مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت مه‌سه‌له‌ی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه‌،
خەڵک لەو غەدرە گەورەیە خۆش نابن
 

  

به‌کر عوسمان (ئارام عه‌لی)


نزیکه‌ی 50 رۆژ به‌سه‌ر تیرۆری سه‌رده‌شت تێپه‌ڕی تاکو ئێستا له‌ پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ هیچ شتێک دیار نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌ و ده‌ستگیر کردنی تاوانباران و دادگایی کردنیان. ئاشکرایە کە هەوڵیکی زۆر و بەپلان بۆ کۆنکردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ و تێپه‌ڕاندنی هەیە، وه‌کو زۆرێک له‌ تیرۆره‌کانی پێشووتری رۆژنامه‌نووسان و ده‌نگی ئازاد له‌ کوردستان.
لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 50 رۆژی ڕابردوو ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت و رۆژنامه‌نووسان کاری کردووه‌، یه‌ک له‌ ده‌هه‌می ئه‌وه‌ له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ کاری کردبایه‌ ئه‌نجامێکی باشی ئه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌. ئه‌وه‌ 50 رۆژ تێپه‌ڕی هیچ شتێک نه‌کراوه‌ و ئیتر که‌سیش چاوه‌ڕوانی هیچ شتێکی له‌ لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌یسی سه‌رده‌شت نه‌ماوه‌ و نییه‌‌. ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ر حکومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ئه‌یانه‌وێت به‌ جدی له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ کار بکه‌ن هه‌روه‌کو هه‌موو ئیدعای‌ ئه‌که‌ن، ده‌بێ قه‌بولی پێکهێنانی لێژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بکه‌ن که‌ نوێنه‌ری رۆژنامه‌نووسان و ئه‌و ڕێخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی تیابێت که‌ ئاماده‌ن وه‌ک چاودێرێک به‌شداری بکه‌ن، له‌ لیژنه‌یه‌کی به‌م شێوه‌یه‌شدا نوێنه‌رایه‌تی خاونه‌واده‌ی سه‌رده‌شت مانا و جێگه‌ی هه‌یه‌، نه‌ک له‌ نێو لێژنه‌یه‌کی ته‌واو ئه‌منیدا. مانه‌وه‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی تاکو ئێستا مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیتر هیچ ناکرێ و که‌سیش چاوه‌ڕوانی هیچ شتێک نه‌کات. جگه‌ له‌ ناوێک به‌ کرده‌وه‌ شتێک نابینرێت ناوی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌یسی سه‌رده‌شت بێت.
به‌ دوای 50 رۆژ کاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بێده‌ربه‌ستی و که‌مته‌رخه‌می حکومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ په‌یوه‌ند به‌ که‌یسی سه‌رده‌شت یەخەیان بگیرێت. ئه‌و سه‌ره‌داوانه‌ چیان به‌سه‌ر هات که‌ سه‌ره‌تا بۆ هێورکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک ڕائه‌گه‌ینرا و به‌ڵێنی دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران به‌ خه‌ڵک و خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت ئه‌درا؟ بۆچی هیچ نه‌کراوه‌ و هیچ ناکرێ؟ مانای چییه‌ که‌س نییه‌ له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت بپرسێته‌وه‌؟ ئه‌و ده‌زگا ئه‌منی و به‌ناو دژه‌ تیرۆرانه‌ ‌ئه‌رک و کاریان چییه‌؟ مه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ ناڵێن پاراستنی ئاسایشی ژیان و سه‌ر و ماڵی خه‌ڵک ئێمه‌ین و هتد؟ حکومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ کوردستان ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسن و ئه‌رکیانه‌ به‌ کرده‌وه‌ی وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ و له‌ که‌مته‌رخه‌می به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گرتنی ئه‌و کاره‌ش بکۆڵنه‌وه‌ و بپرسنه‌وه‌.
به‌دوای چه‌ند رۆژێک به‌سه‌ر کاره‌ساته‌که‌، و بێده‌نگی و نادیاری هیچ کارێکی حکومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان. خه‌ڵکی ئازادیخواز و ناڕازی له‌ تیرۆر و کوشتن، داوای ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌ی حکومه‌ت و ده‌زگای په‌یوه‌ندیداره‌کانیان کرد. ئه‌و کاته‌ هه‌موو گوتیان هێشتا زووه‌ بۆ ئه‌و داواکارییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ نزیکترین کات ئه‌نجامی کاره‌کانمان نه‌بوو ئینجا حه‌قتانه‌ وا بڵێن. ئێستا به‌ دوای تێپه‌ڕینی 50 رۆژ هێشتا هه‌ر زووه‌؟
ئێستا حه‌قی هه‌موو که‌سێکه‌ داوای ئه‌وه‌ بکات که‌ حکومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان، ئه‌گه‌ر ناتوانن ئاسایش و ژیانی خه‌ڵک دابین بکه‌ن، ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن و جێگه‌ بده‌ن به‌ که‌سانێکیتر ئه‌و کاره‌ بکه‌ن. حکومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ڕاسته‌خۆ له‌به‌رامبه‌ر پرسیاری عه‌مه‌لیدان. ئایا توانا و که‌فائه‌تی به‌ڕیوه‌بردنی ئه‌رک و کاره‌کانیان نییه‌؟ یا ئه‌وه‌تا که‌مته‌رخه‌من له‌به‌رامبه‌ر ژیان و چاره‌نوسی خه‌ڵک و نایانه‌وێت ئه‌و کاره‌ بکه‌ن؟ ئایا به‌دوای 50 رۆژ که‌ هیچ نه‌کراوه‌ ئه‌و داوایه‌ی خه‌ڵکی کوردستان حه‌قانیه‌تی خۆی نییه‌؟‌
جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی کوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوەوه‌، به‌کرده‌وه‌ پشتیوانی و هه‌ڵوێستی خۆیان له‌ ئاستێکی فراوانی جه‌ماوه‌ریی ده‌ربڕی و له‌ دژی ئه‌و تاوانه‌ دڕندانه‌ و دژە ئازادیه‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان. به‌ کرده‌وه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان و مه‌راسیمه‌کانی یادی سه‌رده‌شت له‌ زۆربەی شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ بەرپاکران، خەڵك هه‌موو به‌ هه‌زاره‌ها ده‌نگ داوای ئاشکراکردنی تاوانباران و دادگاییان کرد. هه‌موو به‌یه‌ک هه‌ڵوێست ڕای ئه‌گه‌یه‌نن و پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌م دۆسییه‌، تاکو به‌ئه‌نجامی کۆتایی ده‌گات. ئه‌وه‌ جێگه‌ی ئومێدێکی گه‌وره‌یه‌ که‌ به‌ره‌ی ئازادیخوازیی کوردستان له‌ خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش، خوێندکاران و گه‌نجان، رۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نوسان، حزب و لایەنە سیاسیە ئازادیخوازەکان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی... هتد. هه‌موو توڕه‌ و ناڕازین له‌ دژی تیرۆر و تیرۆری رۆژنامه‌نوسان و ئازادیخوازان. هه‌ر ئه‌و ده‌نگ و هه‌ڵوێسته‌شه‌ ئه‌توانێ زه‌مانه‌تی ئاسایش و ئازادی بێت بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگای کوردستان.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیار و ڕه‌خنه‌ی تونده‌‌‌ بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان و دونیا له‌ که‌یسی سه‌رده‌شت. بێهه‌ڵوێستی زۆرێک له‌ حزبه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانه‌. تیرۆری سه‌رده‌شت به‌و شێوه‌ ڕه‌ش و چه‌په‌ڵە‌، تیرۆری ده‌نگی ئازاد‌و ناڕازی و تیرۆری ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌یه‌ که‌ ئه‌یانه‌وێت حه‌قیقه‌تی ژیانی کۆمه‌لگای کوردستان به‌ خه‌ڵک بگه‌یه‌نن. مه‌سه‌له‌ی ئازادی و ئاسایشی کوردستان، حزبه‌ سیاسیه‌کان و په‌رله‌مان و حکومه‌تی کوردستان لێی به‌رپرسیارن و ئه‌مرۆ له‌سه‌ر مێزی ئه‌وانه‌. ئه‌وان ئه‌مڕۆ له‌به‌رامبه‌ر پرسیار و تاقیکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و دونیادان. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌ کاری خۆیان نازانن،‌ دەبێ ئەوە بزانن کە هیچ ئیدیعاو پەیمان‌و بەڵێنێکیان لێ قەبوڵ ناکرێت‌و داکۆکیان لە ئاسایش و مافەکانی خەڵک‌و بەرەنگاربوونەوەی مافیاکانی دژە ئازادی ئیدیعای پوچ و بەتاڵن‌. ئه‌گه‌ریش ئه‌وه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی خۆیان ئه‌زانن ئه‌بێ ئه‌وه‌ به‌کرده‌وه‌ بسه‌لمێنن، به‌ کار و هه‌ڵوێستی ڕوون و ئاشکرا.
بێده‌نگی و نه‌بوونی هه‌ڵوێستی ڕوون و ئاشکرا له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت بۆ حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان، که‌مته‌رخه‌می له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، ئه‌یانخاته‌ به‌رامبه‌ر پرسیار و ڕه‌خنه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆشیان.
ئه‌و حزب و ده‌زگایانه‌ش کە تاکو ئێستا له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستان و ڕای گشتی، په‌نجه‌ی تۆمه‌تی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شتیان به‌ره‌وڕوو کراوه‌ته‌وه‌. پێویسته‌ پێش هه‌موو شتێک به‌رائه‌ت و بێتاوانییان بۆ خه‌ڵکی کوردستان و دونیا بسه‌لمێنن. بێده‌نگی هیچ تاوانێک ناشارێته‌وه‌، ته‌نیا ئاشکراکردنی تاوانبارانی ڕاسته‌قینه‌ و دادگاییکردنیان هه‌موو ئه‌و پرسیار و گومان و تۆمه‌تانه‌ لای خه‌ڵکی کوردستان و خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت ئه‌سرێته‌وه‌.
مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت ئه‌مرۆ مه‌سه‌له‌ی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه‌، تاکو‌ 4-5-2010 سه‌رده‌شت، ته‌نیا کوڕی خانه‌واده‌که‌ی بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ سه‌رده‌شت کوڕ و خۆشه‌ویستی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه‌. بۆیه‌ ئه‌مرۆ مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت هه‌ر ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی خانه‌واده‌که‌ی نییه‌. ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و فشار هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بدات، هه‌وڵێکی مایه‌ پوچ دەدات. چونکه‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌و غه‌دره‌ گه‌وره‌یه‌ و لە خوێنی ڕژاوی ڕۆڵەی خۆیان خۆش نابن.


2010-06-25
ئه‌م وتاره‌ له‌ هاوڵاتی ژماره‌ 640 به‌رواری 2010-06-27 بڵاوبۆته‌وه‌

 

           

 

28/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com