له‌ سێداره‌دانی فه‌رزاده‌كان، له‌ سێداره‌دانی مافخوازییه‌

  

نووسینی: نه‌سیم رۆشه‌نایی
وه‌رگێڕانی: یوسف عه‌لی پور




ته‌نیا وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ ده‌بێ له‌ گه‌ڵ تووندوتیژی و زمانی شمشێر و فیشه‌ك، وتووێژێكی ئاشتیانه‌ و شارستانیانه‌ بگریته‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌كه‌ ده‌بێ پێیان بگوترێ كه‌ یان عه‌قڵێكی سه‌لیمتان نییه‌ یان خوازیاری هه‌روامانه‌وه‌ی تووندوتیژی و كوشت و كوشتاری خه‌ڵكن و هیچ كارێك ناكه‌ن بێجگه‌ له‌ سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕۆیی و دواكه‌وتوویی نه‌بێ. مافی مرۆڤ، خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ و چاكسازی و ئاشتیخوازیی زێده‌ڕۆیی، هیچ و پوچترین و ریاكارترین چاكخوازییه‌كن له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ بونیاتخوازیی ئیسلامی، سه‌رمایه‌داریی نیشتمانی و جیهانی، دواكه‌وتوویی و فاشیزم خه‌ریكی چه‌وساندنه‌وه‌ و كوشت و كوشتاری مرۆڤه‌كانه‌، سه‌رده‌مێك كه‌ له‌ودا جینایه‌تكارترین حكومه‌ته‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ رواڵه‌تیه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا به‌شداریی ده‌كه‌ن و خۆیان به‌ لایه‌نگر و پشتیوانی دێموكراسی و یه‌كسانی ده‌زانن و كۆمه‌ڵگای جیهانیش به‌ ئه‌نقه‌ست چاوی له‌ ئاست راستییه‌كان ده‌نوقێنێت.
كۆماری ئیسلامی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ حكومه‌تێكی به‌ راستی ئیسلامی بووه‌ و ته‌واوی كوشت و كوشتار و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌كان، سه‌ركوتكاریی به‌رده‌وام، ده‌سه‌ڵاتدارێتی شه‌رع له‌ جیاتی یاسای مه‌ده‌نی و به‌ هه‌زاران كرده‌وه‌ی نامرۆڤانه‌ و ناعه‌قڵانیی حكومه‌ت، رێك له‌ پێویستیه‌كانی حكومه‌تێكی ئیسلامییه‌. سه‌ره‌ڕۆیی ئاوه‌ڵدوانه‌ی حكومه‌تێكی ئایینیه‌. زۆر سه‌یره‌ كه‌ دوای سی و ورده‌یه‌ك ساڵ هێشتاش هه‌ندێك له‌ خه‌ڵك پێیانوایه‌ كۆماری ئیسلامی، پارێزه‌ری ئیسلامی راسته‌قینه‌ نییه‌! ئیسلامی راسته‌قینه‌ هیچ شتێك نییه‌ بێجگه‌ له‌ دواكه‌وتوویی، سه‌ركوت و پشووبڕیی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و كۆماری ئیسلامیش به‌ كوشتن و له‌ سێداره‌دانی نه‌یارانی به‌ تاوانی دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ خوا و ره‌سوڵه‌كه‌ی و حكومه‌تی ئیسلامی، رێك كرده‌وه‌ی جیهاد له‌ رێگای خوادا به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌نه‌ بنه‌ما و تان وپۆی ئیسلام و، قورئان به‌ زمانی خۆتان بخوێننه‌وه‌ و تا راده‌یه‌كیش شاره‌زای مێژووی ئیسلام بن هه‌موو شتێكتان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌. مێژووی ئیسلامیش وه‌كو مێژووی ئایینه‌كانی دیكه‌، له‌ سه‌ر خوێن و سه‌ره‌ڕۆیی و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت دامه‌زراوه‌. كاركردی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و ئایینانه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ، له‌ ناو بردنی مرۆڤایه‌تی، تاكایه‌تی، شوناس، مافه‌ تاكه‌كه‌سیه‌كانی خه‌ڵك و چه‌وساندنه‌وه‌ و گه‌وج كردنی ئه‌وان و پشتیوانیی و ده‌ست تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و چینه‌ باڵاكان بووه‌.
ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ كۆماری ئیسلامی و یاساورێسا شه‌رعیه‌ خوێنمژه‌كه‌ی ده‌توانێ چاكسازیی تێدا بكرێت ده‌بێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی له‌ سێداره‌دانی ئه‌مڕۆی ئه‌م چالاكه‌ سیاسییانه‌ بن. