بــه‌رگریكردنی كۆمه‌ڵگـــه‌ له‌خۆ, ده‌ستی پێــــــــكرد.....!
 

  

تــاهــــــیر حه‌ســــــــه‌ن
tahirhassan1@yahoo.com




واجارێكی تر قه‌ڵه‌مێكی تری ئازاو ئازاد شكێنرا, دیسان ده‌نگێكی تری لاوی دڵپڕ له‌هیوا به‌ ڕێژنه‌ی گولله‌ خامۆش كرا. دیسان ده‌ریایه‌ك حه‌زو ئاره‌زوو بۆ ژیان خرایه‌ ژێر گڵ. دیسان كاڵای ڕه‌ش بڕا به‌باڵای كوردستانی ماندوو به‌ده‌ست تاڵانچیان و بكوژانی ئازادی و ئینسانیه‌ته‌وه‌. دوێنێ زامی تیرۆری به‌ڕۆژی ڕووناك و له‌نێو چه‌قی شاردای شاپوور و قابیل و نه‌زیر عومه‌ر و به‌ركر عه‌له‌ی و فه‌رهاد فه‌ره‌ج و عه‌بدولستا تاهیر شه‌ریف و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و, ئه‌مڕۆش له‌نێو چه‌قی شارو به‌ڕۆژی ڕووناك و به‌پێش چاوی پۆلیسه‌وه‌ زامی تیرۆری خوێندكاری زانكۆ و ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان !.
به‌ڕاستی ده‌بێ چه‌ند گووڵی تر هه‌ڵوه‌رێ , ده‌بێ چه‌ند قرچه‌ی تر دڵ و هه‌ناوی دایكو باوكو براو خوشك و هاوڕێ و ئازیزه‌كانی سه‌رده‌شت عوسمان ه‌كان بتاسێنێ , ده‌بێ دڵ و بیر و بیركردنه‌وه‌ی چه‌ند ئازادیخوازی تری وه‌ك سه‌رده‌شت عوسمان بكرێته‌ نیشانه‌ی لووله‌ی چه‌كی ده‌زگاكانی ڕفاندن و تیرۆری پشتی په‌رده‌ی تاڵانچیانی كوردستان, تا ئینسان له‌و ڕاستیه‌حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ تێبگات , كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵ و تاسه‌ر ئێسك فاسدی ئێستای كوردستان , له‌گه‌ڵ ئازادی بیركردنه‌وه‌و ڕاده‌ربڕین, له‌گه‌ڵ خۆشگوزه‌رانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی, له‌گه‌ڵ ژیانی شارنشینی و مه‌ده‌نیه‌ت , له‌گه‌ڵ مۆدێرنیزم و مافه‌سه‌ره‌تاییه‌كانی ئینسان ناكۆك و ناته‌با و دژ به‌یه‌كن. چه‌ند جاری تر ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان كاڵای ڕه‌ش بپۆشی, چه‌ندجاری تر ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان گه‌وره‌ترین زیانی كه‌مه‌رشكێنی ئینسانی و فكری وڕۆشنبیری لێ بكه‌وێت تا ئینسان به‌و ڕاستیه‌ ساده‌یه‌ بگات, كه‌ ئازادی له‌كوردستان, كه‌مینبه‌ری قسه‌كردن له‌ كوردستان, ته‌نیا بۆ فتواچیان و شمشێری تیرۆر ڕاوه‌شێنه‌ران و كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مێنانی تیرۆریزمی مه‌لابه‌شیره‌كان و عه‌شیره‌ته‌ هه‌وسارپچڕاوه‌كانه‌. مه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا بارزانی به‌ده‌می خۆی نه‌یووت (هه‌ركه‌سێ هێزی چه‌كدارمان به‌ هێزی چه‌كداری حزبی (میلیشیا) ناوزه‌د بكات له‌ كوردستان جێگای نابێته‌وه‌؟!. چ جای ئه‌وه‌ی وه‌كو سه‌رده‌شت عوسمان جورئه‌ت بكه‌یت و بڵێی سه‌ری ڕه‌ش سپی بووه‌‍‍.‍ ‍‍
هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك پێویست نیه‌ و خه‌ڵك به‌كرده‌وه‌ به‌و ڕاستیه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ ته‌نیا یه‌ك نوێنه‌ریش كه‌ نوێنه‌رایه‌تی قازانج و هیواو خواسته‌كانی لاوان, كرێكاران , ژنان, وبه‌شی هه‌ره‌ زۆری ده‌ستته‌نگانی كۆمه‌ڵگه‌ بكات, له‌ په‌رله‌مان نیه‌. كه‌سێك گومانی له‌و ڕاستیه‌ نه‌ماوه‌, كه‌ ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن په‌رله‌مانی كوردستان جگه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی مشتێك سه‌رمایه‌دارو تاڵانچیانی كۆمه‌ڵگه‌, كه‌نوێنه‌رایه‌تی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی كۆمپانیاكان و سه‌روه‌ت و سامانی به‌تاڵانبراوی عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ ده‌كه‌ن شتێكی تر نیه‌ . هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ولێر و دهۆك و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن, كه‌ له‌سیناریۆی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا, پارتی ماڵ به‌ ماڵ گه‌ڕاون و به‌هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین و له‌سه‌ركار ده‌ركردن و شاربه‌ده‌ركردن ولووله‌ی چه‌ك خه‌ڵكیان ناچار كردووه‌ كه‌ ده‌نگیان پێ بده‌ن. چونكه‌ ده‌زانن ئه‌گه‌ر كه‌مترین مافی متمانه‌ پێ به‌خشین بۆ خه‌ڵك ببوایه‌,خه‌ڵكی به‌ پارتی و ده‌سه‌ڵاتی ئێستایان نه‌ده‌ به‌خشی.
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك متمانه‌ی خه‌ڵكی بۆ پشتیوانی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ده‌ستدا, هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك قه‌ڵه‌مه‌ به‌كرێگیراوه‌كانی نێو ڕۆژنامه‌و میدیاكانی له‌ خۆشخه‌یاڵیدا ڕاگرتنی خه‌ڵك و شێواندنی ڕاستیه‌كاندا بێ توانامانه‌وه‌. ئیتر ده‌سه‌ڵات ملیۆن ملیۆن دۆلار له‌داهات و سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگه‌ ته‌رخان ده‌كات بۆ پێكه‌وه‌نانی چه‌ندین تۆڕی جاسوسی و باندی تیرۆر و ئینسان دزین و زیندانی نهێنی و ده‌زگای ڕفاندن و حه‌شارگه‌ی دووره‌ ده‌ست بۆ بێسه‌رو شوێن كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌په‌نای خه‌ڵكدا ڕاده‌وه‌ستن و ڕاستیه‌كانیان پێ ده‌ڵێن و به‌رچاو ڕۆشنیان پێ ده‌ده‌ن. ده‌زگای پاراستنی پارتی یه‌كێكه‌ له‌و ده‌زگایانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات و مه‌ودای ده‌ستڕۆیشتوویی له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌سعود بارزانی زیاتر نیه‌. ده‌زگایه‌كه‌ كه‌ بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌وه‌ی پارتی له‌ به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكدا مانگانه‌ ده‌ریایه‌ك سه‌روه‌ت و سامان ده‌كرێت به‌گه‌روویدا. ده‌زگایه‌كه‌ ئه‌گه‌ر میدیا زۆر و زه‌به‌لاحه‌كانی پارتی و مه‌لاكانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌كه‌یان له‌ قه‌زاوه‌گێڕی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ره‌قه‌تی ناڕه‌زایه‌تی قووڵی خه‌ڵك و ده‌نگی هه‌قخوازانه‌ی ئازادیخوازان نه‌هاتن, ئینجا به‌ وه‌زیفه‌ی خۆی هه‌ڵده‌ستێت.
