ڕه‌وه‌ندی کوردی و کارتی گوشار
 

  

به‌هرۆز حه‌مه‌خورشید
سوید . مویندال


ڕاسته‌ په‌نابه‌رانی کوردی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات؛ له‌ نیشتمانی دایک دابڕاون، به‌ڵام هه‌میشه‌ به‌کردار سه‌لماندویانه‌ که‌ ڕۆڵه‌ی به‌ ئه‌مه‌کی کوردستانن. له‌هه‌موو بۆنه‌ و ڕووداوه‌کاندا، به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان، ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیان به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌. لێره‌دا به‌ پێویستی نازانم ئاماژه‌ به‌ نمونه‌کان بکه‌م؛ به‌ڵام ده‌مه‌وێت، ئه‌و ڕه‌وه‌نده‌ به‌بیر بهێنمه‌وه‌، بۆ ئه‌و کارتی گوشارانه‌ی که‌ ده‌کرێن، به‌کاری بهێنن، بۆ فه‌راهام هێنانی گۆڕانکاری پێویست له‌ ناو خودی نیشتماندا.
هه‌موو باش ده‌زانین له‌ کۆمه‌ڵگای دیموکراسیدا، هه‌ڵبژاردن کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی به‌ڕێخستنی ژیانی تاکه‌؛ سندوقه‌کانی ده‌نگدانیش، تاکه‌ سه‌نگه‌ری جه‌نگی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمه‌. هه‌ربۆیه‌ ده‌نگی تاک له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا؛ قورسایی و به‌های تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌. وا پێده‌چێت، ڕه‌وه‌ندی کوردی به‌هۆی، په‌رته‌وازه‌یی و دابه‌شبونیه‌وه‌، تائێستا نه‌یتوانی بێت وه‌ک پێویست ئه‌وکارته‌ به‌کاربهێنێت؛ هه‌روه‌ک چۆن ڕه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌کانی تر، به‌ ئاشکرا به‌کاری ده‌هێنن. بۆ نمونه‌ ساڵه‌هایه‌، ڕه‌وه‌ند و لوبی جوله‌که‌ که‌ که‌مینه‌ن‌، له‌ ووڵاتێکی زلهێزی وه‌ک ئه‌مریکای خاوه‌ن زیاتر له‌ دووسه‌د ملیۆن دانیشتوو، ئاراسته‌که‌ری هه‌ڵبژاردنه‌کانن. هه‌رئه‌وه‌ش وای کردووه‌، ده‌وڵه‌تی عیبری له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌رامبه‌ر هه‌موو گوشاره‌کان خۆڕاگرێت.
ناعه‌داله‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق؛ به‌داخه‌وه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ڕوو له‌ زیاد بوونه‌، تاکی کوردی هۆشیاری نیشتمانیش، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌. تا کار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ر له‌ هه‌موو پرنسیپه‌ جیهانییه‌کان وجاڕننامه‌کانی مافی مرۆڤ؛ تاک خوێنی خۆی ده‌کاته‌ باجی ئه‌و ووته‌ و هزره‌ توڕه‌و ڕه‌خنه‌ئامێزانه‌ی که‌ ساڵه‌هایه‌، خه‌ون ده‌بینین، به‌وه‌ی بتوانیین، بیاندرکێنین. تا چی دی، له‌ناخی په‌نگخواردووماندا، قه‌تیس نه‌بن. تاکی هۆشیاری کورد، له‌سه‌ر بۆچوونه‌ جیاوازه‌کانی، تاوانی سیاسی ده‌رهه‌ق ده‌کرێت، به‌ئاشکرا، نانبڕاو ده‌کرێت. شان به‌شانی ئه‌وه‌ش، پارت و ڕێکخراوه‌ شۆڕشگێرو ئازادیخوازه‌کانی دوێنێ، هه‌نگاوی به‌ره‌و دواوه‌ ده‌نێن، زیاتر ده‌بنه‌ هاوشێوه‌ی پارته‌ ڕه‌هاو دیکتاتۆره‌کانی ناوچه‌که‌.
لێره‌دا ئه‌رکی سه‌رشانی، ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌ ده‌ره‌وه‌ی نیشتیمان قورستر ده‌بێت. پێویست ده‌کات زیاتر، په‌نا بۆ گوشار ببات، تا بتوانێت ڕۆڵی هه‌بێت، له‌ ڕاستکردنه‌وه‌ی، ڕێڕه‌وی چه‌وتی ڕوداوه‌کانی کوردستان. وه‌ک له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا، له‌م ووڵاته‌ مه‌ده‌نییه‌یانه‌ی، ئێمه‌ی په‌ناهه‌نده‌، خۆشبه‌ختانه‌، بوینه‌ته‌ خاوه‌ن مافی ڕاسته‌قینه‌ ده‌نگدان، هه‌موو کات، ده‌نگه‌کانمان، نرخ و به‌های تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، وه‌ک هه‌رتاکێکی تر. بۆیه‌ ده‌کرێت، له‌ڕێی گوشار خستنه‌ سه‌ر پارت و لایه‌نه‌ ڕکابه‌ره‌کانی، ململانێی پیرۆزی هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ووڵاتانه‌، کار بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی داواکارییه‌کانی ئازادیخوازانی ناوه‌وه‌ی کوردستان، بکرێته‌ کارتی گوشار، بۆ ‌سه‌ر پارته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کوردستان، که‌ ئۆباڵی، زۆربه‌ی ئه‌وکاره‌ چه‌وتانه‌یان له‌ ئه‌ستۆدایه‌.
