له‌و دڵه‌ی مارییا بۆ هه‌موان!
 

  

هێمن مه‌حمود- ده‌ربه‌ندیخان


هه‌موو جارێك ترسێكی گه‌وره‌م هه‌بووه‌ له‌وه‌ی بتوانم خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ رۆمانێك بكه‌م و نه‌توانم مافی خۆی بده‌مێ، قسه‌كردن له‌سه‌ر رۆمانێك ده‌بێت هێنده‌ وردبێت كه‌ كاتێكی زۆر بۆلێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌رخان بكه‌یت و دواتر به‌درێژی له‌سه‌ری بدوێیت.
چه‌ندین رۆمان هه‌بووه‌ خۆشمویستون و هیواداربووم له‌سه‌ری بنوسم به‌ڵام وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌م بۆكرد هه‌میشه‌ هه‌مان ترسی سه‌ره‌وه‌ رێگای لێگرتووم و له‌بری خستنه‌ سه‌ر كاغه‌ز له‌قوڵاییه‌كانی دڵما بۆ هه‌میشه‌ هێشتومه‌ته‌وه‌.
ئه‌مه‌ش خوێندنه‌وه‌ نیه‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند هه‌ستێكی خۆمه‌ دوای خوێندنه‌وه‌ بۆم دروستبوه‌ كه‌ بۆ یه‌كێكه‌ له‌و تازه‌ترین رۆمانانه‌ی كه‌ تازه‌ كه‌وتۆته‌ بازاڕه‌وه‌ و زۆر به‌چێژه‌وه‌ خوێندمه‌وه‌ رۆمانی ( دڵێك بۆ مارییا) یه‌ كه‌ (گرێتێلسه‌ هۆڵم) نوسیویه‌تی و (نه‌وزاد باراوی) له‌سودییه‌وه‌ كردویه‌تیه‌ كوردی و ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بڵاویكردۆته‌وه‌.
نوسه‌ری ئه‌م رۆمانه‌ خه‌ڵكی دانیماركه‌ و ساڵانێكی زۆر خه‌ریكی كاری رۆژنامه‌نوسی بووه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی زۆر به‌ناوبانگ نیه‌ وبڕواشناكه‌م به‌رهه‌می دیكه‌ی كرابێت به‌كوردی جگه‌ له‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ڵام ئه‌م رۆمانه‌ی ده‌كرێیت به‌یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه‌ جوانه‌كان ناوزه‌د بكه‌ین.
مارییا كچێكی چوارده‌ ساڵانه‌ و پێویستی به‌دڵێك هه‌یه‌ بۆی دابنرێت، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش وه‌هایلێكردووه‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر چاودێری دایك و باوكی و ته‌نانه‌ت پزیشكه‌كان بێت.
مارییا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی دڵێكی دیكه‌یه‌ كه‌چی هه‌میشه‌ ده‌ست له‌یه‌خه‌ی ژیان ناكاته‌وه‌ و له‌شه‌ڕكردن له‌سه‌ر به‌ها جوانه‌كانی وه‌ك خۆشه‌ویشتی و دادپه‌روه‌ریی و ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیانی كه‌سه‌كان كۆڵنادات.
باوكی مارییا كه‌ كاری فیته‌ری ده‌كات هه‌میشه‌ به‌ده‌گمه‌ن قسه‌ده‌كات و دڵیشی پڕیه‌تی له‌خۆشه‌ویستی، دایكی مارییاش كه‌ پاك و ته‌میزی توشی نه‌خۆشی ده‌رونی كردووه‌ هه‌میشه‌ له‌خه‌می پاككردنه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یدایه‌.
جه‌نگی مارییا جه‌نگكردنه‌ له‌گه‌ڵ كاتدا، ده‌یه‌وێت له‌رێگا نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ره‌ییه‌ رۆژانه‌ییه‌كانی خۆیه‌وه‌ بۆ خوشكه‌ یه‌ك ساڵانه‌كه‌ی پێمان بڵێت هه‌رچه‌نده‌ مردن نزیكتر بێته‌وه‌ و من دڵێكی دیكه‌م ده‌ستنه‌كه‌وێت من زیاتر شێلگیرترانه‌ ده‌بم بۆ ژیان، من له‌بری دڵی كه‌سێكی دیكه‌ دڵی كه‌سێكی دیكه‌م ده‌وێت !.
كتوپڕ ماركۆس ده‌ناسێتـ، ماركۆس كه‌ به‌ (تاوانباره‌كه‌ ) ناسراوه‌ و پێشتر تۆمه‌تی دیكه‌ی به‌سه‌ردا ساغبوه‌ته‌وه‌ و هێشتا پانزه‌ساڵی پڕنه‌كردۆته‌وه‌ له‌ كۆپنهاگنه‌وه‌ دێت و سه‌رله‌نوێ دڵێكی دیكه‌ی پێده‌به‌خشێت.
ماركۆس رۆژێك خۆی ده‌كات به‌ ماڵی مارییا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پاره‌ی بۆ سه‌فه‌ر ده‌ستكه‌وێت و ئه‌و شاره‌ به‌جێبهێڵێت، چه‌كمه‌ج و سه‌ر ره‌فه‌ی مێزه‌كان ده‌گه‌ڕێت، مارییا كه‌ پێی ده‌زانێت پێی ده‌ڵێت مه‌گه‌ڕێ جگه‌ له‌ ئاگاهێنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركاتێك دڵێكی نوێم ده‌ستكه‌وت زه‌نگ لێ بدات هیچی دیكه‌ی لێ نیه‌.
پاشتر له‌قوتابخانه‌ مارییا عاشقی ماركۆس ده‌بێت و له‌نامه‌یه‌كدا هه‌ستی خۆی بۆ ده‌رده‌بڕێت.
