به‌ ده‌م ڕێوه‌ ...

  

باران
ستۆكهۆڵم
Mars 2010
www.baran.nu


ده‌زانم سه‌ری ساڵان چه‌ند دڵته‌نگیت. لێره‌ نیت تا به‌ دیارییه‌کی بچکۆله‌ی ڕازاوه‌،‌ بزه‌یه‌کی سه‌رده‌می منداڵیی بخه‌مه‌‌وه‌ سه‌ر لێوت و به‌وه‌ی که‌ له‌ ناخه‌وه‌ پێت بڵێم؛ سوپاس که‌ هه‌یت. له‌ مانادارێتی گه‌وره‌ییت ئاگادارت بکه‌مه‌وه‌.
من مات و دڵته‌نگی ئه‌وه‌م که‌ ساڵێکی تریش هات و هێشتا ماوم. تۆ خه‌م له‌ زوو تێپه‌ڕینی ساڵ ده‌خۆیت و ده‌ترسیت فریای هه‌نگاوه‌ مه‌زنه‌کانت نه‌که‌ویت. من خه‌می تۆ ده‌خۆم، چونکه‌ له‌ (چینی)یه‌کانم بیستووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر زۆر بیر له‌ هه‌نگاوی داهاتوو بکه‌یته‌وه‌، ده‌بێت به‌ درێژایی ژیانت له‌سه‌ر پێیه‌ک ڕاوه‌ستیت! له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا حه‌ق به‌ تۆیه‌، به‌جێیه‌ که‌ خه‌می خۆت بێت. چونکه‌ ئیتر دڵی منت له‌گه‌ڵ نه‌ماوه‌ ئاگای لێت بێت. من ئه‌وه‌نده‌ کافر و گیرم لێده‌رچووه‌ نازانم چۆن ڕۆژێک له‌ ڕۆژان وتوومه‌؛ جوانترین ده‌مه‌کانی ئه‌ڤین، ئه‌و چرکه‌ساتانه‌ن که‌ به‌ نه‌رمترین له‌ره‌، زۆرترین غروور و کبریاء تیایاندا وردوخاش ده‌بێت. که‌ ئیدی جێگایه‌ک بۆ تووندی نامێنێته‌وه‌ و ئاسه‌وارێکیش بۆ ڕه‌قیی نامێنێت! نا، ئه‌ز ئیدی‌ له‌نگه‌رم له‌ مه‌لوولیی و سه‌ختییدا گرتووه‌ و ده‌شێت بۆ هه‌رده‌م به‌قه‌د ئازاره‌کانم‌ ڕه‌ق بنووێنم. هه‌ستم هێنده‌ برینداره‌ که‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تا ئه‌به‌د له‌گه‌ڵتدا بێده‌نگیی هه‌ڵببژێرم.
ئازیز، له‌ مه‌یلی هاتن و له‌ هه‌وای ڕۆشتن و ڕه‌تکردنه‌وه‌کانتدا، مه‌گه‌ر چوون‌ (په‌ترۆس)1 نه‌بووبیت؟! منیش که‌ پاش هه‌ر زلـله‌یه‌کی ده‌ستی ئاکارت، ڕوومه‌ته‌که‌ی ترم دابیتێ، مه‌گه‌ر لێبوورده‌یی (مه‌سیح)م بۆت نه‌بووبێت؟! گه‌ره‌که‌ چی بڵێیت، خۆ دواجار (پێکات) و من بۆ هه‌میشه‌ له‌ تۆدا چوومه‌ ده‌رێ. هه‌ر لێیگه‌ڕێ ...
هه‌نووکه‌ به‌ره‌و کورسییه‌ چۆڵه‌کانی شه‌قامی (شانزه‌لیزی)2 ده‌ڕۆم. ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر یه‌کێک له‌و کورسیانه‌ که‌مێک پشوو بده‌م. ئاسمان وا تاریک ده‌کات و له‌وه‌ته‌ی ڕووناک بۆته‌وه‌ له‌ پێوانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌دام. دڵم گیراوه‌، هێشتا هه‌ست به‌ برسێتی ناکه‌م، ده‌نا به‌نیاز بووم ژه‌مه‌خواردنێکی (که‌ی‌.ئێف.سی)3 بخۆم. ده‌زانی، ئێره‌ که‌ له‌ جوانترین شوێنه‌کانی دنیایه،‌ بۆ من ناگات به‌و دوورگه‌یه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ڤیندا لێی بووم. هه‌ر ده‌بێت وابێت، ئه‌ی داخۆ له‌م مه‌نفای روحه‌دا چاوه‌ڕێی دیتنی چ جوانییه‌ک بکه‌م. ئه‌مه‌ ڕاستییه‌ و جار جاریش بۆ چوونه‌وه‌ سه‌رده‌می جوانبینی، له‌گه‌ڵ هه‌وڵی خۆدزینه‌وه‌دا له‌ ئێستا، ئێره‌ جێدێڵم و هه‌ر به‌ خه‌یاڵ مه‌دالیای ورچێکی‌ بچکۆله‌ ده‌گرم به‌ ده‌ستمه‌وه‌ و ده‌چمه‌ سه‌ر شه‌قامه‌ گشتییه‌که‌ی شار، له‌وێوه‌ به‌ره‌و هۆتێله‌ به‌رزه‌که‌ ده‌که‌ومه‌ ڕێ تا بۆ یه‌که‌مین جار له‌ ته‌مه‌نمدا، ئه‌فسوونی باخچه‌ی گشتیی ده‌بینم!
وا نزیک کورسییه‌کان بوومه‌وه‌ و چاوم له‌سه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌یه‌ که‌ به‌سه‌ر جاده‌که‌دا ڕه‌ت ده‌بن. به‌ڵێ، من له‌ دوای ئه‌وه‌وه‌ که‌ له‌ ناسینی مرۆڤه‌کان بێئومێد بووم، خوومدایه‌ ناسینی سه‌یاره‌کان! ته‌ماشاکه‌ (کریسله‌ر)ێک و (سیترۆیین)ێک له‌ که‌ناری شۆسته‌که‌ وه‌ستاون. (پیجۆیه‌ک) پێش (ساب)ێک که‌وتووه‌ و (هامه‌ر)ێک کێبڕکێ له‌گه‌ڵ (جاگوار)ێکدا ده‌کات! هه‌ردوو چاوم ده‌نووقێنم و به‌ خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌مه‌وه‌ بۆ ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا، له‌سه‌ر جاده‌یه‌کی نیشتیمان تامه‌زرۆی بینینی (پۆڵۆنی) و (بۆقیی) و (لادا) ده‌که‌م! هه‌ردوو چاوم ده‌که‌مه‌وه‌ و له‌ ناوه‌ندی وڵاته‌که‌ی (دالیدا)4دا بیری عه‌شق و مه‌رگ پێکه‌وه‌ ده‌که‌م. له‌ جێگای خۆمه‌وه‌ له‌و گه‌شتیارانه‌ ده‌ڕوانم که‌ بۆ وێنه‌گرتن و له‌ به‌رزاییه‌وه‌ بینینی دیمه‌نی ناوچه‌که‌، چوونه‌ته‌ سه‌ر لووتکه‌ی فولکه‌که‌. من وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر‌ له‌و ناوه‌ش نه‌بم، به‌ خۆم ده‌ڵێم؛ که‌ ئیتر ده‌زانم چه‌مکی (پڕ) ئه‌فسانه‌یه‌که‌ و که‌ له‌ نێوان (پڕ) و (خاڵیی)دا هیچ بڕێک قایلم نه‌کات، پێویسته‌ به‌ به‌تاڵیی ڕابێم.


