كڕنووشێك بۆ 26 \ 6,یادی كۆچی ناواده‌ی (حه‌سه‌ن زیره‌ك )
 خوداوه‌ندی هونه‌ری گۆرانی كوردی

  

هیوا ڕه‌ش


له‌ بواری هونه‌ری گۆرانیدا كه‌سانێك هه‌ڵكه‌وتوون كه‌ به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ئه‌ژمێردرێن , به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی گۆرانی كوردییان پێوه‌ دیاره‌ , له‌و په‌نجه‌ی ده‌ستانه‌ش له‌ نێو بێژه‌رانی لاوك و حه‌یران و مه‌قام و به‌سته‌و بواره‌كانی تردا ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ) په‌نجه‌ی شایه‌دمانه‌ , مخابن به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ خه‌ڵكانێكی هونه‌ر شێوێن و بازرگان و موهه‌ڕیجیش هه‌ن كه‌ ژماره‌یان زۆر زۆره‌ و به‌رده‌وام له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ جاڕس و بێزارمان ئه‌كه‌ن و كار و پیشه‌یان خۆ بادانه‌ بۆ گیرفان پڕ كردن و شێواندنی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی كه‌ به‌ ده‌نگی نه‌شاز و ئاوازی دزراوی بیانییه‌وه‌ به‌ تانوپۆی گۆڕه‌پانی هونه‌ری گۆرانی كوردیدا ته‌راتێن ده‌كه‌ن بێ‌ ئه‌وی له‌ ئه‌دا و ئیقاعی مۆسیقی بفامن و بێ‌ ئه‌وه‌ی , ئه‌وه‌ی ئه‌یڵێن هیچی به‌ سه‌ر هیچه‌وه‌ هه‌بێت و بێ‌ ئه‌وه‌ی ده‌نگیان بای ئه‌وه‌نده‌ی تێدا بێت تا له‌ ڕوویان بێت خۆیان وه‌كو گۆرانیبێژ پیشان بده‌ن , ئه‌مانه‌ میكرۆبی هونه‌رن بۆیه‌ من قسه‌م له‌سه‌ریان نیه‌ چونكه‌ نه‌ك شایه‌نی ئه‌وه‌ نین قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێت به‌ڵكو پێویسته‌ ده‌زگا به‌رپرسه‌ هونه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌كان بواریان نه‌ده‌ن چی دی ( ته‌تریك و ته‌عریب ) ی هونه‌ره‌كه‌مان بكه‌ن و گێل و نه‌زانانه‌ قوڕه‌شێل بكه‌ن , ئه‌وه‌ كه‌ی ئه‌خلاقه‌ یه‌كێك له‌و گۆرانی تێكده‌رانه‌ باس له‌ موبته‌لایی خۆی بكات و ئاستی نزمی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ پایه‌ به‌رزیی ( مسته‌فا خۆشناو ) ی شه‌هیدی بیری نه‌ته‌وه‌یی و خاكی نیشتمان و سیمبولی قاره‌مانێتی و چه‌ند ڕسته‌یه‌كی بێمانا و بێسه‌روبه‌ر پێكه‌وه‌ بلكێنێت و خۆی به‌ شه‌هیدی ڕێگه‌ی ( عه‌شقی ) كچێك به‌و شه‌هیده‌ هه‌میشه‌ زیندووه‌ی نێو مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بشوبهێنێت ؟ بێئه‌وه‌ی بزانێت ( مسته‌فا خۆشناو ) ی نه‌مر كێیه‌ و بۆچی شه‌هید كراوه‌ ! له‌ پێناو دوو ئانه‌دا گه‌مژانه‌ دێته‌ مه‌یدان و دنیای شه‌هاده‌تی گیانی به‌رزه‌ فڕی یه‌كێك له‌ چوار ئه‌فسه‌ره‌ شه‌هیده‌كه‌ی كورد و كوردستان له‌ نوێژ ئه‌بات , تفوو له‌و هونه‌ره‌ و له‌و ئاسته‌ نزمه‌ هونه‌رییه‌ی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ی به‌ خۆبادانه‌وه‌ خۆیانی بۆ هه‌رزانفرۆش ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ‌ هونه‌ری كوردی ئه‌نفال بكه‌ن , بۆیه‌ من جگه‌ له‌ نه‌فره‌ت هیچ قسه‌م له‌ سه‌ر ئه‌و ( هونه‌رپه‌ند ) انه‌ نیه‌ كه‌ هونه‌ریان به‌ په‌ند كردووه‌ و به‌م ڕۆژگاره‌ ده‌روونمان ئازار ئه‌ده‌ن , ده‌بێت وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی هه‌ڵسێت و نه‌هێڵێت بۆ بازرگانی و خۆده‌رخستن چیدی هونه‌ری كوردی تێكوپێك بشكێنرێت و ده‌بێت ئه‌وانه‌ بدرێنه‌ داگا .
