سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ رۆژی قیامه‌ت ده‌چێت!!!
 

  

عیسا خدر



له‌ كاتێكدا ئێران ناوچه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تۆپباران ده‌كات‌و دانیشتوانی ناوچه‌ سنورییه‌كان له‌ بن خێمه‌ ژیان ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی باسله‌ په‌یوه‌ندی توند‌و تۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و توركیای ده‌سته‌خوشكی ئێران ده‌كات! هه‌روه‌ها له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو وه‌ك بڵێیت كوردستان بۆته‌ وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ باسی له‌ پشتیوانی هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی توركیا، سه‌یره‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی كردو به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی له‌به‌رانبه‌ر نه‌بوونی ئالای كوردستان هه‌بێت، به‌ڵام باسله‌ كرانه‌وه‌كه‌ی توركیا ده‌كات‌و باس له‌ تۆپباران‌و ئۆپه‌راسیونه‌كانی توركیا ناكات!! بۆچی له‌وكاته‌ی ئالای كوردستان بۆ سه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌رێم دانه‌نرابوو هه‌ڵوێستێكت نه‌نواند‌و بڵێیت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئالای هه‌رێمه‌كه‌م دانه‌نراوه‌ منیش هیچ قسه‌یه‌كم بۆ رۆژنامه‌نووسان‌و میدیاكان نییه‌؟! خۆ ئه‌مه‌ باشترین حاله‌تبوو بۆ ئه‌و حه‌كیمیه‌ی تۆ وه‌ك باس ده‌كرێت.
له‌ كاتێكی وادا سه‌فه‌ری تۆ بۆ توركیا‌و فه‌ره‌نسا‌و وڵاتانی تر پێویست تر بوو، یان سه‌فه‌رێكی ئه‌و خه‌ڵكه‌ت بكردایه‌ له‌به‌ر ئاسن‌و ئاگری ئێران له‌ بن خێمه‌ ژیان ده‌كه‌ن به‌بێ‌ بوونی هیچ پێداویستیه‌ك؟! من له‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی خۆم، سه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌رێمی خۆم ده‌پرسم: كام سه‌فه‌ریان گرنگتر بوو؟!. له‌ شوێنی ئه‌وه‌ی تۆ وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌م كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیت بكردایه‌ بۆ هه‌موو میدیاكان‌و هه‌ڵوێستێكی سه‌رۆكانه‌‌و خه‌مخۆرانت بنواندایه‌، تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ده‌كه‌یت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئۆغلوه‌ تۆ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌م بناسێنێت ده‌ڵێت: له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌م بارزانی‌و خانه‌واده‌كه‌ی پێشوازییه‌كی باشیان لێكردم! ئه‌گه‌ر تۆ له‌ خه‌می هه‌رێمه‌كه‌ت نه‌بیت، ئه‌ی كێ‌ وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌م وته‌ی حه‌كیمانه‌ بۆ دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه‌ی بدات؟!.
ئه‌و سه‌فه‌ره‌ كت‌وپره‌ی تۆ زۆر ناوه‌خت بوو، چونكه‌ توركیای دۆستی ئێران‌و دژی كورد ده‌زانن سنوره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ شوێنی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی سنوره‌كان قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه‌ له‌كاتی شه‌ڕی نێوان ئێران‌و عێراق، خاكی باب‌و باپیرانیان جێهێشتبوو، كه‌چی له‌ شوێنی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ ئاسن‌و ئاگرمان وه‌كو دیاری بۆ ده‌نێرن‌و سه‌رۆكه‌كانیشمان بۆ كۆشك‌و ته‌لاره‌كانیان بانگهێشت ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ بای بێت‌و نه‌باران! ئه‌گه‌ر دڵنیاش نه‌بم ڕه‌نگه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ت له‌م سه‌فه‌رانه‌ت ئێرانیش داوه‌تنامه‌یه‌كی فه‌رمیت بۆ بنێرن، چونكه‌ ده‌زانن ئێمه‌ گرنگی به‌ كاتی سه‌فه‌ره‌كان ناده‌ین!.
