كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌دژی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس " سه‌رده‌شت عوسمان"
له‌شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو

 

  

 



ئه‌مڕۆ رێكه‌وتی 11 ئایاری 2010 كاتژمێر 5ی ئێواره‌، له‌به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی به‌به‌شداری چه‌ندین لایه‌ن كه‌ پێكهاتبوو له‌ " یه‌كێتی كۆمۆنیسته‌كان له‌عێراق، پارتی چه‌پی كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له‌مافی زیندانیانی سیاسی‌و حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان، مه‌راسیمێكی وتارخوێندنه‌وه‌ سازكرا‌و چه‌ندین وتار‌و درووشم له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ به‌شداره‌كان‌و ئاماده‌بووانه‌وه‌ به‌دژی تاوانی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان‌و سه‌ركوتی ئازادی راده‌ربڕین خوێندرانه‌وه‌‌و له‌كۆتایی دا یاداشتنامه‌یه‌ك به‌ واژۆی كۆمه‌ڵێك لایه‌ن پێشكه‌شكراو له‌هه‌موو وتاره‌كاندا خه‌خت له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی حكومه‌تی هه‌رێم‌و ده‌زگا ئه‌نیه‌كانی هه‌ولێر كرایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌دۆزینه‌وه‌‌و به‌دادگا گه‌یاندنی تاوانباران.
وتاری یه‌كێتی كۆمۆنیسته‌كان له‌و مه‌راسیمه‌دا له‌لایه‌ن" هاوڕێ‌ عه‌لی مه‌ولود، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی خوێندرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ئه‌و تاره‌یه‌:
وتاری یه‌كێتی كۆمۆنیسته‌كان له‌كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانیدا، به‌بۆنه‌ی تیرۆركردنی "سه‌رده‌شت عوسمان" له‌لایه‌ن هاوڕێ‌ عه‌لی مه‌ولود، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی
تیرۆری رۆژنامه‌نووسان تیرۆری ئازادییه‌
ئاماده‌بووانی به‌رێز لایه‌نگرانی ئازادی ئیواره‌تان باش
ئێمه‌ لێره‌دا كۆبووینه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌حكومكردن‌و ریسواكردنی تیرۆری "سه‌رده‌شت عوسمان" كه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو، رێكه‌وتی 6\5\2010 ته‌رمه‌كه‌ی دوای دوورۆژ له‌فڕاندنی راده‌ستی كه‌س‌وكاری كرایه‌وه‌.
"سه‌رده‌شت عوسمان" رۆژنامه‌نووسێكی بوێر بوو، كه‌به‌به‌رچاوی یاساوده‌سه‌ڵاته‌وه‌، له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمیدا فڕێنرا‌و به‌ناوچه‌ندین بازگه‌دا، كه‌ به‌پێی پێناسه‌ كاریان جگه‌ له‌پاراستنی ئاساییش‌و ئه‌منییه‌ت هیچی دیكه‌ نیه‌، ده‌ربازكرا‌و بۆ شوێنه‌ونی گه‌یه‌نرایه‌ موصڵا‌و لاشه‌ی بێگیانی له‌وێ‌ دۆزرایه‌وه‌. كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنی موصڵا بۆ ئه‌و كاره‌ به‌مه‌به‌ستی چاوترسێنكردن، به‌بیرهێنانه‌وه‌ی قه‌صابخانه‌كه‌ی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس بێت كه‌ ببووه‌ سه‌كۆی خنكاندنی هه‌زاران موخالیفی سیاسی‌و ده‌نگی هه‌زاران تێكۆشه‌ری ناڕازی، به‌ڵام ئێمه‌ش لێره‌وه‌ به‌بیریان دێنیینه‌وه‌ كه‌ رژێمی به‌عس سه‌رباری ئه‌و هه‌موو هێز‌و توانا‌و دڕنده‌ییه‌ی نه‌یتوانی ده‌نگی ئازادیخوازی خه‌ڵك كپبكات‌و سه‌ره‌نجام ئیراده‌ی خه‌ڵك به‌زیندوویی مایه‌وه‌‌و رژێمیش خۆی چووه‌ زبڵدانی مێژوو.
به‌هه‌رحاڵا "سه‌رده‌شت عوسمان" جگه‌ له‌كاری رۆژنامه‌نووسی‌و ئاشكراكردنی كاره‌ نه‌هێنیه‌ دزێوه‌كان‌و هه‌ڵماڵینی په‌رده‌ له‌رووی گه‌نده‌ڵكاران، هیچ هۆكارێكی تر له‌ئارادا نابینرێت بۆ ڕفاندن‌و تیرۆركردنی. به‌گوێره‌ی وته‌ی كه‌س‌وكار‌و هاوڕێیانی‌و هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی وتاریك كه‌خۆی پێشتر بڵاویكردۆته‌وه‌، ئه‌م رۆژنامه‌نوسه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌رپرسه‌ باڵاكان‌و بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی نوسیووه‌ چه‌ندینجار هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌و ده‌ركردنی لێكراوه‌‌و خۆیشی دام‌و ده‌زگا به‌رپرسه‌كانی له‌مه‌ ئاگادار كردۆته‌وه‌. به‌ڵام هیچ كارێك بۆ به‌رپێگرتنی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ نه‌كراوه‌.