هاوته‌ریب به‌نزیكبونه‌وه‌ی مه‌رگی مارییا عه‌شقیش تادێت په‌ره‌ده‌سێنێت.
مارییا سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشی و عه‌شقه‌كه‌شی كه‌چی كاتێك مامۆستاكه‌یان كه‌ به‌ گرێبه‌ست دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌پ خوازه‌ و پشتگیری كۆچبه‌ران وداوای ئاشتی و ئازادی ده‌كات له‌كاره‌كه‌ی دورده‌خرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیاندا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا و ناره‌زایی ده‌ربڕینه‌ دژی ئه‌و كاره‌.
ئه‌م رۆمانه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رۆمانێَكه‌ پڕه‌ له‌عه‌شق پڕپڕیشه‌ له‌ خه‌باتكردن بۆ مافی كۆچبه‌ران و جیاوازینه‌كردن له‌نێوان هاوڵاتیانی دانیماركی و كۆچبه‌ران كه‌ هه‌ندێك كه‌س وه‌ك (قه‌شه‌)ی شاره‌كه‌ به‌ مه‌ترسیان ده‌زانن چونكه‌ زۆربه‌یان موحه‌مدین و داهاتوی دانیمارك ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌.
ئه‌م رۆمانه‌ رۆمانێكه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و دوركه‌وتنه‌ له‌ سێكس له‌و ته‌مه‌نه‌دا هه‌ربۆیه‌ كاتێك مارییا و ماركۆس شه‌وێك پێكه‌وه‌ ده‌خه‌ون و ئاننا و عومه‌ریش له‌ژورێكی دیكه‌دا ده‌خه‌ون دواتر مارییا به‌ ئاننا ده‌ڵێت (من و ماركۆس جوتبونمان نه‌بووه‌!)
ئاننا ده‌ڵێت (ئه‌ی خه‌ریكی چی بون؟) مارییا ده‌ڵێت (ماچمان كرد و دوایش نوستین).
ئه‌مه‌ له‌و شه‌وه‌دا رویدا كه‌ هه‌موو شتێكی تیادا قڵبویه‌وه‌ و ریتمی رۆمانه‌كه‌ و ژیانی مارییاش ده‌گۆڕێت.
رودواوه‌كه‌ش به‌مشێوه‌یه‌ بوو: باوك و دایكی مارییا بریارده‌ده‌ن بڕۆن بۆ شارێكی دیكه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی مارییاش به‌ته‌نیا نه‌بێت ئاننای هاوڕێی له‌لا جێده‌هێڵن ، مارییاش هه‌رچه‌نده‌ (خۆی به‌تاوانبار ده‌زانێت كه‌ به‌دایكی نه‌وتوه‌) بریارده‌دات ماركۆس بانگبكات بۆ ماڵ خۆیان، ئانناش كه‌ به‌دزی ماڵ خۆیانه‌وه‌ عاشقی كۆچبه‌رێكه‌ به‌ناوی عومه‌ر ئه‌ویش بانگده‌كات بۆ ماڵی مارییا.
شه‌و دواتر كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان ده‌رۆنه‌ ژورێكه‌وه‌ كتوپڕ دره‌نگانێك دایك و باوكی مارییا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كچه‌ یه‌ك ساڵانه‌كه‌یان توشی سورێژه‌ ده‌بێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌مویان له‌ناوجێگادا ده‌گرن.
هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ دایك و باوكی ئاننا كه‌ خۆیان به‌ پێشكه‌وتنخواز و به‌رپاكه‌ری شۆڕشی سێكسی ده‌زانن ئاننا به‌ زله‌ ده‌به‌نه‌وه‌ و دایك و باوكی مارییاش عومه‌ر ده‌رده‌كه‌ن.
دواتریش دایكی مارییا ده‌روات بۆ لای ماركۆس و ده‌ڵێت ئه‌م شاره‌ جێنه‌هێڵیت لای پۆلیس شكات ده‌كه‌م، ئیدی سه‌رله‌نوێ دڵه‌كه‌ی مارییا نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و چه‌ند رۆژ دواتر بریارده‌دات دوای رۆشتنی ماركۆس ئه‌میش بڕوات.
به‌ڵام دڵی هێنده‌ بواری پێنادات زۆر دوركه‌وێته‌وه‌ و كاتێك به‌ئاگادێته‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ دایكی و باوكی به‌سه‌ریه‌وه‌ وه‌ستاون........

جوانی ئه‌م رۆمانه‌ زمانه‌ ساده‌كه‌ی و پرسیاره‌ قوڵه‌كانیه‌تی ، به‌راستی ئه‌م رۆمانه‌ رۆمانی مێردمناڵانه‌
من خۆم ته‌مانم ده‌كرد له‌مێردمنداڵیمدا بمخوێندبایه‌ته‌وه‌ به‌ڵام حه‌یف! هه‌رچه‌نده‌ تام وچێژێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ گه‌وره‌كانیش، ناكرێت ئه‌وه‌ش له‌بیرنه‌كه‌ین زمانی وه‌رگێڕانه‌كه‌ی زمانێكی جوان و خۆش و سه‌ركه‌وتوه‌.
ئێمه‌ ده‌بێت له‌بری ئه‌وه‌ی داوای دڵێك بكه‌ین بۆ مارییا هه‌ق وایه‌ ئه‌م رۆمانه‌ بخوێنینه‌وه‌ به‌دوای دڵێكی نه‌خۆشی وه‌ك ئه‌وه‌ی مارییادا بگه‌ڕێین بۆ هه‌موان.!.


Hemnm1979@yahoo.com



 

           

 

17/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com