پـارتـــی شـــــــــــپرزه‌، هــه‌ڕه‌شـــه‌ ده‌كـــات !
 

  

تــاهــــــیر حه‌ســــــــه‌ن


tahirhassan1@yahoo.com


ڕۆژی 13ی ئه‌م مانگه‌ , واته‌ دوای تێپه‌ڕبوونی 9 ڕۆژ به‌سه‌ر كاره‌ساتی كوشتنی عه‌مدی (سه‌رده‌شت عوسمان) دا. مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌یاننامه‌یه‌كی خوێناوی ده‌ركرد. سیمای به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و به‌یانه‌ , وێڕای فتوای قه‌تڵ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ست بڕینه‌وه‌ و شمشێربادان. سه‌رتاپا شپرزه‌یی و ده‌ستوپێ وونكردن و هستریای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ری به‌ده‌نگهاتووی كوردستاندا نیشان ده‌دات. هه‌ر بۆیه‌ به‌یانه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ تۆپبارانێكی بێ ڕه‌سه‌دو كوێرانه‌ به‌هه‌موولایه‌كدا.
ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ته‌رجه‌مه‌ی زمانه‌كانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی بكرێت و فرسه‌تی ئه‌وه‌ هه‌ڵكه‌وێت له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بیخوێنیته‌وه‌, یان بینێریت بۆ ڕۆژنامه‌ی وه‌ك (نیۆیۆرك تایمز) یان (واشینگتۆن پۆست) یان (گاردیان) , وبه‌ سه‌رنووسه‌ری ئه‌و ڕۆژنامانه‌ یان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نه‌ڵێی ئه‌وه‌ به‌یانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌, كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی ناوی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستانی له‌خۆی ناوه‌!. هه‌موو واده‌زانن ئه‌و به‌یانی ده‌ست و قاچ په‌ڕاندنه‌ به‌یانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانیه‌. سه‌رنج بده‌نه‌ ئه‌م قسانه‌: (...جائه‌گه‌ر زوو ده‌ستی ڕه‌شی نه‌گریسیان نه‌بڕینه‌وه‌. .... به‌و تاقمه‌ گێره‌شێوێنه‌ تاوانكاره‌ش ڕاده‌گه‌یه‌نین, كه‌ ئه‌وان لای ئێمه‌ ناسراون و سه‌ره‌داوه‌كانی پیلانه‌كه‌یان و ئامانجه‌كانیان ئاشكرا بووه‌...!!) .
ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ده‌زگایه‌كی یاسادانان له‌ كوردستان هه‌یه‌و ناوی په‌رله‌مانه‌ ؟, ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی ده‌زگایه‌كی به‌ڕێوه‌بردن له‌ كوردستان هه‌یه‌و ناوی حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستانه‌؟ . چۆن ده‌كرێ حزبێك به‌به‌یاننامه‌یه‌ك و به‌پێشچاوی حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌م هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و ده‌ست و پێ قرتاندنانه‌ بكات و كه‌سیش نه‌بێت بڵێ پشتی چاوت برۆیه‌!. له‌هه‌ر ووڵاتێكدا كه‌ له‌لانی كه‌می ستانداردی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌هره‌مه‌ند بێت, بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یانێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی, به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌و حزبه‌ له‌ لیستی ئه‌حزابی قه‌ده‌غه‌كراودا تۆمار بكات. چ جای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كه‌ی سه‌رۆكی ووڵات بێت !!.
