جه‌نابی سه‌رۆکیش ئازادی لغاو نه‌کات !
سه‌رده‌شت عوسمان له‌وتاری سه‌رۆکی هه‌رێمدا.
 

  

ئه‌میر قادر – هۆڵه‌ند
hangau@gmail.com


دوێنێ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌به‌رانبه‌ر په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمدا وتارێکی پێشکه‌شکرد،ئه‌و وتاره‌ چه‌ندته‌وه‌ری له‌خۆگرتبوو که‌ سه‌فه‌ره‌کی سه‌رۆک بۆ تورکیاو فه‌ره‌نساو،ته‌وه‌ری پێکهاتنه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق ،ته‌وه‌ری دوایی که‌ زۆری قسه‌کانی سه‌رۆکی چووه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی و ‌فه‌وزایه‌که‌ که‌ خه‌ریکه‌ ئه‌زمونه‌که‌ی هه‌رێـم تێکده‌دا (ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ ده‌كرێت ئازادی نییه‌، ئه‌مه‌ فه‌وزایه‌ خه‌ریكه‌ ره‌وشتی كوردایه‌تی‌و مرۆڤایه‌تی تێكده‌چێت).
من وه‌ک هه‌ڵسوڕاوێکی بواری ئازادی و ما‌فی مرۆڤ به‌ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم زیاتر ناوه‌رۆکی وتاره‌کای سه‌رۆک و ئه‌و به‌شه‌ی که‌ په‌یوه‌ند به‌ ئازادیه‌وه‌ شیبکه‌مه‌وه‌ ،به‌ناچار ده‌بێت بچینه‌وه‌ سه‌ر ماکی هه‌ستانه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی خه‌ڵک له‌ دۆزی خوێندکارو ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسماندا،که‌ وتاره‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و راگه‌یانده‌نکانی ڕه‌سمی حکومه‌ت و حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان سیفه‌تی رۆژنامه‌نووس له‌سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ ده‌ستیننه‌وه(ئیستغلالی روداوێك بو بۆئه‌وه‌ی ئیمتیازاتی سیاسی له‌سه‌ر حیسابی خوێنی گه‌نجێكی كورد به‌ده‌ستبهێنرێت)!‌.لێستاندن و دانی سیفه‌تیک و یان پێدانی ناو و چوارچێوه‌یه‌ک به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ هه‌یت و ده‌ته‌وێت بیبیستی دیسان پێشێلی مافی تاکه‌،لێکردنه‌وه‌ی ئه‌م سیفه‌ته‌ وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس ده‌کرێت باسێکی تربێت و شیکاری زیاتر ده‌خوازێت و ده‌کرێت زۆر مه‌رامی شاراوه‌و ئامانجدار له‌م کاره‌ بخوێنینه‌وه‌،به‌ڵام با ئه‌مه‌یان به‌رچاومان لێڵ نه‌کات و له‌سه‌ر ئه‌گه‌رو نه‌گه‌ر قسه‌ نه‌کین و ڕاسته‌و خۆ بێینه‌ سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ی سه‌رۆک وکێشه‌ی ئازادی و تیرۆری سه‌رده‌شت و فه‌وزا که‌سه‌رۆک باسی ده‌کات من به‌ هه‌ستانی خه‌ڵک له‌به‌رانبه‌ر تیرۆرو سه‌رکوتی ئازادی ناو ده‌به‌م.

ئه‌گه‌ر فه‌وزاکه‌ که‌له‌ وته‌که‌ی سه‌رۆکدا هاتووه‌ بکه‌مه‌ کوردی و له‌جێگه‌یدا گێره‌شێوێنی دابنێم که‌ ره‌نگه‌ سه‌رۆکیش هه‌ر ئه‌مه‌ی مه‌به‌ست بێت،ده‌کرێت باسه‌که‌ ئاسان تر شی بکه‌ینه‌وه‌ (گێره‌) و( شێواندن) وه‌ک دوو تێرم و کردار چاو لێبکه‌ین،دوو لایه‌ن ده‌بینین که‌ ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی خه‌رمان و (گێره‌که‌ن) و ده‌سته‌یه‌کی تر که‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی ئه‌م گێره‌یه‌ نازانن (شیێوێنه‌رن) که‌ ڕه‌نگه‌ به‌رژه‌وه‌نیان له‌م گێره‌یه‌دا نه‌بێت و بیشیوێنن یان بکرێت وای بسوڕێنن که‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیشی تێدا بێت،له‌ قسه‌کانی سه‌رۆکدا دیاره‌ که‌ ئه‌و خاوه‌نی گێره‌که‌یه‌ و ده‌کرێت ئه‌وه‌شی بخه‌ینه‌ سه‌ر که‌ ئه‌و له‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ بێزاره‌ که‌ دوای چه‌ندین جار تیرۆری ڕۆژنامه‌ نووسان و هه‌موو ڕۆژه‌ ئه‌زیه‌تدانیان و کوته‌ک کاری و فڕاندن و هه‌ڕه‌شه‌و دوایین ڕوداویش فڕاندنی ڕۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمانه‌ و ئه‌م گروپه‌ش که‌ چه‌ندین ره‌نگ و شێوه‌ن و بینیمان که‌ به‌هه‌زارانیان هاتنه‌ سه‌ر جاده‌کان و خۆیان پیشانداو ئه‌وانه‌ن که‌ده‌یانه‌وێت ئه‌م گێره‌یه‌ بشێوێت !.