بۆنمونه‌ ڕه‌وه‌ندی کوردی سوید، ژماره‌یه‌کی به‌رچاوه‌و به‌ده‌یان هه‌زار کورد، له‌م قه‌ڵای سه‌ختی دیموکراسیه‌دا، هاوڵاتین و مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌. وه‌ک ده‌زانین، له‌ مانگی سیپتیمبه‌ری ئه‌مساڵ 2010 دا هه‌ڵبژاردنێکی چاره‌نووساز به‌ڕێوه‌. که‌به‌گوێره‌ی دواین، ئاماری ڕاپرسییه‌کان، تا دێت نێوانی هه‌ردوو کوتله‌ی هاوپه‌یمانانی ده‌سه‌ڵاتداری شین و ئۆپۆزسیۆنی سه‌وزو سوور، که‌متر ده‌بێته‌وه‌ تا ئاستی هاوده‌نگی. هه‌ربۆیه‌ ده‌نگه‌کان، تادێت نرخ وبه‌هایان زیاد ده‌کات.
لێره‌دا ڕه‌وه‌ندی هۆشیار و خاوه‌ن بیری ئازاد و دیموکراسخواز، که‌ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌که‌ی له‌سه‌روو، به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی و موچه‌یه‌کی که‌می، خانه‌نشینی کوردستان داده‌نێت؛ ده‌رفه‌تێکی زێڕینی له‌به‌رده‌ستدایه‌، بۆ سه‌لماندنی وه‌فاو ئه‌مه‌کی بۆ نیشتیمان و هه‌موو ئه‌و که‌سوکارو هاوڕێ و هاونیشتیمانییه‌ ئازیزانه‌ی، که‌ خوینیان بۆ ئازادی و ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی کوردستانی عێراق ڕشت. ئه‌ویش له‌ ڕێی خۆڕێکخستن و که‌مپین، بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر پارته‌ سیاسییه‌کانی سوید، تا ئه‌وانیش له‌ ڕێی خۆیانه‌وه‌، هه‌نگاوی جیدی بنێن، بۆ ڕاستتکردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی چه‌وتی ڕوداوه‌کان، ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین و نه‌هێشتنی سزای سیاسی و به‌دادگایی گه‌یاندنی تاوانکارانی ده‌ستڕۆیشتووی پارته‌ زلهێزه‌کانی کوردستانی عێراق. ده‌با هه‌موو به‌یه‌ک ده‌نگ به‌ پارته‌ سیاسییه‌کانی سوید و ووڵاتانی تری ئه‌روپا بڵێین، چیدی ده‌نگتان پێناده‌ین گه‌ر کار نه‌که‌ن بۆ:
• گوشار خستنه‌ سه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، بۆ ڕێگه‌دان به‌ لێژنه‌یه‌کی بێلایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی، تا لێکۆڵینه‌وه‌ بکات له‌ دۆسێی، تیرۆر کردنی خوێندکارو ڕۆژنامه‌نووس شه‌هید( سه‌رده‌شت عوسمان). که‌ ئێستا بۆته‌ که‌یسی رای گشتی و سیمبولی ئازادی ڕاده‌ربڕین.
• گوشار خستنه‌ سه‌ر یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ نه‌هێشتنی سزای سیاسی و قه‌بوڵکردنی بوونی ڕای جیاواز و ئۆپۆزسیۆن له‌و هه‌رێمه‌دا.
• پاڵپشتی کردنی میدیای ئازاد له‌ هه‌رێمی کوردستاندا، که ئومێد ده‌کرێت، ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ هێنانه‌دی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و دیموکراسی، له‌ کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌دا. رێگه‌ گرتن له‌ پلانی به‌دادگایی گه‌یاندنی ڕۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌کان، به‌بیانوی پێشێلکردنی یاساوه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌وهه‌رێمه‌دا، تائێستا ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی، ده‌سه‌ڵاتێکی وابه‌سته‌ی هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌، واته‌ پارتی و یه‌کێتییه.‌

 

           

 

13/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com