نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ:
به‌ڕێز هادی مه‌حمود، وه‌زیری ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان عێراق

  

 



تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان ی ڕۆژنامه‌ نووس ده‌بێت ڕات بچڵه‌كێنێت وه‌ ده‌ست له‌ كاره‌كه‌ت بكێشیته‌وه‌‌!
نزیك به‌ پانزه‌ ساڵ پێش ئێستاو ڕێك له‌ 05.12.1995 و له‌ زنجیره‌ سمینارێكدا كه‌ ڕێكخراوه‌كانی ژنان له‌ هۆڵی میدیا ی شاری هه‌ولێر سازیان كردبوو، ئێوه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ سمیناری هه‌ردوو به‌ڕێزان دكتۆره‌ نادیه‌و به‌هارعه‌لی كۆڕه‌كه‌تان ده‌گێڕا و له‌ كاتێكدا ویستتان نه‌زه‌ری خۆتان بده‌ن سه‌باره‌ت به‌ كاری ڕێكخراوه‌كانی ژنان و چۆنێتی به‌ره‌و پێشبردنی، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك به‌ شانو باڵی ئاینی ئیسلام و چاكسازییه‌كانی ئه‌و ئاینه‌دا له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی ژناندا هه‌ڵتاندا و ئیمامی عه‌لیتان كرد به‌ نمونه‌ی ڕه‌هبه‌ری ڕزگاری به‌خشی ژنان، پێشنیارێكیشت كرد بۆ ڕێكخراوه‌كانی ژنان كه‌ گوایه‌ ده‌توانن هه‌ر هه‌موویان پێكه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی خوشكانی موسڵمانی سه‌ر به‌ یه‌كگرتووی ئیسلامیشدا به‌ره‌یه‌ك یان هاوئاهه‌نگییه‌ك دروست بكه‌ن گوایه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كاره‌كانیان وه‌ له‌پێناو باشتر كردنی باری ژناندا.
جا له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ من چه‌ندین جار وه‌ك ئه‌ندامێكی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق "دیاره‌ له‌و كاته‌دا" داوام كرد تا بتوانم قسه‌یه‌كم هه‌بێت وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ڕه‌خنه‌گرتن له قسه‌و‌ پێشنیاره‌كه ی ‌ئێوه‌، دواجار ماوه‌ی ٣ ده‌قیقه‌تان پێدام تا بتوانم زۆر به‌ كورتی قسه‌كانم بكه‌م، به‌ڵام كاتێك ته‌نها ٢ ده‌قیقه‌ش تێنه په‌ڕیبوو وه‌ ته‌نها توانیم كه‌ بڵێم به‌ڕێزان "دیاره‌ مه‌به‌ستم ئێوه‌ و به‌هار عه‌لی‌..... بوو ‌" ئێوه‌ بۆ ده‌تانه‌وێ به‌ شێوه‌یه‌كی تر وه‌سفی ئیسلامیه‌كان بكه‌ن ئه‌و "برا موسڵمانه‌"٭ ڕاستده‌كات،‌ ئیسلام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و باسی ده‌كات ئه‌و بانگه‌وازی حیجابی ژنان له‌ كونجی ماڵه‌وه‌ خزاندنیان ئه‌و باسی فره‌ ژنی ئه‌و باسی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژنانی مۆدێرن وه‌ ئه‌و خاوه‌نی مێژوویه‌كه‌پڕه‌ له‌تاوان به‌دژی ئازادی ژنان، ئیتر ئێوه‌ چۆن ئه‌توانن ته‌رحی پێكه‌وه‌ ژیان و پێكه‌وه‌ هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره‌ ڕێكخراوانه‌دا بۆ ژنانێك ده‌كه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌پێناو ئازادی كاملی ژن و پیاودا خه‌بات بكه‌ن؟!!وه‌ ............به‌ڵام ئیتر له‌وه‌ زیاتر ئه‌و گه‌نجه‌ تیرۆریستانه‌ خۆیان پێڕانه‌گیرا و كه‌وتنه‌ نه‌ڕه‌نه‌ڕی ئه‌لڵاهو ئه‌كبه‌ر وبانگه‌وازی جیهاد كردن وله‌و كاته‌دا ئێوه‌ش داواتان له‌من كرد كه‌ قساكانم كۆتایی پێ بهێنم وه‌ شانۆ‌ جێ بهێڵم، ئه‌گه‌رچی كاته‌كه‌م ته‌واونه‌بوبوو، ئیتر ڕێگه تان‌ بۆ ئه‌و چه‌ند گه‌نجه‌ ئیرهابییه‌ خۆش كرد تا هاتو هاواره‌كه‌یان زیاتر بكه‌ن وه به‌ خۆیان و چه‌قۆكانیانه‌وه ‌هه‌ستان به‌هێرشكردنه‌ سه‌ر من ‌. گه‌ر خه‌ڵكی ئازادیخواز و چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان له‌وێدا زۆر نه‌بوونایه‌ وه‌ له‌ ده‌وری من كۆنه‌بوونایه‌ته‌وه‌‌ ئه‌وا به‌به‌رچاوی تۆوه‌ به‌ چه‌قۆ خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرام.
