جه‌سته‌ی ژن له‌ گه‌مه‌ی سیاسیدا
 

  

عه‌باس ئیسماعیل حه‌مه‌د



له‌ سه‌روبه‌ند‌ی مه‌رگی سه‌رده‌شت عوسمان، رۆژنامه‌گه‌ر‌و داکۆکیکه‌ر له‌ دیموکراتی‌و مافه‌کانی مرۆڤ، ته‌نیا ده‌نگی ژن نه‌ده‌بیسترا، ئه‌و ده‌نگه‌ی که‌ هزرو تێڕامانی فێمینیستانه‌ی کردبێته‌ که‌ر‌سته‌ی ره‌خنه‌و‌ دیدوبۆچوون. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و نه‌بوونه ـ غیاب ـ ‌ی خودی ژن له‌خوێندنه‌وه‌ی واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و تێگه‌یشتن له‌کێشه‌ جێنده‌ریه‌که‌‌ی خۆی، زۆر له‌مێژه بزره‌. به‌وه‌ نیه‌ تاک‌و ته‌را ژنان له‌م رێکخراو‌و له‌و رێکخراودا کارده‌که‌ن، یان لێره‌و له‌وێ بابه‌تێک له‌ رۆژنامه‌‌و کتێبه‌کان له‌سه‌ر ژن بڵاوده‌که‌نه‌وه‌‌. ده‌نگه‌ تاک‌و ته‌راکان له‌‌ بۆنه‌ی مه‌رگی سه‌رده‌شتدا‌‌ نووزه‌ی شیوه‌نێک بوو، وه‌ک راسپارده‌یه‌کی له‌خۆڕا،‌ بووه‌ به‌ نه‌ریت، ژنان له‌ مه‌رگی پیاودا پێشکه‌شی بکه‌ن.
ئه‌م رووداوه‌‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک بوو بۆ ناسینی ئاستی وشیاریی جێنده‌ری خه‌ڵکی به‌ناو خه‌مخۆرو داکۆکیکه‌ر له‌ که‌سایه‌تی ژن‌و مافه‌کانیان،‌ به‌ تایبه‌تیش ئه‌و ژنانه‌ی ئێستا کراونه‌ته‌ سیمبۆل‌و بت‌ خه‌لکی له‌ کوردستان به‌ هه‌ندیان هه‌ڵده‌گرن. نه‌مبینی ژنێک نووسینه‌که‌ی سه‌رده‌شت عوسمان، که‌ به‌ ناو بۆ "عه‌شقی کچی سه‌رۆکی هه‌رێم نووسیبووی"‌ بخاته‌ به‌ر رۆشنایی لێکدانه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی فێمینیستانه‌‌و قسه‌ی له‌سه‌ر بکات‌. نه‌مبینی فێمینیستێک تێکستی له‌و جۆره‌ بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و له‌و عه‌شقه‌ درۆزنه‌ بکۆڵێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ به‌ سووکایه‌تیپێکردن به‌ ژن‌و به‌کارهێنانی جه‌سته‌‌که‌ی بگرن.
به‌ڕای من ئه‌وه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان، نووسیویه‌تی عه‌شق نیه‌، نووسینێکه‌ هیچ‌ رۆمانسیه‌تێکی عاشقانه‌ی تێدا به‌دی ناکرێت‌، چۆن ئێمه‌ باوه‌ڕ به‌خۆمان بێنین‌و بڵێین سه‌رده‌شت مافی خۆیه‌تی ته‌عبیر له‌ عه‌شق بکات، بێگومان عه‌شق ئازاده‌ هه‌رکه‌سێک بیکات، یان عه‌شق به‌رانبه‌ر به‌ کێ، با عه‌شق به‌رانبه‌ر کچی سه‌رۆکی هه‌رێمیش بێت‌. به‌ڵام عه‌شقێک که‌ دوواتر پڕبێت‌ له‌ هه‌ڵچوونی توڕه‌‌و رکابه‌رایه‌تی‌و ناوناتۆره‌ی سیاسی، هه‌موو پیرۆزیه‌کانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات‌و ئه‌وکات عه‌شقێک بۆ مرۆڤ ده‌بێت به‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی ‌سیاسی دۆڕاو. ئه‌وه‌تا له‌ نووسینێکی دوواتر سه‌رده‌شت نووسیویه‌تی " نه‌ سه‌رۆک خودایه‌‌و نه‌ کچه‌که‌ی" ئه‌مه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌کی خێرایه‌ له‌ عه‌شق ئه‌گه‌ر هه‌بووبێت لای ئه‌و مرۆڤه‌؟
با له‌گه‌ڵخۆماندا راستگۆ بین، ئێمه‌ هه‌موومان، سه‌ره‌ڕای بیرووبۆچوون، یان ئینتیمای فیکری‌و سیاسی، په‌روه‌رده‌ی کولتوورێکین، ئه‌و کولتووره‌ش‌ رایهێناوین،‌ که‌ بوونی ژن، وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک‌، بۆ رسواکردنی ئه‌وی دی به‌کاربهێنین. زۆربه‌مان له‌کاتی بێده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌قه‌تی ئه‌وه‌ دێین که‌ له‌دایک یان له‌خوشکی ناحه‌زانمان‌، پێوه‌رێک بۆ ناشیرینی بدۆزینه‌وه‌‌و ئه‌وانی پێ رسوابکه‌ین. ئه‌و پێوه‌ره‌ ناشیرنه‌ش بێگوومان جه‌سته‌‌و‌ سێکسوالیتێی ژنه‌‌. بۆیه‌ به‌ڕای من ئه‌و نووسینه‌ی سه‌رده‌شت، شێوازێکه‌ له سوکایه‌تیپێکردن‌، وه‌ک ره‌خنه‌، دژ به‌ده‌سه‌ڵات به‌کارهاتووه‌، ئه‌و شێوازی ره‌خنه‌یه‌ش‌ تێیدا ژن پێوه‌رو که‌رسته‌ی ئه‌و سوکایه‌تیپێکردنه‌‌یه‌. ده‌کرێ به‌ شێوازی سوکایه‌تی پێکردن ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بگیرێت، به‌ڵام نه‌ک له‌سه‌ر حیسابی جه‌سته‌‌و سێکسوالیتێی مرۆڤ.