1(په‌ترۆس): یه‌کێک بوو له‌ هاوه‌ڵه‌کانی (مه‌سیح)، کاتێک جووله‌که‌کان لێی ده‌پرسن تۆش له‌گه‌ڵ مه‌سیح بوویت، ئه‌و له‌ ترسدا حاشا ده‌کات و ده‌ڵێت نا من مه‌سیح ناناسم! کاتێکیش که‌ خۆی له‌ مه‌سیح نزیک ده‌کاته‌وه‌، (عیسا) وه‌ک ئه‌وه‌ی پێی بڵێت باوه‌ڕت پێناکه‌م، پێشوه‌خت پێی ده‌ڵێت؛ تۆ ئه‌مڕۆ سێ جار ڕه‌تم ده‌که‌یته‌وه. دواتر په‌ترۆس له‌و ئاکاره‌ ناشرینه‌ی په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای مه‌سیح.
2 (شانزه‌لیزی): ناوی شه‌قامێکه‌ له‌ پاریس.
3 (که‌ی.ئێف.سی): ڕیستۆرانێکه‌.
4 (دالیدا): گۆرانیبێژێکی ده‌نگخۆشی فه‌ڕه‌نسی بوو، که‌ به‌ر له‌ خۆکوشتنی نووسیبووی؛ (چیتر حه‌وسه‌ڵه‌ی ژیانم نه‌ما).


 

           

 

26/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com