سه‌رۆكه‌كه‌م له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان وتت: توركیا پردێكی عێراقه‌ بۆ گه‌یشتن به‌جیهانی ده‌ره‌وه‌، هاوكات هه‌رێمی كوردستان پردێكی پته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی نێوان توركیا‌و عێراق. من نازانم ئه‌م وته‌یه‌ی به‌رێزت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق بوو، یان توركیا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پرده‌ بوایه‌ حكومه‌تی عێراق هه‌ڵوێستی له‌به‌رانبه‌ر ئۆپه‌راسیونه‌كان‌و تۆپبارانكردنی قه‌ندیل‌و ناوچه‌كانی تر ده‌بوو له‌ كاتێكدا توركیا به‌فرۆكه‌ش به‌ پاساوی بوونی (پارتی كرێكارانی كوردستان) بوردومانی خه‌ڵكی سڤیل ده‌كات! ئایا ئه‌مه‌یه‌ پردی به‌هێزكردنی نێوان توركیا‌و عێراق؟! سه‌رۆكه‌كه‌م تۆ توركیا به‌ وڵاتێكی گرنگ‌و كاریگه‌ر وه‌سفكرد‌و داوای قوڵبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌یت، به‌ڵام من ده‌ڵێم حه‌یف له‌ كاتێك تۆپبارانمان ده‌كه‌ن سه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌رێمه‌كه‌م داوای قوڵبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بكات، له‌كاتێكدا برینی جه‌رگی باوك‌و دایكی به‌سۆز جه‌باری گوندی وێزه‌ سارێژ نه‌بووه‌، له‌ كاتێكدا هێشتا خه‌ونه‌ جوانه‌كانی به‌سۆز بۆ رۆژنامه‌نووسان كۆتایی پێ نه‌هاتووه‌، له‌كاتێكدا به‌سۆز هێشتا ناوچه‌كانی تۆپباران ده‌كرێت، له‌كاتێكدا باوك‌و دایكی به‌سۆز جانتای قوتابخانه‌یان هێشتا هه‌ڵنه‌گرتووه‌‌و شه‌و له‌ ته‌نیشت خۆیانه‌وه‌ سه‌عی به‌ تارمایی به‌سۆز ده‌كه‌ن، ئاخر ئه‌مه‌ چ نیشتمانێكه‌ خودایه‌ به‌سۆز له‌ شوێنی به‌رگی قوتابخانه‌ كفن له‌به‌ری بكرێت، كه‌چی جانتای سه‌فه‌ری سه‌رۆكم هه‌ڵده‌گیرێت به‌ره‌‌و فرۆكه‌خانه‌! له‌كاتێك به‌سۆز تێر سۆزی دایك‌و باوكی نه‌بوو، له‌ گۆڕنرا، سه‌رۆكه‌كه‌م له‌گه‌ڵ كورد كوژانی سه‌رسه‌ختی مێژوو كۆبۆوه‌!!!! سه‌دان به‌سۆزی تر له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگدان‌و مه‌رگێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو به‌ناویاندا گوزه‌ر ده‌كات، ئێمه‌ش له‌ چاوه‌ڕوانی فرۆكه‌یه‌كی توركیاداین سه‌رۆكه‌كه‌مان به‌ سه‌لامه‌تی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌.
سه‌رۆكه‌كه‌م له‌ خۆشه‌ویستی بۆتۆ بۆ وڵات‌و بۆ منداڵ‌و پیر‌و گه‌نجی سه‌رسنوره‌كه‌م ئه‌مه‌م بۆ نووسی، چونكه‌ تۆ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌می، به‌ڵام لات سه‌یر نه‌بێت، ئێوه‌ش لاتان سه‌یر نه‌بێت، له‌وكاته‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌ت كرد‌و له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیت كرد ته‌نها‌و ته‌نها بیرم بۆ رۆژی قیامه‌ت چوو، چونكه‌ وه‌كو ده‌ڵێن: له‌ رۆژی قیامه‌ت نه‌ باوك ئاگای له‌ منداڵه‌كانی ده‌مێنێت، نه‌ دایك ئاگای منداڵه‌كانی، وه‌ نه‌ منداڵه‌كان ئاگایان له‌ دایك‌و باوكیان ده‌بێت، واته‌ هه‌ر كه‌سه‌و خه‌می خۆیه‌تی رزگاری بێت. بۆیه‌ ئه‌و رۆژه‌م وه‌ك رۆژی قیامه‌ت هاته‌ به‌رچاو.
Isa_khidhir@yahoo.com





 

           

 

11/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com