عه‌شق مناڵێكی قسه‌ خۆشه‌
 

  

ته‌یب قادر







عه‌شق گوڵه‌ گه‌نمێكی خاكی دڵه‌
سه‌فه‌ری پیاوێكی پیرۆزه‌ بۆ ڕۆژان
حاكمی ژیانه‌ به‌سه‌ر زه‌وی ژیان
عه‌شق مناڵێكی قسه‌ خۆشه‌
سێبه‌ری دیواری سه‌بوریه‌
من عاشقی عشقم
عه‌شقی عاشقم
عه‌شقی هێزی ئه‌ڤینم
له‌ حه‌قیقه‌ته‌وه‌ هاتووم
مشتێك سه‌بوریم پێیه‌
بۆ خه‌نده‌ی ئه‌دره‌سی چراتان
ده‌زانم كۆكردنه‌وه‌ی گوێچكه‌ ماسیتان پێ باشتره‌
له‌ وه‌رگرتنی ڕژانی ته‌ڕی ئاسمان
به‌ڵام زانینی ئێوه‌ هه‌نگاوێكی كورتی بێ سێبه‌ره‌
به‌ڵام زانینی من ڕه‌نگی شینی فڕینه‌
دوورتره‌ له‌ سه‌ری بێ سه‌ری خۆم
دڵم نایێ باخچه‌ی ته‌نیاییتان جێبێڵم
ناتوانم لێگه‌ڕێم منتان له‌ ده‌ست بچێ
ناتوانم لێگه‌ڕێَم به‌رده‌ڵانی دڵتوندی
توند خه‌متان پێ بگرێ
ئێره‌ كۆشی سه‌حه‌ره‌ پڕه‌ له‌ قه‌ڵه‌باڵه‌غی سه‌بوری
كه‌رنه‌ڤاڵی فیرده‌وسه‌ ئه‌م عه‌شقه‌
ڕووباری شیر و ئاو و شه‌ڕاب و هه‌نگوینه‌
قوبه‌ی به‌ختیاری بێ كۆتاییه‌
له‌نگه‌رگرتنی ژیانتان له‌ كه‌ناری ساده‌یی
ئۆقره‌ گرتنتان له‌ ناو له‌پی دڵنیایی
تامێكه‌ پڕه‌ له‌ شیرینی
هه‌ولێر 2008




شكاندنی پیته‌كانی بت

له‌ خۆڕا له‌ خۆم توڕه‌مه‌ و ئاگام له‌ خۆم نیه‌ خۆمم جێهێشتوه‌
ئێستا كۆڵانێك له‌ولاتر له‌ ناوی خۆم
تابلۆیه‌كم به‌ سێبه‌ری ته‌مه‌نم هه‌ڵواسیوه‌
له‌ سه‌رم نوسیوه‌
من هاتم تا یه‌ك یه‌ك له‌ شكاندنی پیته‌كانی بتدا به‌شداربم
تۆ نه‌تهێشت
شتێكی ترت دامێ شكاندم ، خۆم بووم
خۆم هه‌میشه‌ غه‌ڵه‌ت ده‌كه‌م
له‌ له‌یه‌ك گرێدانی ناو و ته‌مه‌نم
خۆم پیته‌كانی ڕسته‌ی زینده‌گیم بزركردوه‌ و
كه‌سێكم پێویسته‌ لێكم بداته‌وه‌
هه‌ولیر 2009


ده‌فته‌ری بیركردنه‌وه‌

ژیان قۆریه‌ك چایی و هه‌ندێك وورده‌ نانه‌
له‌ گه‌ڵ پیاسه‌یه‌ك پێی بگه‌یته‌ پیری
سه‌لامێكه‌ له‌ زه‌رفێكی نامه‌دا بۆ هاوڕێكه‌ت ده‌ینێری
كه‌مێك له‌ سێبه‌ریشه‌
تۆزێك له‌ ده‌فته‌ری بیركردنه‌وه‌ش
پڕ له‌ ژن و
یه‌ك قیچ منداڵ

هه‌ولێر 3/5/2010






 

           

 

24/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com