ئه‌مه‌م ته‌نها وه‌ك وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ك باسكرد به‌و ده‌لیله‌ش كه‌ ڕێزێكی دۆستانه‌م بۆت هه‌یه‌و چه‌ند جارێك یه‌كترمان بینیوه‌و ڕای خۆمت پێ بگه‌یه‌نم كه‌به‌ڕێزت هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی ئه‌وساو ناو ئه‌و هۆڵه‌وه‌یه‌، كه‌ پۆستی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمت وه‌رگرتووه‌و، به‌و هه‌موو كاره‌ساتانه‌وه‌ كه‌ له‌م پانزه‌ ساڵه‌ی ڕابردوودا له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی و ئیسلامیه‌كاندا به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان وه‌به‌سه‌ر مافه‌ مه‌ده‌نی و سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا هاتووه‌، هێشتا له‌و خه‌یاڵه‌دا ده‌ژین كه‌ بتوانن له‌و شوێنه‌دا خزمه‌تێك به‌ ئازادی وه‌ به‌تایبه‌ت ئازادیی ڕاده‌ربڕین وه‌ ئازادیی بیركردنه‌وه‌ وه‌ یان خزمه‌ت به‌ ڕۆشنبیری وه‌ ڕۆشنبیران بكه‌ن!!!! به‌ڵام من دڵنیام كه‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ نین كه‌ بتوانن بڕیارده‌ر بن به‌ڵكو ئه‌وه‌ ته‌نها ته‌نها میلیشیای یه‌كێتی پارتی و ئیسلامیه‌كانن بڕیارده‌ر و ئێوه‌ ته‌نها ئیمزای جێبه‌جێكردن ده‌ده‌ن.
من پێم وایه‌ ئیترئه‌مه‌ وه‌همه‌ و هۆكاره‌كه‌ی یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی شه‌خسی و ماددی وه‌ یان هاوجووتی له‌گه‌ڵ ئه‌و یاساو بیرو ڕایانه‌دا كه‌ له‌سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌و ئیسلامیه‌كاندا پیاده‌ ده‌كرێت و به‌ڵام ئه‌مه‌ی دواییان گه‌ر به‌ كاڵ وكرچیش بێت جار جار نه‌هی لێده‌كه‌یت.
ئه‌وه‌ ئێستا به‌ڕێزتان وه‌زیری ڕۆشنبیرین وه‌ له‌سایه‌ی وجودی ئێوه‌دایه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌واوی مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان بووه‌ته‌ مۆڵگه‌ی تیرۆریستان بانگه‌شه‌ی به‌زۆر داخستنی ڕۆژنامه‌و گۆڤار وده‌رگای ئه‌و چاپخانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و بڵاوكراوانه‌ چاپ ده‌كه‌ن كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌وان و له‌ سیاسه‌ته‌كانیان ده‌گرێت و بانگه‌شه‌ی كوشتاری نوسه‌ران و ڕۆشنبیران ده‌كه‌ن به‌ڵكو خه‌ریكه‌ ته‌واوی قوتابخانه‌و زانكۆكانیش كه‌ هه‌میشه‌ ڕه‌مزی پێشكوتنی كۆمڵگایه‌ به‌دڵی خۆیان كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و جه‌وی كۆنه‌په‌رستی و ئیرهابیی تیا ده‌سه‌پێنن وله‌ جیاتی زانست وپێشكه‌وتن جه‌هل و خورافه‌ تیا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
ئیتر به‌ نیازی چی بڵێیت وه‌ چی بكه‌یت كاتێك به‌به‌رچاوی خۆته‌وه‌ قوتابیی لاوو ڕۆژنامه‌ نوس سه‌رده‌شت عوسمان هه‌ر له‌به‌رده‌م زانكۆكه‌ی خۆیدا ده‌ڕفێنن وه‌ له‌دوای دوو ڕۆژ لاشه‌كه‌ی به‌ كوژراوی فڕێده‌ده‌ن؟؟!!!!
