ڕه‌وه‌ندی کوردی هۆڵه‌نداش داوای ئاشکراکردنی بکوژانی
سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌که‌ن!
 

  

 





ئاماده‌کردنی ڕیپۆرتاژ؛ حه‌مه‌ غفور

دوانێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ئایار2010 نزیک به‌ سه‌د که‌س له‌ ڕه‌وه‌ندی کوردی دانیشتووی هۆڵه‌ندا، له‌ ڕێ‌و ڕه‌سمێکی شایسته‌و پڕ حه‌ماسه‌تدا به‌رده‌م باڵوێزخانه‌ی عێراق له‌ شاری ده‌نهاغ یان بۆ ماوه‌ی دوو سه‌عات کرده‌ شوێنی خۆپیشاندان‌و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی‌و نیشاندانی توڕه‌یی‌و نه‌فره‌تی توندی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ ڕفاندن‌و تیرۆرکردنی خوێندکارو ڕۆژنامه‌نووسی لاو کاکه‌ (سه‌رده‌شت عوسمان). خۆپیشاندان په‌یامی ڕه‌وه‌ندی کوردی هۆڵه‌ندا بوو بۆ حکومه‌تی هه‌رێم‌و پارتی دیموکرات، که‌ ئه‌وانیش له‌پاڵ هاوڵاتیانی کوردستاندا ڕائه‌وه‌ستن‌و داواکاری وه‌ڵام‌و ڕوونکردنه‌وه‌و به‌دواداچوونی ده‌سبه‌جێن بۆ به‌لاداخستنی ئه‌م دۆسێیه‌ به‌ ئامانجی دڵنیابوونی هاوڵاتیان سه‌باره‌ت به‌و دۆخه‌ شڵه‌ژاوو پڕ دڵه‌ڕاوکێیه‌ی به‌ تیرۆری نامه‌ردانه‌ی سه‌رده‌شتی لاو له‌ کوردستان پێشیان هێناوه‌.

دوای ڕازاندنه‌وه‌ی به‌رده‌م سه‌فاره‌تی عێراق به‌ چه‌ندین دروشمی گه‌وره‌و بچوکی چه‌شنی(بکوژانی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌بێ ئاشکرا بکرێن‌و به‌ سزای خۆیان بگه‌یه‌نرێن)، (ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر به‌رپرسیارن له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان)، (تیرۆرو تۆقاندنی ڕۆژنامه‌نووسان ڕابگرن)..تد، له‌گه‌ڵ ڕازاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێک به‌ ده‌یان وێنه‌ی کاکه‌ سه‌رده‌شت‌، له‌گه‌ڵ نمایشدانی ته‌خته‌مێزی وێنه‌ی گه‌وره‌ی کاکه‌ سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ به‌ چه‌ندین چه‌پکه‌ گوڵی سوورو ده‌یان وێنه‌ی سه‌رده‌شتی سیمبۆلی ڕه‌خنه‌و قه‌ڵه‌می ئازاو بوێر به‌ ده‌ست‌و سه‌ر سنگی ئاماده‌بوانه‌وه‌، وه‌ له‌ نێو حه‌ماسێکی خه‌باتکارانه‌و له‌ناو توڕه‌یی‌و ماته‌مینیه‌کی پڕ میهرو وه‌فاوه‌ بۆ ئه‌م لاوه‌ خوێندکارو ڕۆژنامه‌نوسه‌ چاونه‌ترس‌و ڕه‌خنه‌گرو سه‌ربه‌رزه‌دا، پرۆگرامه‌کانی خۆپیشاندان ده‌ستی پێکردو بۆ ماوه‌ی 2دوو سه‌عات درێژه‌ی کێشا.

