رۆشه‌نبیری كورد زاده‌ی ئه‌قلی سیاسییه
 

  

هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین


ئه‌مجاره‌ش وه‌ك هه‌موو جاره‌كانیتر به‌ناوڕۆشه‌نبیرانی كورد ئه‌وه‌یان‌ ‌سه‌لمانده‌وه‌،‌ جگه‌ له‌ رووی دووه‌می سیاسییه‌كان هیچیتر نین، هه‌ژده‌ ساڵه‌ بۆ به‌ زۆر و كه‌م باسێكی گۆنگره‌ی نوسه‌ران نه‌هاتۆته‌ پێش ؟ ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ ماڵوێرانكارانه‌ی خه‌لكی كوردستان پیایدا تێپه‌ڕی هه‌ڵوێستی ئه‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ چی بوو ؟ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ و واژۆ كۆكردنه‌وه‌ ؟ یان یاخی بوون و وڵات به‌جێهێشتن ؟
له‌ ساڵی ١٩٩٤ كاتێك كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ هه‌ر دوو لایه‌نی شه‌ڕكه‌ر كرد به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر شه‌ڕ رانه‌گرن ئه‌وا له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌ولێر خۆیان ئه‌سوتێنن، ((ده‌ستبردن بۆ به‌ردی گه‌وره‌ نیشانه‌ی هه‌ڵنه‌گرتنه‌))، من ناڵێم كه‌ ئه‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ ئه‌وه‌ نازانن، زۆر كه‌س ره‌نگه‌ پێی وابێت كه‌ رۆشه‌نبیران هه‌ڵوێستی خۆیان نواند، هه‌ڕه‌شیان له‌ سیاسییه‌كان كرد، به‌ڵام چی بكه‌ن كه‌ سیاسییه‌كان گوێیان لێناگرن !!!! كاتێك كه‌سێكی ساده‌ وا بیر ئه‌كاته‌وه‌ ئه‌وه زۆر ئاساییه‌، چونكه‌ كه‌سه‌كه‌ ساده‌یه‌، به‌ڵام ئاسایی نیه‌ كه‌ كه‌سێك رۆشه‌نبیر بێت و ئه‌وه‌نده‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ سیاسه‌ت و سیاسه‌تمه‌دارانی وڵاته‌كه‌ی نه‌بێت !!! ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ پاڵیان پێوه‌ندرابوو، لایه‌نی سیاسی هه‌بوو ئه‌و كات ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ی پێئه‌نواندن، ئه‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ش ئه‌یانزانی كه‌ به‌م كاره‌یان ئه‌بن به‌ گاڵته‌جاڕ و سه‌ریان ئه‌درێت له‌ به‌رد، به‌ڵام ناجار بوون، نه‌یانئه‌توانی له‌ فه‌رمانی گه‌وره‌كانیان ده‌رچن، كه‌ سیاسییه‌كانن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ مێژووی رۆشه‌نبیرانی كورده‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ ژێر ركێفی سیاسه‌ت و حزبه‌كان خۆیان خه‌ساندوه‌.
دوای ئه‌وه‌ بابێینه‌ سه‌ر سیفه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانی به‌ ناوسیاسییه‌كان و به‌ ناوڕۆشه‌نبیران.
