ڕۆژی 17 ی ئه‌م مانگه (مه‌لابه‌ختیار) له
ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی خۆیاندا (چاو‌دێر) , له‌ژێر ستوونی
(هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆ) دا بابه‌تێكی له ژێر ناوی (شه‌هید
سه‌رده‌شت و ئازادی) دا بڵاوكرده‌وه. ئه‌و بابه‌ته‌ی
(مه‌لا به‌ختیار) كه سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆ
خوێندنه‌وه‌ی ڕاده‌كێشم. دان له‌بنی هه‌مانه‌كه‌یه و
ئاشكراكردنی بكوژانی ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان)
ه. ئه‌و بێ پێچ و په‌نا ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر شه‌هید
سه‌رده‌شت بمابایه, نووسه‌رێكی تر له‌سه‌ر خوشكی خۆی,
یان له‌سه‌ر دایكی , یان ته‌نانه‌ت خزمێكیشی , به‌م
شێوه‌یه‌ی كه خۆی نووسیوویه‌تی , نووسیبای, ئاسان بوو
قبووڵی بكات؟. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئاسان نه‌بوو....
دڵنیام ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه ماویشن نووسینی له‌و
بابه‌ته له دژی ژنیان ,كچیان ,خوشكیان و كه‌سێكی
نزیكیان بنووسرێ , پێیان قووت ناچێ ).
مه‌لابه‌ختیار نه‌ك ناڵێ بكوژانی سه‌رده‌شت پارتی نیه
, به‌ڵكو دروست ده‌ڵێ ئه‌وانن !, به‌ڵام ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر
(سه‌رده‌شت) یش و هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ك سه‌رده‌شت بیر
ده‌كه‌نه‌وه, به‌و شێوه‌یه باسی دایك و خوشك و ژن
وته‌نانه‌ت خزمێكیشیان , كه سه‌رده‌شت كردویه‌تی
بكرێت , پێی قووت نه‌ده‌چوو!. دیاره پێ قووت نه‌چوون
له ڕه‌خنه‌و هه‌ڕه‌شه و داركاریه‌وه ده‌گرێته‌وه
هه‌تا ڕفاندن وكوشتن !!. جا بۆ تاقمێكی خاوه‌ن
هه‌زاران تفه‌نگچی وه‌ك پارتی هه‌ر عه‌یب و ئابڕوو
چوون بوو ڕه‌خنه بگرن !. مه‌لابه‌ختیار ده‌یه‌وێ بڵێ
تیرۆری سیاسی سه‌رده‌شت عوسمان تیرۆری نامووسیه,
به‌ڵام له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆكدا!. كه‌وایه مه‌لا
به‌ختیار ده‌بێ ئاو بكات به‌ده‌ستی خوێناوی ئه‌و
هه‌زاران براو كه‌سوكارو خزمانه‌دا, كه له 19ساڵی
ڕابردوودا و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا به به‌هانه‌ی
نامووسی ده‌یان هه‌زار ژن, ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی
كوردستانیان له خوشك و ژن و ئامۆزا و خزمیان به
ده‌ستی خۆیان نایه ژێر گڵ !. ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت له
نووسینه‌كه‌یدا فه‌نتازیایه‌كی ئه‌ده‌بی به‌خه‌رجداوه
بۆ وێناكردنی ژیانی مشتێك ئیمپراتۆری كوردستان و
چه‌ندین ملیۆن ئینسانی ده‌ست ڕه‌نگین و كه‌م
ده‌رامه‌ت, ڕه‌نگه ئه‌وانی تر عه‌شقی ڕاسته‌قینه
بووبێتن و نامه گۆڕینه‌وه و نووكه و ماچیشی
تێكه‌وتبێ !. ئه‌گه‌ر پێًوانه پێدانی مافی
به‌رگریكردن بێت له نامووس وه‌ك كاكه مه‌لا ده‌ڵێت,
خۆ ناكرێت بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و بنه‌ماڵه‌كه‌ی گران و
ڕه‌وا بێت و بۆ خه‌ڵكی تر ناڕه‌واو هه‌رزان!!. ئه‌ی
هاووار تۆ ته‌ماشا كه‌ن كاتێك قافیه‌ی سیاسه‌ت و
ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا له‌ق ده‌بێت, چۆن ئینسان ڕه‌زیل
ده‌بێت !.
