سه‌رۆكه‌كه‌م دوای گه‌ڕانه‌وه‌ت مه‌سیری رۆژنامه‌نووسانی میدیای ئازاد چی ده‌بێت؟!!!
 

  

عیسا خدر


نامه‌وێت باسی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس بكه‌م‌و به‌راوردی بكه‌م به‌ ئێستا، چونكه‌ ئێستا هه‌رچۆنێك بێت كورد ده‌سه‌ڵاتی عێراق‌و هه‌رێمی كوردستانی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌‌و ماوه‌ی نۆزده‌ ساڵه‌ هه‌رێمه‌كه‌ی خۆشمان ئازاده‌، به‌ڵام پێویست ده‌كات هه‌ندێ‌ شت به‌راورد بكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر شتی ئێستا‌و ئه‌و كات له‌یه‌ك ده‌چن! گه‌ڕانه‌وه‌شمان بۆ رابردوو هه‌ندێك جار پێویست ده‌كات بوترێن.
سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت بۆ خوێنه‌ر‌و تۆی باسبكه‌م ته‌نها به‌رگه‌ سه‌ربازییه‌كه‌یه‌، كاتێك باوك، كوڕ، یان برا‌و كه‌س‌و كارمان كه‌ جڵی سه‌ربازییان له‌به‌ر ده‌كرد، راسته‌وخۆ ترس باڵی به‌سه‌ر خانه‌واده‌كه‌ ده‌كێشا، هه‌ر له‌كاتی ده‌رچوون له‌ ماڵ تاكو گه‌ڕانه‌وه‌ وه‌ك ده‌ڵێن: (ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ دڵیان له‌ ناو ده‌ستیان بوو) سه‌ربازی بۆ حكومه‌تی خۆت بكه‌یت جێگای شانازییه‌، چونكه‌ وڵات پاراستن‌و خۆش‌ویستنی خاك‌و نیشتمان ئه‌ركی هه‌موو تاكێكی ئه‌و وڵاته‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ترسه‌ی خۆشه‌ویستی خاك‌و نیشتیمانی له‌ناخه‌وه‌ ده‌كوشت شه‌ڕ بوو له‌ پێناو هیچدا! واته‌ ئه‌و ترسه‌ی له‌ناو خانه‌واده‌كان دروست ده‌بوو له‌به‌ربوونی شه‌ڕ بوو، نه‌وه‌ك له‌به‌ر دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی جڵی سه‌ربازی له‌به‌ر ده‌كرد‌و ماوه‌یه‌ك له‌ كه‌س‌و كاری دوورده‌كه‌وته‌وه‌.
ئه‌مانه‌م بۆ یه‌ك شت گێرایه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و رووداوه‌ی به‌مدواییه‌ روویدا له‌ پایته‌ختی هه‌رێمه‌ ئازاده‌كه‌م، كه‌ شه‌قامی كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژاند، كه‌ویژدانی هه‌موومانی هه‌ژاند، ئه‌مه‌ ته‌نها رووداوێكی ترسێنه‌ر نه‌بوو بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان، به‌ڵكو ته‌حه‌دایه‌كی ئه‌منی بوو بۆ سه‌ر ده‌زگاكانی ئاسایش‌و پۆلیسی هه‌رێمه‌كه‌ی خۆمان، به‌ڵام من نامه‌وێت باس له‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر‌و كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كان بكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێوه‌ باشتری لێده‌زانن.
سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ ئازاده‌كه‌م له‌ سه‌دا حه‌فتای خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان پێداویت‌و تۆیان هه‌ڵبژارد به‌ سه‌رۆكی خۆیان، خۆم یه‌كێك بووم كه‌ ده‌نگم پێداویت ببیت به‌ سه‌رۆكم، ئه‌ی بۆ تۆ له‌ به‌رانبه‌ر ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ نیگه‌ران بوویت كاتێك داوای ئه‌وه‌ده‌كه‌ن (بكوژانی سه‌رده‌شت عوسمان بدۆزرێنه‌وه‌‌و بدرێنه‌ دادگا) ئایا ئه‌مه‌ مافی خه‌ڵك نییه‌ بێته‌ سه‌ر شه‌قام‌و بڵێت