سه‌ره‌تا کاک دانا هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌خێرهاتنی ئاماده‌بوانی کردو به‌ کورتی ئامانجی خۆپیشاندانی ڕوونکرده‌وه‌، ئینجا داوای ده‌قیقه‌یه‌ک ڕاوه‌ستان‌و بێده‌نگی له‌ خۆپیشانده‌ران کرد بۆ ڕێزدانان بۆ گیانی کاکه‌ سه‌رده‌شت‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ژیانیان ناوه‌ته‌ پێناو ئازادی. پاشان ئاماده‌بوان په‌لکه‌ گوڵی سووریان وه‌کو ڕێزلێنان له‌ ئازایه‌تی‌و سه‌ربه‌رزی‌و یاده‌وه‌ری ئه‌م لاوه‌ جه‌ربه‌زه‌یه‌ له‌ ته‌نیشت وێنه‌که‌ی دانا. دواتر ووتاری کۆمیته‌ی ئاماده‌کار به‌ زمانی کوردی له‌لایه‌ن (بێریڤان جه‌مال)ه‌وه‌ خوێنرایه‌وه‌، ئینجا هه‌مان ووتار به‌ زمانی هۆڵه‌ندی هاوڕێ(که‌لسوم) پێشکه‌شی کرد‌. پاشان وێڕای چه‌ند پارچه‌ شیعرو موزیک، ووتاری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان‌و گۆڕان خوێنرانه‌وه‌. کاک ئه‌میر قادر شیعرێکی بۆ کاکه‌ سه‌رده‌شت پێشکه‌ش کرد. ئینجا کاکه‌ (داره‌وان معمود) له‌ژێر ناونیشانی؛ په‌یامێک بۆ بکوژانی شه‌هیدی قه‌ڵه‌م، وه‌کو گه‌نجێکی ئاواره‌ی تاراوگه‌ له‌ پارچه‌ شیعرێکدا ڕه‌خنه‌و نه‌فره‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ کوشتنی کاکه‌ سه‌رده‌شت ده‌ربڕی‌و ڕایگه‌یاند که‌ هه‌ر گه‌نجێکی کوردستان به‌رامبه‌ر به‌ غه‌درو زوڵم‌و تیرۆر سه‌رده‌شتێکی دیکه‌ن‌و ڕێگاناده‌ن ئازادیه‌کانیان پایماڵ بکرێت.

بڕیار بوو دوابڕگه‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ی نوێنه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ بێت، که‌ له‌ به‌ڕێزان؛(کاک ئه‌میر قادر، کاک دانا هه‌ڵه‌بجه‌یی‌و کاک کاژاو)پێکهاتبوون، بۆ لای باڵوێزی عێراق که‌ ناوی (سیامه‌ند به‌نا)یه‌و کورده‌و سه‌ربه‌ پارتی دیموکراته‌، هه‌تا یاداشتنامه‌ی کۆمیته‌ی ئاماده‌کاری خۆپیشاندان‌و نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌کان له‌ چاوپێکه‌وتنێکی ئوسوڵیدا پێشکه‌شی بکرێ‌و گفتوگۆی پێویست سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی خۆپیشاندان‌و چۆنێتی گه‌یاندنی یاداشتی ناڕه‌زایه‌تی به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم‌و سه‌رۆکی حکومه‌ت‌و پارله‌مانیش له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامده‌ن، به‌ڵام باڵویز خۆی پێشوازی لێنه‌کردن.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نالایه‌قه‌ی سیامه‌ند به‌نا جگه‌ له‌وه‌ی ڕق‌و توڕه‌یی خۆپیشانده‌رانی به‌ڕوویاندا ته‌قانده‌وه‌و بووه‌ هۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیان به‌شێوه‌ی هوتاف کێشان‌و شاورلێدان به‌رامبه‌ر به‌ سه‌فاره‌ت بۆ ماوه‌ی نیوکاژێر(ڕوو ڕه‌شی بۆ تیرۆریستان....ئازادی بۆ کوردستان....ئازادی بۆ ڕۆژنامه‌نووسان)، له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌کرێت وه‌کو به‌ڵگه‌و داتایه‌کی دیکه‌ بۆ تێوه‌گلانی پارتی له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌ژماربکرێت. چونکه‌ کاک سیامه‌ند به‌نا وه‌کو باڵوێز مامه‌ڵه‌ی نه‌کرد، ئیلیتی دیبلۆماسیشی بێبه‌ها سه‌یرکرد. ئه‌و وه‌کو پارتی‌و به‌ ئیعازی پارتی جووڵایه‌وه‌و به‌ هه‌مان ستایڵی عه‌شایه‌ری پارتیانه‌وه‌ وه‌ڵامی خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی ئه‌مڕۆی جالیه‌ی کوردی هۆڵه‌ندای دایه‌وه‌. کاک سیامه‌ند ئیعازی پێدرابوو که‌ مادام تا ئێستاو دوای زیاد له‌ هه‌فته‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌دا پارتی هیچ وه‌ڵام‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی بۆ جۆر نه‌کراوه‌ هه‌تا به‌ خرۆشانی خه‌ڵکی کوردستانی بداته‌وه، ئه‌ویش ده‌بێت پێشوازی خۆپیشاندان نه‌کات‌و فه‌لته‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دات!