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ و مه‌زن و مامۆستای پایه‌به‌رز و ئوستادی به‌سته‌ و گۆرانی و هه‌ڵكه‌وتووی كورد ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ) ی نه‌مره‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی كورتدا به‌ ده‌نگی خۆش و چریكه‌ی له‌ وێنه‌ نه‌هاتووی كه‌ له‌ مێژوودا مه‌حاڵه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ , دنیای هونه‌ری گۆرانی كوردی فراوانتر كرده‌وه‌ و خۆشی له‌ ئاسمانیدا بوو به‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی بڵند و هه‌میشه‌ دره‌وشاوه‌ .
حه‌سه‌ن زیره‌كی شاعیر و جوانپه‌رست , حه‌سه‌ن زیره‌كی خۆشخوان , حه‌سه‌ن زیره‌كی تاڵاو چه‌شتوو , حه‌سه‌ن زیره‌كی ڕاوه‌دوونراو , حه‌سه‌ن زیره‌كی هه‌ژار و نه‌دار , حه‌سه‌ن زیره‌كی خۆشی نه‌دیو , حه‌سه‌ن زیره‌كی نه‌خوێنده‌وار و بێسه‌واد , حه‌سه‌ن زیره‌كی بێخانه‌ و بێخاوه‌ن و بێنه‌وا , حه‌سه‌ن زیره‌كی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانپه‌روه‌ر , كه‌ له‌ چه‌رمه‌سه‌ری ژیان و نه‌هامه‌تی ڕۆژگاره‌وه‌ هه‌ڵقوڵا و , بوو به‌ مامۆستا و ئوستاد , بۆیه‌ هونه‌ره‌كه‌ی هه‌میشه‌ گه‌شاوه‌یه‌ و به‌ زیندوێتی ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مێنێته‌وه‌ و بۆته‌ قوتابخانه‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆی .
حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ كاتی كاردا , له‌كاتی به‌ندی و زیندانی و ئه‌ساره‌تدا , له‌ كاتی ئاهه‌نگ و به‌زم و شایی دا , له‌ كاتی حه‌سانه‌وه‌ و پشووداندا , له‌ كاتی گه‌ڕان و سنوورداش كردندا , له‌ كاتی بێئیشی و بێپاره‌یی و بێداڵده‌یی و غه‌دری ڕۆژگاردا , چركه‌ به‌ چركه‌ی ژیانی , له‌ مێردمنداڵی و لاوی و سه‌ره‌مه‌رگدا , به‌ چریكه‌ی گۆرانی سینه‌ی په‌نگخواردووی پڕ له‌ تاسه‌ و غه‌م و ئاره‌زووی خۆی خاڵی كردۆته‌وه‌ , نه‌ تیپی مۆسیقا و نه‌ ستۆدیۆ و نه‌ پرۆڤه‌ و نه‌ مۆنتاژ و نه‌ دۆبلاژ و نه‌ مامۆستا و نه‌ ڕێپیشانده‌ری گه‌ره‌ك نه‌ بوو , خۆی گۆرانی بێژ و ئاوازدانه‌ر و خۆی خودای گۆرانی بوو , خۆی ئوستاد و مامۆستا و ڕابه‌ر و پێشه‌نگ و پێشه‌وا بوو .
حه‌سه‌ن زیره‌ك , ڕۆمانسی و هه‌ست ناسك و به‌هره‌دار و میهره‌بان بوو , خاوه‌ن سرووشێكی په‌یامبه‌ریی بوو , عاشقی خاك و گه‌ل و نیشتمان و سرووشته‌كه‌ی بوو , دیمه‌نی دڵڕفێن و ئافره‌تی جوان و شه‌راب ڕوحیانه‌تی هونه‌ره‌كه‌ی بوون , هه‌ر شتێك كاری تێ‌ بكردایه‌ به‌ گۆرانی وه‌ڵامی ئه‌دایه‌وه‌ , سۆز و خۆشه‌ویستی دوو كچه‌ جگه‌رگۆشه‌كه‌ی ( تاقه‌ گوڵه‌كه‌م مه‌هتابه‌ , ماچی بۆ من شه‌رابه‌ – یان – تاقه‌ گوڵه‌كه‌م ئاره‌زوو , بۆم ببه‌ به‌ گوڵ زوو به‌ زوو ) ی هێناوه‌ته‌ به‌رهه‌م , ئه‌و كاته‌ی شۆڕه‌ژنێك به‌ ده‌نگی ناسكی مۆسیقا ئاسای بانگی