نامانه‌وێت تیرۆر له‌ كوردستان سه‌ر هه‌ڵبدات؟! ئایا ئه‌مه‌ مافی خوێندكاران نییه‌ داوا بكه‌ن جارێكی تر به‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی خۆتان دابچنه‌وه‌، بۆ دڵنیابوون له‌ ده‌وامه‌كه‌یان؟! ئایا ئه‌مه‌ مافی رۆژنامه‌نووس نییه‌ داوا بكه‌ن تاوانباران بدۆزرێنه‌وه‌‌و بدرێنه‌ دادگا؟! ئایا مافی رۆشنبیران‌و نووسه‌ران نییه‌ بڵێن وه‌زیری ناوخۆ ده‌بێت ته‌حه‌مولی مه‌سولیه‌ت بكات؟! ئایا مافی ئۆپۆزسیۆن نییه‌ چاودێر بێت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌؟! ئایا مافی لێژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان نییه‌ بانگهێشتی به‌رپرسه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان بكات بۆ لێپرسینه‌وه‌؟! ئه‌مانه‌ هه‌مووی وه‌ڵامه‌كانی بۆ تۆ‌و خوێنه‌ر جێده‌هێلم، به‌ڵام له‌وانه‌ی باسمكرد یه‌ك شت په‌یوه‌ندی به‌خۆم‌و هاوڕیكانمه‌وه‌ هه‌یه‌‌و درێژه‌ی پێده‌ده‌م.
هه‌موومان ده‌زانین سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی، به‌ كه‌سێكی هێمن‌و حه‌كیم ناسراوه‌‌و هه‌ر جارێك رووداوێك هاتبێته‌ پێشه‌وه‌ به‌ چه‌ند وته‌یه‌كی وه‌زعه‌كه‌ی ئاسایی كردۆته‌وه‌‌و وه‌ك ده‌ڵێن: (خه‌ڵك به‌ وته‌كانی دڵیان ئاو ده‌خواته‌وه‌) ئه‌مه‌ش جێگه‌ی خۆشحاڵی‌و شانازییه‌ بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌ی‌و ئه‌و خه‌ڵكه‌ بۆ هه‌میشه‌ خۆشیان ده‌وێت‌و ده‌نگیان پێداوه‌ له‌ 25/7، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ سه‌رۆكه‌كه‌م تووشی شۆكی كردم، ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌ روخساریم نه‌بینی بوو ئه‌مجاره‌ بینیم، ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌ ده‌می ئه‌و سه‌رۆكه‌م نه‌بیستبوو بیستم، كات 10ی به‌یانی بوو رۆژی 29ی مایس رۆژنامه‌نووسان‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ پرسگه‌ی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان چاوه‌ڕوانی چوونه‌وه‌ ژووره‌وه‌ بوون بۆ ناو هۆڵی په‌رله‌مان، تاكو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ببێنن‌و بزانن ستراتیژیه‌تی چوون بۆ توركیا‌و فه‌ره‌نسا چییه‌، هه‌میشه‌ هه‌موو لایه‌ك حه‌زیان ده‌كرد له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رۆك گوێبیستی بن، به‌ڵام ڕێگه‌ به‌رۆژنامه‌نووس‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن نه‌دراوه‌‌و بگره‌ سه‌رۆكه‌كه‌م رۆیشتبوو كه‌سێك له‌ رۆژنامه‌نووسان نه‌یزانی بوو! ئه‌مه‌یان باس ناكه‌م بۆچی‌و چۆن ڕێگه‌ نه‌دراوه‌ به‌ رۆژنامه‌نووسان، چونكه‌ نازانم په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ڕێگه‌ به‌مجۆره‌ كارانه‌ ده‌دات، یان نا!