با چیتر کوردستان نه‌بێته‌ لانکه‌ی کاری تیرۆرکردنی ژنان و ڕۆژنامه‌نوسانی ئازادی خواز!!!

  

تاهیر حاجی حه‌سه‌ن


 


ئه‌گه‌رچی دیارده‌ی کوشتنی ژنان له‌ کوردستان هه‌رچی مۆڕاڵی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و ئازادی خواز هه‌یه‌ تێیپه‌ڕاندوه‌ و خۆی شۆڕ کردۆته‌وه‌ بۆنێو پێگه‌ی دوور که‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌های گرنگی مرۆڤایه‌تی. تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نوسانیش به‌جۆرێکی تر هێنده‌ وێنای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. بۆ ده‌بێت سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداری (ینک، پدک) له‌ زۆرینه‌ی لێدوانه‌کانیاندا منه‌ت بکه‌ن به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و پێیان بڵێن ئه‌و ئاسایش و ئارامی و ئازادیه‌ی لێره‌ هه‌یه‌ له‌که‌م جێگای دنیا ده‌ست ده‌که‌وێت؟ ئاخۆ ئاسایش و ئارامی بۆکێ به‌رقه‌راره‌، بۆ ده‌سه‌ڵات یان بۆ خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و به‌ره‌ی ئازادی خوازیش له‌کۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌تی؟ خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان تا بونی ڕژێمی فاشیستی به‌عس هه‌بوو، زۆرترین تاڵی و سوێری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی چه‌شت، زۆرترین قوربانی دا له‌ پێناو ڕزگاربون له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ قه‌ومیه‌ فاشستیه‌.
دوای 19 ساڵ له‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی، خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانی هێزو ئیراده‌ی سیاسی خۆیان بناسن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی له‌ توانایاندا هه‌بوو به‌خشیان به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ به‌و ئومێده‌ی سه‌ربه‌ستانه‌ و ئازادانه‌ بتوانن له‌ ژیانیاندا بره‌و به‌ ئێستاو ئاینده‌یان بده‌ن. کاتێک ڕوداوه‌ دڵته‌زێنه‌ ڕۆژانه‌ییه‌کانی نێو ژنان ده‌بیستین له‌ هێرش کردنه‌ سه‌ریان تا ده‌گات به‌ کوشتنیان، بۆخۆی چ جیاوازیه‌کی نیه‌ له‌ نێو پرۆسه‌ی کاری تیرۆر کردندا، ئیتر چۆن ده‌توانن بڵێن کوردستان لانکه‌ی ئازادی و دیمکراسیه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا؟ بۆ ژنان وه‌ک ئه‌وه‌ی مرۆڤن له‌ حیساب کردن نایه‌ن؟ کاری تیرۆریستی ناکاته‌ ئه‌وه‌ی ته‌نها خۆکوژێک بێت و خۆی بته‌قێنێته‌وه‌، به‌ڵکو تیرۆرکردن جۆری زۆره‌. هێرشی حیزبه‌ ئیسلامیه‌کان و مه‌لاکان بۆسه‌ر نوسین و ڕه‌خنه‌ی ئازادی خوازان بۆخۆی سه‌ره‌تایه‌که‌ بۆ هه‌نگاو نانی به‌کرده‌وه‌یی بۆ ده‌ست بردن بۆتیرۆرکردنی شاراوه‌. ئاخۆ تیرۆر کردنی ڕۆژنامه‌نوسان که‌ ژماره‌ سێی له‌ کوردستاندا دیاری کرد، به‌ چ پێوه‌رێک ده‌توانرێت بێده‌نگه‌ کردنی ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی ناوخۆی کوردستان نه‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌؟ بۆ ده‌توانن دزێکی دوکان بڕ یان دزێکی ماڵ بڕ بدۆزنه‌وه‌ که‌چی تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌وانه‌ی هه‌ستان بتیرۆر کردنی ئه‌و سێ ڕۆژنامه‌نوسه‌ بدۆزنه‌وه‌(ستار عه‌بدولشه‌ریف، سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌، سه‌رده‌شت عوسمان)؟ ئه‌رکی به‌رپرسیاریه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم چیه‌ له‌ به‌رپاکردنی ئه‌و هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌ی پیاوانی ئاینی له‌ مزگه‌وته‌کانیانه‌وه‌ ده‌یکه‌نه‌ سه‌ر ئازادی خوازان؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئیسلامی سیاسی له‌ کوردستان چه‌ند هانگاوی دیکه‌ چوه‌ پێشه‌وه‌ نابێته‌ ئه‌و خۆره‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشتان لێبسێننه‌وه‌؟ یان سه‌رۆکی هه‌رێم و سیستمه‌که‌یان بۆخۆیان هه‌مان ئایدۆلۆژیای ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کانیان هه‌یه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئازادی خوازی کوردستان.
کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ سه‌رجه‌م ئازادی خوازانێک هه‌ست به‌و دێوه‌زمه‌ ڕه‌شه ‌ده‌که‌ن بۆ سه‌ر ژیان و ئاینده‌یان چیتر بێده‌نگه‌ی هه‌ڵنه‌بژێرن و ببن به‌ ڕێکخه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری مه‌زن. چونکه‌ به‌رده‌وامی ئه‌و کاره‌ تیرۆریستیانه‌ ده‌بێته‌ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان کاری نامرۆڤانه‌ی دیکه‌، چ بۆسه‌ر ئازادی خوازان چ بۆسه‌ر خه‌ڵکی ساده‌، ئه‌گه‌ر هاتو ناڕه‌زایه‌تیه‌کی هه‌بو به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات یان حیزبه‌ ئیسلامیه‌کان و مه‌لاکان. با چیتر ڕێگا نه‌درێت کوردستان بکرێت به‌لانکه‌ی کاری تیرۆریستی و ئه‌و خه‌ونه‌ مه‌زنه‌ی خه‌ڵکی ئازادی خواز هه‌یانه‌ له‌ گۆڕ نه‌نرێن. خه‌ڵکی ئازادی خوازی کوردستان بۆخۆیان پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیان هه‌یه‌، به‌رده‌وام بونی تاریک په‌رستی و شۆڕبونه‌وه‌ی بۆ نێو په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگا په‌یوه‌ندی به‌و ڕه‌وته‌ سیاسیه‌ چه‌وسێنه‌ره‌ی ئیسلامی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ری کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌ن و گروپانه‌ی هه‌ستاون به‌تیرۆر کردنی که‌سانی سیاسی مێژوی ده‌وره‌ی ڕابردوو له‌گه‌ڵ بکوژانی ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه و ڕاپێچکردنیان بۆ به‌رده‌م دادگایه‌کی ئاشکرای جه‌ماوه‌ری،‌ ته‌نها گه‌واهی ده‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌بن که‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان خۆی به‌به‌رپرسیار ده‌زانێ له‌ پاراستنی ئه‌منیه‌تی سه‌رجه‌م تاکه‌کانی کوردستاندا. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بێده‌نگه‌ کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ شاراوه‌یه‌ ته‌نها له‌ نێو ده‌سه‌ڵات خۆیدایه‌.

تاهیر حاجی حه‌سه‌ن
07/05/2010


 

           

 

10/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com