ده‌کرێت لێره‌وه‌ له ڕووه‌ واقعیه‌که‌ی ئه‌م قسانه‌ بدوێین و له‌ جه‌نابی سه‌رۆک بپرسین؟ به‌ڕیزان کوشتن و فراندنی گه‌نجێکی وه‌ک سه‌رده‌شت له‌ هه‌ولێردا و بێده‌نگی به‌ڕێزتان له‌ جه‌ند ڕۆژی یه‌که‌مداو،دواتر وتاری پڕ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی به‌ڕیزتان و خۆتێهه‌ڵقوڵاندن وشه‌ڕپێفرۆشی گروپی یه‌کێتی قوتابیان به‌ هاوڕێی و هاوپۆله‌کانی سه‌رده‌شت که‌ چوونه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و ماوه‌ی 5 ڕۆژ خسته‌ گه‌ڕی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی به‌ڕیزتان و هه‌ڕه‌شه‌و خۆتوڕه‌ کردنی به‌ڕێزتان ده‌بێت بۆ ئێمه‌و دۆست و هاوڕێیانه‌ی سه‌رده‌شت و خێزانی مام عوسمان چی بێت ؟. هیچ نه‌دۆزینه‌وه‌و نه‌بوونی هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌ لێکۆڵێنه‌وه‌یه‌کی جدی له‌ دۆخی لێکۆڵێنه‌وه‌که‌ چیمان پێده‌ڵێن. با پر‌سه‌که‌ سه‌ره‌و بن بکه‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌جێی سه‌رده‌شت خۆشه‌ویست و که‌سێکی سه‌رۆک خۆی بووایه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ سه‌یری خۆپیشاندانه‌کانیان ده‌کرد و به‌ گێره‌شیوێن ناویان ده‌هات؟ به‌ڕاستی خۆپیشاندانی هێمنانه‌ بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان وحکومه‌ت کوێی به‌ گوێره‌شێوێنی ئه‌چێت،ڕووه‌که‌ی به‌رانبه‌ری به‌سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵکی کوردستان دروستکردنی چه‌ندنین ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی حیزبی و نیمچه‌ حیزبی به‌جۆرێک هه‌ر به‌رپرسێکی نه‌خوێنه‌ده‌واریش ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندنی خۆی هه‌یه‌و کاری هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ خۆی به‌ مه‌قام و جوانی خۆیدا هه‌ڵبڵیت و ئه‌وانی تر بدێوێنێت و ئه‌گه‌ر پێویستی کرد له‌وه‌ش تێپه‌ڕی بکات و بیان کات به‌ بنکه‌ی فه‌توادان و گه‌رم کردنی شه‌ڕو هه‌ڕه‌شه‌،به‌ڕاست ئه‌م ده‌زگایانه‌ی ئێوه‌ له‌ جوان کردنی ده‌سه‌ڵات و به‌دێوکردنی ڕۆژنامه‌نوسان و خه‌ڵکی ساده‌و هێزی تازه‌دا کاراترینن به‌ڵام ئایا هیچ ده‌ستکه‌وتێکی واقعیان هه‌تا بۆ خۆتان هه‌یه !‌، به‌عس و هێزه‌ شمولیه‌کانیش هه‌ر به‌م جۆره‌ کاریان ده‌کرد،به‌ڵام به‌ویژدانه‌وه‌ بینیمان کە نە ئه‌وان و نە که‌ناڵه‌کانی ئێوه‌ش نه‌یان توانی سه‌رۆکه‌کان به‌نه‌مری و به‌ موقه‌ده‌س بهێڵنه‌وه‌ و جامی ته‌ژی خه‌ڵک و ناڕه‌زایه‌تی هه‌تا به‌و هه‌موو سێداره‌و کۆکوژیه‌ به‌ری پێنه‌گیرا.
