بۆ تۆ... ئه‌ی نه‌مر تر؛ له‌ مردن!..
 

  

هه‌ردی ئه‌حمه‌د

 


ژیان سه‌فه‌ری ناو خه‌ونه‌ گه‌ڕۆکه‌کانی بینینه‌
ئه‌وه‌ی که‌ نایبینم، تۆی له‌ هه‌قیقه‌تیشمدا!
تۆ بڵیی ، مردنیش وه‌ک تۆ بێت؟!
به‌ گومانم، له‌ تۆ، له‌ خۆم،
بۆ چی گومان له‌ ژیان و ، مردنیش نه‌که‌م
ته‌می سه‌ر په‌نچه‌ره‌کان گومان نیه‌،
گومان نیه‌، ئه‌وه‌تا ده‌بینرێت...
شه‌ونمی سه‌ر چیمه‌نه‌کان خه‌ون نیه‌، ئه‌وه‌ته‌ ده‌بینرێت
سه‌فه‌ره‌کانی ئێمه‌ پێکهاتوه‌ له‌ ڕۆیشتن بۆ هیچ کوێیه‌ک !!
فڕینی مه‌له‌کان گومانی تێدا نییه‌، ئه‌وان هه‌رچه‌ند به‌رز ده‌فڕن
که‌ چی دواجار دێنه‌وه‌ بۆ ناومان
ئێمه‌ خاوه‌ن ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ بوینایه‌
پر مان ده‌کرد له‌ ته‌پکه‌و ته‌ڵه‌، و باروت
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ باخچه‌مان دروست بکردایه‌
پڕمان ده‌کرد، له‌ نارنجۆک و لوغم!!...
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ژیانمان ببردایه‌ته‌وه‌ بۆ ناو ڕوح
ئه‌وه‌ ده‌ستمان به‌ حه‌رامی یه‌کتر سورتر ده‌بۆیه‌وه‌
تۆ بڕوانه...‌
سروشت خاوه‌نی باخچه‌و
باخچه‌ ماڵی سروشه‌
تۆ بڕوانه‌ شه‌ونم هه‌واڵی ده‌ریایه‌و
هه‌ڵمی سه‌ر په‌نچه‌ره‌کانیش
بێ ده‌نگی (با)یه‌ ..
مرۆڤ ئه‌وه‌ی هه‌یبێت بۆ جوانکردنی ژیان
موتربه‌کردنی درۆیه‌ له‌ ناو عیشق جوانیدا
مرۆڤ دڕنده‌ترین ڕاوچی
بۆ سه‌رابه‌کانی ته‌نییای و
توله‌ ڕێگاکانی سه‌فه‌ر و
فڕین به‌ ناو ئاسمانیشدا
مرۆڤ درۆزترین زینده‌وه‌ر
مرۆڤ درۆزنترین عاشق
مرۆڤ ، له‌ مرۆڤ ناچێت
ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین گره‌وی دۆڕاومان له‌ سه‌فه‌ردا بدۆڕینین
بردنه‌وه‌مان له‌ نه‌گه‌یشتندا به‌ ئه‌وێ
واته‌ خاڵی کردنه‌وه‌مانه‌ له‌ هیچ
هیچ به‌و مانایه‌ی که‌ مرۆڤ به‌ هه‌مو شتێکی ئه‌ڵیت هیچ
ئێمه‌ نه‌ ڕێز له‌ به‌رد ئه‌گرین و
نه‌ مڵڵه‌مان ویستوه‌و
نه‌ کتێبه‌کانی کفرمان خویندۆته‌وه‌
ئێمه‌ به‌ مرۆڤه‌ گه‌ڕۆکه‌کان ده‌ڵێین قه‌ره‌اج و
خۆشمان خاکێک نامانبه‌ستێته‌وه‌
ئێمه‌ ڕق له‌ بێده‌گیدا ده‌کوژین و
که‌چی به‌ ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌که‌ین کوشتمان !
ئێمه‌ ئه‌گه‌ر زه‌وی نه‌بوایه‌
پێده‌چو هه‌نگاوه‌کان نوقمی که‌بکه‌به‌یه‌کی تریان بکردینایه‌
به‌ڵام بێباکانه‌ هه‌نگاو ده‌نێن و تف ڕۆده‌که‌ین
ئێمه‌ نیشتمانی منداڵه‌کان پڕ ده‌که‌ین له‌ گوناه
ئێمه‌ له‌ گه‌وره‌بونی خۆمان سام نامانگرێت و
هێشتاش به‌ خێسه‌وه‌ له‌ منداڵی بون ده‌ڕوانین
ئێمه‌ گه‌وج ترین بونه‌وه‌رین
ئێمه‌ گوناهبارترین زینده‌وه‌رین
بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بهێڵینه‌وه‌
خۆمان گێل ده‌که‌ین
له‌ سه‌فه‌ره‌کاندا، به‌ دڵڕه‌قیه‌وه‌ بارگه‌ به‌جێده‌هێڵین و
ڕیگا ده‌ده‌ینه‌ به‌ر شه‌ق
بوخچه‌یه‌ک پڕ ده‌که‌ین له‌ هیواو
ئومێدێک نابه‌خشینه‌وه‌ به‌ ڕێگا....
نێوان زه‌وی و ئاسمان


سۆفیا_بولگاریا
11/3/2010


 

           

 

21/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com