نامەیەکی کراوە بۆ: هەڵسوڕاوانی چەپ، کۆمۆنیستی و کرێکاری
 

  

ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری

 


1. هاوڕێیان هەروەك ئاگادارن بەدوای ترۆری سەردەشت عوسماندا بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی سەری هەڵداوە و تا ئێستا چەندین کۆڕی ماتەمینی و سیاسی، خۆپێشاندان لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان و لەدەرەوەی وڵات بەڕێوەچوە. هەر لەو پەیوەندەشدا چەندین "کەمپین"، "لیژنە"، "کۆمیتە" و کۆڕوکۆمەڵ بۆ ڕاپەڕاندنی چالاکیەکانی پەیوەست بەم ناڕەزایەتیەوە، چ لەناوخۆ و چ لەدەرەوەی وڵاتدا پێکهاتون. خۆشبەختانە هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و چەپ، حیزب و ڕێکخراوەکانیان چالاکانە بەشداری ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە بون و ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە بەرپاکردنی چالاکیەکان و پێکهێنانی ئەو ئۆڕگانانەدا.

2. بەڵام بۆ ئەوەی "بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی" لە ئاست بەشداری چالاکانە واوەتر بڕوات و باڵادەستی بەدەستبهێنێت، پێویست بە خۆکۆکردنەوەی دەکات لە بلۆکێکی ڕادیکاڵدا لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا بەدەوری پلاتفۆڕمێکی چەپدا. مەبەست لە پلاتفۆڕمێکی هاوبەشی چەپ، وەلانانی جیاوازیەکان و هێنانەدی یەکیەتی حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان نیە بەشێوەیەکی گشتی، نەک هەرئەوەش بەڵکو هەتا هاوئاهەنگکردنی کارەکانی چەند حیزب و رێکخراوەیەکێش نیە بەتەنها لەناو ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەدا، بەڵکو پلاتفۆرمێکە لەپەیوەست بەم دیاردە دیاریکراوە بۆ تەواوی هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست، بەوانەشەوە کە لەدەرەوەی ڕێکخراوە و حیزبەکاندان، چ وەک کەسایەتی سەربەخۆ یا چ لەشکڵی کۆروکۆمەڵ و مەحفەلەکانی بێ ناونیشاندا هەن. ئەڵبەتە بزوتنەوەی چەپ زۆر بەرفراوانترە لە کۆی ئەو قەوارە ڕێکخراوەییانەی کە هەن. پلاتفۆڕم بۆ بزوتنەوەکەیە نەك بۆ ڕێکخراوەکان. مەبەست لە پلاتفۆڕمەکە سەروسامان پێدانی بزوتنەوەی چەپە و دەرهێنانیەتی لە شکڵی بلۆکێکی یەکدەست و خاوەن پەرچەمی خۆی لەناو ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی کە دژی ترۆری سەردەشت عوسمان هاتۆتە ئاراوە.

3. ئەوە ڕاستە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە ڕاستەوخۆ بەدوای تیرۆرەکەدا لە دوو هەفتەی یەکەمیدا گەیشتە ترۆپکی خۆی و پاشان بەرەو خاوبونەوە چوو. چالاکیەکان بەبۆنەی چلەی ترۆرکردنەکەیەوە جارێکی تر بزوتنەوەکەی هێناوەتەوە گۆڕێ. هەرچەندە واچاوەڕواندەکرێت کە هەمدیسان بەرەو خاوبونەوە بڕوات بەڵام بەو پێیەی ئەو لیژنەیەی کە سەرۆکی هەرێم پێکی هێناوە، نەك هەر بێلایەنانە کارناکات و شەرعیەتی نیە، بەڵکو ناتوانێت بەڵگەیەکی دروست و جێگەی متمانەی جەماوەر بخاتەڕوو بۆیە ئەم مەسەلەیە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ئەگەری سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوە و هاتنەمەیدانی بەهێزە. بۆیە خۆئامادەکردنێکی پێشوەخت و خستنەڕووی پلاتفۆمێکی چەپ وەك ئاڵتەرناتیڤێکی عەمەلی لەبەردەم ئەم بزوتنەوەیەدا بایەخێکی گەورەی دەبێت.

4. بەم پلاتفۆڕمە سەربەخۆیە، چەپ وەك بلۆکێکی بەهێز هەم دەتوانێت بچێتە جەنگی باڵادەستی ئاسۆی ناسیونال-لیبرال و ڕیفۆرمیستی زاڵ بەسەر بزوتنەوەکەدا و هەم دەتوانێت لەبەرامبەر دەسەڵاتدا دەرکەوێت و ناوەڕۆکی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە ڕادیکاڵتر بکاتەوە و داوێنەکانیشی بەرفراوان و بەربڵاوبکات. بەهەر ئەندازەیەک چەپ لەم کارەیدا سەرکەوێت و پێشڕەوی بکات، ئاڵتەرناتیڤی چەپ و کۆمۆنیستی لە دەرونی بزوتنەوە ئازادیخواز و دیموکراتیکەکاندا دەکاتە واقعیەتێکی عەمەلی و چەپ و کۆمۆنیزم لەئاست کۆمەڵگەدا هێز و توانا دەگرن.

5. ئێمە لە "ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری"، پەیوەندی و دیالۆگ لە نێوان حیزب، ڕێکخراوە، کۆڕوکۆمەڵ و هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست بە پێویست دەبینینەوە بۆ کارکردن لە پێناو هێنانەدی پلاتفۆڕمێکی هاوبەشی چەپ لەناو ئەو بزوتنەوە ناڕەزیەتیەدا. ئێمە لە ڕێگەی ئەم نامەوە بانگەوازتان دەکەین بۆ پەیوەندی و دیالۆگ لەم مەیدانەدا.


ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری
www.rewend.info
20 -6-2010

 

           

 

23/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com