، له‌ هه‌ر سه‌ردانێكت بۆ وڵاتان باس له‌ ئازادی‌و دیموكراسی كوردستان ده‌كه‌یت، به‌ڵام له‌م رۆژنه‌ی رابردوودا دڵی زۆر له‌و خانه‌وادانه‌ی كوڕ‌و كچه‌كانیان رۆژنامه‌نووسن له‌ میدیای ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ، تووشی ترس‌و دڵه‌ راوكێ‌ بوون ته‌نانه‌ت هاوڕێ‌‌و دۆسته‌ خۆشه‌ویسته‌كان‌و كه‌س‌و كار له‌ دوای تیرۆركردنی سه‌رده‌شت په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن‌و پێمانده‌ڵێن ئاگاداری خۆتان بن! باشه‌ ئه‌مه‌ بۆ دروستبوو؟! باشه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌نووسان وازیان هێناو له‌ ماڵ دانیشتوون؟! ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌و په‌رچه‌كرداره‌ی به‌رانبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسانی میدیای ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ دروستبوو له‌ په‌نجه‌ی ده‌ستێك تێپه‌رناكات، مه‌به‌ست ئه‌وانه‌ نین كه‌ سێبه‌ری به‌رپرسه‌ باڵاكانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداریان له‌پشته‌وه‌یه‌!.
سه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌رێمم، تۆ له‌ دوا سه‌فه‌رت بۆ وڵاتی توركیا‌و فه‌ره‌نسا ئاماژه‌ت بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وه‌ی روویداوه‌ له‌ گۆڕه‌پانی كوردستان فه‌وزایه‌ نه‌وه‌ك ئازادی!!! به‌ڵام من وه‌ك هاوڵاتیه‌ك ده‌ڵێم فه‌وزا نه‌بوو، به‌ڵكو هۆشیاری خه‌ڵك بوو كه‌ هاتنه‌ سه‌رشه‌قام‌و داوای ئه‌وه‌یان كرد بكوژانی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌‌و سه‌رده‌شت عوسمان بدۆزرێنه‌وه‌‌و بدرێنه‌ دادگا، منیش ده‌ڵێم: به‌رۆژێك‌و دوو رۆژ تاوانباران مومكین نییه‌ بدۆزرێنه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت خه‌مخۆر هه‌بێت بۆ دۆزینه‌وه‌یان، بێگومان خه‌مخۆریش ده‌بێت ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان بن‌و خه‌مسارد نه‌بن. ئه‌وه‌ی میدیای ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆكانیش كردیان بۆ باشتركردنی هه‌رێمه‌كه‌ی هه‌موومان بوو، بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازادی‌و دیموكراسیه‌ی به‌رێزت بوو، بۆ ئه‌وه‌بوو جارێكی تر گروپێكی هاوشێوه‌ی شێخ زانا دروست نه‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی میدیای ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ كردیان بۆ لاوازكردنی هیچ حیزب‌و لایه‌نێكی دیاریكراو، یان دژایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌بوو چیتر رۆژنامه‌نووسان سوكایه‌تیان پێنه‌كرێت‌و ئازار نه‌درێن‌و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر نه‌بێت، بۆیه‌ پێموایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رۆژی 29ی مایس ته‌نها باسی ستراتیژیه‌تی سه‌ردانه‌كانتان بكردابوایه‌ باشتربوو، نه‌وه‌كو جارێكی تر میدیای ئازد‌و سه‌ربه‌خۆ بخرێته‌ ژێر میكرۆسكۆبی دژایه‌تی‌و فه‌وزا، بۆیه‌ دوای سه‌فه‌ره‌كه‌ت رۆژنامه‌نووسان‌و خانه‌واده‌كان له‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌تن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن دوای گه‌ڕانه‌وه‌ت مه‌سیری رۆژنامه‌نووسان چی ده‌بێت.


Isa_khidhir@yahoo.com





 

           

 

13/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com