مێدیای ئازاد و سێبه‌ری هێڵه‌كان ...!!
 

  

جوتیار
jutyar91@yahoo.com



تا كۆمه‌ڵگا له‌ سه‌رتاپای كۆتۆبه‌ندی سونه‌ته‌ تابووكان ده‌ربازی نه‌بێت ئه‌سته‌مه‌ بتوانین قسیه‌كی جۆری له‌ سه‌ر ئازادی مێدیاكان بكه‌ین ، جا ئه‌و سونه‌تانه‌ سیاسی بن یان مه‌زه‌‌بی زانستی بن یان ئه‌فسانه‌یی . چونكه‌ مێدیا به‌شێكی دابراو نی‌یه‌ له‌و سروشته‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌می ده‌هێنێت له‌ نێوان ته‌وژمه‌ سیاسسی و ئیدۆلۆژیه‌كاندا ، به بڕوای من سروشتی مێدیای ئازاد سروشتی زیهنیه‌تێكی ئازاده‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ریتمانه‌ی كه‌ به‌ ڕۆحی ئیدۆلۆژیكی و ئیلاهی له‌ دایك ده‌بن ، مێدیای ئازاد به‌ هه‌ر زمانێك لێی بدوێین و قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین یه‌ك واتاو یه‌ك پێناسه‌یه‌‌ ، وه‌ ناكرێت شێوازو جۆری تری له‌ ڕه‌نگوو ڕه‌واڵه‌ت به‌ به‌ردا بكه‌ین ، ئه‌وه‌ی كه‌ پێناسی ئازادبوون ده‌به‌خشێته‌ مێدیاكان ،سه‌ربه‌خۆبوونه‌ له‌ ته‌وژمه‌ فكری و سیاسیه‌كان و راسگۆیی‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگادا .
مێژووی ئه‌و ده‌زگایانه‌ی كه‌ پێان ده‌گوترێت مێدیای ئازاد لای ئێمه‌، له‌ زه‌مه‌نی نه‌وه‌یه‌كه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه‌ ده‌توانین ناوی به‌رین به‌ نه‌وه‌ی( ئه‌ودیوو مێژووی شه‌ڕه‌‌كان) ، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌متر له‌ ژێر كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی سیاسی ناسیۆنالیزمی كوردن و ده‌توانین وه‌ك جو‌ڵه‌یه‌كی ( لیبڕاڵ- ئه‌ناڕخی ) له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا پێناسه‌ی‌ بكه‌ین ، نه‌وه‌یه‌ك كه‌ تا ئاستێك ده‌یه‌وێت شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ ئه‌و به‌هایانه‌دا بكات كه‌ زه‌مه‌نێكه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ ژێر باری گرانی پیرۆزیه‌كانیاندا بێ هه‌ناسه‌ بووه .
به‌ ڕای من مێدیای ئازاد ،ده‌بێت بتوانێت سه‌د ده‌ر سه‌د هه‌ڵگری ئه‌و متمانه‌و ڕاسگۆییه‌ بێت كه‌ ده‌سته‌ڵات و گروپوو بزوتنه‌وه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دینیه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای ده‌شارنه‌وه‌ ،مێدیای ئازاد پێویستی به‌ ته‌ره‌فگیری سیاسی و فیكری نییه ، چ بۆ( ده‌سته‌ڵات) یان بۆ ( ئۆپۆزیسیۆن) ،ئه‌و ده‌بێت ڕوانگه‌ی خۆی هه‌بێت و بتوانێت له‌ قه‌یرانه‌ سیاسیه‌كاندا به‌ ئه‌ندازه‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی خۆی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌كاندا بكات ، ده‌بیت وڕوژێنه‌ر بێت ، به‌ڵام ئاگاداری پاراستنی ئه‌و چه‌مكانه‌ بێت كه هه‌ڵگری ‌ ئاكاری ئازادیه‌كانی تاكو و هاووڵاتی بوونن، مێدیای ئازاد چه‌مكێكی زۆر به‌رفراوانتره‌ له‌و شه‌ره‌ جوێنو ئیهانه‌تكردنانه‌ی كه‌ له‌ گوتارو نوسینه‌كانی مێدیای كوردیدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت ، یا خود ئه‌وانه‌ی له‌ په‌نا ئه‌و چه‌مكه‌وه روو به‌ یه‌كدی ده‌ڕشێنه‌وه‌ و پێیان وایه‌ ئا ئه‌وه‌ وێنه‌ی واقیعی واتای ئازادیه‌كانه‌ ، له‌ ولاتانی پێشكه‌وتودا مێدیا شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ ڕوداوه‌كاندا ده‌كات بۆ به‌رپا كردنی فه‌زای له‌ یه‌ك تێگه‌یشتن له‌ نێوان تاكو كۆمه‌ڵگادا ، شه‌ڕ ده‌كات بۆ ڕه‌نگكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و وینانه‌ی كه‌ ده‌سته‌ڵات ده‌یهه‌وێت بیان شێوێنێت له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكدا و شه‌ڕ ده‌كات بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی مه‌وجه‌كانی ڕای گشتی ،مێدیای ئازاد ناتوانێت ئه‌منیه‌تی خه‌ڵك دابین بكات ، به‌ڵام دتوانێ به‌رگری بكات له‌و ڕایه‌ی كه‌ خه‌ڵك ده‌یهه‌وێت به‌ ئازادی له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا بیدات. مێدیای ئازاد ده‌بێت (نێیوتراڵ) له‌ شه‌ڕه‌كاندا ڕۆڵبگێریت و بتوانێت جه‌سته‌ی خۆی له‌ سیبه‌ری هه‌موو گومانه‌كاندا بپارێزێت ، مێدیای ئازاد نابێت به‌ هیچ جۆرێك مجامه‌له‌ی ته‌وژمه سیاسیه‌كان یان پله‌داره‌كانی ده‌سته‌ڵات له‌ پێناوبه‌خشین یان به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌ك بكات ، چونكه‌ بۆچونێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت (له‌ هه‌رشوێنێك سیاسیه‌ك و ڕۆژنامه‌نوسێك باوه‌شیان به‌ یه‌كدا كرد ئه‌وه‌ له‌و شوێنه‌دا دیموكراسیه‌ت نییه‌) ئه‌وه‌ قسه‌ی من نیه‌ وه‌ ناشزانم كێ كردوویه‌تی ، به‌ڵام من ده‌زانم ئه‌وه‌ بۆچونێكی زۆر ڕیالستانه‌یه‌ و بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی ئازادی مێدیا ده‌كه‌ن به‌ر له‌ هه‌ر شتێك خۆیان ڕزگار بكه‌ن له‌و ڕۆحه‌ ئیدۆلۆژی و له‌و زیهنیه‌ته‌ به‌ ئینتیما بووه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ڕۆحی شه‌ڕه‌نگێزی به‌ به‌ر جه‌سته‌ی راسگۆیانه‌ی ووشه‌دا بكات، ده‌رباز بوون له‌ ڕۆحی ئینتیما ، ده‌ربازبوونه‌ له‌ هه‌موو سێبه‌ری ئه‌و هێڵانه‌ی كه‌ مه‌وداكانی ناحاڵیبوون له‌ نێوان تاكو كۆمه‌ڵگادا فراوانتر ده‌كات.

‌‌‌‌‌‌
 

           

 

01/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com