- له‌ دوای راپه‌ڕین پێشمه‌رگه‌كان نه‌یانتوانی خۆیان له‌ جاشه‌كان جیا بكه‌نه‌وه‌ ! ئه‌ی له‌ كوێنده‌ر رۆشه‌نبیران خۆیان له‌ جاشقه‌ڵه‌مه‌كان جیاكرده‌وه‌ ؟
- هیچ لایه‌نێكی سیاسی و هیچ كه‌سێكی سیاسی تاكه‌ خۆفڕۆشێك و به‌كرێ گیراوه‌كی سه‌رده‌می به‌عسیان نه‌دا دادگه‌ ! ئایا رۆشه‌نبیران تاكه‌ قه‌ڵه‌مێكی خزمه‌تكاری به‌عسیان دا به‌ دادگه‌ ؟
- لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كه‌سه‌ سیاسییه‌كان رازی بوون كه‌ خاوه‌ن فایله‌كان له‌ پله‌ و پایه‌ی خۆیان بمێنه‌وه‌ و هی هه‌ندێكانیشیان به‌رزتر كرده‌وه‌ ! ئایا رۆشه‌نبیران ناڕازی بوون له‌سه‌ر كام له‌و كه‌سانه‌ی زیاتر له‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ سایه‌ی به‌عس و له‌ به‌غدا برده‌سه‌ر جارێكیتر له‌ ده‌زگه‌ راگه‌یاندنه‌كانی دوای راپه‌ڕین كار نه‌كه‌ن ؟
- سیاسییه‌كان به‌شێكیان خۆیان داهێنه‌ری گه‌نده‌ڵین و به‌شێكیتریان رازی بوون به‌وه‌ی كه‌ بێده‌نگ بن له‌ گه‌نده‌ڵی و دوایی هه‌ر یه‌كه‌یان بیخاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یتریان، ئه‌ی له‌ كوێنده‌ر رۆشه‌نبیران توانیان كارێكی وا بكه‌ن كه‌ كه‌مترین چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی بكه‌ن یان ئه‌وانیش له‌ ده‌زگه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان كار ئه‌كه‌ن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت خه‌لك به‌وه‌ فریو بده‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زگه‌كه‌ش گه‌نده‌ڵ بێت ئه‌وان (( رۆشه‌نبیران )) گه‌نده‌ڵ نین ته‌نها له‌و شوێنه‌ كار ئه‌كه‌ن ؟
- سیاسییه‌كان به‌ ده‌یان هه‌ڵی مێژوویی گرینگیان له‌ ده‌ست خه‌لكی كوردستان دا ! له‌ كام هه‌ڵ رۆشه‌نبیران توانیان خه‌لك به‌و ئاسته‌ هۆشیار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ بتوانن كارێك بكه‌ن ئه‌و هه‌ڵه‌یان له‌ده‌ست نه‌چێت ؟
- سیاسییه‌كان به‌ ده‌یان بڕگه‌ی یاساییان شێواند و به‌ ده‌یان یاسای شێواویان تێپه‌ڕاند ! كامجار رۆشه‌نبیران توانیان یاساكان راستبكه‌نه‌وه‌ و به‌رگری له‌ تێپه‌ڕاندنی یاسا شێواوه‌كان بكه‌ن ؟
ئه‌مانه‌ و ده‌یان سیفاتیتری هاوبه‌شی به‌ ناوسیاسییه‌كان و به‌ ناوڕۆشه‌نبیران، كه‌ تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌و‌امه‌، ئه‌وه‌ته‌ جار جاره‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ناكۆكیانه‌ی كه‌ له‌ نێوان چه‌ند به‌ ناوڕۆشه‌نبیرێك دروست ئه‌بێت، كۆمه‌ڵێك له‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ ئاشكرا ئه‌بن كه‌ له‌ ناو ده‌زگه‌ به‌ ناوڕۆشه‌نبیریه‌كاندا هه‌یه‌، بۆ كه‌سێكی وه‌ك من سه‌یر نیه‌ كه‌ باس له‌ گه‌نده‌ڵی هه‌ر ده‌زگه‌یه‌ك ئه‌كرێت، چونكه‌ كه‌ ئاو له‌ سه‌رچاوه‌ پیس بوو كه‌س ناتوانێ ئاوی پاك بخواته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ لای من سه‌یره‌ و جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ دوای ئاشكرا بوونی گه‌نده‌ڵیه‌كان هه‌ندێك له‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ن كه‌ جارێكیتر په‌رده‌پۆشی ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ بكه‌ن، وه‌ك نه‌عامه‌ سه‌ری خۆیان ئه‌خه‌نه‌ ژێر لم، پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان خه‌لك نه‌بینن، خه‌لكیش ئه‌وان نابینێت، پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر خۆیان له‌ باسه‌ ره‌خنه‌یه‌كان كه‌ڕكرد و خۆیان له‌ نوسینه‌ جوانه‌كان كوێركرد ئه‌وا ئیتر چاوێكیتر ،‌گوێیه‌كیتر نیه‌ بۆ ئه‌و باس و نوسینانه‌ !!!!؟؟؟؟؟
ئه‌م به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ به‌ هه‌مان عه‌قلیه‌تی سیاسیه‌كان كه‌وتونه‌ته‌ تۆمه‌تبار كردنی هه‌ر كه‌س و سایت و رۆژنامه‌یه‌ك كه‌ كار و كرده‌وه‌ شاره‌وه‌كانیان ئاشكرا ئه‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن تا ئێستا سیاسیه‌كی كورد نه‌بووه‌ ئازایانه‌ بێته‌ پێش و دان به‌ هه‌ڵه‌كانی خۆی دابنێت و خۆی سزایه‌كی ویژدانیانه‌ی خۆی بدات و به‌رانبه‌ر به‌ ملله‌ت خۆی به‌ شه‌رمه‌زار بزانێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ تا ئێستا یه‌ك رۆشه‌نبیری كورد نه‌بووه‌ ئه‌م دیوار و سنوره‌ بشكێنێت و ئازایانه‌ بێته‌ ناو خه‌لك و وه‌ك مرۆڤێك دان به‌ هه‌ڵه‌ و كه‌م و كورتیه‌كانی خۆی دابنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ سیاسی كورد و نه‌ رۆشه‌نبیری كورد له‌ ره‌گه‌زی مرۆڤ نه‌بن له‌ گۆشت و خوێنێكی تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی وا دروست بوونه‌ كه‌ به‌ رێكه‌وتیش توشی هه‌ڵه‌ نه‌بوونه‌ و نابن.
