ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی‌و کاره‌ساته‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌‌و ئه‌نفال
 له‌ دووتوێی کتێبێکدا به‌ زمانی سویدی
 

  

عه‌باس حه‌مد ـ سوید


به‌م دوواییه‌ کتێبێک به‌ ناوی ( Flykten valde mig ) کۆچ منی هه‌ڵبژارد، به‌ زمانی سویدی که‌وته‌ بازاڕه‌وه‌،‌ زۆر به‌ باشی پێشوازی لێکراو‌و رۆژنامه‌ سویدیه‌کانی وه‌ک ( Gefle dagbladet )، (Nöjesmix ) و ( Arbetarbladet ) له‌سه‌ریان نووسی.
نووسه‌ری سه‌ره‌کی کتێبه‌که‌ ئیسماعیل عوسمان باسی سه‌فه‌ری ژیانی خۆی ده‌کات له‌ گونده‌که‌ی خۆیان جدیده‌له‌کی سه‌ر به‌شاری هه‌ولێر تا ده‌گاته‌ شاری یه‌ڤله‌ی سوید.
مرۆڤ که‌ به‌رگی کتێبه‌که‌ ده‌بینێ وا ده‌زانێ که‌ نووسه‌ر ده‌یه‌وێ بیره‌وه‌ریه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆی بگێڕێته‌وه‌. ئه‌مه‌ تا ده‌گاته‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک راسته‌، نووسه‌ر له‌به‌ر گه‌وره‌یی کاره‌ساته‌کانی وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌‌و ئه‌نفال ئه‌و ئازار و نه‌هامه‌تیه‌ی که‌ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورددا هاتووه‌ ناچاره‌ زۆر به‌کورتی به‌سه‌ر بیره‌وه‌ریه‌کانی خۆیدا تێپه‌ڕێت‌و واز له‌ گێڕانه‌وه‌ی ژیانی تایبه‌تی خۆی بهێنێت، هه‌وڵی داوه‌ به‌زمانی سویدی ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی بۆ خوێنه‌ر‌ی سویدی‌و خه‌ڵکه‌که‌ی راڤه‌بکات.
ئسماعیل عوسمان خه‌ڵکی گوندی جدیده‌له‌کی سه‌ربه‌شاری هه‌ولێره‌. وه‌ک خۆی باسی ده‌کات، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئاینییه‌‌و باوکی مه‌لا موحه‌مه‌دئه‌مینی جدیده‌له‌کی، مه‌لایه‌کی گه‌وره‌‌و زانایه‌کی به‌رزبووه‌ له‌ ناوچه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر. مه‌لاموحه‌مه‌د ئه‌مین ده‌یه‌وێت ئیسماعیلی کوڕی جێگه‌ی بگرێته‌وه‌‌و ببێت ‌به‌ مه‌لا. به‌ڵام ئیسماعیل به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌جیاتی مه‌ڵایه‌تی، دوای ته‌واوکردنی خوێندنی زانکۆ له‌ به‌غداد، به‌ره‌و شاخ سه‌رهه‌ڵده‌کشێت‌‌و له‌ بالیسانی خۆشناوه‌تی ده‌بێت به‌‌ پێشمه‌رگه‌.
له‌ خه‌باتی شاخ‌و سیاسه‌تدا به‌ موهه‌ندیس جه‌مال ده‌ناسرێت. موهه‌ندیس جه‌مال له‌گه‌ڵ درووستبوونی پارتی گه‌ل له ناو ئه‌و پارته‌ ده‌ستبه‌ خه‌باتکردن ده‌کات‌و ده‌بێته‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی گه‌ل. وه‌ک خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ ده‌بێت به‌ یه‌کێک له‌ که‌سه‌ نزیکه‌کانی سکرتێری حیزبه‌که‌ (سامی عه‌بدولره‌حمان). پاشان له‌گه‌ڵ خۆحه‌لکردنی پارتی گه‌ل‌و تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان‌، مه‌هه‌ندیس جه‌مال ئه‌م سه‌روسه‌دایه‌ی پێ قه‌بووڵ ناکرێت، واز له‌ پارتی گه‌ل ده‌هێنێت، به‌ره‌و غه‌ریبی بۆ واڵاتی سوید سه‌ری کۆچ هه‌ڵده‌گرێت. ئیسماعیل عوسمان زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت‌ که‌لکه‌له‌ی سیاسه‌ت له‌ مێشکی خۆی ده‌ربکات، بۆیه‌، له‌ سوید، دوای فێربوونی زمانی سویدی، جێگه‌ی خۆی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی سویددا ده‌کاته‌وه‌‌و ده‌چێته‌ ناو پارتی گه‌لی سویدی وه‌ک ئه‌ندامێکی چالاکی ئه‌و پارته‌ ده‌ستده‌کاته‌وه‌ به‌ سیاسه‌ت. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2006 دا له‌ سوید، له‌سه‌ر لیستی پارتی گه‌لیی لیبرال خۆی بۆ په‌رله‌مان کاندید ده‌کات، دواتر وه‌ک نوێنه‌ری پارتی گه‌لی لیبرال له‌ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی شاری‌ یه‌ڤله ده‌بێت به‌ ئه‌ندام‌‌ هه‌روه‌ها بۆ په‌رله‌مانی سویدیش وه‌ک‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گ هه‌ڵده‌بژێردرێت.
کتێبی کۆچ منی هه‌ڵبژارد سه‌دایه‌کی گه‌وره‌ی له‌ ناوه‌ندی سیاسه‌ت‌و رۆشنبیری په‌یداکرد. بۆیه‌ نووسه‌ر بۆ باسکردن‌ له‌سه‌ر کتێبه‌که‌‌و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات، باس له‌ بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کوردستان‌و عێراق، که‌ له‌ ژێر سته‌می دیکتاتۆری سه‌ددام‌و پاتی به‌عس ده‌یناڵاند، بتر خه‌ڵکی دووره‌ په‌رێزی سوید به‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ ئاشنا کرد.
ده‌کرێ به‌کورتی، به‌ پێی گێڕانه‌وه‌که‌ی نووسه‌ر خۆی، گرنگی ئه‌و کتێبه‌، ، له‌م خاڵانه‌ کۆبکه‌مه‌وه‌:
1. ئه‌و کتێبه‌، یه‌که‌مین کتێبه، که‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌زمانێکی سویدی ئاسان له‌سه‌ر نه‌هامه‌تیه‌کانی گه‌لی کورد له‌ باشووری کوردستان بۆ خوێنه‌ری ئاسایی، نووسراێت.
2. کتێبه‌که‌ تێکهه‌ڵکشانێکه‌ له‌ نێوان بێره‌وه‌ریه‌کانی نوسه‌ر له‌ کوردستان وه‌ک نیشتمانی یه‌که‌م‌و بیره‌وه‌ری‌و ئه‌زمونه‌کانی له‌ سوید وه‌ک نیشتمانی دووه‌م. ‌ بۆیه‌ کتێبه‌که‌ بۆ خوێنه‌ری سویدی زۆر سه‌رنجڕاکێشه‌.
3. ئه‌و کتێبه‌ واده‌کات که‌ ئیسماعیل عوسمان زیاتر بناسرێت‌و‌ له‌ بازنه‌ی پارتی گه‌لی سویدی بچێته‌ ده‌ره‌وه‌‌و ئاسۆیه‌کی فراوانی له‌به‌رنبه‌ردا ده‌کرێته‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کۆڕوکۆبوونه‌وه‌ی جیاوازی سویدی له‌سه‌ر نه‌هامه‌تیه‌کان‌و ئازاره‌کانی کورد کۆڕوسیمینار بکات.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ کتێبخانه‌گشتیه‌کانی سوید ئه‌و کتێبه‌یان خستۆته‌ ناو کتێب‌و چاپه‌مه‌نیه‌کانی خۆیان. ده‌کرێت ئه‌و کتێبه‌ له‌ کتێبخانانه‌ قه‌رزبکرێت.
ئیسماعیل عوسمان کتێبی کۆچ منی هه‌ڵبژارد به‌هاوکاری رۆژنامه‌نووسی سویدی Mattias Kjellin نووسیویه‌تی، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ کتێبه‌که‌ تام‌و چێژێکی سویدیشی هه‌بێت.

عه‌باس حه‌مد ـ سوید

 

           

 

15/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com