شێواز و خه‌سڵه‌تی ڕفاندن و دواتر تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان په‌نجه‌ بۆ كرده‌وه‌ی ئه‌م ده‌زگایه‌ ڕاده‌كێشێت. هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و له‌ هه‌ناسه‌خستن و شار چۆڵكردنی پێشتر له‌ سه‌رده‌شت عوسمان, دواتر به‌ ڕۆژی ڕووناك و به‌پێشچاوی چه‌ندین پۆلیس و هێزی زێره‌ڤانی پێش ده‌رگای ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌جوانه‌كانه‌وه‌, سه‌یاره‌یه‌كی جام تاریك بوه‌ستێت و چوار كه‌س داببه‌زن و به‌زۆر كه‌سێك ڕاپێچی نێو سه‌یاره‌یه‌ك بكه‌ن. بێشك هه‌وڵی ڕفاندنی به‌زۆری هه‌ر كه‌سێك بدرێت . مومكین نیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رگری له‌خۆكردن و هه‌وڵی ده‌ربازبوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان و په‌لكێش و ڕاكێشی نێچیره‌كه‌یاندا به‌ره‌و ڕوو نه‌بن, هه‌موو ئه‌مانه‌ش كه‌م و زۆر چه‌ندین خوله‌ك كات ده‌خایه‌نێت و فرسه‌ت بۆ ئاگاداربوونی ڕێبواران و ئه‌وانه‌ی پاسه‌وانی ئه‌و جێگایه‌یان له‌ئه‌ستۆیه‌ ده‌خوڵقێنێ. به‌ڵام تیرۆریستان هێنده‌ دڵنیابوون و مه‌یدانیان بۆ چۆڵ بووه‌ كه‌ باكێكیان له‌ ده‌وروبه‌ر نه‌بووه‌. دواتریش به‌ نێو هه‌موو ئه‌و بازگانه‌ی پارتیدا ده‌ركراوه‌و براوه‌ته‌ موسڵ و له‌وێ فڕێدراوه‌. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌رده‌شت له‌ نووسینه‌كه‌ی خۆیداو پێش تیرۆر كردنه‌كه‌ی به‌هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڵێت كه‌ بكوژانی ئه‌و كێن ‍ ‍‍‍.
گومان له‌وه‌دانیه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا تاوان و تیرۆر و كوشتن به‌ڕێژه‌ی جۆراوجۆر ڕوو ده‌دات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌سه‌ڵات خۆی و به‌به‌رنامه‌ی له‌پێشدا بۆ داڕێژراو و له‌ڕێگای ده‌زگای له‌ پێشدا بۆ پێكهێنراوه‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی زنجیره‌یی قه‌تڵی عه‌مدی نه‌یارانی سیاسی خۆی بكات, ئیتر هیچ ڕێگایه‌ك له‌به‌ر ده‌م بزووه‌تنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكدا ناهێڵێته‌وه‌و مه‌سه‌له‌ی ڕووخاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ڕژێمه‌ به‌ ناچار ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستووری یه‌كه‌مین فرسه‌ت بۆ هه‌ڵكه‌وتنی جه‌ماوه‌ری ملیۆنی ناڕازی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه‌.
به‌داخێكی گرانه‌وه‌ ئێستا ئیتر سه‌رده‌شت عوسمان وه‌ك ئازادیخوازانی پێش خۆی بۆ هه‌میشه‌ ناومانی به‌جێهێشت, به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ تروسكاییه‌ك سه‌بووری ده‌خاته‌ نێو دڵمانه‌وه‌و توانای ئه‌وه‌مان پێ ده‌به‌خشێ كه‌ له‌ئاست ئه‌م كۆسته‌ گه‌وره‌یه‌دا خۆمان بگرین,خرۆشان و به‌ده‌نگهاتنێكی ملیۆنیه‌ كه‌سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی داگرتووه‌. ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی جوڵه‌ی ئه‌و دێوه‌یه‌ كه‌ ته‌نیاو به‌ته‌نیا ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و به‌دیهاتنی ئاواته‌كانی سه‌رده‌شت عوسمانه‌كان له‌گره‌وی خه‌به‌ربوونه‌وه‌یدایه‌. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان خه‌ریكه‌ پێ ده‌نێته‌ به‌رگریكردن له‌ نه‌وه‌كانی خۆی. هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌رگری له‌ خۆی و نه‌وه‌كانی كه‌ به‌ئێش و ئازار په‌روه‌رده‌یان ده‌كات و به‌رهه‌میان دێنێت نه‌كات, ده‌سه‌ڵات كۆمه‌ڵگه‌یان بۆ ده‌كاته‌ زیندان و نه‌وه‌كانیشی تێدا زینده‌به‌چاڵ ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان ته‌واوی سه‌روه‌ت و سامانی ماددی كۆمه‌ڵگه‌یان بردووه‌, ده‌یانه‌وێ سه‌روه‌توسامانه‌ ئینسانیه‌كه‌شی به‌رن. ده‌بێ به‌ هه‌موو لایه‌كمان نه‌هێڵین.
ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاچڵه‌كانه‌ی كه‌ سه‌رتاپای گیانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی داگرتووه‌ به‌رچاوی ڕۆشن بێت و بزانێت ده‌بێ بۆ كوێ بڕوات و چۆن ده‌كرێت گیانی نه‌وه‌كانی له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساتی له‌و جۆره‌ بپارێزێت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئارام و ئاسایش بۆ هه‌مووان دابمه‌زرێنێ, ئه‌وا مه‌رگی سه‌رده‌شت عوسمان نه‌ك مه‌رگێكی تراژیدی وه‌ك خۆی ده‌ڵێ نابێت, به‌ڵكو گه‌وره‌ترین سه‌روه‌ری له‌ مێژووی ناڕه‌زایه‌تی هه‌قخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا تۆمار ده‌كات و ئه‌و خوێنه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات پێشتریش بردوویه‌تی وه‌ریده‌گرینه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بتوانێت خه‌ڵكی فریو بدات و به‌وه‌عده‌و به‌ڵێنی پێكهێنانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون, خه‌ڵكی ناڕازی له‌ چاوه‌ڕوانیدا ڕابگرێت, ئه‌وا ڕووداوی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان ده‌بێته‌ داكوتانی تیژترین بزماری كۆنه‌په‌رستی و دژی ئازادی به‌جه‌سته‌ی خه‌ڵكی كوردستانداو, نه‌ك هه‌ر ژیانی زه‌رده‌شت عوسمانه‌كانی تریش ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌, به‌ڵكو هێڵی سووری موقه‌ده‌ساته‌كان وه‌ك داوی جاڵجاڵۆكه‌ به‌رده‌م زمان و بیركردنه‌وه‌ و ئه‌ندێشه‌ی هه‌ر كه‌سێكی ناڕازی ده‌ته‌نێت, كه‌ بیه‌وێ ده‌م هه‌ڵبێنێ و بڵێ نه‌خێر.
به‌بێ هیچ گومان و دوودڵیه‌ك ئێستا سه‌ركردایه‌تی پارتی كه‌ ئه‌زموونێكی ئیجگار زۆری له‌م باره‌یه‌وه‌ پشت سه‌ر ناوه‌, ئاوها مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕووداوه‌دا ده‌كات و چاوه‌دێری ڕه‌وشه‌كه‌ ده‌كات:
ئێستا خه‌ڵكی دڵیان گه‌رمه‌و ملیۆنه‌ها چاو له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌, ده‌بێ خۆمان وه‌ك هاوغه‌م و شه‌ریكی خه‌ڵك نیشان بده‌ین و ناڕه‌حه‌تی خۆمان له‌و ڕووداوه‌ به‌یان بكه‌ین. ده‌بێ ئه‌م ماوه‌یه‌ خۆتان بپارێزن له‌ هه‌رجۆره‌ لێدوانێك بۆ كه‌ناڵه‌كان. ئێمه‌ هه‌لومه‌رجی له‌م جۆره‌مان زۆر دیوه‌و هه‌رماوه‌یه‌كه‌ كه‌فوكوڵی خه‌ڵك داده‌مركێته‌وه‌و ڕووداوه‌كه‌ له‌بیر خه‌ڵكی ده‌چێته‌وه‌. وه‌ك لایه‌نی عه‌مه‌لیش ئه‌وه‌تا چه‌ندین لیژنه‌ی لیكۆڵینه‌وه‌مان بۆ به‌ دواداچوونی ڕووداوه‌كه‌پێكهێناوه‌, بێگومان ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ به‌ هه‌فته‌ و دوو هه‌فته‌ ته‌واو نابێت و كاتی ده‌وێت, ده‌بێ داوا له‌ خه‌ڵكی بكه‌ین كه‌ متمانه‌یان به‌ ئێمه‌ هه‌بێت و دره‌نگ یان زوو ئێمه‌ بكه‌رانی ئه‌و تاوانه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ین .
