ئێواره‌ی ڕۆژی 15/6/2010 به بۆنه‌ی 40 رۆژ تێپه‌ڕبون
به‌سه‌ر تیرۆرکردنی خوێندکارو رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت
عوسمان پانێڵیك بۆ ژماره‌یه‌ك که‌سایه‌تی سیاسی و
روناکبیری له هۆڵی (الابرار) له له‌نده‌ن سازکرا.
کۆڕه‌که له‌لایه‌ن به‌ڕێز ده‌شتی جه‌مال به‌ڕێوه‌برا.
ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ئه‌ندامانی ره‌وه‌ندی کوردی
له له‌نده‌ن تێیدا به‌شداربوون .
پانێله‌که، به ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆرێزگرتن له
گیانی سه‌رده‌شت و هه‌موو گیانبه‌ختکردوانی ڕێگای
ئازادی ده‌ستی پێ‌کرد. پاشان ده‌شتی جه‌مال وته‌ی به‌کر
عوسمانی برای سه‌رده‌شتی خوێنده‌وه که بۆ مه‌راسیم و
کۆبونه‌وه‌کانی یادی چله‌ی سه‌رده‌شتی ناردبوو.
له‌به‌شێکی په‌یامه‌که‌یدا، به‌کر عوسمان ده‌ڵێ:"....
که‌سانێک که له‌سه‌ر خوێنی هه‌زاران گه‌نجی وه‌کو
سه‌رده‌شت و فرمێسکی هه‌زاران خێزانی وه‌کو ئێمه‌ی
خێزانی سه‌رده‌شت، به‌و رۆژه‌ی ئه‌مڕۆ گه‌یشتون، که‌چی
ته‌حه‌مولی چه‌ند ووشه‌یه‌كی ره‌خنه‌ئامێزی گه‌نج و
خه‌ڵکی وولاته‌که‌یان ناکه‌ن!"
هه‌روه‌ها له به‌شێکی دیکه‌ی په‌یامه‌که‌یدا به‌کر
ده‌ڵێ:" ئێمه پێمانوایه که پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه
له‌و روداوه ناکرێ به نهێنی و له‌پشتگا ده‌رگا
داخراوه‌کانه‌وه بێت." هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:" ده‌مانه‌وێ
بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که
ده‌سته‌به‌رو زامن بکرێ. هه‌موو که‌سێك ده‌زانێ که
هێشتا ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه و سیسته‌می دادوه‌ری له
کوردستان بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ نیه له ده‌سه‌ڵات و
له‌ژێر کاریگه‌ری سیاسیدایه، بۆیه ناکرێ له
روداوێکی له‌چه‌شنی تیرۆری سه‌رده‌شتدا ئه‌و
ده‌زگایانه لێکۆڵینه‌وه‌و دادگایی ئه‌نجامبده‌ن.
پێویست به‌وه‌ده‌کات که ده‌زگای بێلایه‌ن و له‌ژێر
چاودێری لایه‌نی نێووده‌وڵه‌تیدا به‌وکاره هه‌ڵسێت."