چی ڕوویدا كاكه مه‌لا؟!. ڕۆژی 8ی مانگ, واته دوای
دوو ڕۆژله دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌رده‌شت عوسمان
وخرۆشانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان, له‌هه‌مان
ماڵپه‌ڕدا ووتت : (ئه‌نجامدانی تاوانی وا, له‌سه‌ر
هه‌رچیه‌ك بێت, تاوانه, چ جای له‌سه‌ر بیری ئازاد
بێ). چۆنه وا له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا تیرۆری سیاسی
بوو به تیرۆری نامووسی ؟!.
ئه‌م بادانه‌وه‌یه‌ی مه‌لابه‌ختیار له دوای
كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر دوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وپارتی
دێت, كه ڕۆژی 16ی مانگ واته ڕۆژێك پێش نووسینه‌كه‌ی
مه‌لا به‌ختیار له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو. به پێی
ووته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی. پارتی زۆر
له‌یه‌كێتی نیگه‌رانه. ئه‌م نیگه‌رانیه بێشك له‌و
كۆبوونه‌وه‌یه‌دا دراوه به ڕووی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیدا و مه‌سئولیه‌تی زیاتری له ڕاستای
خامۆشكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به گیانهاتووی كوردستان
له‌دژی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان, خراوه‌ته ئه‌ستۆ.
ته‌نانه‌ت نه‌چوونی بارزانی بۆ كۆبوونه‌وه‌كه, پێ
ده‌چێت گۆشه‌یه‌ك بێت له‌و نیگه‌رانیه, چونكه
ده‌مێكه كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی
هه‌ردوولایان یان به‌سه‌رپه‌رشتی تاڵه‌بانی و بارزانی
به‌ڕێوه ده‌چێت, یان یه‌كێكیان.
مه‌لابه‌ختیار عه‌یامێكه, له‌ڕێگای نووسین و
ده‌ركردنی كتێب له‌سه‌ر ڕه‌وتی دیموكراسی و مێژووی
مۆدێرنه و پۆست مۆدێرنیزم,هاوكات له ئه‌ستۆگرتنی
پۆستی ڕێكخراوی لاوانی حزبه‌كه‌ی و كاروباری وه‌رزش و
ئۆلۆمپی و مه‌سه‌له‌ی گه‌نجان,تێده‌كۆشێ ئه‌و سیمایه
له خۆی نیشان بدات, كه ئینسانێكی مۆدێرن و ئیمڕۆیی
تره, قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و خوێنه‌وارتره‌و وه‌ك به‌شی
هه‌ره زۆری سیاسیه‌كانی نێو حزبه‌كانی كوردستان, هیچ
شتێك نایبه‌ستێته‌وه به عه‌شیره‌ت و تایه‌فه‌و
بنه‌ماڵه‌وه. به‌ڵام پارتی ڕیسه‌كه‌ی لێ كرده‌وه به
خوری و به‌ڕاستی كردیه‌وه به‌مه‌لا!!.
مه‌لابه‌ختیار هه‌وڵده‌دات به‌رگریكردنه
نامووسیه‌كه‌ی له‌پارتی و هۆی ڕوودان و هۆكاره‌كانی
تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه , و
بیكاته ملی په‌تایه‌ك كه(سه‌رده‌شت) و هه‌زارانی
وه‌ك ئه‌وو ته‌نانه‌ت مه‌لا به‌ختیاریش(وه‌ك خۆی
ده‌ڵێ) سه‌رده‌مانێك ئالووده‌ی بووه, ئه‌ویش په‌تای
دروشمی ئازادی بێقه‌ید و شه‌رتی سیاسیه كه زۆر كه‌س
پێی ئالووده بوون.