له‌ ڕێبواری كوڕی كردووه‌ , حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانی ( ڕێبوار و ڕێبوار , به‌ ڕێبوارت بم ) ی پێدا هه‌ڵداوه‌ , جوتیارێكی ماندووی ده‌ستی ڕه‌نج سه‌رنجی ڕاكێشاوه‌ و ( هۆ كاكی جوتیار ) ی چڕیوه‌ , كاتێك پارچه‌ ئاوازێكی سه‌دان ساڵه‌ی كوردی گوێ‌ لێبووه‌ كردوویه‌تی به‌ گۆرانی و ( ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی له‌و باڵایه‌ , هه‌ر ئه‌ڵێی داری بێ‌ گه‌ڵایه‌ ) ی بۆ ڕێكخستووه‌ , حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆ هیچ شتێك دانه‌ماوه‌ و ده‌موده‌ست و بێئاماده‌كاریی ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی وتوویه‌تی , ئه‌وه‌ی وتوویه‌تیشی هێنده‌ به‌ سه‌لیقه‌وه‌ ده‌ری بڕیوه‌ تا دنیا دنیا بێ‌ كه‌س ناتوانێ‌ وه‌كو خۆی بیڵێته‌وه‌ و لاسایی بكاته‌وه‌ , به‌سته‌ و گۆرانی له‌ ئاستی ئه‌ودا كڕنووشیان بردووه‌ , هۆنراوه‌ی به‌رزی ده‌یان شاعیری پایه‌ بڵندی گه‌له‌كه‌مان وه‌كو ( نالی و پیره‌مێرد و هه‌ردی و هێمن و مه‌حوی و سالم و كوردی و ساحێبقڕان و گۆران و بێكه‌س و حافز و خه‌ییام - - - ) ی كردۆته‌ به‌سته‌ و مه‌قام كه‌چی ئه‌لفوبێی خوێنده‌واریشی نه‌بووه‌ , حه‌سه‌ن زیره‌ك بابایه‌كی هه‌ژاری سته‌مدیده‌ی كورد بووه‌ به‌ڵام له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی , كوردپه‌روه‌ر و ڕاستگۆتر بووه‌ , هه‌ستێكی پاك و بێگه‌ردی هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی و جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ڕێز مام جه‌لال گه‌واهی پاكی و جێمتمانه‌یی ئه‌و زاته‌ به‌رز و نه‌مره‌ی له‌ یاده‌وه‌رییه‌كی خۆیدا ئاماژه‌ پێداوه‌ كه‌ چۆن وه‌كو پنتێكی دیاری كراو بۆ پۆستی حزبی به‌كاریان هێناوه‌ , له‌ هه‌مان كاتدا له‌ گۆرانییه‌كانیشیدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕی به‌ سنووری ده‌سكردی ده‌ستی دوژمنان نه‌بووه‌ له‌ دابه‌ش كردنی كوردستانی گه‌وره‌دا , بۆیه‌ به‌ جه‌سته‌ و به‌ به‌سته‌ ئه‌مدیودیوی كردووه‌ و ژیان بۆ ئه‌و له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستاندا هاوچه‌شن بووه‌ و له‌و پێناوه‌شدا گرتن و زیندانی كردن و ڕاوه‌دوونان و نه‌هامه‌تی زۆری چه‌شتووه‌ , له‌ گۆرانییه‌كانیدا گوڵ و ڕه‌ز و باخ و گوند و شارۆچكه‌ و شار و چیا و دۆڵ و گه‌رمیان و كوێستانی كوردستانی گه‌وره‌ی پێكه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ و ده‌ربه‌ده‌ری و گرتن و زیندانیی كۆڵی پێ‌ نه‌داوه‌ .
حه‌سه‌ن زیره‌ك , بلیمه‌تێكی له‌ وێنه‌ نه‌هاتوو بوو , به‌ زه‌وق و شه‌وق و به‌هره‌دار بوو , مرۆڤێكی ده‌گمه‌ن و كه‌موێنه‌ و عاشقێكی شه‌یدای سروشت و جوانی بوو , قوتابخانه‌یه‌كی بێڕووبه‌ر و بێسنووری هونه‌ریی بوو , حه‌سه‌ن زیره‌ك كوردێكی بیغه‌ل و غه‌ش و دڵدارێكی سه‌وداسه‌ر بوو , لووتكه‌ی بڵندی هونه‌ر بۆ ئه‌و پێده‌شت بوو . حه‌سه‌ن زیره‌ك هاده‌می مه‌ی و باده‌ بوو , تا به‌ خه‌یاڵ ته‌ونی هونه‌رێكی باڵا بهۆنێته‌وه‌ و ده‌رد و ئازار و مه‌ینه‌تی خۆی بڕه‌وێنێته‌وه‌ ,