ئه‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی به‌ ناوسیاسیه‌كان، تا ئه‌وكاته‌ی خۆیان له‌ ناو حزب سه‌رقافله و‌ قسه‌ رۆیشتون چاو له‌ هه‌موو تاوانه‌كان ئه‌پۆشن و به‌ ده‌یان بیانو بۆ ئه‌و كاره‌ دزێوانه‌یان دێنه‌وه‌ كه‌ بۆ خه‌لك ئاشكرا ئه‌بێت، ئه‌وه‌ته‌ به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانیش به‌ هه‌مان عه‌قلیه‌ت تا خۆیان له‌ ناو ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن و رێكخراوه‌ به‌ ناومه‌ده‌نیه‌كان كار ئه‌كه‌ن چاویان له‌ سه‌دان كار و كرده‌وه‌ی نه‌شیاو و بۆگه‌ن ئه‌پۆشن، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ویسته‌ تایبه‌تیه‌كانی ئه‌وان بێته‌ دی.
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ راستی نه‌بوونایه‌ ده‌بوایه‌ ئێستا رۆشه‌نبیرانی كورد ده‌نگێكیان هه‌بوایه‌ بیانتوانیبه‌ به‌ یه‌ك وشه‌ ژیان له‌ كوردستان رابگرن، كه‌چی جاری وا هه‌یه‌ هاواره‌كانیان ئه‌گاته‌ كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك كه‌چی خه‌لك نه‌ بای پێدا دێت و نه‌ باران، چۆن خه‌لك باوڕ به‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ بكات،‌ قسه‌ زله‌كانیان تا ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ شوێنی خۆیان له‌ ناو حزب و حوكمه‌ت و ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن ئه‌كه‌نه‌وه‌، نمونه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ نایه‌ته‌ ژماردن.