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م تاوانه‌ تیرۆریستیه‌ یه‌كه‌م په‌لامار نیه‌ دژی رۆژنامه‌نووسان‌و ئازادی راده‌ربڕین‌و خه‌ڵكی ناڕازی، له‌ماوه‌ی 19 سالی رابردوودا هه‌زارانجار هه‌وڵدراوه‌ بۆ سه‌ركوتی ئازادی‌و به‌به‌رده‌وامی كه‌مپینی چڕ‌و به‌رینی ئیلامی‌و ته‌بلیغاتی دژی راگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك‌و راگه‌یاندنه‌ ئه‌هلیه‌كان به‌ڕێوه‌چووه‌‌و به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی‌و به‌كرێگیراوی دوژمنان تۆمه‌تباركراون‌و هیزه‌ ئه‌منیه‌كان‌و داموده‌زگاكانی حیزب‌و حكومه‌تیان وابارهێناوه‌ به‌چاوی دوژمن سه‌یری هه‌موو ده‌نگێكی نارازی بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر هه‌رده‌نگێكی ئازادیخوازیدا مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان به‌به‌رچاوی یاساو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوونه‌ته‌ شانۆی فه‌توادانی تیرۆر، كه‌ ئه‌مانه‌ زه‌مینه‌سازی ئیعلامی‌و ده‌روونین بۆ ته‌سفیه‌ی جه‌سه‌دی نارازییانی ده‌سه‌ڵات‌و نه‌یارانی كۆنه‌په‌رستی‌و به‌كرده‌وه‌ش ده‌یان رووداوی له‌مجۆره‌ی سه‌رده‌شت عوسمان له‌كوردستان روویانداوه‌، له‌سلێمانی به‌كر عه‌لی‌و فه‌رهاد فه‌ره‌ج، له‌كه‌ركوك سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌‌و عبدالستار تاهیر شریف، له‌هه‌ولێر شاپوورعبدالقادر‌و قابیل ، له‌بادینان نه‌زیر عومه‌ر‌و كامیل ره‌وف‌ ‌و چه‌ندانی تر هه‌ربه‌مشێوه‌یه‌ تیرۆركران‌و یاساوده‌سه‌ڵات ئه‌وپه‌ڕی خه‌مساردی نواند‌و تیرۆریستان نه‌ك هه‌ر راده‌ستی دادگانه‌كران‌و سزانه‌دران، به‌ڵكو شاباشی كاره‌كانیشیان وه‌رگرت، كه‌ ئه‌مه‌ زه‌نگێكی ترسناكه‌ بۆسه‌ر ئه‌م بڕه‌ ئازادییه‌ی، كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌خوێن‌و خه‌باتی چه‌ندینساڵه‌ به‌ده‌ستیانهێناوه‌‌و دیاری ده‌ستی هیچ كه‌س نیه‌.
به‌ڵام ململانێی 19 ساڵی رابردوو كه‌ دواترینیان ئه‌م كاره‌ تیرۆریستییه‌ی رۆژنامه‌نووس " سه‌رده‌شت عوسمانه‌" به‌رۆشنی نیشانیداوه‌ كه‌ نه‌دووژمنانی ئازادی ده‌توانن به‌و ئاسانیه‌ ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان خامۆش بكه‌ن‌و ئازادییان لێ زه‌وتكه‌ن‌و نه‌ خه‌ڵكیش له‌ژێر ئه‌و گوشارانه‌دا ده‌سبه‌رداری ماف‌و ئازادییه‌كانی خۆی ده‌بێت، ئه‌م رووداوه‌ ئه‌گه‌ر بۆ به‌ره‌ی دژی ئازادی‌و به‌ره‌ی سه‌ركوت‌و بێمافی مانای هه‌ڕه‌شه‌‌و تۆقاندن‌و نانه‌وه‌ی فه‌زای ترس بێت ئه‌وا ناره‌زایه‌تی به‌رده‌وام‌و هه‌موو رۆژه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر‌و له‌ شوێنه‌ جیاجیاكان به‌دژی ئه‌م تیرۆره‌ نیشاده‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان دژی سه‌ركوتن‌و هه‌ڕه‌شه‌‌و تیرۆر نه‌ك هه‌ر كۆڵیان پێنادات له‌پاراستنی ئازادیه‌كانیان، بگره‌ سوورتر‌و جه‌سوورتریان ده‌كات له‌ خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی زیاتر‌و ئێمه‌ش رێبواری ماندوونه‌ناسی ئه‌م رێگایه‌‌و ئه‌م ئامانجه‌ ده‌بین‌و ده‌مێنینه‌وه‌.
من لێره‌وه‌ به‌ناوی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی‌و ئه‌ندامان‌و دۆستان‌و لایه‌نگرانی یه‌كیتی كۆمۆنیسته‌كانه‌وه‌، ویرای هاوخه‌می له‌گه‌ڵا بنه‌ماڵه‌‌و كه‌س‌وكارو هاوڕێیانی "سه‌رده‌شت عوسمان" هاوكات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌رپرس ده‌زانین له‌دۆزینه‌وه‌ تاوانباران‌و ناساندنیان به‌رای گشتی‌و سپاردنیان به‌دادگا، وه‌ك سه‌ره‌تای ئه‌م كاره‌ش پێویسته‌ وه‌زیری ناوخۆ له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی لاببرێت كه‌ ئه‌مه‌ بووه‌ به‌داخوازی گشتی خه‌ڵكی كوردستان‌و رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ سه‌لماندیان كه‌ كوردستان بۆ هه‌موو كه‌س سه‌رزه‌مینێكی ئارام‌و ئه‌مین نیه‌‌و هێشتا جیاوازی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان " ئاساییش بۆ خه‌ڵك‌و ئاساییش بۆ ده‌سه‌ڵاتداران‌و سه‌رمایه‌‌و كۆمپانیاكانیان.
بژی ئازادی
نه‌فره‌ت له‌ تیرۆرو سه‌ركوت


یه‌كێتی كۆمۆنیسته‌كان له‌عێراق
11ی ئایاری 2010

 

           

 

14/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com