مه‌لابه‌ختیار ده‌ڵێ : ( خۆم باوه‌ڕم وایه ئه‌م
ئازادیه( مه‌به‌ستی ئازادی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسیه),
كه‌متر خزمه‌تی ئازادی كردووه, به‌ڵكو خزمه‌تی
دوژمنه‌كانی ئازادی زیاتر كردووه. خۆشم یه‌كێك بووم
له‌و كه‌سانه‌ی كه‌مێك كه‌وتمه ناو ئه‌و فه‌زایه‌ش.
هه‌تا ساڵه‌كانی 1991 بۆ 1992 چه‌ند جارێك ئه‌و
دروشمه‌م ووتۆته‌وه. به‌ڵام ئه‌زموون ده‌ریخست,
دروشمێكه له‌ناو واقعدا جێگه‌ی بكرێته‌وه, ته‌نانه‌ت
خزمه‌تی ئازادیش ناكات .).(سایتی چاو‌دێر).
ڕێگه بده‌ن به‌ر له‌وه‌ی قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر قسه‌كانی
مه‌لابه‌ختیار بكه‌م, با بزانین (مه‌سعودبارزانی) ش
له‌مه‌ڕ ئازادی چی ده‌ڵێ :
(مه‌سعود بارزانی) له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا
له‌گه‌ڵ فیدراسیۆنی قووتابیان و خوێندكارانی كوردستان
كه‌ڕۆژی 25/5 له سه‌لاحه‌دین به‌ڕێوه چوو ئاوها
له‌سه‌ر چه‌مكی ئازادی له‌كوردستان قسه‌ی كرد: ( هه‌تا
یه‌كڕیز بین ده‌توانین ده‌سكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست
بهێنین. له ئه‌وله‌ویاتی ئێمه‌شه ئه‌و یه‌كڕیزیه
بپارێزین. به‌مه‌رجێ له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی
باڵای گه‌لی كوردستان ده‌رنه‌چێ. بوونی بۆچوونی جیاواز
شتێكی سروشتیه, به‌ڵام له‌ئاست پرسه ستراتیژی و
نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا پێویسته یه‌كبین... هه‌ندێ
موقه‌ده‌سات هه‌ن ناكرێ تۆ پێشێلیان بكه‌یت, ئازادی
سنووری هه‌یه, هه‌ڵبه‌ستنی بوختان و ئیستیغلال كردنی
هه‌ندێ كه‌موكوڕی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی شتێكی
خراپه. تۆ ڕای خۆت به مه‌عقولی بده, به‌ڵام شتی
ژه‌هراوی مه‌ڕێژه, چونكه فیتنه‌ی لێ دروست
ده‌بێت..... سه‌باره‌ت به ئێمه ته‌شهیركردن به
ئایین و مه‌زهه‌ب یان به هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان,
یانیش كاركردن بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و به‌ها ئه‌خلاقیانه‌ی
كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی پێ ناسراوه‌و , هه‌روه‌ها
دروستكردنی پشێوی له نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كاندا,
هێڵی سوورن و تاله‌و پۆسته‌شدا بم, بواری ئه‌وه
ناده‌م له ژێر په‌رده‌ی ئازادی پشێوی دروست بكرێت..)
(سایتی زاگرۆس تی ڤی) .
