راگرتنی دراماكان و دووقسه‌

  

ته‌حسین حه‌مه‌د


 

هه‌مو كه‌سێك مافی خۆیه‌تی چۆن بیرده‌كاته‌وه‌، چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، به‌ مه‌جرێك ئه‌و بیر و هه‌ڵسووكه‌وته‌ سنووری ئازادیه‌كانی خۆی نه‌به‌زێنێت و بێ پاسه‌پۆرت وڵاتی ئازادییه‌كانی به‌رامبه‌ر پێشێل ناكات و نه‌یكاته‌ پاوانی بیروبۆچوونه‌كانی خۆی.
ده‌مه‌وێ هه‌ندێك په‌یڤ ده‌رباره‌ی دیارده‌یه‌كی نامۆی ئه‌مرۆی كوردستان په‌خشان بكه‌ن، ئاخر ده‌كرێت تاكۆتایی نه‌بینین سوپاسی سه‌ره‌تا بكه‌ین، له‌ چ ده‌ور و زه‌مانێك، له‌ قتوی چ عه‌تارێكدا كه‌سی كوێر رێنیشانده‌ره‌ی چه‌وساغان بووه‌. هونه‌ر فه‌زایه‌كی پڕجوانی و ئیستاتیكا و فه‌نتازیای خه‌یاڵه‌ و بكه‌ری ده‌رخستنی كاره‌ باش و دزێوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، نازانم تاكه‌ی ئێمه‌ی كورد له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌هم و تاریكستانی نه‌زانی رزگارمان ده‌بێت، تاوه‌كو زانست جێگای فاڵ و هه‌نده‌سه‌ جێگای ته‌قدیر و ئه‌قَل جێگای سۆز نه‌گرێته‌وه‌، ناتوانین بریارێكی راست و دروست بده‌ین، بۆ به‌ره‌وپێشچوونی خۆمان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، له‌وماوه‌یه‌دا له‌ كۆی دیارده‌ دزێوه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مرۆی كورده‌واری شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ئه‌ویش راگرتنی دراما كوردییه‌كانه‌ پێش ئه‌وه‌ی كۆتایی ببینین، ئاخر ده‌كرێت و له‌ چ سوچێكی ئه‌م دونیایه‌ تاوه‌كو كۆتایی درامایه‌ك نه‌بینرێت بریاری جه‌هه‌نده‌می بوون یان به‌هه‌شتی بوونی له‌سه‌ر بدرێت.
ئایا هونه‌ر یه‌ك دیوی هه‌یه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ی بریار له‌سه‌ر رواڵه‌ت بده‌ین! چۆن ده‌كرێت به‌ قسه‌ی هه‌ندێك كه‌س كه‌ فڕیان به‌سه‌ر هونه‌ر و دراما و شانۆ و موزیكدا نیه‌، بێن و بریار له‌سه‌ر راگرتنی درمایه‌ك بده‌ن، جا ئه‌گه‌ر هه‌موو چین و توێژێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بێ خه‌وش و عه‌یب بێت، دراما و سینه‌ماو فیلممان بۆچیه‌؟! هه‌ر درامایه‌ك كه‌ ده‌كرێت،بێت و چینێك له‌ چینه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ بریاری جه‌هه‌نده‌می بۆ ده‌ربكات، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی سوكایه‌تی به‌م چینه‌ كردووه‌. من زۆر گله‌ییم له‌وكه‌سانه‌ نیه‌ كه‌ دێن و ده‌ڵێن ئه‌م درامایه‌ نابێت پێشكه‌ش بكرێت، چونكه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێده‌زانن، به‌ڵام زۆر به‌داخم بۆ ئه‌و هه‌مو سینه‌ماكار و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ره‌ی كوردستان كه‌ نوتته‌قیان له‌خۆیان بڕیوه‌ و ده‌ستیان به‌ كڵاوی خۆیانه‌وه‌ گرتووه‌بۆ ئه‌وه‌ی زلله‌یه‌كی لێنه‌ده‌ن، نازانم كه‌ی ئه‌م ده‌مامكه‌ قێزه‌ونه‌ فرێده‌ده‌ن و له‌سه‌ر راستیه‌كان قسه‌یه‌كی موسته‌حه‌ق ده‌كه‌ن، زنجیره‌ درامای ( ئاریا ) و ( گه‌رمیان و كوێستان ) به‌بێ هیچ پاساوێكی زانستی و هونه‌ری هه‌ندێك كه‌سی نه‌زان له‌باره‌ی مه‌وداو مه‌غزاكانی دراما و سینه‌ما توانیان گه‌له‌كۆمه‌كی له‌م درامایانه‌ بكه‌ن و رایانگرن، به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پێینبڵێت، پشتی چاوتان برۆیه‌، له‌ زنجیره‌ درامای ئاریا كۆمه‌ڵێك كه‌س به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی سوكایه‌تی به‌ مامۆستایانی ئاینی كراوه‌ و له‌ گه‌رمیان و كوێستانیشدا به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ سوكایه‌تی به‌ ئه‌نفالكراوه‌كان و گه‌رمیانییه‌كان كراوه‌، ئه‌م دوو زنجیره‌یه‌ راگیرا، به‌بێ گوێدانی ئه‌و هه‌موو تیچونه‌ و ماندوبونه‌ی هونه‌رمه‌ندان و گوێنه‌دانی كۆتایی دراماییه‌كان و خۆخستنه‌ جیگای هونه‌روانان .

ته‌حسین حه‌مه‌د



 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com