به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هه‌وڵدانه‌ بۆ ڕه‌نگڕشتنی ئاشووبێك له‌ كوردستان, كه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ ته‌واوی بڵاوكراوه‌كان و كه‌ناڵه‌ئاسمانیه‌كانی پارتی و مووچه‌خۆره‌كانی یه‌كێتی قووتابیان و ڕۆژنامه‌نووسه‌كانیان له‌ میدیاكانیانه‌وه‌ سه‌رقاڵین. پارتی ئاگاهانه‌و ئامانجدارانه‌ ده‌یه‌وێت سه‌رنجی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر خوێنی ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) و مه‌سه‌له‌ی ئازادی بگوێزێته‌وه‌ وئاشووبی تێكهه‌ڵچوونی سۆرانی و بادینی و هه‌ولێری و سلێمانی له‌ جێگای بخوڵقێنێ. بۆ ئه‌مه‌ ئاگاهانه‌ تێده‌كۆشێ ته‌واوی خرۆشانه‌جه‌ماوه‌ریه‌كانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ له‌دژی تیرۆری ( سه‌رده‌شت عوسمان) بدات به‌ ملی بزووتنه‌وه‌ی (گۆڕان) داو, خۆی له‌خواستی جه‌ماوه‌ری به‌گیانهاتووی خه‌ڵكی كوردستان بدزێته‌وه‌. خۆ كه‌ڕكردنی بزووتنه‌وه‌ی (گۆڕان) یش ئه‌وه‌یه‌, كه‌ ده‌زانێت به‌هه‌ر حاڵ سبه‌ینێ ده‌بێ ئه‌ندامه‌كانی بچنه‌وه‌ هۆڵی په‌رله‌مان وسه‌رئه‌نجام مووچه‌ و بودجه‌و نه‌سریه‌ی حزبه‌كه‌یان له‌ پارتی وه‌ربگرن. ناكرێ له‌سه‌ر خوێنی ڕۆژنامه‌ نووسان پارتی زۆر زوویر بكه‌ن له‌ خۆیان!.
ڕیشه‌ی پایه‌ی ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تی هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ جێگه‌یه‌كی تردایه‌, ئه‌م هاتنه‌ مه‌یدان و به‌خۆداهاتنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌, كه‌ هه‌رجاره‌ی له‌ ده‌وری مه‌سه‌له‌یه‌كی دیاریكراو ته‌وه‌ره‌ ده‌به‌ستێ, له‌خۆوه‌ و كتوپڕ نیه‌. ئه‌م خه‌باته‌ مێژوویه‌كی هه‌یه‌, خاوه‌نی قوربانی ئێجگار قوورسه‌, چه‌ندین جار كه‌وتووه‌و هه‌ستاوه‌ته‌وه‌, چه‌ندین جار خامۆشكراوه‌ و پشتی ڕاستكردۆته‌وه‌, چه‌ندین جارسه‌ری لێتێكدراوه‌و خۆشخه‌یاڵ كراوه‌. به‌ڵام هه‌تا هاتووه‌ ئه‌زموونی زیاتری پشتسه‌ر ناوه‌و به‌رچاوی ڕۆشنتر بووه‌. به‌ڵام هیچ كه‌سولایه‌نێك نه‌یخوڵقاندووه‌. ئه‌گه‌ر مه‌كته‌بی سیاسی پارتی یان هه‌ر كه‌سێكی تر له‌و باوه‌ڕدا بێت , كه‌ به‌كرده‌وه‌ی سیاسی ده‌رهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌وتۆته‌ سه‌ر میزاج و حه‌زو ئاره‌زوو, یان قازانجی هه‌ر حزب و لایه‌نێك و هه‌ركاتێك مه‌به‌ستی بوو ده‌توانێت ئه‌و پلاكه‌ داگیرسێنێت, ئه‌وا یان بێئاگایی خۆی له‌ سیاسه‌ت و قانوونمه‌ندی به‌ڕێوه‌چوونی كۆمه‌ڵگه‌ نیشان ده‌دات, یان مه‌به‌ستیه‌تی به‌زۆر بیخاته‌ خانه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ.
شۆڕش , خۆپیشاندان, مانگرتن, یاخیبوون, هه‌موویان میكانیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تین بۆ گۆڕین. هیچ كه‌س و تاقمێك ناتوانێت بیانخوڵقێنێت یان به‌رپایان بكات. ئه‌حزابی سیاسی جۆراوجۆر ده‌توانن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئاسۆی به‌ڕێوه‌چوونیه‌وه‌ هه‌بێت, به‌ڵام ناتوانن دروستی بكه‌ن. كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئاماده‌ی هاتنه‌مه‌یدان و كرده‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت, كه‌س ناتوانێت به‌زۆر بیهێنێته‌ مه‌یدان . كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیش وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چینایه‌تی هاوچه‌رخ له‌م ڕێسایه‌ به‌ده‌ر نیه‌.