من تا ئێستا هیچ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكم له دنیادا
نه‌دیووه‌و نه‌بیستووه , كه‌خۆی به‌ده‌می خۆی ووتبێتی
من حكومه‌تێكی دیكتاتۆر و سه‌ركوتگه‌رم و هیچ جۆره
ئازادی و مافێك بۆ هاووڵاتیان به‌ڕه‌سمی ناناسم. له
ده‌سه‌ڵاته ئیسلامیه‌كه‌ی جانه‌وه‌رێكی وه‌ك خومه‌ینی
وخامه‌نه‌ئی ه‌وه, كه هه‌فته‌ی ڕابردوو ملی پێنج
ئینسانی دڵ پڕ له‌هیوای كرد به په‌تا, تا ڕژێمه
سه‌رتاپا خوێناویه‌كه‌ی دوێنێی به‌عس و مشایه‌خه‌كانی
عه‌ره‌بستانی سعودیه‌وه , كه نیوه‌ی دانیشتوان كه
ژنانن هێشتا مافی ده‌نگدان و جلوبه‌رگ پۆشینیان نیه!.
هیچ یه‌كێك له‌مانه نه‌یان ووت و ناڵێن ئێمه دژی
ئازادین و ده‌می هاووڵاتیانمان دووریووه .
سه‌دام حسێن و ڕژێمه‌كه‌ی ده‌یان ووت ئازادی بۆ
ته‌واوی خه‌ڵكی عێراق به‌ركه‌ماڵه له باكوره‌وه تا
باشوور, به‌ڵام به‌شه‌رتێ ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕش
نه‌خاته ژێر پرسیار!. ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵ
سه‌لامه‌تی خاكی عێراق و ده‌وڵه‌ت و گه‌ل ونیشتیمان و
حكومه‌تی شۆڕش!. سنووری به‌هاكانی ئیسلام و كه‌لتووری
ووڵات و ده‌ستووری ووڵات نه‌به‌زێنێ!. ئێستا هیچ
به‌ڵگه‌یه‌ك پێویسته تا ئینسان ئه‌و ڕاستیه
بسه‌لمێنێ , كه ئه‌گه‌ر ئازادی ئه‌و هه‌موو شه‌رتی
چه‌قۆیه‌ی له‌سه‌ر دانێی جگه له قاوغێكی پووچ و
بێناوه‌ڕۆك چی تری لێده‌مێنێته‌وه؟!. مێژووی ژیانی
ئه‌سه‌فباری زیاتر له35 ساڵی خه‌ڵكی عێراق له‌سایه‌ی
ئه‌و ئازادی به‌شه‌رتی چه‌قۆیه‌ی به‌عسدا, به خوێنی
سه‌دان هه‌زار ئینسان نووسراوه. خه‌ڵكی عێراق و
كوردستان له‌سایه‌ی به‌عسدا ئازادیان هه‌بوو, به‌ڵام
ئازادی به‌شه‌رتی چه‌قۆی ئه‌و هه‌موو موقه‌ده‌ساتانه.
ئه‌مه بێجگه له ئازادی بێ‌سنوور بۆ ڕژێم و
ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و سه‌ركوت و نابووت بوون بۆ
دانیشتوان. بێجگه له ئازادی مانه‌وه‌و قه‌زاوه‌گێڕی
بۆ ده‌سه‌ڵات ,و ئه‌نفال و ئیعدام و ده‌م دوورینیش بۆ
خه‌ڵك , نه‌یتوانی مانایه‌كی تری هه‌بێت . خه‌ڵكی
عێراق و كوردستان به درێژایی مێژووی زیاتر له 35ساڵَ
له‌دژی ئه‌و ئازادی به قه‌ید وشه‌رته‌ی ڕژێم
خه‌باتیان كرد وتێكۆشان بیكه‌ن به ئازادی بێقه‌ید
وشه‌رت !.
من ئیتر له‌و حیكمه‌ته‌ی مه‌لا به‌ختیار تێناگه‌م, كه
چۆن ئازادی بیٌقه‌یدوشه‌رت كه‌متر خزمه‌تی ئازادی
كردووه‌و زۆرتر خزمه‌تی دوژمنانی ئازادی كردووه !!.
