ڕونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست له‌سه‌ر ڕونکردنه‌وه‌ی لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌
له‌ که‌یسی " سه‌رده‌شت عوسمان"
 

  

 



به‌دوای 4 هه‌فته‌ له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت "لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی رفاندن و كوشتنی (سه‌رده‌شت عوسمان)" ، ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌و ڕونکردنه‌وه‌یه‌ بۆ من جێگه‌ی پرسیار و سه‌رسورمان بوو. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا له‌ وه‌ڵامی رۆژنامه‌کان و ڕۆژنامه‌نوساندا ڕه‌خنه‌ و سه‌رنجی خۆم ڕاگه‌یاند. دواتر چاوه‌ڕوانی ڕاستکردنه‌وه‌ و ڕونکردنه‌وه‌ی دواتری لێژنه‌ی ناوبراو بووین، به‌ڵام ئه‌وه‌ زیاته‌ له‌ هه‌فته‌یه‌ک به‌سه‌ر ڕونکردنه‌وه‌که‌ تێئه‌په‌رێت، لێژنه‌ی ناوبراو نه‌ ڕونکردنه‌وه‌یتری بوو نه‌ ڕاستکردنه‌وه‌ش. بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌و ڕونکردنه‌وه‌یه‌م به‌پێویست زانی بۆ ڕای گشتی و خه‌ڵکی کوردستان.

ئه‌وه‌ى به‌ ناوى روونكردنه‌وه‌ی "لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی رفاندن و كوشتنی (سه‌رده‌شت عوسمان)" 4 هه‌فته‌ پاش رووداوه‌كه‌ بلاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌ راستیدا ناكریت پێی بوتریت روونكردنه‌وه‌، چونكه‌ جه‌ماوه‌رى خه‌لكى كوردستان زۆر له‌وانه‌ زیاتر ده‌زانن له‌ باره‌ى رووداوه‌كه‌وه‌، به‌دوای تێپه‌رینی 4 هه‌فته‌ به‌سه‌ر تیرۆری سه‌رده‌شت ئه‌وه‌ ڕونکردنه‌وه‌ی ئه‌و لێژنه‌ تایبه‌تیه‌ بێت. ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ به‌یان ده‌کات که‌ خواسته‌كانمان له‌ سه‌ره‌تایترین ئاستدا وه‌لامى نیه‌، ئیتر حه‌قمانه‌ به‌ ته‌واوى بێ ئومید بین له‌وه‌ى گوێ له‌ ئێمه‌ و خه‌ڵکی کوردستان بگیرێت و وه‌لامى خواسته‌كانمان بدرێته‌وه‌ و حکومه‌ت و ده‌زگا به‌رپرسه‌کان به‌ كرده‌وه‌ به‌رپرسیاریتى خۆى له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بسه‌لمینێ.

هاوکات له‌ ڕوونکردنه‌وه‌که‌دا چه‌ند ناڕاستیه‌ک هاتووه‌ جێگه‌ی پرسیاره‌ بۆ ئێمه‌. له‌ ڕونکردنه‌وه‌که‌دا هاتووه‌" تاوان لێكراو به‌ یه‌ك گوله‌ی ده‌مانچه‌ كوژراوه‌ كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی سه‌ری دراوه‌ و له‌ پشت ملی گیر بووه‌ و هیچ ئاسه‌وارێكی لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان پێش كوشتنی له‌سه‌ر لاشه‌ی كوژراو به‌دی نه‌كراوه‌." ئه‌و به‌شه‌ له‌ ڕوونکردنه‌وه‌که‌ زۆر ته‌مومژاویه‌ و لایه‌نێکی ڕاستی ڕووداوه‌که‌ ئه‌شارێته‌وه‌‌‌. ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رده‌شت به‌ لێدانی گولله‌ له نێو‌ ده‌می و ده‌رچونی له‌ پشتی سه‌ری تیرۆر ئه‌کرێ. هاوکاتیش ئاسه‌واری لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌دان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی سه‌رده‌شت به‌ ڕۆشنی و ئاشکرا بووه‌ وه‌ک: چاوێکی به‌ دوای لێدانێکی توند ئاو سابوو شین ببۆوه‌ و شانیشی شوێنه‌واری لێدانی توندی له‌سه‌ر بوو.

پرسیاری من له‌ "لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی رفاندن و كوشتنی (سه‌رده‌شت عوسمان)" و ده‌زگا په‌یوه‌ندیکارانه‌. چۆن ئه‌کرێ یه‌که‌مین ڕونکردنه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ بێت؟ ئایا ئه‌وه‌ نه‌بوونی زانیاری پێویسته‌ یا که‌مته‌رخمیه‌کیتر؟ یا مه‌به‌ست له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری ناڕاست له‌م مه‌سه‌له‌یه‌‌ چییه‌؟

به‌کر عوسمان ( ئارام عه‌لی)
05-06-2010

تێبینی: ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی ڕونکردنه‌وه‌که‌یه‌، له‌ سایتی په‌یامنێر بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.