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سیامه‌ند به‌نا ترس‌و له‌رزی پارتی دیموکرات هێما ئه‌کات له‌ به‌رامبه‌ر شه‌پۆله‌کانی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری که‌ به‌ ته‌واوی ته‌نگیان به‌م حیزبه‌ هه‌ڵچنیوه‌و ده‌موده‌ست داوای ڕوونکردنه‌وه‌و وه‌ڵامی لێئه‌که‌ن‌و پارتیش هێشتا بۆی پینه‌ نه‌کراوه‌، که‌ ئێستا ڕه‌وه‌ندی کوردیشی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات گرتۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ قه‌ڵشتێکی‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ که‌وتۆته‌ نێو ئیعتیبارو متمانه‌ی پارتیه‌وه‌ لای خه‌ڵك‌‌و جه‌ماوه‌ر له‌لایه‌ک، له‌ولاشه‌وه‌ شه‌به‌قێکی گه‌وره‌ که‌ که‌وتۆته‌ ناو ده‌سه‌ڵات‌و دام‌و ده‌زگای ئه‌من‌و ئاسایشیه‌وه‌و فه‌لته‌یه‌ک که‌ زۆر گران به‌سه‌ریدا شکاوه‌ته‌وه‌و تووشی ته‌نگپێهه‌ڵچنینێکی گشتگیر هاتووه‌ له‌ژێر فشاری خرۆشانی سه‌رتاسه‌ریدا، وه‌ له‌م ‌هه‌شت ڕۆژه‌دا پارتی‌و ده‌زگاکانی تریشی درۆیه‌کیان بۆ جۆرنه‌کراوه‌ تا هاوڵاتیانی کوردستانی پێ هێوڕکه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ سیاسه‌تی کاتکڕین‌و ده‌سی‌ده‌سی کردنیان به‌ خه‌ڵکی گرتۆته‌پێش. سیامه‌ند به‌ناش له‌سه‌ر ئه‌و ئاوازه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ خۆنیشانده‌ران جوڵایه‌وه‌!

