كوا ئه‌و
دیموكراسییه‌ی له كوردستاندا هه‌یه.؟ دیموكراسیی
ئه‌و كاته به‌رجه‌سته ده‌بێت كه مافی تاك
پارێزراو بێت و هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی مه‌ترسیداری
له‌سه‌ر نه‌بێت، به‌ڵام له كوردستان هه‌ر كه
ویستت له‌سه‌ر مافی خۆت به‌ده‌نگه‌وه بێیت ئه‌وا
یه‌كه‌م هه‌وڵیان كپكردنی ده‌نگی وجودیان ده‌بیت.
تیرۆركردنی (سه‌رده‌شت عوسمان) ناكرێت وه‌كو
رووداوێكی ئاسایی سه‌یر بكرێت به‌ڵكو ده‌بێت له‌وێوه
بپرژێینه سه‌ر زه‌نگه مه‌ترسیداره‌كانی دژی
رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ران، وه ئازادیی مرۆڤ له
قه‌یراندایه. ده‌كرێت ده‌سته‌ڵات وه‌ڵامی ئه‌م
پرسیاره‌م بداته‌وه: (كێن ئه‌وانه‌ی له پشت ئه‌م
رووداوانه خۆیان حه‌شارداوه.؟ كوان ئه‌و هه‌وڵانه‌ی
ئێوه داوتانه..؟)
|