خه‌لك چۆن باوڕ به‌ كه‌سانێك بكات كه‌ باس له‌ گه‌نده‌ڵی و پیسی ئه‌كه‌ن و خۆشیان له‌ هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌خۆنه‌وه‌؟ با ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌دان جار وشه‌ی رۆشه‌نبیر بخه‌نه‌ پێش ناوه‌كانیان، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیان ژیان وایلێكردون كه‌ بخزێنه‌ ناو ئه‌م زه‌لكاوه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌، به‌ هۆی واقیعی ژیان له‌ كوردستان، خه‌لك تا ئێره‌ گوێیان لێئه‌گرێت، به‌ڵام كاتێك دێن خۆیان وا پیشان ئه‌ده‌ن كه‌ هیچ پشكێكی ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ به‌ر ئه‌وان نه‌كه‌وتوه‌ و به‌و په‌ڕی پاكی و بێگه‌ردی ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ هیچیتر نیه‌، كه‌س باوڕ به‌وه‌ ناكات كه‌ مرۆڤ بتوانێت له‌ ناو زه‌لكاوی گه‌نده‌ڵی بژی و به‌ پاكی بمێنێته‌وه‌، كه‌س نیه‌ له‌ نزیك كوره‌ بێت و پڕوشكه‌ ئاگری به‌رنه‌كه‌وێت، دانان به‌و به‌شه‌ گه‌نده‌ڵیه‌ی كه‌ به‌ زۆر و به‌ كه‌م به‌ر هه‌ر یه‌كێك كه‌وتوه‌ باوڕی خه‌لك بۆ خۆی دروست ئه‌كات و ئه‌توانێ رۆژێك له‌ رۆژان باس له‌ پاكبوونه‌وه‌ بكات، هه‌رچی به‌ ناوڕۆشه‌نبیری كورده‌ وه‌ك به‌ ناوسیاسیه‌كه‌ هه‌رگیز دان به‌ كه‌مترین پیس بوونی خۆی دانانێت، كه‌واته‌ چۆن باس له‌ پاكبوونه‌وه‌ بكات، ئه‌م به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ش ئه‌بێت به‌ هه‌مان ده‌نگ و ئاوازی به‌ ناوسیاسیه‌كان باس له‌ پاكی و بێگه‌ردی خۆیان بكه‌ن و خۆیان له‌ سه‌روی خه‌لك ببین و هۆكاری ئه‌و پیسی و گه‌نده‌ڵی و لێلی و شێواویه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی خه‌لك به‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ خه‌لك دواكه‌وتو و نه‌زانه‌.
ئه‌گه‌ر پاساوی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كوردستان ئه‌ژین ئه‌و راستیه‌ بێت كه‌ نكۆڵی لێناكرێت، ئه‌ی پاساوی ئه‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ چیه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌مێك به‌و په‌ڕی توڕه‌ بوونه‌وه‌ كوردستانیان به‌چیهێشت و ئێستاش بۆ موچه‌یه‌ك و پارچه‌ زه‌ویه‌ك و جاری وا هه‌یه‌ بۆ پاره‌ی تكیتێكی سه‌فه‌ر سه‌ردائه‌نوێنن و ده‌م ئه‌خه‌نه‌ ناو ئه‌و ئاوه‌ی تا دوێنێ به‌ پیس و بۆگه‌ن و ژه‌هراوی باسیان ئه‌كرد، خه‌لك چۆن باوڕ به‌و كه‌سانه‌ بكات؟ چۆن به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ بچێت؟
به‌ ناوڕۆشه‌نبیران هه‌ر وه‌ك سیاسیه‌كان ته‌نها گوێ له‌یه‌كتر ئه‌گرن و چاوه‌كانیشیان ته‌نها كه‌سه‌كانی ده‌وری ئه‌و مێزانه‌ ئه‌بینن كه‌ ته‌واو له‌ ره‌نگ و شێوه‌ی مێزی سیاسیه‌كانه‌، وه‌كو سیاسیه‌كان بێئاگان له‌و ده‌نگانه‌ی نه‌فره‌تیان ئه‌كه‌ن، بێئاگان له‌و دڵانه‌ی ئه‌وه‌نده‌ لێیان پڕن رۆژێك دادێت لێیان ئه‌ته‌قنه‌وه‌، بێئاگان كه‌ نه‌وه‌یه‌كی نوێ هه‌یه‌ ئه‌ینخاته‌ زبڵدان.
به‌ ناوڕۆشه‌نبیران هه‌روه‌ك به‌ ناوسیاسیه‌كان پێیان وایه‌ مێژویه‌كیان هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ قوڵ و داچه‌سپاوه‌ هیج هێزێك ناتوانێت بیله‌رزێنێت، چۆن به‌ ناوسیاسیه‌كان پێیان وایه‌ خاك و ئاسمان و نشتمانیان دروستكردوه‌، به ‌ناوڕۆشه‌نبیرانیش پێیان وایه‌ كه‌ روبار و دارستان و گوڵستانیان به‌ نشتمان به‌خشیوه‌.