26-May-10 [11:28] کوردستانی - لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی رفاندن و كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌نجامی سه‌ره‌تایی بڵاوكرده‌وه‌
PNA- لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی رفاندن و كوشتنی قوتابی (سه‌رده‌شت عوسمان)، كه‌ به‌ فه‌رمانی (مه‌سعود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنراوه‌، ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:


له‌رێكه‌وتی چواری پێنجی دوو هه‌زارو ده‌، دادخواز عوسمان حه‌سه‌ن محه‌مه‌د باوكی سه‌رده‌شت له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئازادی سكاڵای تۆمار كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاتژمێر هه‌شت و بیست خوله‌كی به‌یانی له‌م رێككه‌وته‌ سه‌رده‌شتی كورِی كه‌ له‌ كۆلێژی زمان قۆناغی چوارمی به‌شی ئینگلیزی قوتابی بووه‌ له‌به‌رده‌م په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر رفێنراوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر كۆلێژی ئاداب له‌و كاته‌ی كه‌ ده‌چوو بۆ ده‌وامی كۆلێژی خۆی .

دوای ده‌ستكردن به‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌لایه‌ن بنكه‌ی پۆلیسی ئازادی و دوای دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌رده‌شت عوسمان له‌لایه‌ن بنكه‌یه‌كی پۆلیسی ناوشاری مووسڵ و پاشان هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ رێككه‌وتی شه‌شی پێنجی دوو هه‌زارو ده‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكارییه‌وه‌، دادوه‌ری لێكۆلینه‌وه‌ی هه‌ولێر برِیاری دا به‌ فراوانكردنی لێكۆلینه‌وه‌و به‌ به‌شداری ئاسایشی هه‌ولێر رێوشوێنی لێكۆلینه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.


له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌یه‌كی لێكۆلینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێرو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆلینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی ئه‌م كێشه‌یه‌ پێكهێنرا. به‌پێی وته‌ی شاهیده‌كانی رووداو بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و تاوانه‌ له‌لایه‌ن سێ كه‌سی نه‌ناسراوه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ به‌ به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێله‌كی جۆری مینی پاس ره‌نگ سپی كه‌ ژماره‌كه‌ی نه‌زانراوه‌ و تاوانباران جلی مه‌ده‌نیان له‌به‌ردابووه‌ و چه‌كیان له‌لا نه‌بینراو بۆ شوێنێكی نادیار تاوانلێكراویان رفاندووه‌.


به‌پێی ره‌وتی لێكۆلینه‌وه‌ ته‌رمی تاوانلێكراو سه‌رده‌شت عوسمان كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ رێككه‌وتی پێنجی پێنجی دوو هه‌زارو ده‌، له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌لموزارع له‌ شاری مووسڵ نزیك شه‌قامی دوومیز دۆزراوه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌حراره‌وه‌ لێكۆلینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر كراوه‌ و بۆ وه‌رگرتنی فۆرمی توێكاری كردنی ته‌رمه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی په‌یمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامی وه‌رگرتنی فۆرمه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تاوان لێكراو به‌ یه‌ك گوله‌ی ده‌مانچه‌ كوژراوه‌ كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی سه‌ری دراوه‌ و له‌ پشت ملی گیر بووه‌ و هیچ ئاسه‌وارێكی لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان پێش كوشتنی له‌سه‌ر لاشه‌ی كوژراو به‌دی نه‌كراوه‌.

له‌سه‌رتاكانی ئه‌نجامی لێكۆلینه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌كاتی رووداوی رفاندنی تاوانلێكراو سه‌رده‌شت عوسمان، ته‌نیا یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی له‌ به‌رده‌م په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان بووه‌ ئه‌ویش به‌پێی مادده‌ی سێسه‌دو چل و یه‌ك له‌ یاسای عێراقی رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر وه‌رگیراوه‌، چونكه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی خۆیدا كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ و ئێستا به‌پێی مادده‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌نده‌ له‌سه‌ر په‌ڕاوی لێكۆلینه‌وه‌ی خۆی به‌پێی برِیاری دادوه‌ری لێكۆلینه‌وه‌، لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێك كار ده‌كات كه‌ جێگه‌ی گومانن بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ راستی رووداوه‌كه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند زانیارییه‌ك له‌به‌رده‌ست دا هه‌یه‌ و به‌رداوامین له‌سه‌ر كاری رۆژانه‌ به‌ لێكۆلینه‌وه‌ی چرِو به‌دواداچوونی ورد به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ناسنامه‌ی بكوژانی تاوان لێكراو له‌ژێر چاودێری دادوه‌ری لێكۆلینه‌وه‌و داواكاری گشتی.
لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ رێگای ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م سوود وه‌رده‌گرێت له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیانه‌ی له‌لایه‌ن تاوان لێكراو به‌ر له‌ رووداوه‌كه‌ ئه‌نجام دراوه‌ داوا له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن زانیاریان بڵاوكردۆته‌وه‌ هاوكاریمان بكه‌ن و سه‌ردانمان بكه‌ن تاكو سوود له‌ زانیارییه‌كانیان و سه‌رچاوه‌كانیان وه‌رگرین بۆ سه‌ركه‌وتنی رێره‌وی لێكۆلینه‌وه‌ هه‌موو نهێنیه‌كانیش لامان پارێزراو ده‌بێت له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ر زانیارییه‌كی نوێش هه‌موولایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌.


لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌
24/5/2010




 

           

 

09/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com