مه‌لابه‌ختیار و بارزانی ده‌یانه‌وێ بڵێن, ئه‌گه‌ر
ئازادی سنوورێكی نه‌بێ, ئه‌وا كه‌سانێك خراپ كه‌ڵك
له‌و ئازادیه وه‌رده‌گرن و بوختان و تانه‌و ته‌شه‌ر
بڵاو ده‌كه‌نه‌وه !. من ده‌پرسم ئێوه ده‌توانن
په‌نجه بخه‌نه سه‌ر چه‌ند حاڵه‌تێك كه كه‌سانێك
خراپ كه‌ڵكیان له ئازادی وه‌رگرتبێ و كه‌رامه‌تی
كه‌سێك تیایدا شكابێ, یان ژیانی شه‌خسی كه‌سێك تاڵان
كرابێ و سه‌رئه‌نجام به هۆیه‌وه كاره‌ساتێك ڕوویدا
بێت؟!. به‌ڵام من ده‌توانم به بێ هیچ گومانێك بڵێم
كه ته‌واوی ڕۆژنامه‌كانی كوردستان به‌شی نووسینه‌وه‌ی
ئه‌و كاره‌ساته دڵته‌زێنانه ناكات كه له‌سایه‌ی
ئازادی به‌قه‌ید و شه‌رت و كلكو گوێ كراودا به‌نسیبی
ئینسانه‌كانی كۆمه‌ڵگه كوردستان بووه. تازه‌ترین
ئێشیان تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمانه!. 19ساڵه ئازادی
بێ‌سنوور له ده‌ستی یه‌كێتی و پارتیدایه. ئه‌گه‌ر
قه‌رار بێت كه‌سانێك خراپ كه‌ڵكیان له‌و ئازادیه
وه‌رگرتبێ, ئه‌وه یه‌كێتی و پارتین. له‌شه‌ش ساڵی
ڕه‌به‌قی جه‌نگی ناوخۆیاندا, وێڕای نابووتكردنی زیاتری
كۆمه‌ڵگه, ناشیرین‌ترین ووشه‌یان له ته‌له‌فزیۆن و
بڵاوكراوه‌كانیانه‌وه به‌یه‌ك ووت. ئه‌گه‌رجاروبار و
لێره‌و له‌وێ فه‌رهه‌نگێكی ناشیرینی دیالۆگ و نووسین و
ڕاگۆڕینه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رچاو بكه‌وێت,
ئاسه‌واری چڵكاوێكه كه ئه‌وان ڕشتوویانه. ئه‌گه‌ر
له ووڵاتێكدا قانوونێكی مۆدێرن هه‌بوو, هه‌ركه‌سێك
ناوی كه‌سێكی زڕاند, یان ژیانی شه‌خسی كه‌سێكی تاڵان
كرد‌و بردیه نێو میدیاكان, ده‌توانرێ به‌ڕێگای قانوونی
ئه‌و كه‌سه, یان بڵاوكراوه‌یه بدرێته دادگا‌و
له‌حاڵی مه‌حكوم بوونیدا سزای قانوونی خۆی وه‌ربگرێت.
به‌ڵام به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین و
خۆپیشاندان و مانگرتن و عه‌قیده‌و به‌یان و
بیركردنه‌وه, هه‌میشه به‌هانه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته
سه‌ركوتگه‌ر و دواكه‌وتوانه‌یه كه خه‌ڵكه‌كه‌ی له
فرسه‌تێك ده‌گه‌ڕێن بۆ هه‌میشه گۆڕی وون كه‌ن و
هه‌ناسه‌یه‌كی ئازادی هه‌ڵمژن. ئه‌م به‌هانه‌یه وه‌ك
ئه‌وه وایه به بێژنگێكی شه‌قوشڕی پڕ شه‌به‌ق به‌ری
خۆر بگریت!.