ئه‌م خۆنیشاندانه‌ش ته‌نینه‌وه‌و درێژکراوه‌ی ئه‌و خرۆشانه‌ گشتگیرو جه‌ماوه‌ریه‌ی ئێستای کوردستانه‌ که‌ زیاد له‌ هه‌فته‌یه‌که‌، به‌ شوێن تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)دا سه‌رتاسه‌ری کوردستانی گرتۆته‌وه‌و هاوڵاتیان یه‌کپارچه‌و یه‌کده‌نگ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان‌و داوای هاتنه‌وه‌ڵام‌و ڕوونکردنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌و پارتی دیموکرات ده‌که‌ن سه‌باره‌ت به‌ ڕفاندن‌و کوشتنی کاکه‌ سه‌رده‌شت. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنه‌کانی مه‌سعود به‌رزانی‌و به‌رهه‌م ساڵح وا زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌که‌ خه‌ڵکی ئه‌م کوردستانه‌ به‌ ڕیزی چه‌ندین هه‌زاری‌، به‌ هاتنه‌ده‌نگی ده‌یان ده‌زگای ڕاگه‌یاندن‌و ڕێکخراوی جه‌ماوه‌ری‌و شارستانی، وه‌ له‌گه‌ڵ به‌جۆشهاتنی کۆمه‌ڵگایه‌کدا به‌ گشتی، هێشتا حکومه‌تی هه‌رێم‌و پارتی دیموکرات کات ئه‌کڕن‌و ده‌سی‌ده‌سی به‌ خه‌ڵکی ئه‌که‌ن‌و هیچ وه‌ڵام‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کیان به‌م ڕیزه‌ به‌رینه‌ ناڕازی‌و خرۆشاوه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌! پارتی به‌نیازه‌ به‌م شێوازی خۆدزینه‌وه‌یه‌ جه‌ماوه‌ر بێتاقه‌ت بکاو له‌ ده‌رفه‌ت ئه‌گه‌ڕێ سیناریۆیه‌کی هه‌ڵبه‌سراو سازبکات بۆ دامرکانه‌وه‌ی دۆخه‌که‌. بۆیه‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێت ووریا بن‌و ئه‌م داره‌ی ده‌ستی پارتی بشکێنن!

به‌م شێوه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ساردی هه‌واو باراناوی بوونی که‌شی ئه‌مڕۆو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شی که‌ ڕۆژی کارکردن بوو، ئه‌ژمارێکی زۆری جالیه‌ی کوردی هۆڵه‌ندا ئه‌مڕۆ سه‌رکه‌وتووانه‌ خۆپیشادنانی خۆیان له‌به‌رده‌م سه‌فاره‌تی عێراق له‌ شاری لاهای کۆتایی پێهێنا.

جیگای پێزانین‌و ووتنیشه‌ که‌ ئه‌م خۆنیشاندانه‌ کاریگه‌ره‌ی ڕه‌وه‌ندی کوردی هۆڵه‌ندا، له‌لایه‌ن ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی هاوپشتی، چرا تیڤی‌، کۆمپانیای ڕوداو نێت‌و تۆڕی ئازادی پونت ئێن ئێڵه‌وه‌ ڕوماڵ کراوه‌و چاوپێکه‌وتنیشیان له‌گه‌ڵ هاوڕێ(که‌لسوم) سازداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌به‌ستی خۆپیشاندانه‌که‌.

هه‌روه‌ها جێگای خۆیه‌تی ده‌سخۆشی له‌ کۆمیته‌ی ئاماده‌کاری ئه‌م ئاکسیۆنه‌ بکرێت، که‌ له‌م به‌ڕێزانه‌ پێکهاتبوو؛ کاک ئه‌میر قادر، جه‌لال سۆفی، دانا هه‌ڵه‌بجه‌یی، کاک کاژاو، گۆران ڕه‌شید، ڕزگار ساڵح، دانا به‌هادین‌و حه‌مه‌ غفور. هه‌رواش سوپاس بۆ بێریڤان جه‌مال‌ که‌ هاوکاری به‌ڕێوه‌بردنی ئاکسیه‌که‌ی کرد، وه‌ سوپاسی هاوڕێ(که‌لسوم)یش ئه‌که‌ین که‌ وێنه‌ی ناو شوشه‌ی کاکه‌ سه‌رده‌شت‌و کۆمه‌ڵێکی زۆر په‌لکه‌ گوڵی سووری ئاماده‌کردبوو. له‌ کۆتاییشدا ماوه‌ بڵێین که‌ وێڕای سوپاس‌و پێزانینی دوباره‌مان بۆ خۆپیشانده‌رانی به‌ڕێز، هه‌رواش سوپاسی هاودڵی‌و هاوسۆزی ته‌واوی ڕه‌وه‌ندی کوردی هۆڵه‌ندا ئه‌که‌ین له‌گه‌ڵمان، که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ر یه‌که‌ به‌ هۆیه‌که‌وه‌ نه‌یانتوانیبوو ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵمان ئاماده‌ بن.


کۆمیته‌ی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی
ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی هاوپشتی
12ئایار2010

 

           

 

14/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com