لایه‌نێکی تر که‌ ڕەنگه‌له‌م ته‌وه‌ره‌داو بۆ به‌هێزکردنی باسه‌که‌ و ڕوونکردنه‌وه‌ی گرنگبێت و وتاره‌که‌ی سه‌رۆکیش گرنگی زۆری پێده‌دات ئاسایش و ئابووریه‌ سه‌رک ده‌ڵێت(پێویسته‌ هه‌مومان پارێزه‌ری ئاسایشی هه‌رێم بین‌و خۆمان له‌لێدوانی وا كه‌ڕه‌وشی ئه‌منی ده‌شێوێنن‌و خه‌ڵك توشی ترس‌و نیگه‌رانی ده‌كه‌ن بپارێزین. گه‌ر ئه‌من‌و ئاسایش نه‌ما گه‌شه‌كردنی ئابوری‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێشكه‌وتنی هه‌رێمیش نامێنێت‌و گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌مو رویه‌كه‌وه‌‌ زیانمه‌ند ده‌بێت) باسی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ و له‌گه‌ڵێشیدا هاوڕام ئاسایشی هه‌رێم و ئابوری هه‌رێمه‌،به‌ڵام وه‌ک باسمکرد ئاسایشی کێ؟ وتاره‌که‌ باسی خه‌ڵک ده‌کات که‌ تووشی ترس و نیگه‌رانی بوون،باشه‌ به‌ڕاست خه‌ڵک له‌ فڕاندن و تیرۆری سه‌رده‌شت و کرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌که‌ تووشی ترس بوون یان به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌میدیاکان ئه‌م هه‌واڵه‌یان بڵاو کردۆته‌وه‌ خه‌ڵک له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م تیرۆره‌دا به‌ده‌نگ هاتوون،کێ ده‌توانێت ئه‌و باوه‌ڕه‌مان لا ساغ بکاته‌وه‌ که‌ نه‌ک کرده‌وه‌که که‌ فڕاندن و تیرۆرو سه‌رکوتی ئازادیه‌‌ به‌ڵکو په‌رچه‌ کرداره‌که‌ و هه‌واڵه‌که‌ تووشی ترسمان ده‌کات ! ،خاڵی گرنگ تر و بنه‌ڕه‌تی ئابوری هه‌رێمه‌،که‌سه‌رۆک وای باس ده‌کات ئه‌گه‌ر گێره‌شیوێنی هه‌بێت و ئه‌م هه‌واڵانه‌ بڵاوببنه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆی بێمتمانه‌یی ئاسایشی هه‌رێم،به‌ڕاست من ناچمه‌ سه‌ر ئابوری هه‌رێم که‌ کێ لێی به‌هره‌مه‌نده‌و چه‌ندیتان به‌سه‌ر خۆتان به‌رپرسان و کوڕو که‌س و نه‌وه‌کانتاندا دابه‌ش کردووه‌ و خه‌ریکه‌ گردو ته‌پۆلکه‌و شاخ و مه‌زراکانیش ده‌که‌نه‌ تاپۆی خۆتان و خه‌ڵکی ئاسایش ژیانی مه‌مره‌و مه‌ژی ده‌ژین،ئه‌مه‌ باسێکی تره‌و له‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ناچم،به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ ڕوون بێت کێ ئه‌م باوه‌ڕه‌ قه‌بوول ده‌کات و ملی پێده‌دات له‌پێناوی سومعه‌ی ئاسایشی هه‌ڕیمدا و له‌وێوه‌ش بۆ ئابووری به‌هێز و سه‌روه‌ت و سامانی زیاتر قه‌بووڵی تیرۆری خۆشه‌ویست و کوڕو ئازیزه‌کانی و ژێرپێنانی ئازادی و که‌رامه‌تی ئینسانیمان ده‌کات!
ئایه‌ ئه‌م تێزه‌ی سه‌رۆک که‌دابین کردنی ئابوری و سمعه‌ی هه‌ڕیمه‌ له‌گه‌ڵ چوارچیوه‌کانی دونیای مۆدێرندا دێته‌وه‌ یان له‌وه‌ش بێهێزتر،ئایه‌ هه‌تا هاوڵاتیانی کوردستان و هه‌ڵسوڕاوانی کۆمه‌ڵگای مه‌دنی باوه‌ڕبه‌م لێکدانه‌وه‌ دێنن و ئیمزای خۆیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م داخوازیه‌ی سه‌رۆک،یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیاتر تووڕه‌ ده‌بن و فاسیله‌ی ئه‌وان و سه‌رۆک و ماڵه‌ بێخزمه‌ت و بێ ئاسایشه‌کانی ئه‌وان و شوراکانی سه‌رۆکه‌کان و قه‌سره‌کانایان زیاتر ده‌کات.