وه‌رن با تۆزێك قسه‌كانی بارزانی له‌مه‌ڕ ئازادی بێ
توێكڵ بكه‌ین. ئه‌و ده‌ڵێ!. بۆچوونی جیاواز شتێكی
سروشتیه,تۆ ڕای خۆت به مه‌عقولی بده.!به‌ڵام ,
به‌مه‌رجێ له‌پێشدا به‌شته‌چاكه‌كاندا هه‌ڵده‌ی
!.چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی كوردستان
نه‌به‌زێنێ !.پرسه ستراتیژی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان
له‌به‌رچاو بگری !.پاشان ڕاكه‌ت ژه‌هراوی نه‌بێت (
یه‌عنی دژی پارتی نه‌بێت), فیتنه دروست نه‌كات
(یه‌عنی هانی خه‌ڵك نه‌دات بۆ ناڕه‌زایه‌تی) !. دژی
ئایین و مه‌زهه‌ب نه‌بێت !. ته‌شهیر نه‌بێت به هێما
نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان ( دژی مێژووی پارتی و سه‌رۆكی
پارتی نه‌بێت !) , دژی ئه‌و به‌ها ئه‌خلاقیانه‌ی كه
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی پێ ناسراوه نه‌بێت (مه‌علوم
نیه كام به‌ها, زۆر شت هه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات به‌هان و
بۆ خه‌ڵك بابه‌تی نووكته‌ن). په‌شێوی له نێوان
لایه‌نه سیاسیه‌كاندا دروست نه‌كات؟!.
ده‌لیل هێنانه‌وه‌ی بۆچیه, ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت
به‌م هه‌موو شه‌رت و مه‌رجانه قسه بكات, باشتره به
جه‌نابی بارزانی بڵێ خۆت له جیاتی من قسه بكه,
له‌جیاتی من بنووسه, له‌جیاتی من بیربكه‌ره‌وه !!.
ئه‌گه‌ر بوێرین بڕێك له‌جه‌نابی سه‌رۆك بچینه
پێشه‌وه‌و لێی بپرسین. جه‌نابی سه‌رۆك مه‌به‌ستت چیه
كه ده‌ڵێی ڕای خۆت به مه‌عقولی بده؟!. مه‌عقول
له‌لای تۆ چی ده‌گه‌یه‌نێ؟!. بپرسین جه‌نابی سه‌رۆك
مه‌به‌ستت له به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی كوردستان و
پرسه ستراتیژی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان چیه كه نابێت
كه‌س نادیده بیگرێت؟!. ئاخر خۆ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای
گه‌لی كوردستان دوو زائید دوو نیه له ته‌واوی
دنیاداو لای هه‌موو كه‌سێك بكاته چوار!. سه‌دام حسێن
و سه‌رانی جمهوری ئیسلامی ئێران له ژێر ناوی
به‌رژه‌وه‌ندی باڵای خه‌ڵكی عێراق و ئێران‌دا جه‌نگێكی
هه‌شت ساڵه‌یان له دژی خه‌ڵكی هه‌ردوو ووڵات
هه‌ڵگیرساند و نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن ئینسانی عێراقی و
ئێرانی به ده‌ستی یه‌كتری به‌كوشت دران !. ئه‌گه‌ر
ناڕه‌حه‌ت نابیت و ته‌حه‌مول ده‌كه‌یت, ئێوه له 31
ئابدا و له ژێر ناوی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی
كوردستان و پرسی ستراتیژی و دوور خستنه‌وه‌ی مه‌ترسی
له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورددا, له‌شكری ڕژێمی به‌عستان
هێنایه سه‌ر كوردستان!. جه‌نابی سه‌رۆك, مه‌به‌ستت
له‌نانه‌وه‌ی په‌شێوی له نێوان هێزه سیاسیه‌كاندا
چیه, كه‌ده‌ڵێی هه‌تا من له‌م پۆسته‌دا بم ناهێڵم
دروست بێت؟!. به‌ویژدانت كه‌س هه‌یه به ئه‌ندازه‌ی
ئێوه و یه‌كێتی په‌شێوی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك و
كۆمه‌ڵگه و لایه‌نه‌سیاسیه‌كان دروست كردبێ؟!. هه‌ر
له ژێر ئه‌و دروشمه‌دا, كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك لێی
لابدات پێی ده‌ڵێی ژه‌هراو ده‌ڕێژێ و فیتنه
ده‌نێته‌وه!, ئێوه 6ساڵی ڕه‌به‌ق شه‌ڕی ناوخۆتان
هه‌ڵگیرساند و زیاتر له ده هه‌زار ڕۆڵه‌ی ئه‌و
خه‌ڵكه‌تان تێدا سووتاند, كه‌تا ئێستاش سه‌دان
دایك‌وباوك به شوێن سۆراغی بێسه‌رو شوێنی
منداڵه‌كانیانه‌وه‌ن !.
