ڕۆحی قه‌ڵه‌م هه‌ڵناکێشرێ
 

  

یوسف منتک



خوێندکارێکی هه‌ژاری کورد که‌ هه‌موو سه‌رمایه‌که‌ی قه‌له‌مێک بێت ژیانێکی مه‌مره‌ومه‌ژی بگوزه‌رێنێت، به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تکردنی هاونیشتمانیانی وپێشکه‌وتن وبنیادنانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئاوات و ئامانجی بێت تیرۆر ده‌کرێت ، له‌کاتێکدا دوور بێت له‌م هه‌موو گه‌نده‌لی ژاوه‌ژاو فه‌سادییی وده‌سه‌ڵاته‌ سیاسی وکۆمه‌لایه‌تی ئابووری کولتورییه‌ی که‌ هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ تاوان وگوناهه‌ ئه‌وه‌ یاسا ده‌توانێ مه‌سه‌له‌که‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌ ، له‌کاتێکدا به‌ده‌یان وسه‌دان تاوانبار و گوناهباری جۆربه‌جۆر هه‌یه‌ هه‌ر یه‌که‌ی له‌ژێر ناوێک و به‌ پاساوێک داڵده‌دراون که‌سیش له‌گوڵ گرانتریان پێ نالێ !.

بۆ پاکبوونه‌وه‌ی ڕۆح مرۆڤ ده‌بێ تۆبه‌ بکات له‌م هه‌موو خراپه‌کارییانه‌ی که‌ به‌رامبه‌ر به‌مرۆڤایه‌تی و خودا کردوویه‌تی هاوکات جه‌سته‌شی پاک ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێ گوناهی سه‌ره‌تای به‌هاری گه‌نجێکی نووسه‌رو خوێندکاری خێزانی هه‌ژارێکی کورد له‌ دوا قۆناعی کۆلیژی زمان چی بێت ، به‌به‌رچاوی هه‌ڤاله‌کانی بۆ هه‌لکێشانی ڕۆحی ده‌ڕفێندرێ و له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ تیرۆری ده‌که‌ن ، دوور خستنه‌وه‌شی به‌مه‌به‌ستی چه‌واشه‌کردنی هاوڵاتیانی کوردستان تا شک وگوومان له‌ هیچ که‌س ولایه‌نێکی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ نه‌که‌ن و له‌به‌ر چاوی میدیاکانی کوردی بزربێت ،ئه‌م ڕه‌فتاره‌ ده‌ژ به‌ هه‌موو به‌ها رۆڤایه‌تییه‌کان‌وچه‌مکی ئازادی ڕاده‌ر بڕین ودیموکراسیه‌ته‌.
ئه‌گه‌ر که‌سانێک پێیان وایه‌ به‌تیرۆر کردنی نووسه‌ران ڕۆژنامه‌نووسان ده‌توانن زاڵبن به‌سه‌ر ئیراده‌و خواستی ڕووناکبیرانی کوردستان ، به‌هه‌له‌داچوون ، سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌ وسیستمی نوێی ئابوورییه‌ ئێستا،شتێک نییه‌ دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ بکرێت ! ، هه‌موو ئه‌م نووسه‌رانه‌ی که‌ له‌ ڕابردوودا بوونه‌ شه‌هیدی قه‌له‌م ودیموکراسیه‌ت ،به‌نه‌مری مانه‌وه‌وبه‌نه‌مریش ده‌ژین دیرۆکێکی‌ پڕشنگدار وزێڕینیان له‌مێژووی گه‌له‌که‌مان تۆمار کرد ، سه‌رده‌شت عوسمان بوو به‌هاو خه‌بات وهاوبیری موسا عه‌نته‌رو عبدولخالق معروف‌ وڕه‌ؤؤف کامیل و ودکتۆر عبدولستار تاهیر شه‌ریف وسۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ ، ژیانیش درێژه‌ی هه‌یه‌ ، کێبه‌رکێکانی ژیان تادێت توندتر ده‌بێت ، ژیریی وهێمنی ودیالۆگی مه‌ده‌نیانه‌ و سه‌روه‌ری یاسا ده‌توانێ ئازادی ودیموکراسی بچه‌سپێنێ وکۆمه‌لگه‌ پێش بخات ، توندو تیژی چاو سورکردنه‌وه‌ له‌سه‌رده‌می ئیمڕۆ شه‌مه‌زارییه‌ بۆ هه‌ر کۆمه‌لگه‌یه‌ک پیاده‌ی بکات به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی، ئه‌زموونی گه‌لانی ڕۆژئاوا سه‌لماندوویانه‌ ، کاکه‌ سه‌رده‌شت به‌دڵنیایی بنوو ڕۆحه‌که‌ی تۆ زیندووه‌ له‌هه‌موو ماڵ وگیانی تاکێکی ئه‌م هه‌رێمه‌ و جیهان، سه‌رتاپای گێتی تازیه‌باره‌ بۆت ، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌رده‌بڕن، به‌ڵام دڵنیا به‌،ڕۆشنایی چه‌سپاندنی دیموکراسی وئازادی ڕاده‌ربرین لێمان نزیکبۆته‌وه‌.

یوسف منتک /ئه‌لمانیا


 

           

 

14/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com