زه‌مه‌نی پێش سه‌رده‌شت و
زه‌مه‌نی دوای سه‌رده‌شت!
 

  

هێمن مه‌حمود-ده‌ربه‌ندیخان


تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوسی گه‌نج سه‌رده‌شت عوسمان دۆخی رۆژنامه‌نوسی ئه‌هلی و ئازادی گۆڕی و له‌بری ئه‌وه‌ی نیه‌تی تیرۆكه‌رانی ئه‌و گه‌نجه‌ بهێنێته‌ دی كه‌ ده‌مكوتكردن و ترساندنی رۆژنامه‌نوسان بوو وه‌هایكرد بۆ یه‌كه‌مجار شه‌قامی كوردی پشتگیری خۆی بۆ رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد و ئه‌هلی بخاته‌ روو.
ئێمه‌ ده‌كرێت ساتی تیرۆركردنی ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ به‌ساتێكی حه‌زین و دڵته‌نگ بۆ هاوپیشه‌كانی وه‌سفبكه‌ین، به‌ساتێكی گرنگ و چاره‌نوسسازیشی وه‌سفبكه‌ین كه‌ تیایدا مێژووییه‌كی گۆڕی و مێژووییه‌كی نوێی دروستكرد.
ئه‌و ساته‌ ساتی لابردنی ده‌مامكی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ له‌ژێر ناوی دیموكراسی و ئازادی و خۆشگوزه‌رانیدا به‌ رۆژی روناك گه‌نجێك تیرۆر ده‌كات.
ساتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات باس له‌به‌دیهێنانیان ده‌كات و دواتر له‌ روداوێكی وه‌هادا هه‌مووی ده‌كاته‌ سه‌راب.
تیرۆركردنی سه‌رده‌شت له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌ ئازاد و ناڕه‌زاكان سه‌ركوتبكات ده‌نگی ده‌سه‌ڵاتی هێنده‌ی تر نوزن و گڕگنتركرد.
زه‌مه‌نی پێش تیرۆركردنی سه‌رده‌شت هه‌میشه‌ حزبه‌ باڵا ده‌سته‌كان شانازییان به‌و كه‌مه‌ ئازادییه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ به‌رهه‌میان هێناوه‌ بۆمان، هه‌میشه‌ باسیان له‌ ئاوه‌دانی و گه‌شانه‌وه‌ و به‌دوبه‌ی كردنی شاره‌كانیان ده‌كرد، هه‌میشه‌ منه‌تی ئاسایش و نه‌بونی تیرۆر و تیرۆرستانیان ده‌كرد .
ده‌یانوت ئه‌م رۆژنامه‌نوسانه‌ و ئه‌م رۆژنامانه‌ چه‌ند ده‌نگێكی كه‌من و كۆمه‌ڵگا له‌دژیانه‌.
چه‌ند زۆربون ئه‌و رۆژنامه‌نوس و قسه‌كه‌رانه‌ی حزب ئیره‌یان به‌رۆژنامه‌ ئه‌هلیه‌كان ده‌برد، چه‌ند زۆر بون ئه‌و قسه‌كه‌رانه‌ی هه‌موو شه‌وێك كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانیان داگیرده‌كرد و تا دره‌نگانێك قه‌وانی ئه‌وه‌یان بۆ لێده‌داینه‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌ی ئه‌هلی و ئازاد له‌كوردستاندا بونی نیه‌.
ده‌یانوت و ده‌یانوته‌وه‌ كه‌ خۆیان سوپه‌رمان و تاكه‌ سواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردین.
به‌ڵام ئیدی به‌كوشتنی سه‌رده‌شت زه‌مه‌نێكی دیكه‌ و فه‌سڵێكی دیكه‌ له‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد ده‌ستی پێكرد.
هه‌مومان ئه‌و خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌مان بینی كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین رۆژ شه‌قامه‌كانی زۆربه‌ی شارو شارۆچكه‌كانی داگیركرد، هه‌مومان بینیمان رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد چه‌ند كاریگه‌ری هه‌یه‌ و چه‌نده‌ش كاریگه‌ری دروستكردووه‌.
زه‌مه‌نی پێش كوشتنی سه‌رده‌شت زه‌مه‌نی دوای كوشتنی سه‌رده‌شت نیه‌، ئه‌گه‌ر ساتی شه‌هیدكردنی سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ هه‌روا به‌سانایی تێپه‌ڕیبێت كۆمه‌ڵێك دۆخ و هه‌لومه‌رجی خۆی هه‌بووه‌ كه‌ گرنگترینیان نه‌بونی ئۆپۆزسێونێكی راسته‌قینه‌ بووه‌ له‌و كاتدا و به‌ته‌واوی چاونه‌كراونه‌وه‌ی خه‌ڵكی بووه‌
به‌ڵام ئیدی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ تێپه‌ڕی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌سانایی رۆژنامه‌نوسان تیرۆربكه‌ن و شه‌قام نه‌وروژێت له‌دژیان.
ئیدی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ كۆتایهات، زه‌مه‌نی ئێستا زه‌مه‌نی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ و شه‌ڕكردنه‌ له‌سه‌ر باشتركردن نه‌وه‌ك شه‌ڕكردن له‌سه‌ر مانه‌وه‌.
من بڕوام وه‌هایه‌ ئیدی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی (ئازاد) له‌وه‌ تێپه‌ڕی پێناسه‌ی خۆی بكات، به‌ڵكو ئێستا له‌قۆناغی هه‌نگاونانی زیاتردایه‌، له‌قۆناغی جێبه‌جێكردنی بیروبۆچونه‌كانیدایه‌، رۆژنامه‌نوسه‌كانیشی له‌بری ئه‌وه‌ی خاوه‌نی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی كه‌می رۆژنامه‌كانیان بن خاوه‌ن ئه‌و سه‌دان هه‌زاران كه‌سه‌ن كه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ن بێنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان.
زه‌مه‌نی پێش تیرۆركردنی سه‌رده‌شت زه‌مه‌نی ترس و تۆقاندنی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌، زه‌مه‌نی دوای سه‌رده‌شتیش زه‌مه‌نی ئازادیی و نه‌ترسان و خه‌باتی رۆژنامه‌نوسه‌كانه‌.


Hemnm1979@yahoo.com




 

           

 

03/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com