نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ به‌ڕێز "مه‌سعود بارزانی" سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
 

  

 


تیرۆری سه‌رده‌شت سوێیه‌کی گه‌وره‌ و ئازارێکی جه‌رگ بڕ بوو بۆ خێزانه‌که‌مان‌و بۆ هاوڕێکانی، ئێستاش به‌ ڕاگرتن و چاوه‌ڕوانیکردن له‌ لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ هه‌موو ڕۆژیک ئه‌و برینه‌مان ده‌کولێته‌وه‌. بۆیه‌ باشتر وایه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ بگۆردرێت و له‌وه ‌زیاتر ئازاری دایک و باوکه‌ پیره‌که‌مان و مناڵه‌ بچوکه‌کانمان نه‌درێت. چونکه‌ ده‌رکه‌وت که‌ لیژنه‌که‌ له‌ کاره‌کانیدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌. جگه‌ له‌وه‌ش لیژنه‌که‌ خه‌ریکه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌کی تردا کار ده‌کات، که‌ ئه‌ویش ته‌حقیقکردن له‌ خه‌ڵکانێکه‌ که‌ ڕۆژنامه‌نووس و دانیشتووی شاره‌کانی ترن یان له‌ بناغه‌وه‌ بێئاگان له‌و کاره‌.
ئێمه‌ سه‌عات و ده‌ققه‌ و سانیه‌ ده‌ژمێرین تا بکوژه‌کان ئاشکرا بن‌. به‌ڵام لێژنه‌که‌ ئه‌وه‌ زیاتر له‌ 50 ڕۆژه‌ هیچ زانیاریه‌کی پێویستی نه‌درکاندووه‌ و هیچ کارێکی نه‌کردووه‌ و هیچی دیار نییه‌. ئێوه‌ خۆتان به‌ڵێنتان دا به‌ جیددی و لێبڕاوی بۆ دۆزینه‌وه‌و دادگایی کردنی بکوژانی سه‌رده‌شتی برا‌م کار بکه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ داوا له‌ به‌ڕێزتان ئه‌که‌م وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ته‌ده‌خول له‌م کێشه‌یه‌دا بکه‌ن‌و لیژنه‌ی ناوبراو هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌‌و له‌ جێگایدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی نوێ بده‌ن که‌ له‌ ڕۆژنامه‌نووسان‌و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان‌‌و ڕێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان که‌ به‌رگری له‌ ئازادی ده‌ربڕین ده‌که‌ن پێک بێت. دیاره‌ له‌ لیژنه‌یه‌کی له‌و جۆره‌دا نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ش وه‌ک که‌س‌و کاری سه‌رده‌شت مانای ده‌بێت.
به‌ڕیزتان له‌ گوتاره‌کانی ڕابردووتان ته‌ئکیدتان کردۆته‌وه‌ که‌ خۆتان به‌ به‌رپرسی ئه‌منیه‌ت‌و ژیانی هه‌موو تاکێکی کوردستان ده‌زانن. نامانه‌وێت لێتان بشارینه‌وه‌ که‌ که‌مته‌رخه‌می له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ که‌یسی سه‌رده‌شت هه‌م ئێمه‌ وه‌ک که‌س‌و کاری ئه‌و و هه‌م هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ خوازیارن به‌ ئازادی له‌ کوردستان قسه‌بکه‌ن و بنووسن له‌گه‌ڵ حاڵێکدا ڕووبه‌ڕوو ده‌کاته‌وه‌ که‌ هه‌ست به‌ هیچ ئه‌منیه‌تێک نه‌که‌ین. ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی به‌ڕێزتان ده‌که‌ین.

به‌کر عوسمان
له‌ جیاتی خێزانی سه‌رده‌شت عوسمان

2010-06-28



 

           

 

30/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com