بۆ یه‌ ده‌بێ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م قه‌وانه‌ سواوه‌دا ئێمه‌ ڕابگه‌یه‌نین:
- پارتی ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ بكوژانی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ڕای گشتی خه‌ڵكی كوردستان ئاشكرا بكات و بكێشرێنه‌ دادگای ئاشكرا.
- ده‌بێ پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌یان به‌ پێش چاوی ته‌واوی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بێت و به‌ته‌واوی ئاشكرا بێت. تا ئاشكرابێت, نه‌خشه‌كێشان و بڕیارده‌ران و هاوكاریكه‌رانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و تاوانانه‌ كێن.
چونكه‌ هیچ دوور نیه‌و به‌ته‌واوی چاوه‌ڕوانكراوه‌ ئه‌گه‌ر پارتی بكه‌وێته‌ ژێر فشارێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی كوردستان و ناوه‌نده‌نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان. چه‌ند كه‌سێك له‌ ئینسانه‌ بێسه‌روشوێنه‌ حه‌شاردراوكانی نێو زیندانه‌كانی بهێنێته‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و به‌زه‌بری ئه‌شكه‌نجه‌و چه‌ك ئیعتیرافیان پێ بكات و دواتریش به‌ نهێنی ئیعدامیان بكات و سه‌ری مه‌سه‌له‌كه‌ بنێته‌وه‌.
- ده‌بێ ئازادی سیاسی, ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیركردنه‌وه‌و عه‌قیده‌, ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و خۆپیشاندان و مانگرتن, بێ هیچ قه‌ید و شه‌رت و ئه‌مماو ئه‌گه‌رێك به‌ڕه‌سمی بناسرێت و په‌رله‌مان و پارتی به‌فه‌رمی په‌سه‌ندی بكه‌ن.
جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی كوردستان. ئه‌ی ئه‌و ئینسانانه‌ی كه‌ به‌ بیستنی مه‌رگی سه‌رده‌شت عوسمان فرمێسك زایه‌ چاوه‌كانتان, ئه‌ی ئه‌و ئینسانانه‌ی كه‌ به‌ته‌نگ ئێستاو ئاینده‌ی چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌وه‌ن و ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ ژیانی منداڵانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ ئاوات ده‌خوازن , لاوانی حه‌ز و ئاره‌زوو تاسێنراو , ژنانی یه‌كسانیخواز, كرێكارانی شۆڕشگێڕ و ناڕازی, ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی , حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان.
به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بۆتان ده‌كرێت كۆڕی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه‌ جۆش بده‌ن,له‌ هه‌رسووچ و قوژبنێكه‌وه‌ بۆتان ده‌كرێت ده‌نگێكی زیاتر بن, درێغی مه‌كه‌ن و وه‌رن له‌گه‌ڵمان بن. هه‌وڵ بده‌ن مانگرتنی سه‌راسه‌ری له‌كوردستان به‌ڕێبخه‌ن, ده‌رگای قوتابخانه‌كان و زانكۆكان و كارگاكان و فه‌رمانگه‌كان و دوكانه‌كان و سوپرماركێته‌كان و نادیه‌كان و سه‌نته‌ره‌كان دابخه‌ن و یه‌ك ده‌نگ هاوار بكه‌ین ئاشكراكردنی تیرۆریستانمان ده‌وێت, لێناگه‌ڕێیین ڕۆڵه‌كانمان بدزن, سه‌روه‌ت و سامانی ووڵاتتان برد, ناهێڵین ڕۆڵه‌كانمان به‌رن. دڵنیا بن ئاینده‌یه‌كی باشتر ته‌نیا له‌گره‌وی ئیراده‌نواندنی جه‌ماوه‌ری هه‌مووماندایه‌.
مه‌رگ بۆ تیرۆرو تیرۆریستان و بكوژانی سه‌رده‌شت عوسمان و دوژمنانی ئازادی
بژی ئازادی بێقه‌یدو شه‌رتی سیاسی و بیروڕا و عه‌قیده‌ ‍
12 ئایاری 2010

 

           

 

16/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com