گوزاره‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می کورد له‌هه‌نده‌ران
ژه‌می نانه‌کان ..
 

  

دڵشاد تاقانه‌

 

 
کیژه‌ عازه‌به‌ی هه‌نده‌رانی سه‌ری به‌کۆشی نه‌نکی‌ کرد ورده‌ باوه‌شکی خه‌وی نیوه‌ڕۆی گه‌رمای کوردستان کورد گۆته‌نی: گه‌زێک ده‌می پێ هه‌ڵده‌پچڕی ! وه‌ک نه‌خۆشیه‌کی لێگره‌وه‌ ئه‌وانی تریشی ده‌خسته‌ خۆلێکشانه‌وه‌ی جومگه‌کان ئه‌وه‌ له‌لایه‌ک له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ فێنکی هه‌وای سپلیته‌ هه‌وا ساردکه‌ره‌وه‌که‌ له‌گه‌ڵ کارلێکی ماستاوه‌ سارد و خه‌سته‌که‌ش که‌ به‌مه‌رجی سه‌رخۆشی بگر بوو ! هه‌مووانی خاوکردبۆوه‌ هه‌ر ده‌تگوت سوه‌ڕ من مه‌عره‌که‌ی سه‌رده‌می قادسیه‌ی دۆڕاوی سه‌دامی دیکتاتۆره‌ هه‌ریه‌که‌ی سه‌ری به‌لایه‌ک کردبوو پڕخه‌ی خه‌وخۆشی هه‌ندێکیان ڕۆژه‌ڕێیه‌ک ده‌ڕۆیی . ئه‌وجا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نی یه‌ خوێنه‌ریش چاوه‌کانی کزببێ ورده‌ ورده‌ خه‌وه‌کوتکه‌ بیباته‌وه‌ ده‌شڵێن خه‌وزاڵمه‌ ! نه‌نه‌پیره‌ مه‌یله‌وکووڕ دانیشتبوو هه‌رچه‌نده‌ خه‌و ده‌یبرده‌وه‌ سروشتی وابوو مێژووی زۆری شته‌نوێکانی له‌بیر ده‌چۆوه‌ له‌ناو ته‌مه‌ندابوو به‌ڵام به‌سه‌رهاته‌ کۆنه‌کانی وه‌ک گوڵ ده‌گێڕایه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش باسی شوکردنی خۆی به‌باپیره‌یان‌ له‌سه‌رتای هه‌موو گیڕانه‌وه‌کانیش به‌وشه‌ی ( به‌ناشکوری نارێم ) ده‌ستی پێ ده‌کرد ! کیژه‌ به‌ئه‌سپاییلۆکه‌ له‌نه‌نه‌ی پرسی: ئێستا ئێمه‌ ڕۆژی هه‌رسێ جار نان ده‌خۆین ، ئه‌وڕۆ ناوی ژه‌می خواردنی کوردانه‌م لۆ بژمێره‌ تا خه‌وم لێده‌که‌وی ؟ نه‌نه‌ش ده‌ستی پێکرد .. جاران خه‌ڵک هه‌ژاربوو هه‌ر هه‌مووی جوتیار بوون له‌به‌ر زۆری و گرانی کاری ڕۆژانه‌ پێنج جه‌مه‌ خواردن هه‌بوو . یه‌که‌م جه‌م پێی ده‌ڵێن خورێنی : ئه‌وه‌ یه‌که‌م نانی تاریک و ڕوونی به‌یانی بوو دوای نوێژی سبحه‌ینێ نزیکه‌ی چار و پێنجی سه‌رله‌زوو ده‌خورا ئه‌وجا ئه‌وه‌ی خوا بیدابا له‌بالۆره‌ نانێکدا ده‌پێچرا و به‌په‌له‌ قوتمان ده‌دا . دووه‌م جه‌م پێ ی ده‌ڵێن کێشتێ یا تێشتێ یا سوبحانه‌: دوای تاوێک کارکردن ئینجا له‌سه‌ر کێڵگه‌ یا سه‌فه‌ری ڕێگا و بان .... کاتی چێشته‌نگاوێ که‌ده‌کاته‌ ده‌وری نۆ و ده‌ی به‌یانی نان و ماست با یا سه‌لکه‌ په‌نیر و پیواز له‌پشووێک ده‌مان خوارد . سێیه‌م جه‌میش به‌کرمانجی پێی ده‌ڵێن : فراڤین یا کوردانی ڕؤژهه‌ڵات ده‌ڵێن نه‌هارێ واته‌ نانی نیوڕۆییه‌: له‌یه‌ک و دووی پاش نیوه‌ڕۆ ده‌خورا خواردنی گه‌رم بوو له‌هێلکه‌کوڵاو جار جاره‌ش برنج و گۆشت یا گه‌نمه‌کوتا له‌گه‌ڵ شله‌ی ته‌ماته‌ ... تاد. چواره‌م جه‌میش به‌کرمانجی شێڤێ به‌ڕۆژهه‌ڵاتی شامێ و لای خۆشمان شیوێ واته‌ شێوی ئێواران یا شه‌وخۆراک بریتیبوو له‌شله‌ساوار ، ترخێنه‌ و په‌رپێنه‌ و چوزانم ئه‌و تڕوته‌وێرانه‌ . پێنجه‌م جه‌میش پارشیڤ یان پارشێو بوو پاش شێوێ وه‌ک شه‌وچه‌ره‌ ده‌خورا له‌هه‌شت و نۆی شه‌وێ جا زستانان مێوژ و قه‌سپ و گوێز ، پایزان هه‌ناری موشتاغ و هاوینان میوه‌ی هه‌نار و ترێ و شوتی . سه‌رێکی له‌‌نه‌وه‌که‌ی خوارکرده‌وه‌ پرسی: ئه‌ی کچی خۆم ئه‌وه‌ نوستی ئه‌منیش چه‌ند له‌مێژه‌ حه‌کایه‌تان ده‌که‌م !


دڵشاد تاقانه‌
Dlshadtakana@yahoo.com

 


 

           

 

17/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com