له‌ هۆڵه‌ندا پانێڵ و کۆڕی ماته‌مینی بۆ رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان
 به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ک ڕۆژنامه‌نوسی ناسراوی هۆڵه‌ندی‌‌ به‌ڕێوه‌چوو .
 

  

 



ئه‌مڕۆ 13-06-2010 له‌ هۆڵه‌ندا کۆمیته‌ی سه‌ر‌ده‌شت عوسمان بۆ به‌رگری له‌ ئازادی پانێڵێک و کۆڕێکی ماته‌مینی به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی و ڕێکخراوی میدیایی هۆڵه‌ندی تایبه‌ت به‌ تیرۆری رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان له شاری دێڵفت‌ سازکرد.



به‌شی یه‌که‌می یاده‌که‌ که‌ به‌زمانی هۆڵه‌ندی بوو له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه‌ پێشکه‌شکرا،‌یاده‌‌که‌ به‌ ده‌قه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ گیانی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ستی پێکرد‌.دواتر وتاری کۆمیته به‌ هۆڵه‌ندی پێشکه‌ش کرا که‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان کرا که‌ یاداشتی ناڕه‌زایه‌تی تایبه‌ت به‌مه‌ پشتیوانی لێبکه‌ن که‌تایبه‌ته‌ به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌م دۆزه‌و به‌ئاکام گه‌یاندنی ڕاست و دروستی لێکۆڵینه‌وه‌کان،پاشان یه‌کێک له‌ با‌به‌‌ته‌کانی سه‌رده‌شت عوسمان و په‌یامی خێزانی سه‌رده‌شتی به‌ زمانی هۆڵه‌ندی خوێندرایه‌وه‌‌،دواتر شیعرێک پێشکه‌شکرا،دواتر ڕۆژنامه‌ نوسی ناسراوی هۆڵه‌ندی (Paul Grijpma)باسێکی به‌ناوی( Het goud van de persvrijheid)
که‌ به‌مانای (زێڕی میدیای ئازاد) دێت پێشکه‌شکرد و هاوکات هاوخه‌می و پشتیوانی خۆی پیشاندا بۆ ئه‌م دۆزه‌،دوای ئه‌و ڕۆژنامه‌نوس- Mehmet Ülger - که‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆژنامه‌نوسانی هۆڵه‌ندی ئاماده‌بوو،به‌وردی باسی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری کرد و ئه‌م تاوانانه‌ی خسته‌ ژێرپرسیاره‌وه‌و خۆی باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ بۆپشتیوانی له‌یاداشتی کۆمیته‌که‌ هه‌وڵ ده‌دات که‌ کۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕۆژنامه‌نوسانی جیهانی بهێنێته‌ سه‌ر هێڵ و ئه‌م داخوازیه‌ قه‌بوڵ بکه‌ن و له‌سه‌رئه‌م دۆزه‌ کاربکه‌ن، به‌دوای ئه‌ودا دوو فلیمی کورتی ڤیدۆیی پیشاندران له‌سه‌رسه‌رده‌شت عوسمان وخۆپێشاندانه‌کانی کوردستان،به‌دوای ئه‌ودا کۆئۆردیناسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆژنامه‌نوسانی (Press Now ) که‌ناوی(Steven Assies )بوو ‌ هاوخه‌می خۆی پیشانداو ئه‌وه‌ی باس کرد که‌ له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین تاوان له‌ عێراق و کوردستان دژبه ‌ڕۆژنامه‌نوسان کراون و ئه‌وان له‌ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌نوسه‌کانیانه‌وه‌ له‌کوردستان له‌مه‌ ئاگادارن و ناڕه‌زایه‌تی نیشان ده‌ده‌ن،پاش ئه‌و ئه‌ندمای بۆردی ڕێکخراوی قه‌ڵه‌م (Bos)به‌ناوی‌ ڕێکخراوی ( PEN) په‌یامی داو هه‌ر خۆشی ‌ په‌یامێکی به‌زمانی ئینگلیزی خوێنده‌وه که‌ له‌لا‌یه‌ن‌ (Michael Massing) که‌ ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری ڕێکخراوی پاراستی ڕۆژنامه‌نوسانه‌ ناردرابوو ،دوایین به‌شی ئه‌م پانێڵه‌ به‌ بابه‌تێکی ئه‌ده‌بی (Ibrahim Selman)ی ڕۆماننوس وشاعیری هۆڵه‌ندی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد بوو،که‌ تیشکی خسته‌ سه‌ردۆزی سه‌رده‌شت و بابه‌ته‌کانی سه‌ده‌شت و هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی خۆی بۆنوسینه‌کان و تاوانه‌که‌.


به‌شی دووه‌می بابه‌ته‌که‌ پا‌نێڵێک بوو له‌لایه‌ن گۆران ڕه‌شیده‌وه‌ به‌زمانی کوردی بۆ چوار که‌سایه‌تی سیاسی و ڕؤشنبیری کورد (حه‌مه‌ شوان،ئازاد کاکه‌ڕه‌ش،حه‌مه‌ غه‌فور،یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی کۆمیه‌تی سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ڕێوه‌چوو که‌ باسی مه‌سه‌له‌ی تیرۆر و تیرۆری سیاسی و ڕۆژنامه‌نوسان،تیرۆری ڕۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان گومانه‌کا‌ن و به‌رپرسیاریه‌ته‌کان وکه‌مو کوڕی ده‌سه‌ڵات و بێیاسایی و هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌ز‌گاکان و ده‌سه‌ڵات و بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و نه‌چوونه‌ ژێرباری دۆزه‌که‌وه‌،له‌به‌شێکی تردا باسی لێکۆڵینه‌وه‌ی دۆزه‌که‌و ته‌مومژاوی بوونی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ کرا، هه‌ر له‌وێشدا داخوازی به‌شداری کۆمیته‌یه‌کی بێلایه‌نی چاودێر له‌ خێزانی سه‌ده‌شت و ڕێکخراوه‌ ناونه‌ته‌وه‌ییه‌ بێلایه‌نه‌کانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ کرا،له‌هه‌مان به‌شدا ئاماده‌بووانی یاده‌که‌ به‌شداری باسه‌کانیان کردو له‌وێدا پێشنیار کرا هه‌مان داخوازینامه‌ به‌زمانی ئینگلیزی بۆ کۆشکی سپی و باراک ئۆباما به‌ڕیبکرێت،دوایین به‌ش باسی مۆنومێنتی سه‌رده‌شت و ئازادی کرا،که بڕی 600 ئیرۆ کۆمه‌ک هه‌رله‌ناو بۆنه‌که‌دا کۆکرایه‌وه‌.
یاده‌که‌ به‌ ئاماده‌بوونی خه‌ڵکێکی زۆرو له‌نێوان گوڵ و مۆم و ڕێز بۆ قه‌ڵه‌می ئازادو حه‌سره‌ت بۆ مه‌رگی سه‌رده‌شت عوسمان کۆتایی هات.
کۆمیته‌ی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ به‌رگری له‌ ئازادی له‌ هۆڵه‌ندا




 

           

 

19/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com