به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی كوردستان له ڕوانگه‌ی
ئێمه‌و به‌شی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی كوردستانه‌وه
ئه‌وه‌یه كه كوردستان جیاببێته‌وه‌و ده‌وڵه‌تێكی
سه‌ربه‌خۆ بۆ خه‌ڵكی كوردستان پێك بێت. به‌ڵام له
ڕوانگه‌ی ئێوه‌وه لكاندنه‌وه‌ی كوردستانه به
ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تێكی قه‌ومی عه‌ره‌بی ئیسلامی
تایه‌فی عێراقیه‌وه!. ئێوه وه‌ك پارتی هه‌قتانه چۆن
بیر ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان له
هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ كێدا ده‌بینن و چۆن سیاسه‌ت
ده‌كه‌ن, به‌ڵام هه‌قتان نیه به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان و
به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان یه‌كسان بكه‌ن به‌یه‌ك
. چونكه یه‌ك نین , 19ساڵی ڕابردووی ده‌سه‌ڵاتتان
ده‌ڵێ یه‌ك نین , ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری خه‌ڵك له
ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و گه‌نده‌ڵتان ده‌ڵێ , یه‌ك نین.
ژیانی فیرعه‌ونی لێپرسراوانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌تان و
ژیانی بێنازی سه‌دان هه‌زار خه‌ڵكی كرێكار‌و
به‌شمه‌ینه‌تی كۆمه‌ڵگه نه‌ك هه‌ر ده‌ڵێ یه‌ك نین,
به‌ڵكو ده‌ڵێ به ته‌واوی له به‌رامبه‌ر یه‌كدان.
خرۆشانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له دژی تیرۆری
سه‌رده‌شت عوسمانی ڕۆژنامه‌نووس ده‌ڵێ یه‌ك نین.
ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و پارتی و ده‌سه‌ڵاتی
ئێستا یه‌ك بوونایه. نه پێویست بوو مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه له خه‌ڵك بكات, نه
پێویستیش بوو بارزانی ئه‌م هه‌موو مقه‌ستكاری و مه‌رج
و به‌ڵامه له‌سه‌ر ئازادی خه‌ڵك دابنێ, نه‌پێوست بوو
ده‌زگای نهێنی دووره چاو ساز بكات. نه‌پێویستیش بوو
ئازادی له‌خه‌ڵك زه‌وت بكه‌ن و سه‌رده‌شته‌كان تیرۆر
بكه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئینسانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان
هه‌ر جۆرێك كه ئاره‌زوو ده‌كه‌ن بیر بكه‌نه‌وه,
بنووسن, خۆیان نیشان بده‌ن , كاری ڕۆژنامه‌وانی بكه‌ن
, كاری ڕێكخراوه‌یی بكه‌ن,گۆرانی بڵێن, جلوبه‌رگ بپۆشن
ده‌بێ به‌ته‌واوی ئازاد بن و هیچ قه‌یدوبه‌ندێك نه‌بێت
سنووری ئازادی خه‌ڵك ئه‌سیر بكات. ئازادی كه شه‌رت و
مه‌رجی له‌سه‌ر دانرا, ده‌بێته ووشه‌یه‌كی پووچ و
بێناوه‌ڕۆك به سه‌ر زاری ده‌سه‌ڵاته‌وه. بژی ئازادی
بێقه‌ید و شه‌رتی سیاسی .
27 ی ئایاری 2010
|