چۆن هه‌ڵوێستی به‌ ناوسیاسیه‌كان به‌رانبه‌ر به‌ داگیكه‌ر و دوژمان ئه‌و په‌ڕه‌كه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كه‌، هه‌ڵوێستی به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانیش به‌رانبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز له‌ واژۆ كۆكردنه‌وه‌ تێپه‌ڕی نه‌كردوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ پێیان وایه‌ خۆڵیان كردۆته‌ چاوی خه‌لك و وا پیشان ئه‌ده‌ن گوایه‌ ئه‌وه‌ی بۆ سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌كرێت ئه‌وه‌ ئه‌وانن، با بزانن ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ خۆ فریودان هیچتر نیه‌، به‌ ئاگایی و به‌بێ ئاگایی بوونه‌ته‌ گه‌مه‌ی سیاسیه‌كان و جارێكیتر ئه‌بنه‌ به‌رده‌بازی په‌ڕاندنه‌وه‌ی چه‌ندین باری بێزه‌وه‌ر به‌ پشتی خه‌لكێكی ساده‌ بۆ كۆگای ده‌سه‌ڵاتداران، ئه‌گه‌ر نا با بزانین ده‌ستور چی به‌سه‌ر هات؟ چۆن تێپه‌ڕكرا؟ جگه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا چیتان بۆ تێنه‌په‌ڕاندنی ده‌ستور كرد؟ بۆ نه‌تان كرد؟ بۆ نایكه‌ن؟ مه‌گه‌ر ئێوه‌ ناڕازی نه‌بوون؟ یان چونكه‌ تێپه‌ڕاندنی ده‌ستور نه‌بوو به‌ گه‌مه‌ی سیاسی حزبه‌كان، ئێوه‌ش خۆتان لێ گێل و كه‌ڕ كرد!!!!!! ئه‌گه‌ر بابه‌تی تێپه‌ڕاندنی ده‌ستور وه‌ك نمونه‌یه‌ك بێت لێره‌، ئیتر خۆتان و خه‌لك باش ئه‌زانێت چه‌ندین كاره‌ساتی گه‌وره‌تر له‌ كوشتنی سه‌رده‌شت روویاندا و رووئه‌ده‌ن ده‌نگی ئێوه‌ له‌ كوێنده‌ره‌؟ ته‌نها له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك و ئیمزا كۆكردنه‌وه‌یه‌ك؟
رۆشه‌نبیرانێك له‌سه‌ر باسی گه‌نده‌ڵیه‌كانی ناو ده‌زگه‌ی سه‌رده‌م مانئه‌گرن و په‌رچه‌كرداریان ئه‌بێت و بڕیار ئه‌ده‌ن دوو حه‌فته‌ نه‌نوسن، له‌ كاتێك هه‌ر ئه‌م نوسه‌رانه‌ جارێكیش په‌رچه‌كرداریان بۆ ئه‌و ده‌زگه‌یانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ بێژمار سوكایه‌تیان به‌ خه‌لك كردوه‌ و مافه‌كانیان پێشێل كردون، كام جار مانتان له‌و ده‌زگه‌ راگه‌یاندنانه‌ی ده‌سه‌ڵات گرت كه‌ به‌رده‌وام له‌ شێواندنی راستیه‌كاندان؟
سه‌یر له‌وه‌یه‌ له‌ تێگه‌یشتنی ئه‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌، حكومه‌ت، حزبه‌كان، ده‌سه‌ڵاتداران گه‌نده‌ڵن، به‌ڵام ده‌زگه‌ی سه‌رده‌م له‌ ناو ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ به‌ پاكی ماوه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رده‌م سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌و حوكمه‌ته‌ و ئه‌و حزبانه‌ و ئه‌و سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ نه‌بن !! له‌ ناو ده‌زگه‌ی سه‌رده‌میش ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیش بووبێت ئه‌وه‌ هیچ پشكێكی به‌ر ئه‌و نوسه‌رانه‌ نه‌كه‌وتوه‌، مراوی پێكهاته‌ جه‌سته‌یه‌كه‌ی وایه‌ كه‌ ئه‌چێته‌ ژێر ئاو و دێته‌ ده‌ره‌وه‌ وا دیاره‌ كه‌ ته‌ڕ نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا به‌شی خۆی ئه‌و ئاوه‌ی به‌ سه‌ر جه‌سته‌وه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌ و به‌شی خۆی ته‌ڕ ئه‌بێت، كه‌چی وا دیاره‌ جه‌سته‌ی ئه‌و به‌ ناوڕۆشه‌نبیرانه‌ له‌ ماده‌یه‌ك بێت هه‌رگیز و هه‌رگیز ته‌ڕ نه‌بێت، به‌ڕاستی ته‌ڕ نابن.

٢٥ی ٦ی ٢٠١٠




 

           

 

26/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com