پاشان هه‌ریه‌که له به‌رێزان د . که‌مال میرواده‌لی-
نوسه‌رو شاعیر ، عه‌لی که‌ریمی- نوسه‌ر، ئاسۆ که‌مال-
چالاکوان له بواری کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ، هۆزان
مه‌حمود- هه‌ڵسوڕاوی چالاکی بزوتنه‌وه‌ی ژنان،
به‌شداربوانی پانێڵه‌که له ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی ڕوداوه‌که،هۆکاره‌کانی،
به‌ڵگه‌کان، ناره‌زایه‌تی و خرۆشانی جه‌ماوه‌ر له
کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان قسه‌وباسیان کرد‌و
هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕابوون که مه‌سه‌له‌ی
سه‌ره‌کی له که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا مه‌سه‌له‌ی
ئازادییه که خۆی له ئازادی سیاسی، ئازادی بیروڕا،
ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌بینێته‌وه. به‌ڵگه‌و
رونکردنه‌وه‌کان ئه‌وه‌ی نیشاندا که ده‌سه‌ڵاتدارانی
کوردستان و به‌تایبه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌و
تاوانه به‌رپرسیاره. هه‌روه‌کو پانێلیسته‌کان
ئاماژه‌شیان به هه‌ڕه‌شه‌کانی پارتی و سه‌رۆکی هه‌رێم
له ئازادی و له خه‌ڵك و رۆژنامه‌نوسان کرد و
به‌درێژه‌ی هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته له‌قه‌ڵه‌میان دا
که ده‌یه‌وێ که‌شوهه‌وای سه‌رکوت له کوردستان
دابسه‌پێنێ. هه‌روه‌ك ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا که هه‌ر
لیژنه‌یه‌كی لیکۆڵینه‌وه‌و هه‌ر دادگاییکردنێك
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی قبوڵی
خه‌ڵکی کوردستان نیه چونکه ناکرێ که‌سێك که
په‌نجه‌ی گومانی بۆ درێژده‌کرێ هه‌ڵسێ به‌کاری
لێکۆڵینه‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که سیسته‌می
دادوه‌ری له کوردستاندا سیسته‌مێكی حیزبیه و توانای
ئه‌وه‌ی نیه که زه‌مانه‌تی بێگه‌ردی و سه‌ربه‌خۆیی و
بێلایه‌نی دادگاییکردنه‌که بکات.
پاش قسه‌ی پانێلیسته‌کان، ده‌رگای گفتوگۆ بۆ
ئاماده‌بوان کرایه‌وه‌و چه‌ندین پێشنیار‌و سه‌رنج
خرانه‌ڕوو که هه‌مووی دڵسۆزی و خه‌مخۆریی
به‌شداربوانی نیشان ده‌دا بۆ به‌رگریکردن له ئازادی و
وه‌ستانه‌وه به‌دژی تیرۆر‌و سه‌رکوتی سیاسی له
کوردستان. پاشان پانێلیسته‌کان وه‌ڵامی سه‌رنجه‌کانیان
دایه‌وه‌و ره‌وتی باس و قسه‌کان به‌و ئاقاره‌دا رۆیشت
که هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه رێکه‌وتن که به‌ناوی
سه‌رجه‌م ئاماده‌بوانه‌وه یاداشتێك بدرێ به
سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی
کوردستان. ئه‌وه‌بوو به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری کۆڕه‌که
ناوه‌رۆکی یاداشته‌که‌ی له (3)خاڵدا کۆکرده‌وه‌و
به‌تێکڕای ده‌نگی ئاماده‌بوان په‌سه‌ند کرا. ئه‌مه‌ش
ده‌قی یاداشته‌که‌یه:
ئێمه ئاماده‌بوانی کۆڕی یادی چله‌ی سه‌رده‌شت عوسمان
له له‌نده‌ن رۆژی 15/06/2010 به کۆی ده‌نگ
بڕیارماندا ئه‌م که‌ئه‌م یاداشته سه‌باره‌ت به‌که‌یسی
تیرۆری سه‌رده‌شت ئاراسته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی
حکومه‌تی هه‌رێم بکه‌ین:
1- لیژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ
له پارتی و حکومه‌تی هه‌رێم، له‌ژێرچاودێری
نێونه‌ته‌وه‌یدا بۆ لێکۆڵینه‌وه له تیرۆری سه‌رده‌شت
عوسمان پێكبهێنرێ.
2- سه‌رۆکی پارتی هه‌ڕه‌شه‌کانی له ئازادی و
تۆمه‌تبارکردنی خه‌ڵکی ناڕازی به ئاژاوه‌گێڕ
وه‌ربگرێته‌وه.
3- ئازادیی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی بکرێته یاسا له
کوردستاندا و ده‌سه‌ڵات پابه‌ندبوونی به‌کرده‌وه به‌و
یاسایه‌وه رابگه‌یه‌نێت
کۆمه‌ڵگای کوردی/
له‌نده‌ن
15/6/2010
|