مێژووی زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان تا به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 سه‌رتاپا كوشتارو ئه‌نفال وكیمیاباران وڕاگواستن وئیعدام وگووله‌باران وشه‌ڕو زیندان وئه‌شكه‌نجه‌و سه‌ركوت بووه‌ به‌ده‌ست ڕژێمی بۆرژوا فاشستی به‌عسه‌وه‌. وا زیاتر له‌ 19ساڵیشه‌ ژیانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ ده‌ست دوو تاقمی میلیشیای تفه‌نگچی بۆرژوا ناسیونالیزمی كوردیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ. دزی وتاڵانی و گه‌نده‌ڵی و ڕاووڕووت و فه‌سادی ئیداری, بێحكومه‌تی وبێ قانوونی, سه‌رگه‌ردانی سیاسی ونه‌بوونی ناسنامه‌ی ووڵاتی, كۆشكی شاهانه‌ بۆ خۆیان و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان و ژیانی ده‌ستته‌نگ وته‌حقیر ئامێز بۆبه‌شی هه‌ره‌ زۆری دانیشتوان. سه‌ركوت و ڕاوه‌دوونان و هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین و ته‌قه‌له‌خۆپیشانده‌ران, كوشتنی نامووسی سه‌دان هه‌زار ژن, دزین وتیرۆری ڕۆژنامه‌نووسان, له‌په‌راوێزی سیاسه‌تدا ڕاگرتنی خه‌ڵك وبازرگانی حزبی به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵك وكۆمه‌ڵگه‌وه‌ , هه‌موو ئه‌مانه‌ سیمای تراژیدی ژیانی زیاتر له‌ 19ساڵی خه‌ڵكی كوردستانه‌. خه‌ڵكی ئیتر ده‌یه‌وێ ئه‌م تراژیدیایه‌ بگۆڕێ, خه‌ڵكی ئیتر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ناوێ. خه‌ڵك عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیان ده‌وێ, قانوونی ئینسانی و ده‌سه‌ڵات وحكومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ك ونانبڕینیان ده‌وێ, دابه‌شكردنی وه‌ك یه‌كی سه‌روه‌توسامانی كۆمه‌ڵگه‌یان ده‌وێ, ئازادی بێقه‌یدو شه‌رتی سیاسی وڕۆژنامه‌گه‌ری و بیروڕاو عه‌قیده‌یان ده‌وێ, ژیانێكی شایسته‌ی ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان ده‌وێ. ئیتر هه‌ڵڕشتنی فه‌رده‌ پێڵاوی لاستیك كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێ به‌شاخه‌وه‌ دڕاندوومانه‌ ناتوانێت نیوه‌ی دانیشتوانی كوردستان كه‌ لاوانن بخه‌ڵه‌تێنێ. ئێمه‌ زۆر زوو ووتمان, ئه‌گه‌ر كابووسی هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌موو ڕۆژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس بۆ كوردستان به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ نه‌مێنێ, خه‌ڵكی مۆدێرن و غه‌ربی كوردستان ناتوانن ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماعه‌تێك عه‌شایه‌ری تفه‌نگچی كه‌ به‌زۆری چه‌ك وگوولله‌ خۆیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌پاندووه‌, قبووڵ بكه‌ن. داواكردنی خه‌ڵك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی خوێنی سه‌رده‌شت عوسمانه‌كان ته‌نیا ئه‌مه‌ بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌تی نه‌ك هیچ شتێكی تر. ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی ئاگاهانه‌ ده‌یه‌وێ ته‌واوی ئه‌م دیارده‌ سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌ بدات به‌ ملی (گۆڕان)دا, ئه‌مه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ بچوك نیشاندانی هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵكی كوردستان, و بواركردنه‌وه‌ی بۆده‌ستوپێ قرتاندنی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له‌لایه‌كی تره‌وه‌. وه‌ك ڕۆژی ڕووناك دیاره‌و هیچ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه‌كی ناوێ, بزووتنه‌وه‌ی (گۆڕان) یش هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكدا ده‌بێت, كه‌ تۆزێك فشاری پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵسوڕانی ڕه‌وته‌كه‌ی له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا له‌سه‌ر خۆی كه‌م بكاته‌وه‌. ده‌نا ئه‌ویش سه‌رئه‌نجام وه‌ك ڕه‌وتێكی بۆرژوا ناسیونالیزمی كورد ده‌چنه‌وه‌ نێو كاسه‌ی یه‌ك بزووتنه‌وه‌ كه‌پارتی ویه‌كێتی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.
هاوسۆزی و هاوخه‌باتی و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی خه‌ڵكی شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان, له‌سلێمانی و چه‌مچه‌ماڵ و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌و ڕانیه‌و قه‌ڵادزه‌ وه‌ تا هه‌ولێرو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری , چاو به‌فرمێسك و ده‌ست له‌سه‌ر دڵ و ده‌ست له‌نێو ده‌ستی شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان , گه‌رووی هاوار به‌یه‌ك تێكه‌ڵكردنی خه‌ڵك له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی كوردستان بۆ ئازادی و ئاشكراكردنی تیرۆریستان, زۆر له‌وه‌ تۆكمه‌تر و مه‌حكه‌متر خۆی نیشانداوه‌, كه‌ بتوانرێت به‌ پیلانی منداڵانه‌ی سۆرانی و بادینی و هه‌ولێرو سلێمانی, ڕیزه‌كانی خه‌ڵك شه‌ق بكرێت. هیچ گومانێك له‌وه‌دا نیه‌, ئه‌گه‌ر سێبه‌ری سه‌ركوت له‌ بادینان كه‌متر بوایه‌ شاری دهۆك و زاخۆ و سومێل و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شانۆی خۆپیشاندانی ده‌یان هه‌زار كه‌سی وه‌ك هه‌ولێر وسلێمانی ده‌بوون. ناڕه‌زایه‌تی چه‌ندین ساڵه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ دژی تاڵان وبڕۆیی, له‌دژی گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداری, له‌دژی بێ قانوونی و بێ حكومه‌تی, له‌دژی تیرۆر و نائه‌منی و كوشتارو سه‌ره‌تانی شه‌ڕی ناوخۆ و ... هیچ كاتێك به‌سنووری هیچ شارێكه‌وه‌ سنووردار نه‌بووه‌و ته‌واوی كوردستانی داگرتووه‌. هه‌مووپێكه‌وه‌ باجه‌كه‌یمان داوه‌و هه‌مووپێكه‌وه‌ له‌ دژی هاتووینه‌ته‌ مه‌یدان.
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ئیتر به‌گیان هاتووه‌و ده‌یه‌وێ پارێزگاری له‌ ڕۆڵه‌كانی خۆی بكات. هه‌ر حزبێكیش ده‌یه‌وێ گۆشه‌یه‌ك له‌ ئینسانیه‌ت و پارێزگاری له‌ كه‌رامه‌تی ئینسانی و مافه‌خوراوه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا له‌ مێژووی خۆیدا تۆمار بكات, بێ چه‌ند و چوون بێته‌ په‌نای جه‌ماوه‌ری ناڕازی و هه‌قخوازی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌.
پارتی مولزه‌مه‌ تیرۆریستان ته‌سلیم به‌ دادگای ئاشكراو بێلایه‌ن بكات و سه‌ر بۆ خواستی ملیۆنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ ئازادی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی, ئازادی عه‌قیده‌و ئه‌ندێشه‌, ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و هه‌ڵسوڕانی سیاسی دابنه‌وێنێ و پێشێلی نه‌كات.
17 ئایاری 2010

 

           

 

18/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com