بۆنی بێده‌نگی
 

  

گۆران سدیق ......


(به‌ نیگایه‌ك ژیان به‌ڕێده‌كه‌م ، به‌ نیگایه‌ك ژیان ده‌وه‌ستێنم
ئه‌وه‌ عه‌شقی تۆیه‌ ده‌ستێكم له‌ناو ئاسماندا به‌رز ده‌كاته‌وه‌
تا پیر بوون تا دواهه‌مین ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ژێر چه‌ترێكدا سڵاوێكی ساده‌ له‌ ژیان ده‌كه‌م)

 پێشكه‌شه‌ به‌ چراخانه‌كه‌م.



بۆنی بێده‌نگی
چ سه‌رابێكی فێڵبازه‌ ئاینده‌
چ قاوه‌گره‌وه‌یه‌كی درۆزن بوو دوێنێ‌
ئێستاش ..هه‌موو شتێك بۆنی بێده‌نگی لێ دێت
په‌پوله‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م ڕۆشنایی چرایه‌كدا
له‌ نهێنیه‌كانی ژێرباڵی ده‌ڕوانێت

چاوه‌ڕوانی
چیتر دره‌نگه‌
ده‌مه‌وێ پێڵاوه‌ ماندوه‌كانم
له‌ درۆی ئه‌م شه‌قامه‌ خوارو خێچانه‌ بسه‌نمه‌وه‌
كه‌ هیچ له‌ ئه‌لف و بێ ی چاوه‌روانی تێناگه‌ن

كۆڵانی مناڵی
ئه‌م ده‌نگه‌
ئه‌مباته‌وه‌ بۆ كۆڵانه‌كانی مناڵیی
ئه‌م ده‌نگه‌
هه‌ناسه‌ی سه‌گێكه‌ له‌به‌رده‌م ده‌رگای مردندا
بێده‌نگ نوستووه‌
مانگ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌مدایه‌
وه‌ك مردن بێده‌نگه‌
ڕه‌شه‌بایه‌ك په‌نجه‌ره‌كه‌م ده‌كاته‌وه‌
پێم ئه‌ڵێت: بڕۆ
له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌موو شتێك هێمایه‌ بۆ ڕۆیشتن

ماڵی عیشق
رێكه‌وت نه‌بوو
هه‌وری خه‌یاڵم له‌ ماڵی عه‌شق ئاڵا
بووم به‌ هاورَیی فریشته‌كان
له‌ نێو له‌پی ده‌سته‌كانمه‌وه‌
به‌لێشاو په‌پوله‌كان فڕین
له‌سه‌ر و قژی چراكه‌م ئاڵان
تا له‌ گه‌رمایی و ڕوناكیدا بسووتێن

وێڵ بوون
نه‌مزانی
كام ڕێگا، كام ئاسمان ، كام ڕه‌شه‌با
تروسكایی چراكه‌میان شارده‌وه‌
وه‌ك پشیله‌یه‌كی به‌ر باران
له‌ژێر روخانی ئاسماندا
وێنه‌یه‌كم به‌ده‌ست مناڵانی گه‌ڕه‌كه‌وه‌ بینی
ئه‌وانیش وێڵبوون به‌ دوای تروسكایی چراكه‌مدا

هه‌ناسه‌كان
ئه‌وه‌ هه‌ناسه‌كانی تۆیه‌
كه‌ده‌یبه‌خشم به‌ گوڵه‌كانی باخچه‌و
په‌پوله‌كانی له‌سه‌ر ده‌نیشنه‌وه‌
له‌ یادمه‌
ئه‌و هاوینه‌ی له‌ بیابان بارانێكی زۆر باری
ئه‌وه‌ عه‌شق بوو
هه‌وره‌كانی خسته‌ سه‌ر شانی هه‌ردوكمان
پێكه‌وه‌ كه‌وتینه‌ ڕێ‌
تۆ تیشكێكت ده‌خسته‌ سه‌ر ده‌ستم و
من پێوه‌ی ده‌فڕیم
من تیشكێكم ده‌به‌خشیه‌ په‌نجه‌كانت و
تۆش له‌وسه‌ری ئاسمانه‌وه‌
به‌ پۆلێك باڵنده‌ی تره‌وه‌ ده‌گه‌ڕایته‌وه‌ لام .

خوشكه‌كه‌م
به‌یانیان په‌نجه‌ره‌ی ماڵی عه‌شقی
به‌ڕووی هه‌تاوا واڵا ده‌كرد
خوشكه‌كه‌م
سینه‌مان پڕده‌بوو له‌ بۆنی ڕێحانه‌
دڵۆپ دڵۆپ ئاوریشم له‌چاومان ده‌ڕژا
به‌ كۆڵی سه‌ماو
به‌ مشتێ‌ یاقووت و
به‌ چنگێك لم
مه‌راقی هه‌موومانی دا ده‌پۆشی
خوشكه‌كه‌م
هێشتاكه‌ به‌ دڵی مناڵیه‌وه‌
گه‌ڵای سه‌رزه‌وی ئاو ئه‌دا
ئینجانه‌ی سه‌ر دیواره‌كانی
پڕ ده‌كرد له‌ دانه‌وێڵه‌ بۆ كۆتره‌كان
به‌ میهره‌بانیه‌وه‌
ئه‌و ئاسكه‌ بریندارانه‌ی تیمار ده‌كرد
كه‌ له‌سه‌ر فه‌رشی دیواره‌كان تلیان ئه‌دا
له‌ ئاهه‌نگی ئه‌ستێره‌كانا
ئاسمانی پڕده‌كرد له‌ گۆرانی و
له‌ ئامێزی سپی مانگدا ده‌نوست
خوشكه‌كه‌م



چرایه‌ك داگیرسا

سه‌رم به‌ كێلی گۆڕێكه‌وه‌ نووساند
له‌دڵی خۆمدا ووتم
هێشتا خودا منی له‌یادنه‌كردووه‌
ئه‌وه‌تا له‌رۆحمدا فڕینی باڵنده‌كان نه‌نوستون
له‌نیگامدا، چرایه‌ك داگیرسا
له‌دڵمدا، باغێك به‌دره‌خت و گوڵ و په‌پوله‌وه‌سه‌وز ده‌بن
له‌یادمه‌
به‌درێژایی ئه‌و رۆژه‌
له‌میلی كاتژمێره‌كه‌م ده‌ڕوانی
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی تۆدا
زه‌مه‌ن له‌ جوانیدا وه‌ستا



 

           

 

11/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com