ده‌بوایه‌ ژنان له‌و دیارده‌ دزێوه‌ ئاگاداربوونایه‌‌و لێنه‌گه‌ڕابان وابێ‌لێکۆڵینه‌وه‌‌، بێ خستنه‌ژێر پرسیار، ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ به‌سه‌ریاندا تێبپه‌ڕیبایه‌. ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بووم، نه‌مبینی ژنێک درک به‌و نا‌هه‌قیه‌ بکات که‌ به‌رانبه‌ر به‌ جه‌سته‌ی ئه‌و کراوه‌و ده‌نگ هه‌ڵبڕێت. ئه‌وه‌ سێکسوالیتێی ژنه‌ که‌وتۆته‌ ناو گه‌مه‌ی سیاسی. خۆ له‌بازاری له‌شفرۆشی ژنانیش هه‌ر ئاوا ده‌ڕوانرێته‌ جه‌سته‌ی ژن. جه‌سته‌‌و سێکسوالیتێی ژن هه‌رده‌م له‌ خزمه‌تی پیاو به‌کارهاتووه‌، ژن وه‌ک بوونه‌وه‌ر، کۆمه‌ڵگه‌ ته‌نیا یه‌ک فه‌نکشنی پێ ره‌وابینیوه‌‌‌ ئه‌ویش خزمه‌تکردن‌و ‌خۆشی‌ پیاوه‌.
کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان مه‌رگێکی ناهه‌ق بوو ئه‌نجامدرا‌، ده‌کرا ئه‌و مه‌رگه‌ بۆ ژنان بۆنه‌یه‌ک بوایه بۆ وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی هه‌زاران مه‌رگی له‌وه‌ جه‌رگبڕتر که‌ ته‌مه‌نێکی درێژه‌ به‌ ناهه‌ق رووبه‌ڕووی ژنان ده‌بێته‌وه‌‌. بۆنه‌یه‌ک بوایه بۆ ئه‌وانه‌ی جاڕی یه‌کسانی‌و مافی مرۆڤ لێده‌ده‌ن، له‌پێشێلکردنی به‌رده‌وامی مافی مرۆیی ژن له‌ هه‌موو بواره‌کاندا ده‌نگ هه‌ڵبڕن، بۆنه‌یه‌ک بوایه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی ژن‌. بۆنه‌یه‌ک بوایه بۆ ناچارکردنی ده‌سه‌ڵات به‌ دابینکردنی مافی زیاتر‌‌‌ بۆ ژنان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا، بۆنه‌یه‌ک بووایه‌ بۆ ده‌رس وه‌رگرتن‌و درووستکردنی ته‌بایی له‌ نێو ژنان‌و رێکخراوه‌کا‌نیان، بۆ پێداگرتن له‌سه‌ر مافه‌کانی ژنان له‌به‌شداریی سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و بۆنه‌یه‌ هه‌لێکی باشی‌ بۆ راده‌ڕبڕین، بۆ به‌شداریی ژنان ره‌خساند، ده‌کرا به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ گشت رووداو دیارده‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئێستا‌و داهاتووی که‌سایه‌تی ژنان‌و خه‌ڵکانی چه‌وساوه‌‌و سته‌مدیده‌ی ناو کۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌، بخاته‌ ‌ژێرپرسیاره‌وه‌‌‌‌‌.
مه‌رگێک هاتوو له‌لایه‌ک بۆ گه‌مه‌ی سیاسی، له‌لایه‌کیش دیش بۆ کپکردن‌و کوشتنی ده‌نگی ناڕه‌زایی‌و دیموکراتیه‌ت، قۆسترایه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ژنان له‌وێنه‌بوون.
من نامه‌وێ شه‌رعیه‌ت به‌ کوشتن بده‌م، نه‌خێر من به‌توندی ئیدانه‌ی هه‌ر شێوازێکی کوشتن ده‌که‌م‌و پێموایه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان له‌ کوشتن‌و ناعه‌داله‌تی‌ به‌رپرسیاره‌. به‌رپرسیاریه‌تی ده‌سه‌ڵات به‌لایه‌نی که‌م له‌وه‌ ده‌بینم که‌ ئه‌رکی ئه‌وه‌ خۆشگوزه‌رانی‌و ئاسییش‌و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ دابین بکات.

عه‌باس ئیسماعیل حه‌مه‌د
سوید
2010-05-26

 

           

 

01/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com