ئیتر تا ئێستاش پێت وایه‌ كه‌ ده‌توانی له‌و شوێنه‌دا خزمه‌ت به‌ ئازادیی بیرو ڕاو به‌ گه‌شه‌ی ڕۆشنبیری له‌ كوردستاندا بكه‌یت؟؟!!! نا، هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ وتم ده‌بێت به‌ڕێزت یان ئه‌وه‌تا دوای به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆت ده‌كه‌ویت و له‌وێوه‌ سه‌رمایه‌گوزاری خۆت ده‌كه‌یت له‌ ڕێگای ئه‌و پۆسته‌وه‌ كه‌‌ وه‌رتگرتووه‌، یان ده‌بێت له‌مه‌ودوا به‌ كرده‌وه‌ دوای ناوه‌رۆكی زۆرێك له‌وقسه‌وباسانه‌ بكه‌وی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ت ئیدیعای ده‌كه‌یت، له‌وێنه‌ی مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كانی كۆمه‌ڵگا و ئازادیه‌كان. ده‌‌نا دڵنیا به‌ كه‌ به‌ڕێز مامۆستا جه‌مال عه‌بدول له‌هه‌ردوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێستای جه‌نابتان چه‌ندی پێكرا ئێوه‌ش نه‌ك له‌وه‌ زیاترتان پێناكرێت به‌ڵكو ئه‌مجاره‌یان گه‌ر كار وا بڕوات ئه‌وا مه‌لا عه‌بدولخالقی ڕوناكی ئیمزای تۆبه‌ كردن به‌ ئێوه‌ش پڕده‌كاته‌وه!!!
بۆیه‌ باشتر وایه‌ كه‌ له‌شوێنێكدا كار نه‌كه‌یت، كه‌ له‌وانه‌یه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان پێت وابووبێ شوێنی تۆ نیه،‌ وه‌ یان باشتر بڵێم با نامه‌ی ماجستێر وه‌یان دكتۆراكه‌ت ڕه‌خنه‌ی جه‌ریئانه‌ وه‌ واقیعی و سكۆلار بێت وه‌ بیخه‌یته‌ خزمه‌ت به‌ره‌ی پیشكه‌وتنخوازو ئازادیخوازی كۆمه‌ڵگاو به‌هێزكردنی چه‌پ و كۆمۆنیزم كه‌ جارجار ئیدیعای بۆ ده‌كه‌یت نه‌ك له‌خزمه‌ت به‌ره‌ی كۆنه‌په‌رستی جه‌هل و خورافه‌ كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ حیزبه‌كه‌ی(حیزبی شیوعی كوردستان)ی ئێوه‌ هه‌م له‌ كوردستان وه‌ هه‌م له‌ به‌غداش ئه‌مه‌ی دووه‌میان به‌رنامه‌یه‌تی. وه‌ من پێم وایه‌ كه‌ ئێستاش ده‌توانیت وه‌ باشترین هه‌ڵوێسته‌ گه‌ر ناڕه‌زایه‌تیی توندی خۆت به‌رانبه‌ر به‌م تیرۆر كردنه‌وه‌حشییانه‌یه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ربڕیت وه‌ به‌ ده‌ستكێشانه‌وه‌ت له‌ پۆسته‌كه‌ت ده‌تونیت هه‌ڵوێستێكی ئینسانانه‌ ڕابگه‌یه‌نیت.
دڵنیام كه‌ به‌ره‌ی ئازادیخواز و پێشكه‌وتنخوازی كۆمه‌ڵگا، به‌ره‌ی چه‌پ و كۆمۆنیستی هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێت وه‌ نه‌ك هه‌ر پاشه‌كشه‌ به به‌ره‌ی‌ كۆنه‌په‌رستی ده‌كا به‌ڵكو بۆ هه‌تا هه‌تا یه‌ له‌ گۆڕی ده‌نێت. جا با بۆ مێژوو ئێوه‌ش لای خۆتانه‌وه‌باشتره‌ بڕیارتان هه‌بێت كه‌ ده‌تانه‌وێ له‌ كام به‌ره‌یه‌ی كۆمه‌ڵگادا دابنرێن.
بژی ئازادیی بیروڕا
بژی ئازادی بێ قه‌یدو شه‌رتی سیاسی
بمرێ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی كۆنه‌په‌رستی وترس و تۆقاندن
سه‌ری ڕێز بۆ سه‌رده‌شت عوسمان، فه‌رهاد فه‌ره‌ج، نه‌زیر عومه‌رو شاپورو قابیل و عه‌بدولخالق مه‌عروف و هه‌موو قوربانیانی ڕێگای ئازادی و ‌یه‌كسانی داده‌نه‌وێنم.
ستار حه‌مه‌ عه‌لی (ستاری چیمه‌نتۆ)
هه‌ڵسوڕاوێكی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری وكۆمۆنیستی و
مشاوری كۆمیته‌ مه‌ركه‌زیی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی چه‌پی عێراق
08.05.2010‌
وێنه‌
بۆ ته‌واوی میدیاكان
٭مه‌به‌ستم له‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ زۆر به‌ توندی له‌و كاته‌دا باسی له‌ تاكه‌ ڕێگا چاره‌ی ئیسلا میانه‌ كرد بۆ كێشه‌ی ژنان و وتی كه‌ گوایه‌ "پێغه‌مبه‌ر" پشیله‌یه‌كی ئازار نه‌داوه‌ ئیتر چۆن ئازاری ژنان ده‌دات و مافی ژنان پێشێل ده‌كات!!!!!!



 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com