حه‌سه‌ن زیره‌ك لێبورده‌ و به‌ خزمه‌ت بوو , هونه‌رمه‌ند بوو , هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانی بێژ و به‌سته‌زان بوو , مۆسیقا له‌ به‌رده‌میدا به‌سته‌زمان بوو , گۆرانیبێژێكی ده‌نگخۆش بوو , ده‌نگخۆشێكی خۆشخوان بوو , خۆشخوانێكی به‌ سه‌دا بوو , سه‌دای پڕ له‌ ئاواز بوو , ئاوازی پڕ له‌ میهر و ڕاز بوو .
حه‌سه‌ن زیره‌ك , ئه‌و زیره‌كه‌ی نازناوه‌كه‌ی خۆی تێپه‌ڕاندووه‌ , تا ئێستا به‌ قه‌د دۆستێكی سه‌دام حوسێنی سه‌رۆكی ئه‌نفالچییانی وه‌كو موعه‌ممه‌ر قه‌زافی بۆ نه‌كراوه‌ , ڕاڕه‌وێك , هۆڵێك , گوزه‌رێك , كوچه‌یه‌ك , كۆڵانێك , ڕێگایه‌ك , شه‌قامێك . فولكه‌یه‌ك , خوێندنگه‌یه‌ك , باخچه‌یه‌ك , پاركێك , چوار ڕێیانێك , لاكۆڵانێك , ستۆدیۆیه‌كی هونه‌ری , شانۆیه‌ك , گالێری , هیچ شوینێك و هیچ شتێك , ته‌نانه‌ت باخچه‌یه‌كی ساوایانی به‌ناوه‌وه‌ نه‌كراوه‌ , ئیتر نازانم ئه‌م حكومه‌ت و حزبانه‌ چۆن و به‌ چ ڕوویه‌ك و بۆچی شه‌رم ناكه‌ن له‌وه‌ی هه‌موو جه‌ژنێكی نه‌ورۆز به‌ سه‌دا و چریكه‌ی ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ) به‌ سروودی نه‌ورۆزی هه‌رگیز وه‌كو ئه‌و نه‌ووتراو و نه‌بیستراو پێشوازی له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز ئه‌كه‌ن , جا ئه‌گه‌ر ڕێزێكیش له‌ هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ) یش نه‌گرن ! ده‌بوایه‌ له‌به‌ر خاتری ئه‌و سرووده‌ نه‌مره‌ی كه‌ كه‌س نه‌یتوانیوه‌ و ناتوانێت وه‌كو ئه‌و ڕوحی به‌ به‌ردا بكات و له‌ نه‌ورۆزی هه‌موو ساڵێكدا كه‌ له‌ به‌نده‌نی ووڵاتدا لێ‌ ده‌درێت , دوای سی و هه‌شت ساڵ له‌ ماڵئاوایی ئه‌و نه‌مره‌ , ئه‌و هه‌میشه‌ دره‌وشاوه‌ و زیندووه‌ , لایه‌ك له‌ ڕێزلێنانی بكه‌نه‌وه‌ و هیچ نه‌بێت له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی هونه‌ریدا , له‌ فیستیڤاڵێكی گۆرانیدا , له‌ مه‌راسیمێكی ڕێزلێناندا , ته‌نها خه‌ڵاتێك , خه‌ڵاتێك و به‌س , هیچی تر نا , به‌ ناوی ئه‌و جوامێره‌ مه‌رد و شۆڕه‌سواره‌ی هونه‌ری كوردییه‌وه‌ ناو بنێن , كه‌ شایه‌نی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ و پێویسته‌ له‌ په‌یمانگا و كۆلێژه‌ هونه‌رییه‌كان به‌حس و لێكۆڵینه‌وه‌ و دیراسه‌ی له‌ سه‌ر بكرێت و به‌ باشترین و جوانترین و به‌هادارترین په‌یكه‌ری ئه‌و زاته‌ به‌رزه‌ سه‌نته‌ری شاره‌كانی كوردستان بڕازێنرێته‌وه‌ .
حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ دایك بووی ساڵی هه‌زار و نۆ سه‌د و بیست و شه‌ش بوو , له‌ بیست و شه‌شی شه‌شی هه‌زار و نۆ سه‌د و حه‌فتاو دوو له‌ ته‌مه‌نی چل و شه‌ش ساڵیدا جێی هێشتین , هه‌رچه‌نده‌ چیانی پڕ له‌ شه‌ش بوو به‌ڵام هه‌تا مرد هه‌ر مۆری هه‌ڵدا و به‌ ته‌مای دوو شه‌ش بوو , كه‌چی حه‌ریف لێی گرتبوو شه‌ش خانی ئومێدی .
به‌ پشتی كۆماوه‌وه‌ ده‌ست له‌ سه‌ر سنگ دا ڕائه‌وه‌ستم و سه‌ر دائه‌نه‌وێنم بۆ مه‌زارگه‌كه‌ت ئه‌ی مێرخاسی ئاواز و به‌سته‌ به‌زێنی نێو دنیای گۆرانی كوردی , یادت پیرۆز .

* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *
زیره‌ك تۆ نه‌مریی

كه‌ باده‌ لێك ده‌درێت و ده‌زرنگێته‌وه‌
پێك له‌ دوای پێكدا بۆ لێوان ده‌برێته‌وه‌
لێوان لێو مه‌ی له‌ باده‌ ده‌چۆڕێته‌وه‌
من ئا له‌و كاته‌دا كڕنووشت بۆ ده‌به‌م
ئا له‌و كاته‌دا ناَڵه‌شكێنه‌یه‌ قیبله‌م
كه‌ شه‌نگه‌ بێری به‌ره‌و ماڵێ‌ دێته‌وه‌
گۆزه‌ له‌ شان له‌ كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
من گۆرانی ( لۆركێ‌ لۆركێ‌ ) بیر دێته‌وه‌
بۆیه‌ نا غافڵ نابم و سوجده‌ت بۆ ده‌به‌م
له‌ باتی قیبله‌ ڕوو له‌ بۆكانێ‌ ده‌كه‌م
ئه‌و كاته‌ی ڕێژنه‌ ده‌كا و ده‌بارێ‌ باران
جووڵه‌یان ده‌كه‌وێتێ‌ عاشق و دڵداران
توند توند یه‌كتر ده‌كه‌نه‌ ئامێز له‌ جێژوان
من سه‌ری نه‌وازشت بۆ داده‌نه‌وێنم
شایه‌دومان به‌ بلیمه‌تی تۆ ده‌هێنم
له‌به‌ر ڕوناكی و ڕه‌ونه‌قی مانگه‌ شه‌و دا
له‌ كاتی حه‌وانه‌وه‌ و له‌ نێو جێخه‌ودا
له‌ حاڵه‌تی ڕامووسانی نیوه‌ شه‌و دا
هه‌زار كه‌ڕه‌ت پێم بڵێن مولحید و كافری
ده‌ڵێم : تۆ له‌ عیباده‌ت بۆ من چاكتری
ئه‌و كاته‌ی عاشق لێوی مه‌عشوق ده‌مژێ‌
گۆنای یاری به‌ په‌نجه‌كانی ده‌گوشێ‌
سه‌ری كوڵم و ڕوومه‌تان به‌ گاز ئه‌ڕووشێ‌
ئه‌من ئه‌وسا زیاتر تۆ په‌رستم حه‌سه‌ن
له‌به‌ر چاوم ئه‌بیت به‌ په‌رستگا و خواوه‌ن
زیره‌ك تۆ زیندووی و نه‌مردووی و ماوی
زیره‌ك تۆ وای له‌ دڵ و ناخ و هه‌ناوی
زیره‌ك تۆ شیرینتر له‌ بیلبیله‌ی چاوی
بۆیه‌ هه‌تا ماوم هه‌ر تۆ ئه‌په‌رستم
ئه‌ی مامۆستای پایه‌ بڵند و خۆشه‌ویستم


07701309524 Hewarash1@yahoo.com



 

           

 

26/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com