ڕاسترو واقعیتر ئه‌وه‌یه‌ که‌سه‌رۆک ترانسپرانتترو ڕاستر باسی تیرۆری سه‌رده‌شتی بکردایه‌وه‌ له‌وه‌ش زیاتر جورئه‌تی هه‌بووایه‌ که‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی له‌ ئاسایش و ده‌زگاو حیزبه‌که‌یان ده‌گیرێت چه‌ند واقعیه‌،بواری بدایه‌و‌ به‌ ئازادی رۆژنامه‌نوسان له‌کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نوسیدا دوای کۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان گفتوگۆو پرسیاریان بکردایه‌و خه‌ڵک خۆی داوه‌ربونایه‌،به‌ڵینی بدایه‌ که‌تاوانباران ئه‌دۆزرێنه‌وه‌ ده‌زگاکانی ئاسایش و وه‌زیری ناوخۆو به‌رپرسانی په‌یوه‌ندار به‌و دۆزه‌وه‌ ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت و ئه‌گه‌ر که‌موکورتبوون لاببرێن و ئه‌گه‌ر ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌م تیرۆره‌دا ده‌بێت سزابدرێن.

به‌داخه‌وه‌ وتاره‌که‌ی سه‌رۆک نه‌یتوانی سه‌رابی گومانه‌کان بڕه‌وێنێته‌وه‌،نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ یه‌ک لایه‌نه‌و به‌هه‌مان نه‌هجی ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی تر له‌سه‌ر پاکانه‌ بۆ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێرو هێزه‌کانی ئاسایش بوو ‌له‌ به‌رانبه‌ریشدا دووباره‌ کردنه‌وه‌ی هه‌مان په‌یام بوو که‌ ئه‌وانه‌ی بۆ خوێنی سه‌ده‌شت به‌ده‌نگ هاتوون له‌ میدیاکان له‌ ڕێکخراوه‌کان و له‌ که‌سایه‌تیه‌کان له‌به‌ره‌ی فه‌وازادان و ئابوری هه‌ڕیمیان لا گرنگ نیه‌ وبه‌ شیوه‌یه‌کی ئارامتر هه‌ما‌ن تۆمه‌تی21 ساڵی‌ رابردووه‌ که‌ خۆی له‌ تابوری پێنج و ده‌ستی ده‌رکه‌یدا ئه‌بینیه‌وه‌.بێگومانم له‌وه‌ی که‌ چۆن له‌ 21ساڵی رابردوودا ئه‌م وتاره‌ی ده‌سه‌ڵات سه‌رکه‌وتوونه‌بوو ، ئه‌و نه‌هات به‌دوای کارێکی تره‌وه‌ بێت و سه‌یری برینه‌کانی خۆی نه‌کرد و له‌به‌رانبه‌ردا نه‌ک چه‌ند که‌س و گروپێکی ته‌نها و 2ڕۆژنامه‌ به‌ڵکو گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی هێزی مه‌ده‌نی و بێچه‌ک و تازه‌و ‌گه‌نج هاتنه‌ پێش و بوونه‌ هێزێکی گه‌وره‌تر ،بێگومان تیرۆری سه‌ده‌شت و بێده‌ربه‌سته‌یاکنی ده‌سه‌ڵات هێزێکی گه‌وره‌ی ئازاد و چاوکراوه‌ی هێنایه‌ پێش،هێزێک که‌ له‌ژووره‌کاندا حیزب بیری بۆ ناکاته‌وه‌،خۆی له‌ سفره‌ی خۆی و له‌ بارودۆخی خۆیه‌وه‌ خۆی ڕێکده‌خات و به‌چه‌پ و راسته‌وه‌ بۆ ئازادی و ماف و که‌رامه‌تی خه‌ڵکی کوردستان ئاماده‌ن و خەبات دەکەن،ته‌نها ڕێگه‌ کاری جدی و ئاشکراکردنی تاوانباران و سزادانیانه‌،به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نه‌ ئه‌م په‌یامانه‌و نه‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌سه‌ڵات و میدیاکانی لاشه‌ی بێ نازی سه‌ده‌شت که‌ بووه‌ به‌ لاشه‌و ڕۆحی هه‌مووان بیر ناباتەوە. ئێستا سه‌ده‌شت ره‌مزی ئازادی و له‌هه‌مان کاتدا که‌رامه‌تی هه‌مووانه‌،جیلێک که‌ بۆکه‌رامه‌تی خۆی و بۆ ئازادیه‌که‌ی ئاماده‌ی کاره‌ زه‌حمه‌ته‌ بواربدات که‌ بێده‌نگی و زه‌لیلی هه‌ڵبژێرێت .

 

------------------------------------
- ناوکه‌وانه‌کان ده‌قی وتاری سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ که‌له‌م لینکه‌دا هاتووه‌


 

           

 

01/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com