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ ده‌ستی به‌سیجیه‌كان و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی سه‌ركوتكه‌ری كۆماری ئیسلامی ده‌كوژران و بریندار ده‌بوون یان ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كران، په‌یامی "به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕن"یان ده‌دا یان " به‌سیجی برای منه‌" و دروشمی ده‌غڵكارانه‌ی تریان به‌رز ده‌كرده‌وه‌، ده‌بێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بن و ده‌بێ لێپرسینه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵدا بكرێت. له‌ رێبه‌رانی جینایه‌تكاری بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ كه‌سانی خائینی وه‌ك شیرینی عیبادی و به‌ ده‌یان گورگ و چه‌قڵی دیكه‌ كه‌ له‌ به‌خششه‌كانی دزی و تاڵان و برۆی بورژوازیی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ئێران دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، هه‌ر هه‌موویان به‌رپرسن له‌ خوێنی فه‌رزاده‌كان و به‌ هه‌زاران كوژراوی دیكه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌م جینایه‌تكارانه‌ له‌ ناو چوون و ئێستاش ئه‌گه‌ری له‌ ناوچوونیان هه‌یه‌. ئه‌و كۆمه‌ڵگا جیهانییه‌ی كه‌ خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبڵ به‌ شیرینی عیبادی ده‌به‌خشێت، پشتیوانیی له‌ گه‌نجی و سروش و نه‌به‌وی ده‌كات، كه‌ڕوبی وه‌كو پاڵێوراوی خه‌ڵاتی ئاشتی ناو ده‌بات و ...، كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ كه‌ له‌ودا وه‌دیهاتنی مافه‌كانی مرۆڤ ته‌نیا گاڵته‌جاڕه‌، بازرگانییه‌ و كڵاوله‌سه‌رنانێكی بێشه‌رمانه‌یه‌. سه‌رمایه‌داریی جیهانی بایه‌خ بۆ هیچ شتێك دانانێت بێجگه‌ له‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی خۆی نه‌بێ و بۆ ئه‌وان كوژرانی به‌ هه‌زاران ئێڕانی، ئه‌فغانی و ... به‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداره‌ فاشیسته‌كانیان، هیچ شتێك نییه‌ بێجگه‌ له‌ كورته‌ هه‌واڵێكی بێ بایه‌خ كه‌ له‌ نێو راگه‌یاندن و پڕوپاگه‌نده‌كانیاندا ون ده‌بن.
به‌شمه‌ینه‌تانی جیهان! پرۆلیتاریا بۆ رزگاریی له‌ كۆت و به‌ندی چه‌وسانه‌وه‌ و كوشت و كوشتار و مل كه‌چ بوون، هیچ رێگه‌یه‌كی بێجگه‌ له‌ یه‌كێتی له‌ دژی دواكه‌وتوویی و سه‌رمایه‌داریی نیشتمانی و جیهانیی نییه‌. هه‌رچه‌شنه‌ پشتیوانییه‌كی بورژوازی له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان، به‌ڵاڕێدابردن و نه‌زۆك كردنی ئاخێزگه‌ی چینایه‌تیی خواست و داواكاریه‌كان و سه‌رپۆش دانان له‌ سه‌ر خواسته‌كانی پرۆلیتاریایه‌ و هیچ ئاكامێكی نییه‌ بێجگه‌ له‌ داڕمان و زایه‌بوون و به‌فیڕۆچوونی توانایی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك، ئه‌ویش به‌ قازانجی چینی ده‌سه‌ڵاتدار.
هاوخه‌می و دڵسۆزی و شین گێڕان، ساناترین و بێ كه‌ڵكترین كاردانه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر له‌ سێداره‌دانی ئه‌مڕۆی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و چوار زیندانیه‌ سیاسییه‌كه‌ی دیكه‌. ئه‌وه‌یكه‌ زیندانیه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ و ته‌واوی ناڕازیان و چه‌وساوه‌كانی تر پێویستییان پێیه‌تی، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی وشیارانه‌ و روخاندنی ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی و خوێنخۆری كۆماری ئیسلامییه‌ كه‌ به‌ یه‌كێتی و رێكخستنی پرۆلیتاریا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. چونكه‌ كۆماری ئیسلامی نیشانی داوه‌ كه‌ له‌ جینایه‌تكاربوونی خۆیدا هیچ سنوورێك ناناسێت و له‌ ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی خوێن رشتووه‌ كه‌ ئیتر سڵی لێ ناكاته‌وه‌. شتێك كه‌ كۆماری ئیسلامی زۆر به‌ تووندی لێی تۆقیوه‌، رێكخراوبوونی خه‌ڵكه‌ و به‌ باشی ده‌زانێت ئه‌گه‌ر پرۆلیتاریا یه‌ك بگرن، هیچ به‌سیجی و پۆلیسی به‌ناو دژه‌شۆڕش و هیچ سه‌ركوت و كوشت و كوشتارێك، ناتوانێت ببێته‌ له‌مپه‌ری سه‌ر رێگایان.
با له‌ دژی كۆماری فاشیستی ئیسلامی خۆمان رێكخه‌ین.

 

           

 

10/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com